منداڵی بەرپرسان؛ بە هێزی باوكیان و فیشەكی حكومەت سلێمانی هەراسان دەكەن

26-06-2021 06:18
دیمەنێك لە شوێنی تەقەكانی گەڕەكی سەرچنار لە سلێمانی 21-6-2021

پەرەگراف

هێشتا خەڵك تەقەكانی كوڕی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بیرنەچۆتەوە و منداڵی بەرپرسێكی تری هەمان حزب شەوێكی شاری سلێمانی كرد بە بەرەی شەڕ.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرانەوە، نزیكەی 20 خولەك، بە چەندین جۆری چەك و لە نێویاندا دۆشكە و بیكەیسی، هێزێكی پڕ لە چەك لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی تەقە دەكەن.

ئەو ڕوداوە درەنگانی شەوی 21ی حوزەیرانی 2021 بوو لە نزیك ئۆتێل ئەبوسەنای گەڕەكی سەرچنار لە سلێمانی.

بەپێی سەرچاوەكانی پەرەگراف كاتێك كچێكی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی باڵای یەكێتی دەچێتە بازگەیەكی كاتیی هێزی هاوبەشی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ، لەسەر پشكنین دەبێتە دەمەقاڵێ و لەڕێی تەلەفۆنەوە، هێزێكی چەكداری باوكی بانگ دەكات.

ئەو هێزە چەكدارییە بە هێزە ئاڵتونییەكە ناودەبرێن، سەر بە هێزەكانی كۆماندۆی یەكەی 70ی یەكێتین و فەرمان لە جەعفەر شێخ مستەفا وەردەگرن.

هێزە چەكدارەكە دەگەنە بازگەی هێزە ئەمنییەكان و لەوێ شەڕە تەقە دەستپێدەكات.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف 10 چەكدار لە هەردوو بەرەی شەڕەكە برینداربون.

ئەو ڕوداوە ناڕەزایی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوەو شەوێكی پڕ لە نیگەرانی بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی دروستكرد، جارێكیتر دۆسیەی بەكارهێنانی هێزە چەكدارەكانی لەلایەن بەرپرسانی حیزب و منداڵەكانیانەوە وروژاند.

"ئێمە لە شۆڕشەوە هاتوینەتەسەر سیستمی حوكمڕانی، نەتەوەیەكین هەرچەندە دنیا پێشكەوتووە، بەڵام لە زۆر بابەتدا ئێمە نەمانتوانیوە سود لە پێشكەوتنەكان وەربگرین، ئەم كێشانەش هەربووە و هەردەبێت تا یاسا سەروەر نەبێت و هەوڵنەدرێت حوكمڕانییەكی سەردەمییانە بكەین" باڵانبۆ كۆكۆیی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی كورستان وای وت.

بەوتەی كۆكۆیی بۆ پەرەگراف یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربونی ڕوداوی هاوشێوە بڵاوبونەوەی چەك و هێنانیەتی لە سنورەكانەوە، بۆیە پێویستە بە یاسا قەدەغە بكرێت و كێشەكانیش بە یاسا چارەسەر بكرێن نەك سوڵحی عەشایەری.

كێشەی تەقەكانی سلێمانی هیچ سكاڵایەكی یاسایی بەدوادانەهاتووەو سوڵحی بۆ كراوە، مستەفا چاوڕەش بەرپرسی یەكەی 70ی پێشمەرگە، ڕۆژی دوای ڕووداوەكە وتی، بە ئامادەبوونی كوڕێكی شێخ جەعفەرو بەرپرسانی ئەمنیی، كێشەكە چارەسەر كرا.

"وەك پەرلەمان بەدواداچونمان كردووە و ئەوەی ڕویداوە كارێكی هەڵە بووە... بەڵام هەڵەتێگەیشتن بووە نەك پلانی بۆ داڕێژرابێت" ئەندامەكەی لیژنەی ئاسایش وادەڵێت.

دوابەدوای ڕوداوەكە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم دانی بەوەدانا هێزی ئەو و بێ ئاگاداری ئەو لەلایەن منداڵەكانیەوە بەكارهێنراون‌و نیگەرانیی پیشاندا.

ئاسایشی سلێمانیش لە ڕاگەیەندراوێكیدا دەربارەی ڕووداوەكە، بەبێ ناوهێنانی كچەكەی شێخ جەعفەر، دەڵێت "شۆفێرێك پابەند نابێت بەڕێكارو ڕێنماییە یاساییە‌كان و لە‌مە‌شە‌وە‌ گرفت دروستبوو، دواتر ئە‌و كە‌سە‌ هێزێكی چەكدار بەكاردەهێنێت بەشێوازێكی دەرچوو لە یاسا و هەڵدەكوتنە سەر ئەو هێزە ئەمنییەی كە لەئەركدا بوون و بەتەقەكردن ڕووبەڕووی هێزە ھاوبەشەكە دە‌بنە‌وە".‌

ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو هەوڵانەی هەیە بۆ ئەوەی یەكەكانی 70ی یەكێتی و 80ی پارتی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لە دەستی حزب دەربهێنرێن كە هێزەكەی جەعفەر شێخ مستەفا بەشێكیانە.

تەنیا ئەو نییە، لە نێو هەردوو حزبەكەدا، بە تایبەت یەكێتیی چەندین لێپرسراوی دیكەی باڵا لیوا و فەوج و هێزی خۆیان هەیە و ڕاستەوخۆ دەتوانن فەرمانیان بۆ دەربكەن، بێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەیی یەكەی 70 یان وەزارەتی پێشمەرگە، هەرچەندە موچە و پێداویستی ئەو هێزانە لە حكومەتەوە دابیندەكرێن.

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە ڕاپۆرتی ئەمریكی و بەریتانیەكانمان دەستكەوتووە كە دەڵێن ئەم هێزانە هێزی حزبین و لەوەش مەترسیدارتر خەریكە لەدەستی حزبیش دەربكرێن و ببن بەهێزی شەخسی".

"لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا كە حكومەت ئامادەی بوو، وەزیری پێشمەرگە ئەو مەترسیەی نەشاردەوەو وتی ئەم هێزانە لەوە دەرچوون هێزی حزب بن خەریكە دەبنە هێزی شەخس و گروپ لەناو حزبەكان دا".

بەوتەی دابان هەمان بارودۆخی حزبیبوون لەناو وەزارەتی ناوخۆشدا هەیە، لە هێزەكانی زێرەڤانی(سەربە پارتی) و بەرگری و فریاكەوتن(سەربە یەكێتی)، بێ ئەوەی ئیرادەی چارەسەر هەبێت لەكاتێكدا "ئەگەر ئەم هێزانەش نیشتیمانی نەبوون و یاسا سەروەر نەبێت و هاوڵاتی پارێزراو نەبێت هەمووكات ئەگەری دووبارەبونەوەی ڕووداوی هاوشێوە و خراپتریش هەیە".

لە ساڵی 2006دا بوو، كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی لەشكری یەكگرتووی بە خەڵكی دا، لەوكاتەوە چوار كابینەی تر و سێ سەرۆكوەزیران بونەتە حوكمڕان، بەڵام هێشتا زۆرینەی هێزی پێشمەرگە بە دەست حیزبەوەن و یەكنەخراونەتەوە.

"حزب و كۆمەڵێك شەخس كە بەرژەوەندییان لەم دۆخەدایە ڕێگرن ئەم هێزانە بە نیشتیمانی بكرێن، ئەوەش بۆ مانەوەی دەسەڵات و قودرەت و بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی خۆیانە، بەپلەی یەكەمیش پارتی و یەكێتی بەرپرسیارن" دابان وای وت.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، یاسایەك دەركراوە بۆ یەكخستنەوەی ئەو هێزانەو ژمێرەكانیان و پێداچونەوە بە میلاكات و دەركردنی ناوی دوبارە و مردوان، ئەوەش هەنگاوی یەكەمە كە دەبێت حكومەت جێبەجێی بكات، بەڵام "بەداخەوە تائێستا وەك پێویست نەچووەتە پێشەوە".

پەرەگراف لەسەر ڕوداوەكەی سەرچنار و مەترسی دوبارەبونەوەی بەهۆی بەكارهێنانی هێز لەلایەن منداڵی بەرپرسانەوە پەیوەندی كرد بە زۆربەی لێپرسراوانی باڵای ئیداری پارێزگای سلێمانی و یەكێتی و وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام یان ئامادەنەبون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن یاخود وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

هەر هێزێكی چەكدار لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش هەبێت، بەپێی یاسای ژمارە17ی ساڵی 1993 نایاساییەو میلیشیایە، بەوتەی ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان.

هەڵەدنی پێیوایە گرفتی چەك و بەكارهێنانی هەمووی پەیوەندی بە چەك هەڵگرتنی بێ مۆڵەتەوە نییە، بەشێكی زۆری تاوان و دەستدرێژیی چەكدارێك دەیكات كە هۆشیار نییەو پەروەردەیەكی نیشتیمانیی نەكراوە، "بەڵكو ئەو چەكدارە سیخناخە بە پەروەردەی حزبی و چاوبەرەوژێر و وابەستەی كەس و گروپی نابەرپرسیارو چەتەئاسان، بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ تراژیدیا و كارەساتەكان دەبینین".

تەقە و بەكارهێنانی هێزی چەكدار لەلایەن كوڕی بەرپرسانەوە یەكەمجار نییە لە سلێمانی ڕوبدات و ئەوەی سەرچنار خەڵكی بردەوە بۆ ڕوداوێكی دیكەی هاوشێوە لە شوباتی ئەمساڵدا.

لە 5ی شوباتی 2021دا كوڕێكی قادر عەزیز، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هێزی باوكی بردە سەر ماڵی ئەفسەرێكی هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن لەناو شاری سلێمانی.

لەو ڕوداوەدا تەقەی زۆر كرا، دیسان خەڵكی گەڕەكێك كەوتنە دڵەڕاوكێ و چەند كەسێكیش بە سوكی برینداربون، هەر دوای ماوەیەكی كەم بێدەنگیی لێكرا و كەس نەیزانی چی بەسەر دۆسیەكەدا هات.

"ئەم ڕووداوانە پەیوەندی بە نەبوونی سیستەمێكی حوكمرانی باشەوە هەیە، هێزی چەكدار بەدەستی حكومەت و دامەزراوەی حكومیەوە نییە، بەدەستی كارەكتەری حزبی و مناڵەكانیانەوەیە، لە ململانێی شەخسی و حزبی بەكاریاندەهێنن، وەك چۆن بینیمان خانمێك كە هیچ پلەیەكی نییە و كەس نایناسێت كەچی دەتوانێت هێز بجوڵێنێت و چەكی قورس بەكاربهێنێت" عەزیز رەئوف، نوسەر و مامۆستای زانكۆ بۆ پەرەگراف وای وت.

عەزیز كە لەسەر زۆربەی ڕووداو و دیاردەكانی سلێمانی قسەی هەیە، دەڵێت "لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئێمە ڕەخنەمان لەم دیاردەیە گرتووە كە تادێت پەرەدەسێنێت، ئەگەر لەسەردەمی باوكە بەناو شۆڕشگێڕەكانیان جۆرێك لە خەباتی چەكداری هەبووبێت، بەڵام لەسەردەمی مناڵەكانیان ئەوە نابینین و جۆرێك لە مناڵی سەرسەری دەبینین كە هەركاتێك بیانەوێت تەقە دەكەن و هێز دەجوڵێنن و بەسەرخۆشیی كۆڵانەكان پڕدەكەن لە فیشەك".

لەكاتی ڕوداوی تەقەكردنەكەی كوڕی قادر عەزیز لێپرسراوانی باڵای یەكێتی قسەیان كرد، بەڵام لە ڕوداوی كچەكەی شێخ جەعفەر بێدەنگییان هەڵبژارد.

ئەوكات بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لە مەراسیمێكی حزبیدا وتی، ڕێگە بە ڕوداوی هاوشێوە نادەن و كوڕەكەی قادر عەزیز ڕادەستی دادگا دەكەن، بە هەڕەشەوە وتیشی: هیوادارن كەس لە سلێمانی بەو جۆرە ڕوداوانە خۆیان تاقی نەكەنەوە.

بەڵام لە دوای ئەو هەڕەشانەوە چەندین ڕوداوی دیكە هەبون لە نێویاندا هێرشكردنە سەر غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق لە سلێمانی. هەروەها دروستبونی بارگرژی لە بازگەی ئاسایش لە تاسڵوجە، كە هەمان هێزی سەر بە جەعفەر شێخ مستەفا بە چەقۆ هێرشانكردە سەر ژمارەیەك كارمەندی ئەمنی و یەكێكیان كوشت.

عەزیز ڕەئوف گومانی دوبارەبونەوەی ڕوداوەكانی هەیە، چونكە "هیچ كەسێك نیە ڕێگری لێ بكات، هێزێكی بێ شومار دەهێنرێتە ناوشار، شار هی ئەوانە و چۆنیان بوێت لەپێناوی بەرژەوەندییەكانیان بەكاریدەهێنن و هەركاتێك بیانەوێـت دێنە شەقام و تەقە دەكەن كە چەك هەبوو تەقە ڕوودەدات".

"ئەمەش دەمانباتەوە بۆ پرسیارێكی جدی ئایا پەرلەمان و یاسا و دادگا و حكومەت لە كوێن؟ دەبوو بۆ ئەم ڕووداوە سەرۆكی حكومەت و وەزیری پێشمەرگە دەست لەكاربكێشنەوە".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێیوایە ڕەخنەی شەوی ڕووداوەكە و نوسین و توانج و پێكەنینی خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا "ئەگەر هەر دەسەڵاتێكی تر بوایە بەوهۆیەوە سەری خۆی هەڵدەگرت".

لە ساڵی ڕابردوشدا، بە دیاریكراوی لە مانگی ئابدا كوڕێكی مەلابەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی لە گوندی غەمزەی نزیك شاری سلێمانی لەگەڵ هێزێكی باوكیدا تەقەیان كرد و بەهۆیەوە، ڕوبەرێكی فراوانی باخ و ڕەزی خەڵكیان سوتاند، ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی ناوچەكەی لێكەوتەوە و مەلابەختیار داوای لێبوردنی كرد و بەڵێنی قەرەبوی پێدان.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "جگە لەوەی لەسەر بودجەی گشتی هەریەكەو هێزی تایبەتی هەیە، نزیكەی ٧٠ هەزار پاسەوانیش لەم هەرێمە بچوكەی ئێمەدا هەن، مانگانە ٦٠ ملیار دینار لەداهاتی گشتی موچەیانە، تەنانەت ئەو فیشەكانەش كە دەیتەقێنن بۆ ئیهانەكردنمان لە گیرفانی خەڵك دەیكڕنەوە" بەپێی نوسینێك كە لە پەیجی فەیسبوكی خۆی بڵاویكردۆتەوە.

حكومەتی هەرێم بێدەسەڵاتە بەرامبەر بەرپرسانی حزبی‌و منداڵەكانیان، لە هیچ كام لەو دۆسیەی تەقەكردن‌و پێشێلكارییانەدا، خەڵكی كوردستان شایەتی بینینی دەستگیركردنی بەرپرسێكی حزبی یاخود منداڵی بەرپرسێك نەبوون تا ببرێتە بەردەم دادگاو یاسای بەسەردا جێبەجێ بكرێت.