یەك هەفتە بوومەلەرزەی سیاسی سلێمانی هەژاند؛ لەناو یەكێتی چی ڕوویدا؟

19-07-2021 07:45

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

حزبی دەسەڵاتدار لە سلێمانی هەفتەیەكی ئاڵۆزو پڕ لە كێشمەكێشی تێپەڕاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە سیاسییەی لە نێوان هاوسەرۆكانی ئەو حزبە ڕوویدا، دۆخیكی ناسەقامگیرو پڕ لە ترس پارێزگاكەی گرتەوە، سەرئەنجام یەكێك لە هاوسەرۆكان لە بازنەی دەسەڵات كرایە دەرەوە.

بومەلەرزەكە 8ی ئەم مانگە یەكێتی هەژاند كە حزبێكی كاریگەری‌و كوردستانەو پێكهێنەری سەرەكی حكومەتە، ئەندام‌و لایەنگرو سەركردەكانی ئەو حزبە چەند ڕۆژێكیان لە شۆكدا بەسەر كرد، تا لە 15ی مانگ بە واژۆكردنی ڕادەستكردنی تەواوی دەسەڵاتەكان لەلایەن هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی بۆ هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی كۆتایی بەم گێمەی یارییەكە هات، بەڵام ئایا سەردەمی لاهور كۆتایی هاتووە؟.

تەقینەوەی ناكۆكییەكان جیاواز لە ناكۆكییەكانی مێژووی ئەو حزبە، ئەمجارە لەناو خێزانی جەلال تاڵەبانیدا بوو كە خۆیان بە خاوەنی یەكێتی دەزانن، بافڵ كوڕە گەورەی مام جەلال هەڵیپێچا لە لاهوری ئامۆزای كە هەردووكیان ساڵ‌و نیوێكە هاوسەرۆكی حزبەكەن، ناكۆكییەكانی نێوانیان نوێ نەبوون، بەڵام چەند هۆكارێك وایكرد لە ئێستادا بتەقێتەوە كە ئەو حزبە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە پێشەو لە بەغدا خاوەنی سەنگ‌و كاریگەرییەو لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس پۆستی سەرۆك كۆمار تا ئێستا پشكی ئەو حزبەیە.

پەرەگراف لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بە وردیی چاودێری دۆخی یەكێتی‌و گۆڕانكارییەكانی كردووە، بۆ ئامادەكردنی ئەم بنكۆڵكارییە لەگەڵ هەشت سەرچاوە قسەی كردووە كە نزیكن لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی‌و لەم ڕۆژانەدا قسەیان لەگەڵدا كردوون، بەهۆی هەستاریی بابەتەكەوە كەس نایەوێت بەناوی خۆیەوە قسە بكات، ئەمە وردەكاریی گۆڕانكارییەكان‌و دیوی پشتەوەی بومەلەرزەكەی ناو یەكێتییە:

خاڵی دەستپێكی تەقینەوەی كێشەكان

چەند هەفتەیەك بەرلەوەی كێشەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی ‌و لاهور شێخ جەنگی بتەقنەوەو هێز بەكار بهێنرێت، بەهۆی لێكۆڵینەوە لە بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر، شەڕ لە نێوان دەزگای زانیاری‌و دژەتیرۆری یەكێتی ڕوویداوە، ئەوە بووە بە خاڵی دەستپێك لە گۆڕانكاریی لەو دوو دەزگایەدا لە بەرژەوەندیی بافڵ تاڵەبانی.

بەوتەی سەرچاوەكان، بەرپرسێكی دەزگای زانیاریی سەردانی بارەگای دژەتیرۆری یەكێتی كردووە، "بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دوای ئەوەی چەند كەسێك بەوهۆیەوە دەستگیركراون، لەوێ دەنگە دەنگ ڕوویداوەو شەڕی لێكەوتووەتەوە، ئەفسەرێكی دژەتیرۆر فیشەكی ناوە بە قاچی بەرپرسەكەی دەزگای زانیارییەوە"، (ناوی تەقەكەر و تەقەلێكراو لای پەرەگراف پارێزراون).

ڕوون نییە بازرگانیكردنەكە بە ماددەی هۆشبەر، چۆن بووەو كێی لەپشت بووەو كێ بەهۆیەوە دەستگیر كراوە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ چەند كەسێك لەناو دژەتیرۆر ڕاكێشراوە كە "لەپشت ئەو كارەوە بووبن".

دوای ئەو شەڕە، هەریەكە لە لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی دەچنەناو دۆسیەكەوە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو چارەسەركردنی، هەریەكەیان بەجیا سەردانی بارەگای دژەتیرۆر دەكەن.

"لە سەردانەكەی كاك لاهوردا دەنگە دەنگ دروست بووە لە نێوان كاك لاهورو بەرپرسانی دژەتیرۆر، ئەوان گوتویانە كە ناویان خراپ بەكاردەهێنرێت لەلایەن كەسانی دیكەوە كە مەبەستیان براو خزم‌و كەسانی دەوربەری كاك لاهور بووە".

"پاشان بافڵ تاڵەبانی سەردانی بارەگای دژەتیرۆر دەكات‌و سەرزەنشتیان دەكات كە خەڵكی ئەوان تێوەگلاوە لە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، بەرپرسانی دژەتیرۆر تەئكید دەكەنەوە كە ناوی دەزگاكەیان بۆ كاری خراپ‌و نەشیاو بەكاردەهێنرێت‌و دەسەڵاتی ئەوانی تێدا نییە، بۆئەوەش چەند نمونەیەكیان بۆ هێناوەتەوە".

دوای ئەو گفتوگۆیانە، ڕاستەوخۆ هەرلەوێدا بافڵ تاڵەبانی فەرمانیان بۆ دەردەكات، "ئێوە لە ئێستاوە بە فەرمانی من دەجوڵێنەوەو فەرمان لە كەسی دیكە وەرناگرن، بە ئەمری من نەبێت لە شوێنی خۆتان جوڵەناكەن"، وەهاب هەڵەبجەیی كرا بە فەرماندەی دژەتیرۆر و نزیك بووەوە لە بافڵ تاڵەبانی، شوێنی پۆڵاد شێخ جەنگی برای لاهوری گرتەوە.

ئەوە سەرەتای تەقینەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی بووە، لە ماوەی یەك ساڵی هاوسەرۆكی هەردووكیاندا چەندین كێشەی دیكەش لە نێوانیان ڕوویداوەو بە چارەسەر نەكراوی ماوەتەوە.

دوای كۆنتڕۆڵكردنی دژەتیرۆر، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاریی دەدات كە دەزگایەكی هەستیاری یەكێتییە، بەڵام بەرپرسی دەزگاكە كە نزیك بووە لە لاهور شێخ جەنگی بەرهەڵستیی بڕیارەكەی كردو ئامادە نەبوو جێبەجێی بكات.

ڕۆژی بوومەلەرزەكە

ئێوارەی 8ی ئەم مانگە ئەندام‌و لایەنگرانی یەكێتی تووشی شۆك بوون كاتێك میدیاكان لە نێویاندا پەرەگراف، هەواڵی بەكارهێنانی هێزیان بڵاوكردەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەیەكی نێوان هاوسەرۆكانی ئەو حزبە.

بافڵ تاڵەبانی بۆ جێبەجێكردنی گۆڕانكاریی لە دەزگای زانیاریی یەكێتی، جوڵەی بەهێز كردو چەند بەرپرسێكی ئەو دەزگایەی بۆ ماوەی نزیكەی 24 كاتژمێر دەستبەسەر كرد لە ناویاندا محەمەد تەحسین تاڵەبانی كەسی یەكەمی دەزگاكە كە نزیكبوو لە لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ خوشكەزایەكی لاهور، بافڵ تاڵەبانی دواتر ئەژی ئەمینی كرد بە بەرپرسی دەزگای زانیاریی كە نزیكە لە خۆیەوە.

كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی هەربەوەوە نەوەستا هێزی ئەمنیی‌و هەواڵگریی لەژێر دەستی لاهوری ئامۆزای دەربهێنێت، بە چەند جوڵەیەكی خێرا كە وادەردەكەوێت پێشوەخت پلانی بۆ دانرابێت، دەستی بەسەر كۆمپانیاو پارە‌و میدیاكانی لاهوردا گرت‌و بە پاساوی ئەوەی موڵكی حزبن، خستنیەژێر دەستی خۆیەوە.

ئەو ڕۆژانە لاهوری شێخ جەنگی لە بێدەنگییەكدابوو كە كەسە نزیكەكانیشی ئەو بیدەنگییەیان "بەلاوە سەیرە"، بەوپێیەی لاهور وەك جەماوەریترین سەركردەی یەكێتی ناسراوەو لە ڕاگەیاندن‌و سۆشیال میدیادا زۆرترین دەركەوتن‌و پەیامی هەبووە بەراورد بە بەرپرسانی دیكەی ئەو حزبە، بەڵام بۆ بێدەنگیی لە پرسیك هەڵبژارد كە خۆی‌و كەسە نزیكەكانیشی بە "كودەتا" ناوی دەبەن؟.

هاوسەرۆكانی یەكێتی لە ڕۆژانی بومەلەرزەكەدا دووجار كۆبوونەوە، بەڵام لە هیچیاندا نەگەیشتنە ڕێككەوتن، بافڵ تاڵەبانی بە جۆرێك تووند بووە بە لاهوری وتووە "سیستمی هاوسەرۆكی هەڵدەوەشێنمەوەو خۆم دەبم بە سەرۆك‌و دەبێت تۆ وازبهێنێت‌و پۆستت نەبێت‌و بچیتە دەرەوەی وڵات".

بافڵ تاڵەبانی گوتوشیەتی "سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵدەوەشێنمەوەو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی نوێ دادەنێم كە 30 بۆ 40 كەس بن نەك وەك ئێستا كە سەركردایەتی 121 كەسن".

لە وەڵامدا لاهور شێخ جەنگی پێی گوتووە، "من ئەوەت لێ قبوڵ ناكەم‌و تۆ كودەتای سەربازیت بەسەر مندا كردووە، دەبێت ئەم داواكارییانەت بهێنیتە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یان سەركردایەتی لەوێ بە ڕێكاری حزبیی كاریان بۆ بكەیت نەك بەمجۆرەی ئێستا دەتەوێت".

لە دوای ئەو گفتوگۆیەی نێوانیان‌و ڕەتكردنەوەكەی لاهور شێخ جەنگی لە كۆبوونەوەی 11ی مانگی نێوانیان، بافڵ تاڵەبانی تووندو توڕەتر دەبێت، كۆنتڕۆڵی ڕاگەیاندنەكانی حزبەكەی‌و ئەوانەی لاهور شێخ جەنگیش دەكات.

بافڵ لە 12ی مانگدا خۆی بە "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، بەوەش تاك لایەنە سیستمی هاوسەرۆكیی هەڵوەشاندەوە.

ئێوارەی 13ی مانگیش، بافڵ تاڵەبانی جارێكی دیكە هێزی بەكارهێنا، ئەوەش بۆ دەستبەسەرداگرتنی دامەزراوەی ئایپڵەس كە تۆڕێكی میدیاییە‌و خاوەنەكەی لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەو بڕیار بوو بەمزوانە كەناڵە ئاسمانییەكەی دەست بە پەخش بكات.

ڕۆژنامەنووسێكی كەناڵەكە كە لەكاتی ڕووداوەكەدا لەوێ بووە بۆ پەرەگراف وتی "ژمارەیەكی زۆر چەكداربوون، هەندێكیان دەمامكداربوون، بەبێ خۆناساندن هاتنەسەرمان، كامێراو شتەكانیان شكاند، هەمومانیان لە هۆڵێكدا دەستبەسەر كردو مۆبایلیان لە چەند كەسێكمان وەرگرت، پاشان ئازدیان كردین‌و خۆیان لەوێ مانەوە".

هەڵكوتانەسەر ئەو دامەزراوە میدیاییە، بافڵ تاڵەبانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی ڕۆژنامەنووس‌و ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان كردەوە.

لە وەڵامی ڕەخنەكاندا میدیای نزیك لە بافڵ تاڵەبانی دانی بەوەدانا هێزەكە سەربە ئەو بووە، لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتییەوە بڵاویكردەوە، "خاوەندارێتی كەناڵەكە یەكێتی-یەو دەگەڕێتەوە بۆ یەكێتی. هەر كەناڵ و میدیایەك بە پارەی یەكێتی دروستكرابێت، موڵكی حزبە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ یەكێتی، ئەو هەنگاوەش لەو چوارچێوەیەدا بووە".

ئەو ڕۆژانە میدیای یەكێتی چەندین تۆمەتی قورسی خستەپاڵ لاهور شێخ جەنگی، لەوانەش "دانانی سیخوڕ لە ماڵی مام جەلال بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەكانی یەكێتی"، بەڵام دواتر ئەو هەواڵە لە میدیاكانیان سڕایەوە.

بافڵ تاڵەبانی بە زنجیرەیەك گۆڕانكاریی، دەستیگرت بەسەر جومگە هەستیارەكانی حزبەكەدا، هەندێك دەڵێن، بەو هەنگاوانەی "شكۆی لاهوری شكاند"، تا خۆی ڕزگار بكات لەو هەژموونە ئەمنیی، ئابوریی‌و جەماوەرییەی لاهور شێخ جەنگی لەم چەند ساڵەی دواییدا بۆخۆیی بونیاد نابوو.

كێشەكانی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی تەنها لە ئاستە حزبییەكەدا نییە، هەندێكیان قووڵبوونەتەوە بۆ كێشەی كەسیی‌و باسی چەند ڕووداوێكی مەترسیدار دەكرێت، "وەك هەوڵدان بۆ ژەهر خواردكردنی بافڵ تاڵەبانی‌و لەناوبردنی بە ڕێگەی جیاواز"، بافڵ تاڵەبانی ئەوەی لە كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەی باس كردووە. بەڵام لاهور شێخ جەنگی‌و كەسە نزیكەكانی بە تووندی هەوڵی لەوجۆرە ڕەت دەكەنەوە.

تەقینەوەی ناكۆكییەكان هەریەكە لە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق‌و ئەمەریكی‌و ئێرانییەكانی هێنایەسەر هێڵ، چەند كەسایەتییەكی دیكەش هەوڵی نێوەندگیرییان دا، بەڵام هیچیان نەیانتوانی دوو هاوسەرۆكەكەی یەكێتی بگەیەننە ڕێككەوتن، پەیامی هاوبەشی هەموو لایەنەكان ئەوەبووە، بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن‌و هێزی چەكدارو توندوتیژی بەكار نەهێنن.

لاهور شێخ جەنگی بێ پشتیوانی مایەوە، لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی كە پێشتر لەگەڵ ئەودابوون چوونە بەرەی بافڵ تاڵەبانی‌و تەنها چەند كەسێكی كەمی بەدەورەوە مابوو، هاوكات ئێران‌و ئەمەریكا پشتیوانییان نەكرد.

ئەمەریكا نیگەرانە لە لاهور شێخ جەنگی بەهۆی قاچاخچێتیكردن لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە، "نیگەرانییەكەی ئەمریكا بەهۆی قاچاخچێتی ئاڵتوون‌و بردنەدەرەوەی پارەیەكی زۆرە لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە كە لاهور كۆنتڕۆڵی بەسەریدا هەبووە، ئەمریكا پێیوایە ئەوكارانە لەگەڵ ئێرانییەكان‌و بۆ سوودی ئێران كراوە، بۆئەوەش هۆشداریی داوە كە ڕابگیرێت".

ئێرانییەكانیش لە سەرەتای كێشەكانەوە بوون بە دوو بەشەوەو دابەش بوون بەسەر هەردوو بەرەی لاهورو بافڵدا، "سەرەتا ئیتڵاعات لەگەڵ ماڵی مام جەلال‌و بەشێك لە سوپای پاسداران كە ڕۆڵی گرنگیان لە عێراق‌و كوردستان هەیە نزیكبوون لە لاهور شێخ جەنگی، بەڵام كە بگاتە خاڵی یەكلاكەرەوە ئێران پشتیوانی ماڵی مام جەلال دەكەن‌و ئەولەویەت بۆ ئەوانە، لەم دۆخەشدا هەروایان كرد".

هەرچی دەربارەی ڕۆڵی بەرهەم ساڵحە كە ئێوارەی 8ی مانگ لە بەغداوە گەڕایەوە بۆ سلێمانی، سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، "بافڵ تاڵەبانی جوابی بۆ ناردووە خۆی یەكلایی بكاتەوە ئایا لەگەڵ ئەودایە یان لاهور؟ ئەویش خۆی لەگەڵ ئەوان یەكلایی كردووەتەوەو پشتی لاهوری نەگرتووە، پاشان بافڵ داوای لە بەرهەم ساڵح كردووە بگەڕێتەوە بەغداد"، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بەرهەم ساڵح پەیوەندییەكی بەهێزی هەبوو لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی، لاهور ڕۆڵی سەرەكی هەبوو تا بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆككۆماری عێراق.

15ی مانگ ڕۆژێكی یەكلاكەرەوە

دوای هەفتەیەك لە تەقینەوەی كێشەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی، 15ی مانگ بووە ڕۆژێكی یەكلا كەرەوە، ئەو ڕۆژە لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی پەیام‌و هەڵوێستی خۆیان ئاشكرا كردو ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، لاهور ڕازیی بوو سەرجەم دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ بكات.

لاهور شێخ جەنگی دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لەگەڵ كەسوكاری شەهیدانی یەكێتی كۆبووەوەو ڕایگەیاند، ئەوەی لەناو حزبەكەی ڕوودەدات "پلانی پارتی‌و توركیایە"و ئەو دوو لایەنە وتویانە لاهور بەمزووانە نامێنێت.

"خەمیس خەنجەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ من‌و كاك بافڵ وتی، ئەردۆغان پێی وتووە لاهور تەواو دەبێت لە دوو هەفتەی داهاتودا"، لاهور شێخ جەنگی لە كۆبوونەكەدا وای وت، ئەوەشی بۆ پەیوەندی‌و هاوكارییەكانی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان گەڕاندووەتەوە بەتایبەت لە ناردنی چەك‌و كۆمەكی سەربازیی لەكاتی شەڕی دژی داعشدا.

خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم و سیاسەتمەدار و سەركردەی دیاری سوننە لە عێراق 24-6-2021 سەردانی سلێمانی كردو لە دەباشان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆبووەوە.

لەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لاهور شێخ جەنگی پێیوایە دۆخی ناو یەكێتی دەستی ئەو حزبەی تێدایە، لاهور لە كۆبوونەوەكەدا ئەوەی گێڕاوەتەوە كە ماوەیەك لەمەوبەر كۆمەڵێك كەسایەتی داوایان لە مەسعود بارزانی كردووە كێشەكانیان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكەن‌و لەگەڵ لاهور پەیوەندییان ئاسایی بكەنەوە.

"بارزانی پێی گوتوون هەفتەیەك 4 رؤذ بەرلە 31ی ئابی 1996 كۆمەڵێك ڕیش سپی سەردانیان كردم هەمان داوایان هەبوو بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ یەكێتی، ئەوكات پێم گوتن هەفتەیەكی دیكە چاوەڕێ بكەن وەڵامتان دەدەمەوە، ئێستا بۆ ئەم داوایەی ئێوەش دەڵێم 10 ڕۆژی دیكە چاوەڕێ بكەن وەڵامتان دەدەمەوە" لاهور ئەمەی لە كۆبوونەوەكەی 15ی مانگ گێڕاوەتەوە.(31ی ئابی 1996 پارتی بە هاوكاریی بەعس یەكێتی لە هەولێر دەرپەڕاند‌و دواتر دەستی بەسەر تەواوی كوردستاندا گرت).

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كە پەرەگراف گوێی لە تۆماری دەنگیی وتەكانی لاهور شێخ جەنگی گرتووە، باسلەوەدەكات ئەو هەرلە سەرەتاوە حەزی لە پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی نەبووە.

"لەكاتی بەستنی كۆنگرە كاك بەرهەم وتی با بەرهەم سەرۆك بێ‌و كاك بافڵ جێگر بێت، من وتم ئەزموونی مام جەلالمان هەیە بە مام جەلالیی خۆیەوە كەچووە بەغداد ئەم حزبە بەرەو هەڵدێر ڕۆیشت.. جەنابت دەچیتە بەغداد ڕەنگە كاك بافڵ بە تەنها نەتوانێت كارەكان ڕاپەڕێنێت، با منیش جێگربم هاوكاریی دەكەم، ڕێگەیان نەدا وتیان یان یەك جێگر یان 7 جێگر، من وتم 7 جێگر چۆن دەبێت، توڕە بوم وتم خۆم هەڵدەبژێرم، كە دەنگەكانم زۆربوو زۆر قسەكرا كە دەنگەكانی من زۆرترن، وتم من كوڕی مام جەلال جێناهێڵم، دەستیم گرت(هی بافڵ) وتم تۆش هاوسەرۆك دەبیت، وتی چۆن وادەكەیت، وتم چۆن واناكەم، پێكەوە یەكێتی هەڵدەستێنینەوە.. ئێستا من هیچم لەدڵدا نییە بەرامبەری".

ئەو وتانەی لاهور شیخ جەنگی لەو كۆبوونەوەیەدا، لەكاتێكدابوو هەر هەمان ڕۆژ، بافڵ تاڵەبانی چووەسەر گۆڕی مام جەلالی باوكی‌و پەیامێكی تووندی بڵاوكردەوە كە ڕووی لە لاهوری شێخ جەنگی بوو.

"بڕیارە دروستەكەمان دا لە بەرامبەر یاساشكێنان.. دامەزراوە ئەمنییەكان بۆ تەسفیاتی حیزبی بەكاردەھێنران.. دەست خرابووە بینەقاقای كاروكاسبی كاسبكاران و سەرمایەداران.. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیكردن كرا بە بەرنامە" ئەمانە بەشێك بوون لە پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی.

بەهۆی كێشەو ناكۆكییە بەردەوامەكانی لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ پارتی‌و بەتایبەت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، هەر لەسەرەتای ئەم كابینەیەی حكومەتەوە، ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتی وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەت دەردەكەون‌و قسە دەكەن، ئەوەش چەندجارێك تووشی بەریەككەوتنی كردوون لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆكوەزیران‌و سەرۆكی تیمی یەكێتییە لە حكومەت.

بەشێك لە هێزی جەماوەریی لاهور شێخ جەنگی لەو دژایەتی‌و تووندییەوە بۆی دروست بووە كە بەرامبەر پارتی هەیەتی، هەربۆیە لاهور شێخ جەنگی‌و نزیكەكانی پێیانوایە ئەو دۆخەی بەسەریاندا هاتووە دەستی پارتی تێدایە‌و پێیانوایە تۆمەتەكانی بافڵ تاڵەبانی كراون بە پاساو بۆ ئەوەی كە ڕوودەدات‌و بە "پیلانێكی گەورەتر لە یەكێتی" ناوی دەبەن.

پارتی بە فەرمی لە بەیاننامەیەكدا ڕەتیكردەوە دۆخی ناوخۆی یەكێتی پەیوەندیی بە ئەوانەوە هەبێت، هاوكات مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ پارتیدا هەیە، دەڵێت "بێگومان ئەم ڕوداوە بە دڵی پارتییەو پارتی و لایەنەكانی تریش(جگە لە گۆڕان) سوردی لێ وەردەگرن، بەڵام ڕوداوەكە بە دەسیسەی پارتی نەبووە".

ئێوارەی 15ی مانگ بۆ یەكەمجار مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی ڕووداوەكانی هەفتەی ڕابردوو كۆبووەوە، كۆبوونەوەكە یەكلاكەرەوە بوو، لاهور شێخ جەنگی واژۆی لەسەر دەستبەرداربوونی سەرجەم دەسەڵاتەكانی كرد بۆ بافڵ تاڵەبانی تا كاتی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە.

ئەو دۆخە نوێیەو ڕێكارەكانی بافڵ تاڵەبانی، شڵەژانی لەناو یەكێتیدا دروست كردووە، ئێستا زۆربەی سەركردەو بەرپرسانی ئەو حیزبە لەگەڵ ماڵی مام جەلالدان بەتایبەت سەركردە كۆنەكان، چونكە پێیانوایە لاهور لە دواین كۆنگرەی یەكێتیدا(مانگی 12ی 2019) ئەوانی خستووەو كەوتوونەتە پەراوێزەوە.

دوای ئەو بومەلەرزە سیاسییە، لاهور شێخ جەنگی، یەكێتی بۆ ماڵی تاڵەبانی جێدەهێڵێت‌و دەستبەرداری سەرۆكایەتی هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

ئەوانەی قسەیان لەگەڵدا كردووەو خوێندنەوەیان بۆ ئەم دۆخە نوێیە هەیە، پێیانوانییە سەردەمی لاهور كۆتایی هاتبێت، بەتایبەت ئەو "خۆشەویستییەی لەناو جەماوەری یەكێتیدا هەیەتی"، بەڵكو دەڵێن، لاهور پێویستی بە كاتە بۆ پلانی ئایندەو هەستانەوە.

ڕێگای بەردەم بافڵ تاڵەبانیش بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی تەخت‌و بێ چاڵ‌وچۆڵی نییە، بەوپێیەی هێزی چەكداری ئەو حزبە بەسەر بەرپرسەكانیاندا دابەش بووەو زۆربەی بەرپرسان خاوەنی بزنس‌و پارەی زەبەلاحن‌و بەرژەوەندیی تایبەتیان هەیە، ئەمانە لە زۆر بابەتدا تووشی پێكدادان دەبن لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەكێتی‌و ڕەنگە كۆنتڕۆڵكردنیان ئاسان نەبێت.