جەژنی بێ جەژنانە؛ منداڵان له‌به‌ر كاسبیی ئاگاداری جه‌ژنه‌كه‌یان نین

01-06-2021 04:36
ئیشكردنی منداڵان لەسەر شەقامەكانی سلێمانی. وێنە؛ ڕێكخراوی منداڵپارێز

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

بەر بەلەدێكەی سلێمانییە، شوێنێكی میللی پڕ لە خەڵكە و بەردەوام جمەی دێت، كۆمەڵێك منداڵیش بە هاواری فرۆشتنی عەلاگە و پاڕانەوە لە كڕیار، هێندەی دیكە قەرەباڵغییان خستۆتە بازاڕەكەوە.

عامر یەكێكە لەو منداڵانە، تەمەنی تەنیا 11 ساڵە، وەك كەسێكی كامڵ لەگەڵ برایەكی تەمەن شەش ساڵیدا لەو بازاڕە عەلاگە دەفرۆشت، "حەزناكەم ئیش بكەم، بەڵام لەبەر خێزانەكەم ناچارین، هەندێك ڕۆژ هەر لە ناو بازاڕ براكەم خەوی لێدەكەوێت".

غەمی ئەو منداڵانە بژێوی و پەیداكردنی پارەی ڕۆژانەیە، ئەوكاتەی پارەی تەواویان دەستدەكەوێت، ئەو ڕۆژە بۆ ئەوان جەژنە.

ڕۆژی جیهانی منداڵان، یان جەژنی منداڵان، 1ی حوزەیرانی هەموو ساڵێكە، بەڵام كەمترین منداڵی ئیشكەری بەر بەلەدییەكە و شوێنەكانی دیكەی سلێمانی بەو ڕۆژە دەزانن.

عامر لە خێزانێكی 10 كەسیی ئاوارەدا دەژی، خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینن و ڕویانكردۆتە هەرێمی كوردستان، ڕەنگە هەر ئەو بارودۆخەش هۆكار بێت خێزانەكەی زۆر گوێ بە خوێندن نادەن و تا پۆلی دووی سەرەتایی خوێندووە.

باوكی عامر لەگەڵ هەردوو منداڵەكەیدا ڕۆژانە دەچێتە بازاڕ بۆ كرێكاری و ئێواران پێكەوە دەگەڕێنەوە.

تەنیا لەبەر بەلەدیەكە، 15 منداڵ كاریان دەكرد، هەندێكیان عەلاگە و بەشێكیان ئاویان دەفرۆشت، هەندێكیشیان لەبەرانبەر بڕێك پارەدا حەماڵییان دەكرد و شمەكی قورسی هاوڵاتیانیان هەڵدەگرت تا شەقامێكی سەرەكی یان لای ئۆتۆمبێلەكانیان.

هیچ یەكێك لەو منداڵانە تەمەنیان نەگەیشتۆتە 15 ساڵ، ئەوەش بەتەواوی پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقە.

بەپێی یاسای كاری عێراقی كە لە كوردستانیش كاری پێدەكرێت، منداڵ بۆی هەیە كە تەمەنی بوو بە 15 ساڵ كار بكات، بە مەرجێك كارەكەی قورس نەبێت و مەترسیی بۆ سەر ڕەوشت، هەڵسوكەوت، خوێندنی نەبێت و لەحەوت كاتژمێر تێپەڕ نەكات، منداڵی خوار تەمەن 17 ساڵیش نابێت بە شەو كار بكات.

ئاوات موحسین، دوكاندارە لەبەر بەلەدیەكە و دەڵێت، زۆربەی ئەو منداڵانەی لەو بازاڕە ئیش دەكەن ئاوارەن و "هەڵسوكەوتیان وەك منداڵی ئاسایی نییە.. ڕۆژانە لەناو خۆیاندا شەڕ دەكەن و جنێو بە یەكتری دەدەن، دوكاندارەكانیش لێیان بێزارن".

بەپێی بەدواداچونێكی ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان -ڕێكخراوێكی ناحكومی قازانج نەویستە و ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە-، سەدا 98ی ئەو منداڵانەی ئیش دەكەن منداڵی خێزانە ئاوارەكانی پارچەكانی تری كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، سەدا 2یان خەڵكی هەرێمی كوردستانن.

نوعمان عەبدولڕەحمان، ئاڕاستەكاری پەیوەندییەكان و هەماهەنگی لە ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی قورسە دورخستنەوەی منداڵانی ئاوارەیە لە ئیشكردن، لەبەرئەوەی زۆربەیان ناخرێنە بەرخوێندن و شوێنی نیشتەجێبونی دیاریكراویان نییە، بۆیە بەشداریپێكردنیان لە خولەكانی تایبەت بە مۆسیقا و وێنەكێشان بە ئامانجی وازهێنانیان لە ئیشكردن ئاسان نییە".

لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی لایەنێكی بەرپرسە لە ژیان و ڕێگریكردن لە ئیشكردنی منداڵان، پلانێكی ستراتیجییان ئامادەیە تاوەكو لە دوو ساڵدا منداڵان لە شەقامەكان دوربخەنەوە و دۆخێكی شیاو بە تەمەنی منداڵییان بۆ بڕەخسێنن.

دلێر سابیر، پسپۆڕی یاسایی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە پەرەگراف-ی وت، جێبەجێكردنی قۆناغەكانی پلانەكە نزیكەی 15 ملیۆن دۆلاری پێویستە و لەبەر بێپارەیی هێشتا لەسەر كاغەزە و نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو وەزارەتە ئاماری منداڵانی ئیشكەری تایبەت بە خۆی نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارە جیاوازانەی لە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە منداڵانەوە بە دەستیانگەیشتووە نزیكەی 20 هەزار منداڵ لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، كە هەندێكیان ئیشەكانیان قورسە و ڕێژەكەش لە كاتی داخستنی دەرگای قوتابخانەكان و هاتنی شەپۆلی ئاوارە و پەنابەراندا زیاتر دەبێت.

هەر لە ناوبازاڕ نییە، لە زۆربەی ترافیك و شەقامە سەرەكییەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان منداڵان كاردەكەن، ئاو و كلینێكس دەفرۆشن، یان بە بڕە پارەیەكی كەم جامی ئۆتۆمبێل پاكدەكەنەوە، لەكاتێكدا بەپێی ڕێككەوتننامەی مافەكانی منداڵان، هەموو منداڵێك مافی ئەوەی هەیە ئیش نەكات و ژیانی دەستەبەركراو و پارێزراوبێت.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، بەشێك لە منداڵەكان بەشێوەی گروپ لە ترافیك لایت و شوێنەكاندا ئیش دەكەن یان خزمی یەكترین یاخود ماڵیان نزیكی یەكەو ئەو كەسەیان كە تەمەنی زیاترە و وریاترە سەرپەرشتییان دەكات.

بەختیار غەفور، سەرۆكی لیژنەی پاراستنی منداڵانی ئیشكەر لە قایمقامیەتی سلێمانی، ئەوەی بۆ پەرەگراف پشتڕاستكردەوە و وتی، ڕاستە هەندێكیان بەشێوەی گروپ كاردەكەن و ڕێكدەكەون ڕۆژانە لە كوێدا و چۆن ئیش بكەن، بەڵام ڕێكخستنەكە لەنێوان منداڵەكان خۆیاندایە نەك لەلایەن باندێكەوە سەرپەرشتی بكرێن.

لیژنەیەك لە قایمقامیەتی شارەكان هەیە بۆ چاودێریكردن و پاراستنی ئەو منداڵانەی لە شەقام و شوێنە جیاوازەكاندا ئیش دەكەن، ئەگەر دەربكەوێت هەر منداڵێك خێزانەكەی باری دارایی باشە و وەك فێربوون كار بە منداڵەكە دەكەن دەبرێنە پۆلیسی نەوجەوانان و بەڵێننامە بە بەخێوكارەكانیان پڕ دەكرێتەوە كە كاریان پێ نەكەن، لە حاڵەتی چەندبارەبوونەوەدا سزای بەخێوكارەكان دەدرێت كە بەپێی یاسای چاودێریی نەوجەوانان بڕەكەی لەنێوان 100 تا 500 هەزار دینارە ‌و سزای بەندكردنیش بە مەرجێك لە یەك ساڵ زیاتر نەبێت.

بەختیار غەفور دەڵێت "خێزان هەیە پێنج جار بەڵێننامەی پێ پڕكراوەتەوە، بەڵام هەر منداڵەكەی ناردوەتەوە سەر شەقام بۆ ئیشكردن، ئەوكاتە ئێمەش دۆسیەكەمان ڕەوانەی دادگای نەوجەوانان كردووە بۆ لێپرسینەوە و زۆرترین كاتیش دادوەر بڕیار لە سزادانی ماددی دەدات نەك بەندكردن".

ئەو خێزانانەی كە دۆخی ژیانیان باش نییە، خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتییان پێشكەش دەكرێت بە خستنەسەركاری گەورەی خێزانەكە یان دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی خێزانەكە، بە ئامانجی دورخستنەوەی منداڵەكەیان لە كاركردن.

سەرباری هەوڵی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە منداڵان، بەڵام بەوتەی چاودێران و شارەزایانی پەروەردەی منداڵ بەشێكیان نەك هەر مافەكانیان نەدراوە لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ڕۆژ بەڕۆژ ڕوبەڕوی قەیرانی زیاتر دەبنەوە و بەهۆی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خێزانەكانیشیانەوە، تادێت لە ژیانێكی شایستە دوردەكەونەوە.