سزادانی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان؛ كابینەكەی مەسرور بارزانی لەژێر لێشاوێك لە ڕەخنەو فشاردایە

17-02-2021 08:46

پەرەگراف

سزای 6 ساڵ زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی هەولێرو بادینان لەلایەن دادگاوە، كاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی لێكەوتەوە، ڕووی ڕەخنەو فشارەكان لە كابینەكەی مەسرور بارزانییەو داوا دەكرێت كوردستان پاشەكشە نەكات لەو پەراوێزەی بۆ ماف‌و ئازادییەكان دەستەبەر كراوە.

ڕێكخراوە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكان‌و زۆربەی حیزب‌و لایەنە سیاسییەكان، داوای ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوانەو هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی دادگا دەكەن، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمیش داوا دەكات، لێدوانەكان لەسەر ئەو دۆسیەیە ڕابگیرێن تا دەرچوونی بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە.

بەدەر لە سزاكەی دادگا كە بە ناڕەواو نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدرێت، كۆی پڕۆسەی مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانە كە ڕەخنەگری حكومەتی هەرێم‌و دەسەڵات بوون، هەرلە سەرەتای دەستگیركردنیان‌و تا مانەوەی چەندین مانگیان لە زیندان، نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەرە بەهۆی مامەڵەی نایاسایی‌و نەدانی زانیاریی لەبارەیانەوە بە كەسوكارو پارێزەران‌و ڕاگەیاندنەكان.

پارێزەرو یاساناسان پێیانوایە، ئەوەی دۆسیەی ئەو دەستگیركراوانەی قورس كرد، تاوانباركردنی پێشوەختەی دەستگیركراوەكان بوو لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت كە "كاریگەریی هەبووە" لەسەر بڕیاری دادوەر.

"ئەوەی بینیم پێشێلكاری مافی مرۆڤ بوو"

پڕۆسەی دادگاییكردنی ئەو 5 ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانە دوو ڕۆژی یەك لە دوای یەك بوو لە دادگای هەولێر، گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان لە هەردوو دانیشتنەكەدا ئامادەبووەو بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بینیم پێشێلكاری مافی مرۆڤ بوو".

جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ، باسلەوە دەكات، هەموو تۆمەتبارێك مافی ئەوەی هەیە كەسوكاری بیبینێت، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە نەهێڵراوە كەسوكاریان و ئەوانیش بیانبینن لە كاتێكدا ڕەزامەندی دادوەریان هەبووە بۆ بینینیان.

"من دەپرسم بۆچی دەبێت ئاسایش تەداخولی كاری دادگا بكات‌و بە شێوەیەكی ئەمنیی توند دادگایی بەڕێوەبچێت، دوای وەرگرتنی وتەكانی شێروان شێروانی بەبێ ئاگاداری دادوەر شێروان لەلایەن ئاسایشەوە برایە دەرەوەو دواتر دادوەر پرسی كوا شێروان؟ من ئاگام لێبوو گەورەی ئاسایشەكان داوایكرد بیبەنە دەرەوە" ئەو پەرلەمانتارە وای وت.

لە سلێمانی‌و هەڵەبجە ئەمڕۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی بڕیارەكەی دادگای هەولێر بەڕێوەچوو، چالاكان‌و ڕێكخراوەكان داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكانیان كرد، ئەوە داواكاریی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانیشە.

سەندیكا لە بەیاننامەیەكدا داوا دەكات، بڕیاری زیندانیكردنی چالاكوانان بەدوور بگیرێت لە ململانێی سیاسی و پێشێلكردنی سەروەری یاساكان، دەشڵێت: داوای جێبەجێكردنی یاسای ڕۆژنامەگەری بۆ كەیسی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەنوسانی پیشەیی وەكخۆی و لەسەر هەمووان دەكەین، هەروەها لەبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی ڕوبەڕوی هەرێم دەبێتەوە سەندیكا داوای ئازادكردنی ئەو هاوڵاتییانە دەكات.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) داوای دەستبەجێ ئازادكردنی ڕۆژنامەنووسە دەستگیركراوەكان دەكات، ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری ئەو ڕێكخراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا دەڵێت، حوكمدانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، دەرخەری ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشە دەكات لەوەی كە وای پیشان دەدا گرنگیی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدات.

كوردستان چاوی تیژی ڕێكخراوەكانی لەسەرە

ئەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق‌و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش جیادەكاتەوە، ئەو پەراوێزەیە لە ئازادیی كە بە یاسا پارێزراوەو هەردەم جێی شانازیی بووە بۆ دەسەڵاتداران‌و حكومەتی هەرێم، بەڵام پێشێلكارییە زەق‌و بەردەوامەكان نیشانەی پرسیاری لەسەر حكومەتی هەرێم‌و بەرپرسان دروست كردووەو هەرێمەكەی ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشاری تووندی دونیای دەرەوە كردووەتەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە، كوردستان زیاتر لە عێراق چاوی دونیای دەرەوەی لەسەرە بۆ پارێزگاریی لە مافەكانی مرۆڤ، دەڵێت "بۆیە پێویستە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان پابەندی بەندەكانی ئازادی ڕادەربرین و ڕێككەوتننامە جیهانیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ بێت".

گوڵستان سەعید، پشتیوانیی داواكاری رێكخراوەكان دەكات بۆ ئازادكردنی دەستگیركراوان‌و دەڵێت "داواكارین ئەنجومەنی دادوەری بە دۆسیەكانیاندا بچێتەوە بۆئەوەی دادوەری لە دۆسیەكانیاندا بچەسپێت، داواكارین ئەم كەسانە ئازاد بكرێن، چونكە هیچ تاوانێكیان نەكردووە و كارەكەیان ڕەخنەگرتن بووە و باسی گەندەڵییان كردووە كە حكومەت خۆی دانی پێداناوەو خۆی پڕۆژەی چاكسازی ناردۆتە پەرلەمان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی".

هاوڕا لەگەڵ ڕێكخراوەكان‌و پەرلەمانتاران، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم داوا دەكات، حكومەتی هەرێم پاشەكشە لە ئازادیی نەكات.

محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بۆ پەرەگراف باسی لەوە كرد، بابەتی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین یەكێكە لەو بابەتانەی كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان چاودێری دەكەن‌و هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا "شانازییەكای باشی هەبووە، هەم لە ڕووی كەم بوونی ئامارەكانی پێشێلكاری و هەم لە ڕووی هەبوونی یاسای باش بۆ ڕۆژنامەنووسی".

هەرچەندە وتەبێژەكەی دەستەی مافی مرۆڤ، بە دیاریكراوی لەسەر بڕیارەكەی دادگا بۆ سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانە قسەی نەكرد بە پاساوی ئەوەی دواتر ڕاگەیەندراویان دەبێت، بەڵام وتی "نابێت حكومەتی هەرێم پاشەكشە بكات، هەرچەند تائێستا نازانرێت پاشەكشەكراوە یان نا، چونكە ڕاپۆرتی 2020ی دەستەی مافی مرۆڤ بڵاونەكراوەتەوە".

دوا بەدوای ڕەخنەو فشارەكان، ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا داوایكرد، "ئەو جۆرە لێدوانانە نەدرێن تاوەكو بڕیاری كۆتایی لەلایەن دادگای تایبەتمەند كە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستانە دەردەچێت و دادگای پێداچونەوەش بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی لەسەر ئەم كەیسە دەدات بە پێی یاسا".

پڕۆسەی دادگایی كردنەكە چۆن بوو؟

هەریەك لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) ئەو ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانەن كە یەكی شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە، پارێزەرانیان تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەدەن.

دوای دادگاییەكە، هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری هەریەك لە شێروان شێروانی و گۆهدار محەمەد، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تۆمەتباران لەبەردەم دادوەردا هەموو باسی ئەوەیان كرد كە لەژێر هەڕەشەدا وتەیان لێ‌ وەرگیراوە".

ئەو پارێزەرە كە بەشداریی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی كردووە، وتیشی "شێروان شێروانی وتی هەڕەشەی خێزانییان لێ‌ كردووم. تۆمەتباران لە دادوەرەكەیان پرسی: ئەگەر هەڕەشەی خێزانی لە تۆ بكەن، چی دەكەی؟".
"ئەسڵەن نەدەبوو ئەو سزایە دەربچێت، چونكە ئەوان باس لە گرووپچاتی مەسنجەر دەكەن كە چەند ڕۆژنامەنووسێك لە بەینی خۆیاندا گرووپێكی چاتیان داناوە و وەكو ژوورێكی هەواڵ كاریان تێدا كردووە، بەڵام چونكە ئەوان لێی نازانن، وادەزانن ئەوە گرووپی چەكدارییە"، هەرێم ڕەفعەت وای وت.

ناوبراو وتیشی "بە وتەی تۆمەتباران، ئەو شتانە هی ئەوان نین. ئەگەر هی ئەوانیش بێت، دەبێت بە ماددەی دووی خراپبەكارهێنانی مۆبایل سزا بدرێن".

ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "پرۆسەی دادگاییكردنەكە زۆر ناسروشتی بوو" و "ڕۆڵی ئەندامانی داواكاری گشتی زۆر خراپ بوو".

هەر لە دوای دادگیاییكردنەكە، بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دەمەوێت بۆ ڕایگشتی ڕوون بكەمەوە كە وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت سەلمێنەری ئەوە بوو كە ئەمانە دادگایی دەكرێن و بڕیارەكە پێشوەختە دراوە".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، هەفتەی ڕابردوو سەبارەت بە دەستگیركردنی چالاكان و ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "ئەوانەی كە گیراون لە بنەمادا نە چالاكوانن نە ڕۆژنامەنووس، هەندێك لەوانە سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ وڵاتانی دیكە كردووە، هەندێكیشیان تێكدەر و چەكدار بوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵكی بیانی لێرە و كوشتن و ڕفاندن و تێكدانی دۆخەكەیان داوە".

سزادانی ئەو كەسانە پارێزەرانی دۆسیەكەی "تووشی شۆك" كردووە و دەڵێن كە "كەسوكاریان و هەموو زیندانیكراوان دڵنیا دەكەینەوە بێدەنگ نابین".

ئێستا چاوەكان لەسەر بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوەن دەربارەی ئەو دۆسیەیە. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دوای بڕیارەكەی دادگای هەولێر ڕایگەیاند، باوەڕی نەگۆڕی بە پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە، بەڵام ئەوەی لە پەرلەمانتارانی بیستووە سەبارەت بە دادگاییكردنەكە، "دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیەكی قورس، هیواخوازم ئەوان بێ متمانەیی بە دەسەڵاتی دادوەریی تۆختر نەكەنەوە".