زیندان‌و هەڵاتن؛ لە بادینان حزبەكانیش دادوبێدادیانە بە دەست هێزە ئەمنییەكانەوە

07-07-2021 02:25

پەرەگراف

بەشێك لە حزبەكانی بادینان بە دەست زیندانیكردنی كادیرەكانیانەوە دەناڵێنن، هەندێكیان بەناچاری ئاوارەدەبن و پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی ڕادەكێشن، پارتیش ئەو حزبانە بە "شكستخواردوو" دەزانێت‌و دەڵێت: دهۆك ئازادترین ناوچەی عێراقە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە یەك ساڵی ڕابردوی تەمەنی كابینەی نۆیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، زیاتر لە 25 كادیری یەكێتی و یەكگرتوو دەستگیركراون، ژمارەیەك كادیری گۆڕانیش هەڵاتون.

دواین كادیری یەكێتی لە بادینان، نەزیر عەلی بووە، لە شوباتی ئەمساڵەوە لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە دەستگیركراوە و چوار مانگە كەس نەیبینیوە.

"ئاسایش وتیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دەستگیركراوە و دەتوانن لەڕێی پارێزەرەوە ئاگاداری وردەكاری دۆسیەكەی بن" نەبی بەرواری، برای نەزیر كادیرە دەستگیركراوەكەی یەكێتی، بۆ پەرەگراف وای وت.

نەبی دەڵێت، چوار مانگە ڕێگەنادرێت نە ئەوان و نە یەكێتی و تەنانەت پارێزەریش براكەی ببینێت.

"زۆر هەوڵمانداوە بە ڕێگای حزبی و عەشایەری و یاسایی، بەڵام هەر ناتوانین براكەمان ببینین، تەنیا هێندە دەزانین لە زیندانەكانی دهۆكە" براكەی نەزیر عەلی وای وت.

ئەوە لەكاتێكدایە یەكێتی هاوبەشی سەرەكییە لە حكومەتی هەرێم كە پارتی سەرۆكایەتی دەكات.

موحسین كێستەیی، لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتی لە زاخۆ بۆ پەرەگراف وتی "كادیرەكەی ئێمە لەماڵی خۆیدا دەستگیركراوە و تەنیا ئەوەندە بەخێزانەكەی وتراوە پەیوەندی بە پەكەكەوە هەیە، بەڵام زۆر هەوڵماندا بیبینین، سودی نەبوو، تەنانەت لەڕێی لقی پارتیشەوە".

پەكەكە لە ڕوبەرێكی فراوانی خاكی هەرێمی كوردستانە كە ئێستا لە شەڕدایە دژی توركیا و هیچ یاسایەكیش نییە لە هەرێم كە بوونی پەیوەندیی بەو حزبەوە یاساغ بكات.

"نە كەسوكاری، نە یەكێتی و نە پارێزەری نەیانتوانیوە چاویان بە نەزیر بكەوێت، دادگاییش نەكراوە،... سەركردایەتی یەكێتی ئاگادارن و هەوڵی زۆریان بۆی داوە هەر بێسود بووە" كێستەیی وادەڵێت.

دەستگیركردنی كادیری حزب هاوكات بووە لەگەڵ ئەو هەڵمەتە ئەمنییەی بەهۆیەوە لە ساڵی ڕابردوەوە دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاكوان بە تۆمەتی جیاواز لە بادینان دەستگیركراون، هەڵمەتەكە بەردەوامە و چەندین كەسیش فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە و هێزە ئەمنییەكان دەستیان پێیان ناگات.

هیچ یەكێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان و دهۆك بە یاسای كاری ڕۆژنامەگەری یان یاسای خۆپیشاندان یاخود خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ڕوبەڕوی دادگا نەكراونەتەوە، بەڵكو بەپێی یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

ڕەمەزان ئەرتیسی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكگرتوی ئیسلامی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "لەگەڵ هەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكدا كادیرەكانی ئێمە بێ ئەوەی پێشێلی یاسایان كردبێت دەستبەسەردەكرێن و دوای لێپێچینەوە ئازاد دەكرێن".

چڕبونەوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020 كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.

لە دوای ئەو خۆپیشاندانەوە دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاكوان و هاوڵاتی دەستگیركراون، هەریەكەیان بە تۆمەتێك، زۆرینە بە پاساوی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕوبەڕوی دادگایی كراونەتەوە، لە نێویاندا پێنج كەسیان ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ بە شەش ساڵ زیندانی حوكمدران و سزاكەیان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، بەڵام پلەی كۆتایی وەرگرتووەو دادگای پێداچوونەوە دوو جار حوكمدانیانی پەسەند كرد‌و تەنیا سەرۆكی هەرێم دەتوانێت بە لێبوردنی تایبەت ئازادیان بكات.

موئەیەد ئەحمەد، لێپَرسراوی مەكۆی بادینانی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "كادیری ئێمە لە زینداندا نییە، بەڵام چەند كادیرێكمان لەكاتی بەڕێوەچونی دادگایكردنی زیندانیكراوانی بادیناندا ناویان هاتووە و لە ترسی هەمان چارەنوس چونەتە سلێمانی".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان، نەیشاردەوە لەكاتی ناڕەزاییەكاندا كادیر و لایەنگرانیان ڕوبەڕوی زیندانیكردن دەبنەوە و لێكۆڵینەویان لەگەڵدا دەكرێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە چەند مانگی ڕابردودا، چەندین چالاكوان و ڕۆژنامەنووس و كادیری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە تایبەت لە دەڤەری بادینان، بەرەو سلێمانی یان شارەكانی دیكەی عێراق یاخود دەرەوەی وڵات ڕۆیشتون لەترسی دەستگیركردن.

قادر عیدۆ، لێپرسراوی مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك بە پەرەگراف-ی وت "لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بێ هیچ سوچ و سەبەبێك زیاتر لە 10 ئەندامی یەكێتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دهۆكەوە بە بیانوی جۆراوجۆر دەستبەسەركراون بۆ چەند ڕۆژێك یان چەند كاتژمێرێك و دواتر ئازاد كراون".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەڵێت، سەروی خۆیان لەناو یەكێتی لەو بارودۆخە ئاگاداركراونەتەوە و ئەو دۆسیەیەش كێشەی لە پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی لە دهۆك دروستكردووە.

پەرەگراف زۆر هەوڵیدا لێدوانی بەرپرسانی ئەمنی لە بادینان وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئەنجام بون.

ئەكرەم كوللی، ڕۆژنامەنوس و چالاكوانی سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی لە دهۆك دەڵێت "15 ئەندام و ڕۆژنامەنوسی یەكگرتوو لە بادینان لەماوەی كەمتر لەساڵێكدا دەستبەسەركراون و دوای لێكۆڵینەوە و پشكنینی مۆبایلەكانیان ئازادكراون".

بەوتەی كوللی، بەشێك لە دەستگیركردنەكان بەهۆی كاری سیاسی، خۆپیشاندان یان كاری ڕۆژنامەوانییەوە بووە.

"بەداخەوە لە سنوری بادینان تەنانەت ئازادی لە ناو مۆبایلەكانیشماندا نییە و هەمووكات ترسی ئەوەهەیە هێزێك یان گروپێكی چەكدار لە پڕا دەستبەسەرت بكەن و مۆبایلەكەت بپشكنن" ئەكرەم وای وت.

دەڤەری بادینان، وەك هەر ناوچەیەكی تر پڕە لە حزب و چالاكی سیاسی، بەڵام ئەوەی دەنگی زۆرینە دەهێنێت و دەسەڵاتی ناوچەكەی بەدەستە؛ تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە و حزبەكانی دیكەش پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو ڕادەكێشن.

خاليد ئەحمەد، كارگێڕی لقی یەكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "تۆمەتی لایەنەكانی دیكەی پارێزگای دهۆك بۆ پارتی و دەزگا ئەمنییەكان ڕاستیی تێدا نییە، ئەوان لەكاری حزبایەتی و ڕێكخراوەیدا شكستیان هێناوە، بۆیە هەرجارە و بە پاساوێك پارتی تۆمەتبار دەكەن".

بەوتەی لێپرسراوەكەی پارتی، كاری دەزگا ئەمنییەكانە پارێزگاری لە ئاسایشی دهۆك بكەن، ڕێگە بە "سیخوڕی" نەدەن، وتی "تەنانەت لە چەندین كاتدا كادیری پارتیش دەستبەسەركراون".

"تەحەدا دەكەم لە هیچ شارێكی عێراق وەكو شاری دهۆك ئازادی كاری حزبی و ڕێكخراوەیی هەبێت" خالید ئەحمەد وای وت.

ئەو دۆخەی لە بادینان دەگوزەرێت بەتایبەت بۆ ڕۆژنامەنووس‌و چالاكان‌و كادیرانی ئەو حیزبانەی كە جیاوازن لە پارتی، هەرێمی كوردستانی ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی تووندی ناوخۆیی‌و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی ماف‌و ئازادییەكان كردووەتەوە.