هەڵاتن لە حكومەت؛ بەشێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان كۆچ دەكەن

29-03-2021 05:17

پەرەگراف

بەشێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان، ماڵ و زێدی خۆیان بەرەو دەرەوەی عێراق یان شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەجێدەهێڵن، لە ترسی "دروستكردنی تۆمەت و لێپرسینەوە"ی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە چەند مانگی ڕابردودا، چەندین چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تایبەت لە دەڤەری بادینان، بەرەو سلێمانی یان شارەكانی دیكەی عێراق یاخود دەرەوەی وڵات ڕۆیشتون.

لە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوەوە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكوان بە تۆمەتی جیاواز دەستگیركراون، هەڵمەتەكە بەردەوامە و چەندین كەسیش فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە و هێزە ئەمنییەكان دەستیان پێیان ناگات.

دیفاع هەركی، ڕۆژنامەنووس، خەڵكی قەزای ئاكرێیە لە پارێزگای دهۆك، یەكێكە لەو كەسانەی فەرمانی دەستگیركردنی هەیە، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "بەهۆی ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە بەرگریم لە ڕۆژنامەنووسان كردووە و دژی دەستبەسەركردنیان بوم، ناوم لە دادگای هەولێر هاتووە تا وتەم لێوەربگرن".

سەرباری فەرمانی دەستگیركردنی، ئەو دەڵێت "چەندین جار هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆم لێكراوەو چەندین تۆمەتم بۆ دروستكراوە".

"بۆیە ماوەی زیاتر لە مانگێكە، ماڵی خۆم جێهیشتووە و هاتومەتە شاری سلێمانی، تا خۆم لە زیندان و هەڕەشەكان بپارێزم" هەركی وای وت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختیكردەوە "چەندین چالاكوان و ڕۆژنامەنووس لە بادینان، ئێستا و لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا بەهۆی هەڕەشەو قبوڵنەكردنی سیاسەتی توندی دەسەڵاتدارانی بادینان كۆچیان كردوە".

سەنتەری میترۆ بۆ بەرگری لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاگاداری دۆخی بادینانەوەو هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەو دۆخەوە بە وردیی چاودێریی دەكات.

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ پەرەگراف باسی لەوە كرد، ئەوان پێیانوایە ئەو بەڵگانەی لایەنە ئەمنییەكان بەكاری دەهێنن بۆ لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووسان "تەواو و سەلمێنەر نین".

"جگە لەوانەی دەستگیركراون‌و فەرمانی گرتنیان هەیە، كۆمەڵێك كەسی دیكەش پەیوەندییان بە میترۆوە كردووە كە بە ڕێگای جیاواز بیستویانە ناویان لە لیستدا هەیە بۆ دەستگیركردن، پێمانوتوون ئەوەی ئێمە دەتوانین بۆیان بكەین لە ئێستادا دابینكردنی پارێزەرە" دیاری وای وت.

بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، ئەوەشی خستە ڕوو، ئاگادارن كە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس‌و چالاكی مەدەنی‌و سیاسی بادینانیان بەجێهێشتووەو هاتوونەتە زۆنی سەوز(ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان)، هەندێك لەوانە پەیوەندییان بە سەنتەرەكەی ئەوانەوە كردووە.

لەبارەی ژمارەی ئەوانەی كۆچیان كردووە؟ دیاری وتی "بەشێكیان نایانەوێت ناویان بڵاوببێتەوە بۆیە ژمارە ناڵێین، بەڵام كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس‌و چالاكی مەدەنی‌و سیاسی لە بادینانەوە هاتوونەتە زۆنی سەوز".

هەموو جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات لە دهۆك بە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە و هەر ئەوان چەندین ساڵە كەسی یەكەم و بڕیاردەرن، هەربۆیە ڕەخنەكان ڕووی لەو حزبەیە لەسەر ئەو بارودۆخە.

"بەهۆی بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانەوەیە" ئەكرەم كوللی، ڕۆژنامەنووس لە قەزای زاخۆ دەربارەی كۆچی ڕۆژنامەنووسان، بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت، هەڕەشەی زیندانیكردن لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەردەوام ئامادەیە و ئەوەش وایكردووە "هێندەی من ئاگاداربم بەشێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان بەرەو دەرەوەی وڵات یان دەرەوەی زۆنی زەرد(ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان) كۆچیان كردووە".

ئەكرەم كوللی وتی "حزبی دەسەڵاتداری بادینان سیاسەتێكی نوێی داڕشتووە لە دژی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان، هەریەكێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان یان دەزگاكانی ڕاگەیاندن قسە بكات بە ڕێگای جۆراوجۆر ڕێكاری یاساییان بەرانبەر دەگرنەبەر، بێ گوێدانە یاسای ڕۆژنامەگەریی و مافەكانی تاكەكەس و چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان".

هیچ یەكێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان و دهۆك بە یاسای كاری ڕۆژنامەگەری یان یاسای خۆپیشاندان یاخود خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ڕوبەڕوی دادگا نەكراونەتەوە، بەڵكو بەپێی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

"لە بەرژەوەندی خۆیاندا یاسا بەكاردەهێنن، تائێستاش دەستگیركردن و بانگهێشتكردنی ڕۆژنامەنووسان لە بادینان درێژەی هەیە، ڕۆژ بە ڕۆژی هەڵمەتەكە چڕتر دەبێتەوە" بەوتەی كوللی.

چڕبونەوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020 كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

لە دوای ئەو خۆپیشاندانەوە دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاكوان و هاوڵاتی دەستگیركراون، هەریەكەیان بە تۆمەتێك، زۆرینە بە پاساوی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕوبەڕوی دادگایی كراونەتەوە، لە نێویاندا پێنج كەسیان ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ بە شەش ساڵ حوكمدران و سزاكەیان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، هێشتاش لە قۆناغی تەمیزكردنەوەدایە.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ پەرەگراف وتی، ئازادی تەواوی كاركردن لە بادینان هەیە، بۆ ئەوەش نمونەی هێنایەوە "چەندین میدیاكار و چالاكوان لە دهۆك كاردەكەن كە پارتیش نین".

"وەك ئیدارەی پارێزگا هیچ جیاوازییەك ناكەین لە نێوان كەسدا، بەڵام ئەگەر هەندێك كەس بەناوی چالاكوان یان ڕۆژنامەنووسەوە هەوڵی گێرەشێوێنی بدەن و مەترسی دروستبكەن بۆ سەر ژیان و ئارامیی لە دهۆك، ئەوە بێگومان ئەركی ئێمەیە ئارامیی بپارێزین، ئەگەرنا حەز ناكەین كەس زیندانی بكەین و منداڵەكانیان لە باوك بێبەش بكەین".

جێگری پارێزگاری دهۆك جەختیكردەوە "هەموو كەسێك ئازادە تا ئەو شوێنەی پێشێلكاری نەكات و ئاژاوە دروستنەكات، ئەوكات بێگومان بەپێی پێویست هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێت".

هەر لە دهۆكەوە نییە، لە ساڵانی ڕابردوشدا، ڕۆژنامەنووس‌و چالاكی دیكەش هەبون لە هەولێر و ناوچەكانی دیكەوە بەرەو سلێمانی و هەڵەبجە یان شارەكانی عێراق ئاوارەبون، یاخود بەپێچەوانەوە لە ناوچەی سەوزەوە(ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی) بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ڕۆیشتون.

ئەو دۆخەی ئازادیی بە گشتی‌و ئازادی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، هەرێمەكە لەژێر چاودێرییەكی وردی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ‌و بەرگریكار لە ئازادیی كاری ڕۆژنامەوانیدایەو بەردەوام ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرن‌و داوای باشكردنی دۆخەكە دەكەن.

ئەوەی ساڵانێك حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكردو شانازیی پێوە دەكردو خۆی پێ جیادەكردەوە لە عێراق‌و تەنانەت لە وڵاتانی ناوچەكەش، كە دروستكردنی ژینگەیەكی ئازادە بۆ ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی مەدەنیی، ئێستا لە پاشەكشەدایەو مەترسیی جددی لەسەرە.