كۆرۆنا لە كوردستان؛ مەترسییەكەی پێشووی ماوە؟

23-02-2021 07:07

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

ئاوات ئەحمەد لەسەر كورسییەكی نەخۆشخانەكە، بەدەم جارجارەی كۆكەو بێ ئەوەی دەمامكی بەستبێت، چاوەڕێی دەرئەنجامی پشكنینی كۆرۆنایە.

زۆری پێناچێت دەرئەنجامی پشكنینەكەی دەردەچێت، بەڵێ ئاوات كۆرۆنایەتی، ئەگەر ئەو قسەیە چەند مانگێك لەمەوبەر بوایە، ترس و دڵەڕاوكێی زۆری هەبوو، نەشیدەتوانی لە شەقامەكاندا بسوڕێتەوە یان بچێتەوە ماڵی خۆی.

ئەو گەنجە تەمەن 23 ساڵە، دوای وەرگرتنەوەی پشكنینەكەی، لەلایەن پزیشكەكانەوە ڕێنمایی كرا لە ماڵەوە بێت و تەنیا لە بارودۆخێكی خراپدا سەردانی نەخۆشخانە بكات.

ئەو نەخۆشخانانەی لە ساڵی ڕابردودا جمەیان دەهات لە توشبوانی كۆرۆنا و توانای وەرگرتنی نەخۆشی دیكەیان نەبوو، ئێستا بەشێكیان چۆڵ بون.

ئاوات لە نەخۆشخانەی عەلی ناجی شاری سلێمانی، كە تایبەتە بە كۆرۆنا، پشكنینەكەی كرد و كاتێك پەرەگراف لێی پرسی چۆن توشی ڤایرۆسەكە بووی؟ وتی "نازانم".

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (كۆڤید19) لە كۆتاییەكانی 2019دا لە چین سەریهەڵدا، لە شوباتدا گەیشتە عێراق و لە ئاداری 2020دا هەرێمی كوردستانی خستە نێو ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە نێویاندا قەدەغەی هاتوچۆ.

ئەوكات نەك توشبوانی كۆرۆنا مەترسیدار سەیر دەكران، بەڵكو هەندێكیش پێیان عەیب بوو توشبونیان ئاشكرا بكەن، تا بە چاوێكی سەیر و جیاوازەوە لەلایەن كۆمەڵگەوە تەماشا نەكرێن.

بەڵام ئێستا كەمترین توشبوو ڕەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن یان ناچار دەكرێن لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتینە بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا، لێپرسراوانی تەندروستی بەردەوام هۆشداریی دەدەن و پێیانوایە مەترسییەكانی كۆرۆنا وابەزویی كۆتایی نایەت.

سەرخێڵ ئازاد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەت بە كۆرۆنا بە پەرەگرافی وت "چەند ڕۆژێكە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی بۆ پشكنین ڕوو لە نەخۆشخانەكە دەكەن بەرزبوەتەوە بەراورد بە مانگی ڕابردوو".

ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی جۆرێكی نوێ لە نەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هەرێمی كوردستان و عێراق كە چەند مانگێك لەمەوبەر لە بەریتانیا و ئەوروپا سەریهەڵدا، بەپێی لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان، لە نەوە كۆنەكانی ئەو ڤایرۆسە خێراتر بڵاودەبێتەوە و نیشانەكانی توندترن.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ پەرەگراف وتی "پێویستە ڕێكارەكان لە بازگەكاندا زیادبكرێن و ئەو كەسانەی دێنە هەرێم تێستی كۆرۆنایان پێبێت".

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە دوایین كۆبونەوەیدا، 22ی شوباتی 2021، بڕیاریدا‌ ڕێكارەكانی خۆپارێزی توندتربكرێنەوە بە تایبەت لە هاتنی خەڵك و گەشتیار لە شارەكانی عێراقەوە بۆ هەرێم، ئەوەش دوای تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی تووشبوون بە كۆرۆنای گۆڕاو لە هەولێر.

توندكردنەوەی ڕێكارەكان، كە لە عێراق بە قەدەغەی هاتوچۆ دەستی پێكردەوە، دوای ئەوەهات ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا و مردن بەوهۆیەوە لە دوو مانگی ڕابردودا كەمیانكردبوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی تەندروستی جیهانیی، بە گشتی ڕێژەی توشبون لە پاشەكشەدایە بەشێوەیەك لە هەفتەی دووەمی مانگی شوباتدا لە سەدا 16 كەمیكردووە بەراورد بە هەفتەی یەكەمی هەمان مانگ و بەراورد بە سەرەتای مانگی كانونی دووەمی 2021یش بە ڕێژەی سەدا 50 كەمبۆتەوە.

توشبوانی كۆرۆنا لە هەرێم لە 11 نەخۆشخانەدا چاودێری دەكرێن و 10 نەخۆشخانەی دیكەش پێشتر تایبەتكرابون بە توشبوان‌و ئێستا نەخۆشیان تێدا نەماوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆ(23-2-2021)ی وەزارەتی تەندروستی، تائێستا ئاماری گشتیی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم 108 هەزار كەسی تێپەڕاندووەو 3510 كەسیش بەو ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 103 هەزار تووشبووش چاكبوونەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتی "70 توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكاندان و ژمارەیەكی كەمیشیان لەژێر چاودێری چڕدان".

بەڵام هێشتا بەلای تەندروستییەوە مەترسییەكە جددییە، هەم وەزارەتی تەندروستی زیاد لە جارێك هۆشداری داوە و هەمیش سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی چەند ڕۆژێك پێش ئێستا پێشبینی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی دیكەی توشبون بە كۆرۆنای لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، بە ڕۆژنامەنوسان راگەیاند.

لە وڵاتانی جیهان، هیوایەك بە ڤاكسینەكانە كە هێشتا نەگەیشتۆتە عێراق و بڕیارە لەگەڵ گەیشتنیدا پشكی هەرێمی كوردستانیش ڕەوانە بكرێت.

ئاسۆ حەوێزی دەڵێت، لە پێدانی ڤاكسینەكەدا ئەولەویەت بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستییە، بەدوای ئەواندا هێزە ئەمنییەكان، پاشان كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەكانیان هەیە ڤاكسینیان پێدەدرێت و بەپێی حاڵەتەكانیش ڕەنگە گۆڕانكاری بەسەر بەرنامەكەدا بێت.

نەوەی نوێی كۆرۆنا، یان كۆرۆنای گۆڕاو، لایەنە تەندروستییەكانی هەرێم دەخاتە ئامادەباشییەوە، هەواڵی توشبوانی ڤایرۆسەكە وەك سەرەتاكانی سەرهەڵدانی جارێكیتر برەوی پێدەدرێت و بون بە هەواڵی بەپەلە، پەرلەمانیش لە بەدواداچون و گفتوگۆی بارودۆخەكەدایە.

لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان بە پەرەگرافی وت "كەرتی گشتی تەندروستی لە دۆخێكی خراپدایە و چاودێریی وەزارەتیش بۆ كەرتی تایبەت زۆر لاوازە، بۆیە ئەوانیش دۆخی كۆرۆنایان ئیستغلال كردووە لە قازانجی خۆیان".

هێشتا هەموو هاوڵاتییەك ناتوانێت پشكنینی كۆرۆنا بكات، چونكە نرخەكەی جێگیر نییە و بەلای هەندێك كەسیشەوە زۆرە.

ئەو پشكنینەی كە تایبەتە بە كۆرۆناو لەڕێی لوتەوە دەكرێت، نرخی 60 هەزار دینارە بە گشتی و لە خاڵە سنورییەكانیش بە كەرتی تایبەت دراوە، بۆیە لیژنەی تەندروستی پێشنیاریكردووە تا نرخەكە كەمدەبێتەوە ئەو ئەركە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی نەك لای كەرتی تایبەت بێت.

لوقمان وەردی وتی "نرخی ئەو كیتەی پشكنینی كۆرۆنای پێدەكرێت ئێستا هەرزانەو ئەگەر هەر پشكنینێك بە 30 هەزار دیناریش بكرێت هێشتا كۆمپانیاكە قازانجیەتی".

وەزارەتی تەندروستی لە پلانیدایە بە زیادكردنی ژمارەی پشكنین و زوو دەستنیشانكردنی توشبوانی كۆرۆنا ڕێگری بكات لە زیاتر بڵاوبونەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت بارودۆخ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێك لەمەوبەر و كەرەنتینەی گشتی یاخود نا.