دهۆك "بێدەنگ" دەكرێت؛ هاووڵاتییان ناتوانن نەهامەتییەكانیان بگەیەنن

09-03-2021 01:00

پەرەگراف

"بەخوا ناوێرین ناڕەزاییش دەرببڕین، ئەگەر بزانن باسی حزب و حكومەتم كردووە یەكسەر تۆمەتێكم بۆ هەڵدەبەستن و لە ئاسایشەوە بانگدەكرێم" شڤان محەمەد وای وت.

شڤان گەنجێكی تەمەن 20 ساڵی شاری دهۆكە، زۆر ناڕازییە لە گوزەران و ژیانی خۆی، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە چەند مانگی ڕابردودا ڕویداوە، لە نێویاندا هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانی بادینان، ئەو ناتوانێت پڕ بە دڵ ڕەخنەش بگرێت.

ئەو گەنجە دەڵێت، هێندە نەهەماتی ڕوبەڕو بۆتەوە، بە ناچاری و لە قۆناغی 12ی ئامادەیی وازی لە خوێندن هێناوە، تا كار بكات، ئەوەش بە ڕۆژانەی تەنیا 15 هەزار دینار، چونكە بارگرانی ژیانكردن لە دهۆك و بەشێكی بژێویی خێزانەكەیشی كەوتۆتە ئەستۆی.

ئەو بارگرانییە تەنیا قەیرانی دارایی و سستیی بازاڕ نییە، بەڵكو كەمی یان نەبونی خزمەتگوزارییەكانی تر هێندەی دیكە قورستری كردووە.

"هەموو كێشەیەك هەیە، گەنجانی دهۆك بەهۆی بێكاری و بێ پارەییەوە دەناڵێنن، ... بەڵام نازانین ڕوبكەینە كوێ و داواكارییەكانمان بە كێ بگەیەنین".

دواین خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بادینان، 19ی ئابی 2020 بوو، كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

ئەو خۆپیشاندانە هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی گوزەرانی خەڵك و كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

لە دوای ئەو خۆپیشاندانەوە دەیان ڕۆژنامەنوس، چالاكوان و هاوڵاتی دەستگیركراون، هەریەكەیان بە تۆمەتێك، زۆرینە بە پاساوی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕوبەڕوی دادگایی كراونەتەوە، لە نێویاندا شەش كەسیان ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران و سزاكەیان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوەو ئێستا لە دادگای پێداچوونەوەیە بۆ بڕیاری كۆتایی.

"هیچ میدیایەك نەیتوانیوە پەیامی خەڵكی دهۆك لە ڕوی ئازادی و نەبونی خزمەتگوزاری، تەنانەت هونەری و ڕۆشنبیریشەوە بە ڕایگشتی بگەیەنێت" بەوتەی زێرەڤان بەرگارەیی، ڕۆژنامەنوس لە بادینان بۆ پەرەگراف.

ئەو دەڵێت "ڕۆژ لەدوای ڕۆژ فشارەكانی پارتی دەسەڵاتدار بە ڕێگای جۆراوجۆر بۆ زیاتر كۆنتڕۆڵكردنی دهۆك زیاد دەكات، بە ئامانجی بێدەنگكردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسان، بە داخەوە پارتەكانی دیكەش ئاگاداری ئەم بارودۆخەن و بێدەنگییان هەڵبژاردووە".

دەڤەری بادینان، لە مێژوی حوكمڕانی كوردیدا بەردەوام لە قازانج و هێزی پارتی دیموكراتی كوردستاندا یەكلابۆتەوە، پێش چەندین ساڵ یەكێتی و دواتریش یەكگرتوو، دوو ڕكابەری لاوازی ئەو حزبە بوون، بەبێ زیادبون و هەڵكشان لە دەنگەكانیاندا.

بەیار ئامێدی، چالاكوانی مەدەنی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "فشارەكانی پارتی دەسەڵاتدار لە زیادبوندایە، هەر چالاكوان و ڕۆژنامەنوسێك لە دەرەوەی دەسەڵات كار بكات چەندین كێشەی بۆ دروستدەكەن.. تەنانەت وایلێهاتووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشدا ناتوانن ڕەخنە بگرن و كێشەو نەهامەتی هاوڵاتیان بگەیەنن".

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، پارێزگای دهۆك، هاوشێوەی ناوچەكانی دیكە و زیاتریش بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە ناوچەكەدایە، بەهۆی فشاری حزبیشەوە ئەگەری دەربڕینی ناڕەزایی بەرتەسكتر بۆتەوە.

"بەراورد بە شارەكانی تری هەرێم، لە نێویاندا سلێمانی و هەولێر، دهۆك یەك پڕۆژەی گەورەی نییە.. بڕیاربوو فڕۆكەخانەی بۆ بكرێت بەڵام پارەكەی خورا"، حاجی موراد تەمەن 60 ساڵ، دەربارەی باردۆخی شارەكەی وای وت.

ئەو پێیوایە "نادادپەروەری زۆر هەیە و قەیرانەكە لەسەر دهۆك چڕبۆتەوە"، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەری لە خۆگرتووە، "ئێستا بێكاری زۆر زیادبووە، ڕۆژانە خەڵك هەیە خۆی دەكوژێت، كێشە زۆر بووە و دەیان گەنج كۆچیان كردووە، بۆیە داواكارین بەدەم داواكاری خەڵكی پارێزگاكەوە بڕۆن".

ئەوەش لە كاتێكدایە دهۆك سنورێكی فراوانی لەگەڵ توركیا و سوریادا هەیە، دەروازەیەكی گرنگی بازرگانییە بەرەو شارەكانی دیكەی عێراق.

ئەكرەم گولی، ڕۆژنامەنوس لە قەزای زاخۆ بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی دەسەڵات كردی بەرانبەر بە ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان، وایكرد هیچ متمانەیان بە دەسەڵاتی دادوەری نەمێنێت، بۆیە میدیاكاران ناتوانن كاری خۆیان بكەن بە ئامانجی گەیاندنی مەینەتی هاوڵاتیان یان دەنگی ناڕەزایی خەڵكی دهۆك... ئەگەرنا دهۆك كێشەی لە شارەكانی تری هەرێم زیاترە بەڵام دەسەڵات میدیا و خەڵكەكەی بێدەنگ كردووە".

هەموو جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات لە دهۆك بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە و هەر ئەوان چەندین ساڵە كەسی یەكەم و بڕیاردەری پارێزگاكەن.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی دەوترێت دهۆك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە فەرامۆشكراوە لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە، ڕاست نییە، بەڵام لە ئاستی تموحی ئیدارەی پارێزگا و خەڵكدا نییە بەراورد بە شارەكانی تر".

ئەو وەكو دەستكەوت باسی كارەكانی حكومەت بۆ دهۆك دەكات، لە نێویاندا تەرخانكردنی بودجە بۆ زیاتر لە 200 پرۆژەی خزمەتگوزاری كە بەشێكیان تەواو بون.

جێگری پارێزگار دەڵێت، هۆكاری هەڵكشانی ڕێژەی هەژاری لە دهۆك بەراورد بە شارەكانی تر، لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەری زیاترە لە شارەكانی دیكە كە وایكردووە قەیرانی دارایی لە پارێزگاكەدا زیاتر قوڵبێتەوە، بەوەش خەڵكی دهۆك دووجار بوون بە قوربانیی.

ماجد سەید ساڵح ڕونیكردەوە، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە دهۆك هەن، لەوانە پڕۆژەی سەوزكردنی شار، دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی و بنیاتنانی فڕۆكەخانەش هەڵنەوەشێنراوەتەوە، بەڵكو قەیرانی دارایی ڕایگرتووە.

ئەو لەگەڵ هێرشەكاندا نییە بۆ سەر دهۆك، بەهۆی كەیسی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانی دەستگیركراوەوە، "ئەو ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانە بەپێی ‌یاسا مامەڵەیان لەگەڵ كراوە، حكومەتیش بەرپرسە لە پاراستنی ئەمنیەتی خەڵك و ئەوەی دەوترێت ئازادی لە بادینان نەماوە ڕاست نییە، ئەوانەی وادەڵێن چاویان بە ئەمن‌و ئارامیی شاری دهۆك هەڵنایەت بۆیە ئەو هەرایەیان ناوەتەوە" جێگری پارێزگاری دهۆك وای وت.