پەرەگراف- سوركێو محەمەد
زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر هێرشی جەستەیی بۆ سەر غالب محەمەد پەرلەمانتاری عێراق تێدەپەڕێت كە لە بەردەرگای ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی بریندار كرا، تاوانبارەكە كەسێكی ناسراوەو هێشتا دەستگیر نەكراوە، سێ كەس بە تۆمەتی دەستهەبوون لەو هێرشەدا دەستگیركران، بەڵام لە ژێر فشاردا ئازاد كران، پەرەگراف "دانپێدانان"ـی ئەو كەسانە بڵاودەكاتەوە.
بەرلەوەی هێرشەكە ئەنجام بدرێت، هەواڵگریی عێراق هۆشدارییان بە غالبو هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتارداوەو تەنانەت ڕۆژی دیاریكراوی ئەنجامدانی هێرشكردنەسەریان پێگوتوون، لەو كاتەدا هۆشیار لە بەغداد بوەو داوایان لێكردووە ئەو شارە بەجێبهێڵێت.
غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانو هاوپەیمانیی هیوایە لە پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانییەكە هێرشەكە بە "هەوڵی تیرۆركردنی غالب" لە قەڵەم دەدات، بەڵام دۆسیەكە لای پۆلیسی سلێمانییەو وەك دۆسیەیەكی "شەڕكردنی هەر دوو كەسێكی ئاسایی" مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، بێئومێدیی لە گەیشتنە ئەنجامو دۆزینەوەی بكەرانی ئەو هێرشە لە كوردستان، غالب محەمەدو پەرلەمانتارانی هاوڕێی ناچار كردووە پەنا بۆ گواستنەوەی دۆسیەكە ببەن بۆ بەغداد.
هێرشەكە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو دوای چەند ڕۆژێك تێكەڵبوو بە ململانێو شەڕی حیزبییو سیاسییەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدارو خاوەن هێزی ئەمنیی لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی لەژێر فشاری بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان سێ كەس ئازاد كران كە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دەستگیر كرابوون.
"ئەو سێ كەسە پلەداربوونو سەربە دەزگای هەواڵگریی پارتی(پاراستن) بوون، بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیر كرابوون، بەڵام بە پشت بەستن بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی تاوانبارەكە كە هێزە ئەمنییەكان دەستیان پێی گەیشت بوو ئەوەش وایكرد ئەو سێ كەسە وەك گومانلێكراوی پشت ڕووداوەكە دەستگیر بكرێن" سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار لە دۆسیەكە بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو سێ كەسە شەوێك لە زیندان مانەوەو پاشان بە فشاری پارتی دیموكراتی كوردستان ئازاد كران، سەرچاوەكە وتی "لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بە هاوپەیمانیی هیوای وتووە، ئەو سێ كەسە تێوەگلاونو دانیان بەوەدا ناوە كە داڵدەی ئەو كەسەیان داوەو كە هێرشەكەی كردووەتەسەر غالب محەمەدو هەر ئەوانیش دەربازیان كردووە، وتوشیانە ئامانجەكە كوشتنی بووەو ناوی هۆشیار عەبدوڵا(پەرلەمانتاری گۆڕانو هاوپەیمانیی هیوا)یان هێناوە كە یەكێكی دیكەبووە لە ئامانجەكانیان كە بیكوژن".
دوای دەستگیركردنی ئەو سێ پلەدارەی پاراستنی پارتی، ئەوحیزبە لە ئاستی باڵادا فشارەكانی دەستپێدەكات بۆ ئازادكردنیان، پاساوەكەیان ئەوەیە كە ئەو كەسانە "بەبێ بڕیاری دادوەرو وەرگرتنی ڕەزامەندیی مەرجەعەكەیان دەستگیر كراون"، بەوپێیەی ئەوان سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن.
"خودی كاك مەسعود بارزانی تەلەفۆنی بۆ قوباد تاڵەبانی كردووەو فشاری تووندی كردووە بۆ ئازادكردنی ئەو كەسانەو وتوییەتی تا دوو ئیدارەیی لەسەر ئەو پرسە دەڕۆین" سەرچاوە باڵاكە وای وت.
هێرشەكە چۆن كراو تاوانبارەكە لە كوێیە؟
غالب یەكێكە لە پەرلەمانتارە ڕەخنەگرە تووندەكان بەرامبەر حكومەتی هەرێمو دەسەڵاتی كوردیی، ئێوارەی ڕۆژی 26ی شوبات لە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانییەوە بەرەو ماڵەكەی خۆی بەڕێكەوتووە لە گەڕەكی سلێمانی تازە، كاتێك دەگاتە بەردەرگاو ئۆتۆمبێلەكەی ڕادەگرێت، لە جەرەسی ماڵەكەی دەدات تا دەرگای لێ بكرێتەوە، پاشان دەرگای لای سەكنی دەكاتەوە تا ئەو پێداویستییانەی كڕیویەتی دایان بگرێت، لەو كاتەدا كەسێك دەردەكەوێت لە پشتەوە بە تووندی بە بۆكسخەنجەر لە سەری غالب دەداتو بە پاڵ پێوەنان دەیباتە ناو ئۆتۆمبێلەكەو چەند جارێك لێدانەكە دووبارە دەكاتەوە.
هەر لە چەند كاتژمێری سەرەتای ڕووداوەكەدا، وێنەی تاوانبارەكە لە ساتی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد بڵاوكرایەوە كە لە كامێرای چاودێریی ماڵی غالبدا دەردەكەوێت، ئەو كەسە حەمیدە سوورە كە ناسراوە لای هێزە ئەمنییەكان، خێزاندارەو دانیشتووی شاری سلێمانییە، بە ئاشكرا، بێباكانەو تەنانەت بەبێ ڕووپۆشكردنی دەمووچاوی، هێرشەكەی ئەنجام دا.
"لە كامێرای چاودێریدا دەركەوتووە كە حەمید لە كۆڵانەكەی ماڵی غالب چاوەڕێی كردووە تا گەڕاوەتەوە، هاوكاری دیكەی هەبووەو كاتێك غالب لە سەهۆڵەكەوە بەرەو ماڵەوە بەڕێكەوتووە حەمید ئاگادار كراوەتەوە" سەرچاوەیەكی ئاگادار وای وت.
دوای برینداركردنی غالب، حەمید بە ڕاكردن كۆڵانەكەی ماڵی غالب جێدەهێڵێو دەچێتە كۆڵانێكی دیكە، پاشان لەسەر شەقامی قەنات كە شەقامێكی قەرەباڵغو سەرەكیی شارەكەیە تەكسییەك دەگرێتو ناوچەكە جێدەهێڵێت، لێرە بەدوا حەمید ون دەبێتو تا ئێستا هێزە ئەمنییەكان دەستیان پێی نەگەیشتووەو نازانن لە كوێیە.
سەرچاوەكە وتیشی "بەپێی زانیاریی هێزە ئەمنییەكان حەمید دوای هێرشەكەی بۆسەر غالب بە تەكسییەك چووەتە شەقامی پیرەمێردو شەو لە سەرتاشخانەیەك ماوەتەوە لەو شەقامەو لەلایەن یەكێك لە سێ كەسەكەوە داڵدە دراوە (ئەو سێ كەسەی كە دەستگیر كرانو بە فشار ئازاد كران)".
غالب محەمەد
"غالب لە 12 شوێنەوە بریندار كرا، 24 تەقەڵی پێوەیە"، ئەو شەوە لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ كراو ڕەوانەی ماڵەوە كرایەوە، هەر ئەوكاتە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: دۆستو دوژمن دەبێت ئەوە بزانێت كە بەردەوام دەبین لە بەرگریی لە خەڵك ئەگەر سەریشم لە پێناویدا داناوە.
هێزە ئەمنییەكان بە مەبەستی لێكۆڵینەوە، خێزانی هێرشبەرەكە دەستگیر دەكەن، "خێزانەكەی وتویەتی كە ئەوان ئاگاداری ئەو كارەی حەمید نەبوون" سەرچاوەیەكی ئاگادار وای وت.
زیاتر لە سێ هەفتەیە حەمیدە سوور ونە
"هیچ شتێكی نوێ نییە، چۆنتان دیوە هەر وایە، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو كوڕە دەرچووە و نازانین لەكوێیە. فەرمانی دەستگیركردن بۆ یەك كەس هەیە كە (حەمید)ـەكەیە، تا ئێستا فەرمانی دەستگیركردن بۆ كەسی دیكە نییە" سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ پەرەگراف وادەڵێت.
وتەبێژەكەی پۆلیس، بێئاگایی خۆی پیشاندا لە دەستگیركردنی ئەو سێ كەسەی بە فشار ئازاد كراون، وتی "من ئاگام لەوە نییە. پەیوەندیی بە پۆلیسەوە نییە. پێشتریش ئێمە قسەمان لەسەر كردووە، ئێمە كەسمان نەگرتووە و فەرمانی دەستگیركردنیش تەنیا بۆ حەمید دەرچووە".
لەبارەی شوێنی حەمیدو هەوڵەكانی دەستگیركردنی، سەركەوت ئەحمەد وتی "نازانین لە سلێمانی دەرچووە یان نا، تا ئێستایش بەدوایدا دەگەڕێین".
وێنەیەكی حەمیدە سور لە شەوی هێرشەكەدا، لە كامێرای چاودێریی شەقامێكی نزیك ماڵی غالب محەمەد دەركەوتووە.
ئاسایشی سلێمانی قسە لەسەر ئەم دۆسیەیە ناكات، بەوپێیەی لای پۆلیسەو نە نێردراوە بۆ ئاسایش، سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت "دۆسیەكە وەك شەڕكردنی هەر دوو كەسێك مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ڕەهەندی ئەمنیی تێدا نەبینراوە بۆیە ڕەوانەی ئاسایش نەكراوەو لای پۆلیسە".
هەواڵگریی عێراق هۆشداریی دەدات
كۆتا چوارشەممەی مانگی 1ی 2021 هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕانو هاوپەیمانیی هیوا، لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەبێت، زەنگی تەلەفۆنەكەی لێدەدات، وەڵام دەداتەوەو تەلەفۆنەكە لە هەواڵگریی عێراقەوەیە، ئەفسەرێك بە پلەی عەمید (ع- ناوەكەی لای پەرەگرافە) خۆی دەناسێنێتو بەو پەرلەمانتارە دەڵێت "ئەم پەیوەندییە فەرمییەو سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئاگاداریەتی، هەڕەشەیەك لەسەر ژیانت هەیەو هەوڵی كوشتنت دەدرێت لە ڕۆژی شەممەدا".
ئەو ئەفسەرەی هەواڵگریی عێراق سێ داواكاریی لە هۆشیار عەبدوڵا هەیە، "یەكەم: ئەم بابەتە لە ڕاگەیاندن باس مەكە. دووەم: ڕێوشوێنی ئەمنیی بگرەرەبەرو پاسەوانەكانت با لەگەڵتدا بن. سێهەم: ئەگەر دەتوانیت بەغدا بەجێبهێڵە" هۆشیار عەبدوڵا بۆ پەرەگراف وای وت.
پاش ئەو پەیوەندییە، هۆشیار ناوەڕۆكی تەلەفۆنەكە بۆ ئەحمەدی حاجی ڕەشیدو جەمال كۆچەر پەرلەمانتارانی هاوڕێی باس دەكات كە ئەوانیش ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانن، دواتر پێكەوە ئەو بابەتە لەگەڵ محەمەد تەمیم كە ئەویش ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانە تاوتوێ دەكەن.
"محەمەد تەمیم وتی با تەئكیدێك لەو ژمارە تەلەفۆنە بكەین، ژمارەكەم دایە ئەویش پەیوەندیی بە كەسێكەوە كرد كە پلەی لیوابوو(م- ناوەكەی لای پەرەگرافە) لە دەزگای هەواڵگریی، پێی وت ئەم ژمارە تەلەفۆنە لای ئێوە هەیە؟ ئەویش لە وەڵامدا وتی: بەڵێ، بۆچیتە؟ محەمەد تەمیم وتی: شتێكی وا بووە، لیواكەش وتی بەڵێ وایەو منیش ئاگادارم".
پاشان هۆشیار عەبدوڵا هەر ئەو ڕۆژە بەغداد بەجێدەهێڵێتو بەرەو سلێمانی دەگەڕێتەوە. هەمان پەیوەندییو بە هەمان ناوەڕۆكو لە هەمان ڕۆژدا بە غالب محەمەدیشەوە كراوە هەر لە لایەن ئەو عەمیدەی هەواڵگریی عێراقەوە، غالب لەو كاتەدا خۆی لە سلێمانی دەبێت.
ئەو شەممەیەی بڕیاربووە كردەوەكەی تێدا ئەنجام بدرێت ڕێكەوتی 30-1-2021 بووە، ئەو ڕۆژە هیچكام لەو دوو پەرلەمانتارە لە بەغداد نابن.
هۆشیار عەبدوڵا ڕۆژی یەكشەممەی دواتر دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد، ڕێوشوێنە ئەمنییەكان تووند دەكات، تەنانەت لە ناوچەی سەوزی بەغداش كە شوێنێكی پارێزراوترە بەراورد بە ناوچەكانی دیكە، "لەكاتی دەرچوونمان بۆ كۆبوونەوەكان یان لەگەڵ كاك ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڕۆیشتم یاخود زۆرجار ئۆتۆمبێلەكانمان دەگۆڕییەوە".
لەو ڕۆژانەدا هەمان هۆشدارییو بوونی مەترسیی لەسەر ژیانیان، لە دەزگای زانیاریی یەكێتییەوە دەدرێت بەو دوو پەرلەمانتارە.
لە 2-2-2021 بە واژۆی یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، نووسراوێكی فەرمیی ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكرێت لەسەر ئەو پرسەو ئاگادار دەكرێنەوە، پاشان مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق وەزارەتی ناوخۆو دەزگای هەواڵگریی ڕادەسپێرێت بۆ لێكۆڵینەوەو چاودێریی وردی دۆخەكە، هاوكات محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دامەزراوەكانی پەرلەمان ئاگادار دەكاتەوە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.
"هەر لەو كاتەدا لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەو پرسەی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق تاوتوێ كردووە، یەكێتی دڵنیایی داوە كە لە سلێمانی هیچ ڕوونادات" سەرچاوەیەكی ئاگادار وا دەڵێت.
هۆشیار عەبدوڵاو غالب محەمەد.
ئەو پەرلەمانتارانە جگە لە ڕەخنە تووندەكانیان لە حكومەتو دەسەڵاتدارانی هەرێم، هیچ هۆكارێكی دیكە شك نابەن بۆ ئەو هێرشو پەلامارانەی كە بە جەستەییو لە ڕاگەیاندنەكانەوە دەكرێنەسەریان.
"سەرۆكایەتییەكانی عێراقو هێزە ئەمنییەكانی هەرێممان لەو مەترسییە ئاگادار كردەوەو بەڵێنی پاراستنیان داین، بەڵام بەداخەوە لە سلێمانی بەڵێنەكە جێبەجێ نەكراو هەوڵی تیرۆركردنی غالب محەمەد درا" سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری هاپەیمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراقو هاوڕێی نزیكی غالب محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.
دوای هۆشدارییەكەی هەواڵگریی عێراق، غالب محەمەد بڕیار دەدات كامێرای چاودێریی لە ماڵەكەی دابنێت، 10 ڕۆژ بەرلەوەی هێرشی بكرێتەسەر كامێراكانی داناوە.
سەركەوت شەمسەدین، پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی ڕادەكێشێت كە لە پشت ئەو هێرشەوە بن بۆسەر غالب محەمەد، ئەو وتی "پێمانوایە پارتی لەپشت ڕووداوەكەیەو هەر ئەوانیش تاوانبارەكەیان دەرباز كردووە، ڕوونە كە سێ كەسەكە بە فشاری پارتی ئازاد كراون، پارتی حیزبێكی ڕێكخراوی مەركەزییەو ئەو كەسانە بەبێ فەرمانی سەرووی خۆیان ئەو كارەیان نەكردووە".
"پێشتر چاودێریی ماڵی غالب كراوە، سێ هەفتە بەرلە ڕووداوەكە ئەو كەسەی هێرشەكەی ئەنجامداوە بینراوەو لە كامێرای چاودێرییدا دەركەوتووە كە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدا بە كۆڵانی ماڵی غالبدا تێدەپەڕێت " سەركەوت وای وت.
غالب محەمەد، چاوەڕێی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو كەسەیە كە چەقۆكانی لێداوەو زیاتر لەوەش دەیەوێت ئەو دەستە بۆ ڕایگشتی ئاشكرا بكرێت كە لەپشت هێرشەكەیەو بدرێنە دادگا.
"تا ئێستا منیش نازانم چی كراوە، نامەوێت دەستوەردانی تێدا بكەم، بۆ ئەوەی نەڵێن خۆی دەستوەردانی كردووە. لایەنە پەیوەندیدارەكان تەلەفۆن دەكەن، هەر دەڵێن لە هەوڵداین ئیشەڵڵا دەیدۆزینەوە. منیش لە میدیاوە هەندێك زانیاری دەبینم، نامەوێ دەستوەردان بكەم" غالب محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.
غالب وتیشی "ناسنامەی كەسەكە دیارە و هەموو كەس دەزانێت كێیە، هەر ئەوە ماوە كە دەستگیر بكرێت. كاركردن لەسەر دۆسیەكە خاویی پێوە دیارە، دەبوو هەر چەند كاتژمێرێك پاش ڕووداوەكە بدۆزرایەتەوە و دەستگیر بكرایە".
بە بۆچوونی هۆشیار عەبدوڵا، تا ئەوكاتەی ئەنجامدەری هێرشەكەو ئەو كەسانەی لە پشتییەوە بوون دەستگیر دەكرێن، "یەكێتی نیشتمانی بەرپرسیارە، چونكە ڕووداوەكە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ڕوویداوە".
گواستنەوەی دۆسیەكە بۆ بەغداد
هاوپەیمانیی هیوا پەرلەمانتارە كوردەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەرەوەی پارتیو یەكێتین، ئەوان ئومێدیان بە دادگاو دەزگای ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان نییەو پێیانوایە ناتوانن سەربەخۆیانە كارەكانیان بكەن.
"بێئومێدین لە لێكۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەكانو دادگاكانی كوردستان، بە هەردوو زۆنەكەیەوە(یەكێتیو پارتی) هەربۆیە هەوڵی گواستنەوەی دۆسیەكە بۆ بەغداد دەدەین" سەركەوت وای وت.
هاوپەیمانیی هیوا ڕۆژی 8ی ئادار بە فەرمی نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد بە مەبەستی گواستنەوەی دۆسیەكە بۆ بەغداد، سەرۆكی پەرلەمان هەمان ڕۆژ بە كتابی ژمارە 239 ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقی كرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان.
لە 11ی ئەم مانگەدا، سەركەوت لەگەڵ غالب محەمەدو كاوە محەمەد پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی هیوا، سەردانی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقیان كردو نووسراوەی سەرۆكی پەرلەمانیان ڕادەست كرد.
"ئەویش بە پەرۆشیەوە ئامادەیی دەربڕی كە ڕێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر" ئەو سێ پەرلەمانتارە لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی سەردانەكەیان وادەڵێن.
ئەو پەرلەمانتارانە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، باسیان لە "دۆخی خراپی" دادوەریی لە هەرێمی كوردستان كردووە كە "بە تەواوی بەسەر حزبە دەسەڵاتدارەكاندا دابەشكراوەو ڕوونمانكردەوە كە دەسەڵاتداران دادگاكان بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی حزبی بەكاردەهێنن و ڕێگە نادەن ڕۆڵی پیشەییانەی خۆیان بگێڕن".
هەروەها داوایان كردووە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە تەواوی عێراق (بەهەرێمی كوردستان-یشەوە)، ڕۆڵی خۆی لە دوورخستنەوەی دەستێوەدانی حزبیی لە دادگاكاندا ببینێت.
ڤیدیۆی ساتی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد لە بەردەرگای ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی. 26-2-2021
ململانێی پارتیو یەكێتی تێكەڵی دۆسیەكەی غالب دەبێت
هەرچەندە ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە حكومەتی هەرێم لە زاری وتەبێژەكەیو قوباد تاڵەبانیش وەك جێگری سەرۆكوەزیران ئیدانەی ڕووداوەكەیان كردو بەڵێنیاندا تاوانباران بە سزای یاسایی بگەن، بەڵام تائێستا بەڵێنەكە جێبەجێ نەكراوە.
هاوپەیمانیی هیواو بزووتنەوەی گۆڕانیش لە زاری وتەبێژەكەیەوە، هێرشەكەیان بە تووندی ئیدانە كردو داوای دەستگیركردنی بكەرانی دەكەن.
ڕۆژانی دوای هێرشەكە، هیچ لێدوانو زانیارییەكی فەرمیی ئاشكرا نەكراو دەرگای زانیاریی بە ڕووی ڕۆژنامەنووساندا داخرابوون، تائەوەی 6 ڕۆژ دوای ڕووداوەكەو لە 3ی ئاداردا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە تویتێكدا، پەردەی لەسەر دیوێكی ڕووداوەكە هەڵماڵی.
لاهور شێخ جەنگی وتی "دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكرێن و كەیسەكە دیزە بە دەرخۆنە بكرێت، بۆیە سەرۆكی حكومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بە تەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەكرد".
هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی "هەر ئەو حكومەتەی كە لە كەیسی دەستگیركردنی 5 چالاكوانەكەی بادینان داوای لە هەموو لایەنەكان دەكرد كە دەستێوەردان لە كاروباری دادگا نەكەن، كەچی هەمان حكومەت بە ئاشكرا و بە هەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی 3 ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگریی هەرێم دەكات، كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیر كراون".
تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی بەڕوونیی ئەوەی پیشاندا كە ئەو كەسانەی دەستگیر كراونو ئەوانەی فشاریان كردووە بۆ ئازادكردنیان لە پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، ئەوەش لەلایەك ئەو گومانەی تۆخكردەوە كە ئەو حیزبە لە پشت ڕووداوەكە بێت، لەلایەكیش بەو تویتە لاهور شێخ جەنگیی لاوازیی خۆیانی پیشاندا كە تەنانەت لە ناوجەرگەی سلێمانی كە زۆنی قەڵەمڕەوی خۆیانە، ناتوانن تاوانبارێك دەستگیر بكەنو ناچارن تۆمەتبارانیش لە ژێر فشاردا ئازاد بكەن.
تویتەكەی لاهور شێخ جەنگی بێوەڵام نەبوو، دوای چەند كاتژمێرێك وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی دایەوەو لە بەرامبەردا چەند دۆسیەیەكی پێشتری خستەوە بەرباس كە لە زۆنی یەكێتی ڕوویانداوە، بەبێ ئەوەی باسلەوە بكات كێ لە پشت هێرشەكەی سەر غالب محەمەدەو وەڵامی ڕەخنەكەی لاهور شێخ جەنگیشی نەدایەوە لەبارەی فشارەكان بۆ ئازادكردنی سێ كەسەكە كە بەشێكی گرنگی دۆسیەكەیە.
وتەبێژی حكومەت وتی"سەرۆكی حكومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاكانی هەرێمی كوردستان دووپات دەكاتەوە كە بە شێوەیەكی دادپەروەرانەو سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەك و دوور لە فشاری تاك و لایەنە سیاسیەكان، بڕیار لە سەر هەموو كەیسەكان بدات و هیچ كەیسێكیش پشتگوێ نەخرێت".
لە دوای ئەو تویتو وەڵامە، دۆسیەكەی غالب، بووە بەشێك لە شەڕی نێوان لاهور شێخ جەنگیو مەسرور بارزانی لە ڕاگەیاندنو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. هەرچەندە یەكێتی بەشدارو پێكهێنەرێكی سەرەكیی حكومەتە، بەڵام ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی بەهۆی كێشەو ناكۆكییەكانیان لەگەڵ مەسرور بارزانی، هەرلەسەرەتای پێكهێنانی كابینەكەوە وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەونو هەڵوێست دەردەبڕن.
ئێستا بەغدا بووەتە شوێنی ئومێدی پەرلەمانتارانو چاویان لەسەر ئەوەیە، دوای گواستنەوەی دۆسیەكە، دادوەر لە بەغداوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتباری سەرەكیو ئەو كەسانە دەربكات كە دەستیان هەبووە لە ڕووداوەكەو پاڵپشتیكارو داڵدەدەری ئەنجامدەری هێرشەكە بوون.
پەرەگراف بۆ وەرگرتنی لێدوانی فەرمیی لەسەر ئەم دۆسیەیە، پەیوەندی كرد بە مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموركاتی كوردستان، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.