خەریكە قومار سەری دهۆك دەخوات

22-05-2021 09:34

پەرەگراف- دهۆك

كاروان داود هەرچی هەیە لە دەستی دەدات؛ خێزان و خزم و هاوڕێ، ساڵێكی ڕەبەقیش لە زینداندا بەسەر دەبات، بەهۆی ئالودەبونی بە یاری قومارەوە.

كۆتا یاریی كاروان لە گازینۆیەكی ڕێگای مەسیف سەڵاحەدینە، دوای ئەوەی پارەی پێنامێنێت، ئۆتۆمبێلی هاوڕێیەكی كە بە كاتیی لە لایەتی، لەبری پارە دادەنێت و لە قوماردا دەیدۆڕێنێت.

"لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە پۆلیسی هەولێر دەستبەسەریانكردم و ماوەی ساڵێك زیندانی بوم، بۆیە ئێستا دەستبەرداری قومار بوم و تەنیا یاری دومبەڵە دەكەم، ئەویش لەسەر پارەی كەم، ئەگەر 100 دۆلارم پێبێت تەنیا 50 دۆلاریان دادەنێم" كاروان بۆ پەرەگراف وای وت.

"من دوو هاوسەرم هەبوو، لە 2014دا زۆر زیانم لە قومار كردو هەردوو ژیانی هاوسەرێتیم هەڵوەشایەوە، چونكە پارەیەكی خەیاڵیی قەرزار بوم".

كاروان دەڵێت، پێشووتر شەو هەبووە یەك دەفتەر دۆلار قەرزی كردووە بۆ قومار، تەنیا لەو یارییانەشدا بە تایبەت دومبەڵە، مانگانە سەدان هەزار دۆلار پارە لە دهۆك دەچێتە دەرەوە لە ڕێی قوماری ئەلكترۆنییەوە كە بە كارت‌و بەرنامەی جیاوازی مۆبایل‌و كۆمپیوتەر دەكرێن.

هەر یارییەك لەسەر پارە و دەسكەوتی ماڵیی بێت دەچێتە چوارچێوەی قومارەوە، ئەو جۆرە یارییانە دەستی ئەلیكترۆنیشیان هەیە و لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، بە تایبەت لە دهۆك، دومبەڵە لە هەمووی زیاترە كە یارییەكی ژمارەییە.

زیاد، ناوی خوازراوی هاوڵاتییەكی دهۆكەو خولیای یاری قومارە، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "زۆرینەی گەنجان یاری دومبەڵە دەكەن، كە لە هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا 700 هەزار دینار، هەرچەند كارتەكە بە پارەی زیاتر بكڕی ئەوا لەكاتی دەرچونی ئەو ژمارانەی كارتەكەی تۆ قازانجی زیاتر دەكەیت، چەند خەڵكی زیاتریش لە هۆڵەكەدابن و بەشداربن كەسی براوە قازانجی زۆرتر دەكات".

"خاوەنی شوێنەكانی یارییەكەش قازانجی خەیاڵیی دەكەن و هەیە شەوانە نزیكەی دەفتەرێك دۆلاری دەستدەكەوێت".

زیاد دەڵێت، ئەوەی ئەو زانیویەتی "زۆربەی شوێنەكان خەڵكانی بەرپرس و دەسەڵاتداری لە پشتە، كەس ناتوانێت قسەیان بەرانبەر بكات یان دایبخات، زۆر شوێن بە ناوی گازینۆ و كافتریا نەك هەر لە ناوەندی دهۆك بەڵكو لە قەزا و ناوچەكانی تری پارێزگاكە كراونەتەوە و قوماریان تێدادەكرێت".

هێزە ئەمنییەكانی دهۆك لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵدا 22 هۆڵی یاری دومبەڵەیان داخست، بەڵام ئەو هەڵمەتە بۆ بنەبڕكردنی قومار نەبوو، بەڵكو لەچوارچێوەی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو.

موقەدەم هێمن سلێمان، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی پۆلیسی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "پۆلیس هەڵمەتی داخستنی شوێنەكانی قوماركردنی دەستپێكردووە و لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا، زیاتر لە 30 كەس بە تۆمەتی قوماركردن دەستگیركراون و زیاتر لە 10 شوێنی قوماركردنیش داخراون".

ئەو لێپرسراوەی پۆلیس دانبەوەدادەنێت "قوماركردن زیادیكردووە، زیاتر قوماری ئەلیكترۆنی، كە كۆنتڕۆڵكردنی قورسە، بەڵام شوێنەكانی قومار ڕێگەپێدراو نین و پۆلیس هەڵمەتی بەردەوامی بۆ داخستنیان هەیە".

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، كە هەرێمی كوردستانیش كاری پێدەكات، قوماركردن قەدەغەیە و سزای لەسەرە، هەر شوێنێك بۆ یاری قومار بەكاربهێنرێت خاوەنەكەی بە زیندانی تا ساڵێك و غەرامە حوكمدەدرێت و هەر كەسێك قومار بكات بە لانیكەم مانگێك حوكم دەدرێت.

ڕێڤین یاسین، پارێزەر لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی یاسای سزادان هەر كەسێك تاوانەكە دوبارە بكاتەوە ئەوا سزایەكی قورستر دەدرێت".

بەوتەی ئەو پارێزەرە، جگە لە زیندانیی، سزای غەرامەش دانراوە كە لە 250 هەزار تا 300 هەزار دینارە.

لە یارییە ئەلیكترۆنییەكاندا، كە ئێستا خەڵك بەهۆی بەرنامەی جۆراوجۆری پارەدانەوە تیایدا بەشداردەبن، جگە لە دومبەڵە و چەندین جۆر یاری دیكە، زۆر بە بەربڵاوی گرەو دەكرێت، بە تایبەت لەسەر ئەنجامی یارییەكانی تۆپی پێ.

كۆفان ئەحمەد، گازینۆی یاری دومبەڵەی لە دهۆك هەیە و دەڵێت، ئەوان مۆڵەتیان لە ئیدارەی پارێزگا وەرگرتووە، "زیاتر لە 40 شوێنی یاری دومبەڵە مۆڵەتیان وەرگرتووە و مانگانە هەر شوێنێك بە قەبارەی خۆی كرێ دەداتە ئیدارەی پارێزگا كە لە 700 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە دوو ملیۆن دینار".

كۆفان دەشڵێت، شوێنی ئەو بۆ یاری "دومبەڵەی ئاساییە" و بەهۆی كۆرۆناوە ئێستا داخراوە.

ئەوەی كۆفان ڕونیدەكاتەوە دوو جۆر یاری دومبەڵە لە دهۆك باوە؛ یەكێكیان ئاساییە و داهاتەكەی هەر لە ناوخۆدایە و بەپێی ڕێنماییەكانە، بەڵام دووەمیان سەدا 75ی پارەكەی دەچێتە دەرەوەی وڵات و ئەمەیان ڕێگەپێنەدراوە.

"ئەو جۆرەی دووەم هەر دەكرێت، هەرچەندە هەندێك شوێنیان بەوهۆیەوە داخست، بەڵام بە نهێنی ئەو یارییە دەكرێت و بەشێك لە خەڵك لە ڕێگەی مۆبایل و ئامێرە ئەلكیترۆنییەكانی ترەوە ئەو یارییەكە دەكەن" بەوتەی كۆفان.

لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەك تایبەت بە ڕێكخستن یان قەدەغەی شوێنەكانی قومار دەرنەكراوە، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە 2015دا بڕیاری داخستنی ئەو شوێنانەی دەركردووە.

سەباح باپیری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ئەو كاتەی بڕیارەكە دەركرا چەند شوێنێك داخران، بەڵام قومار هەر بەردەوامە، بەپێی بەدواداچونی ئێمە دومبەڵە لە دهۆك زیادیكردووە، دومبەڵەی كارت و دومبەڵەی ئەلیكترۆنی؛ كە ئەلیكترۆنییەكەیان پارەیەكی خەیاڵیی دەباتە دەرەوەی وڵات".

ئەو دەڵێت، بۆ قەدەغەی ئەو یاریی و قوماركردنە ئەلیكترۆنییانە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانیان ئاگاداركردۆتەوە تا لەڕێی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتەوە ڕێگە لەو مەترسییە بگرن چونكە "بەدواداچونم كردووە مانگانە لە دهۆك نزیكەی 20 دەفتەر دۆلار لەڕێگەی قوماری ئەلیكترۆنییەوە دەچێتە دەرەوە و چەندین خێزان بەوهۆیەوە لێكهەڵوەشاونەتەوە".

بە بڕوای سەباح باپیری، زیادبوونی قومار لە دهۆك بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، وەك؛ "زیادبونی شوێنی دومبەڵەو یاریی ئەلكترۆنی كە یارییەكی جیهانییە، بەشێكی دیكەش ئەوەیە بەرپرسانی دهۆك لە پشت ئەو یانەی شەوانەو شوێنی قوماركردنانەوەن".

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆتایی 2019دا، بەڵێنیدا هەوڵی جددی بۆ بنەبڕكردنی قوماركردن بدەن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ئەوكات بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، قومار زیاد بووە و نەك هەر لە دهۆك، بەڵكو لە هەموو هەرێمی كوردستان، ئەوەش پێویستی بەوەهەیە ڕێكبخرێتەوە كە مۆڵەت بە كامیان بدرێت و كامیان قەدەغە بكرێن.

قوماركردن، بەپێی ئاینی ئیسلامیش حەرام كراوە، چونكە دەبێتە هۆی مایەپوچیی و تێكدانی شیرازەی خێزان.

ڕزگار حەسەن، مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی تەكنەلۆژیا لە دهۆك بە پێویستی دەزانێت خەڵك لە مەترسییەكانی قومار هۆشیار بكرێنەوە، چونكە دەبێتەهۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و مایەپوچیی، وەك ئەو بۆ پەرەگراف باسیكرد، ئەوەش لەڕێی كۆڕ و سیمینار و میدیاكانەوە دەكرێت.

"لە هەموو شارەكان قومار هەیە بەڵام لە دهۆك زیاترە، ئەوەش لێكەوتەی هەیە و چونەدەرەوەی پارەی دهۆك بە زیانی خەڵك دەشكێتەوە، بۆیە دەبێت حكومەت ڕێگریی لە دیاردەی قومار بە تایبەت جۆری ئەلكیترۆنی بكات" ڕزگار حەسەن وادەڵێت.