دۆسیە هەستیارەكە؛ چیرۆكی دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان لە هەرێمی كوردستان

بەوتەی پزیشكی دادوەری، کچان زیاتر لە کوڕانی منداڵ ڕوبەڕوی دەستدرێژیی سێكسی دەبنەوە
29-04-2021 04:24

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

دوای گەڕانەوە لە خوێندنگە، شانیا دەچێتە ماڵی هاوپۆلێكی و لەوێ چاوەڕێیە وانەی پێبڵێنەوە، بەڵام باوكی هاوپۆلەكەی دەستدرێژی سێكسی دەكاتەسەر.

شانیا ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 10 ساڵانە، كاتێك باوكی هاوپۆلەكەی پێیوتون وانەیان پێدەڵێتەوە، بێ دودڵی چۆتە ژورەوە.

دایكی ئەو كچە بە گریانەوە باسی ڕوداوەكەی بۆ پەرەگراف كرد و وتی، ئێستا شانیا لە منداڵێكی ڕوخۆشی هاروهاجەوە بۆتە كچێكی خەمباری ترسنۆك، كە بەردەوام لە ژورەوەیە، لە هەموو كەس و لە هەموو شتێك دەترسێت.

ئەو ڕوداوە دەستبەجی لێكۆڵینەوەی تیادا كراوە و هەمان ڕۆژ باوكی هاوپۆلەكەی شانیا دەستگیركراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

سەرباری ئەوەی هێشتا دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكە نەداوە، بەڵام دایكی شانیا دەڵێت "تەنیا بە لەسێدارەدانی ئەو تاوانبارە كەمێك دڵم ئارام دەبێتەوە، چونكە نەك كچەكەم بەڵكو هەموو خێزانەكەمی لەناوبرد".

دەستدرێژی سێكسی یان گێچەڵی سێكسی بۆ سەر منداڵ، لە كچ و كوڕی خوار تەمەنی 18 ساڵ، بریتییە لە قۆستنەوەی دڵپاكی و بێ زانیاریی و كەمتەمەنی بۆ تێركردنی حەزی كەسانی گەورە، بە یەكێك لە دۆسیە هەستیارەكانی كۆمەڵگە دادەنرێت.

بەوتەی پزیشكی دادوەری، کچان زیاتر لە کوڕانی منداڵ ڕوبەڕوی دەستدرێژیی سێكسی دەبنەوە.

دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشكی دادوەری كە 13 ساڵە لەو بوارەدا كاردەكات بۆ پەرەگراف وتی "بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی ئەو منداڵانەی بۆ پشكنین بە مەبەستی دەستدرێژیی سێكسی دەهێنرێنە لای ئێمە زیاتر بووە و زۆرترینیان تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ 12 ساڵیدایە".

هەر حاڵەتێكی دەستدرێژیی سێكسی دەبێت وەك حاڵەتی فریاكەوتنی خێرا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و بە ماوەیەكی كەم قوربانییەكە بگەیەندرێتە پزیشكی دادوەری بۆ پشكنین.

"بۆ ئەوەی ئاسەوار لەسەر جەستەی منداڵەكە ون نەبێت، دەبێت لە ماوەی 24 كاتژمێردا بۆ پشكنین بگەیەندرێتە پزیشكی دادوەری، گەیاندنی دوای ئەوكاتە تەنها كاتێك سودی دەبێت كە كەسەكە بەرگری كردبێت و شوێنێكی لەوكاتەدا برینداربووبێت" دیلمان ئازاد وای وت.

كەمترین دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵ لە میدیاكانەوە بڵاودەكرێنەوە و ڕایگشتی لێیان ئاگادارە، ئەوەش بەهۆی دابونەریتی كۆمەڵگەوە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "چەندین حاڵەتی دەستدرێژی هەبووە، پاش ئاگاداركردنەوە گەیشتووینەتە شوێنەكە و تۆمەتبارەكەمان دەستگیركردووە، دواتر بەپێی تایبەتمەندی و بڕیاری دادوەر تۆمەتبارەكە دەنێردرێت بۆ لایەنی پەیوەندیدار".

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێك دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر كچ یان كوڕێك، بێ ڕەزامەندی یان بە ڕەزامەندیش بێت ئەگەر قوربانییەكە تەمەنی لە خوار 18 ساڵییەوە بێت هەر بە تاوان ئەژمار دەكرێت، كەسی دەستدرێژیكار بە زیندانی هەتاهەتایی یان كاتیی سزادەدرێت، دەستدرێژی لێكراو سزا نایگرێتەوە.

سزاكە توندتر دەكرێت بۆ ئەو دەستدرێژیكارانەی كە كەسی نزیكی قوربانییەكەن، یان سیفەتی گشتیی وەك فەرمانبەر و پزیشك و پیاوانی ئاینییان هەیە، ئەوە جگە لە غەرامەی دارایی كە لە نێوان 35 تا 50 ملیۆن دیناردایە.

ئەگەر كەسی تاوانبار تەمەنی لە خوار 18 ساڵییەوە بێت، ئەوا دۆسیەكەی ڕەوانەی دادگای نەوجەوانان دەكرێت و تا سزای زیندانیی 15 ساڵ دەیگرێتەوە.

ڕۆژگار ئیبراهیم، پارێزەر، بۆ پەرەگراف وتی "ئەو كەسەی سێكسی لەگەڵدا دەكرێت، ئەگەر تەمەنی لە خوار 18 ساڵیەوە بێت بە ڕەزامەندی خۆیشی ئەو كارەی لەگەڵدا كرابێت بەپێی یاسا بە منداڵ حسابە و كەسی دەستدرێژیكار هەر سزا دەدرێت".

تەنیا كەسانی دەرەوەی خێزان نین دەستدرێژیی سێكسی دەكەنە سەر منداڵ، بەڵكو چەندین حاڵەت تۆماركراوە كە كەسانی نزیك لە منداڵەكە یان ئەندامانی خێزانەكەی دەستدرێژییان كردۆتەسەر.

"بەپێی یاسا تا كەسانی پلە چوار واتا (باوك، برا، خاڵ، مام و ئامۆزا) لە حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسیدا بۆ سەر منداڵان حوكمەكەیان لە سێدارەدانە و بەهیچ شێوەیەكیش لێبوردنی گشتی و تایبەتیش نایانگرێتەوە"، پارێزەر ڕۆژگار ئیبراهیم وای وت.

منداڵانی قوربانیی دەستدرێژیی و گێچەڵی سێكسی، پێویستیان بە چارەسەری دەرونی هەیە، بەهۆی لێكەوتەكانی ئەو ڕوداوە لە خەمۆكی و ترس و دورەپەرێزی.

دانیال سەعدی، پسپۆڕی دەرونی بۆ پەرەگراف وت "دەستدرێژیی سێكسی بۆ هەمیشە كاریگەری سلبی لەسەر دەرونی منداڵ جێدەهێڵێت و پێویستی بە چارەسەرە نەك شاردنەوە و كپكردنی بابەتەكە".

شاردنەوەی ڕوداوەكانی دەستدرێژیی سێكسی بە گەورەترین هەڵە بەرانبەر بە منداڵ لێكدەدرێتەوە.

سەعدی دەڵێت، لە نۆڕینگەكەیدا ڕۆژانە هەست بەو حاڵەتانە دەكات كە كەسانی تەمەن گەورە دەچن و خەمۆكییەكی گەورە و قورسیان هەیە، پاش چەند دانیشتنێكی بینین پاشان دەردەكەوێت لە منداڵیدا توشی دەستدرێژیی سێكسی بۆتەوە و چارەسەر نەكراوە، "ئیتر بەهۆكاری هەڕەشەلێكردنی كەسە دەستدرێژیكارەكە بێت و ترسێنرابێت یان خێزانەكەی بە بیانوی عەیبە شاردویانەتەوە".

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە پێنج ژن یەكێكیان و لە 13 پیاو یەكێكیان لە تەمەنی گەورەییدا ئاشكرایانكردووە بە منداڵی ڕوبەڕوی دەستدرێژیی سێكسی بوونەتەوە.

سەیران سەڵاح، سەرۆكی ڕێكخراوی ئەستێرەی منداڵان كە چەندین هەڵمەتی هۆشیارییان لەسەر دەستدرێژیی سێكسی بۆ دایك و باوكان و منداڵان هەبووە، بۆ پەرەگراف وتی "زۆرێك لە خێزانەكان ڕەتیدەكەنەوە لەو حاڵەتانەدا هاوكاریی پێشكەشی منداڵەكەیان بكەین، هەندێكجار هەڕەشەشیان لێكردوین كە لێیان دوربكەوینەوە".

ڕێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە منداڵان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان زۆر نییە و هۆشیاریی كۆمەڵگەش كەمە بەرامبەر ئەو حاڵەتە بۆیە زۆربەی خێزانەكان كاتێك دەستدرێژیی دەكرێتە سەر منداڵەكانیان هەوڵی شاردنەوە و چارەسەركردنی دەدەن بە سوڵحی عەشایەری.

بەپێی ڕێنمایی كۆمەڵناسیی، پێویستە جگە لە چاودێری بەردەوامی منداڵ، دایك و باوك زانیاری دەربارەی ئەندامانی جەستە بە منداڵەكانیان بدەن و لە چۆنیەتی بەرگری لە دەستدرێژیی هۆشیاریان بكەنەوە، منداڵەكانیشیان ڕابهێنن ئەو ڕوداوانە نەشارنەوە و هەوڵبدەن لەباری ڕودانیدا پەنا بۆ چارەسەری یاسایی و پزیشكی ببەن.