كورد لە بەغدا؛ لە هاوپەیمانییەوە بۆ پەرتەوازەیی

15-09-2021 01:26

پەرەگراف- فەرمان سادق لە هەولێر

حزبە سیاسییەكانی كوردستان، نەك نەیانتوانی وەك یەكەم خولی پەرلەمانی عێراق یەك هاوپەیمانی دروستبكەن، بەڵكو ئەمجارە خودی پارتی و یەكێتی كە لە هەرێم پێكهێنەری سەرەكی حكومەتن، بە پێچەوانەوە، لە بەغدا ڕێككەوتنی ڕانەگەیەنراویان لەگەڵ دوو بەرەی جیاوازدا هەیە.

حزبە كوردییەكان لە ساڵانی ڕابردوو دەیان كۆبونەوەیان ئەنجامدا بۆ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانی، بەڵام لە دەرەنجامدا شكستیان هێناو بە جیا بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا دەكەن، لەبری یەك هاوپەیمانی تەنیا یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانییان پێكهێناوە بۆ هەڵبژاردن.

هەڵگرتنی شوێن پێی سوننە

بەوتەی ڕەبیع جبوری، چاودێری سیاسی بۆ پەرەگراف هەمان سیاسەتی پەرتەوازەكردنی سوننە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەسەر حزبە كوردییەكاندا ڕوودەدات.

"لەم هەڵبژاردنە لایەنە كوردستانییەكان دابەشی سەر دوو هێزی شیعی بوون، هەروەك چۆن دوای سەركەوتنە گەورەكەی سوننەكان لە هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی كە براوەی هەڵبژاردن بوون، ئێستا دوای سێ خولی هەڵبژاردن لایەنە سوننەكان خاوەنی سەركردەیەكی سیاسی نین كە كۆدەنگی لەسەر هەبێت".

جبوری كە لە نزیكەوە چاودێریی ململانێ سیاسییەكانی نێوان لایەنە عێراقییەكان دەكات، وتیشی "ئەوەی جێی سەرنجە كورد خەریكە هەمان هەڵەی سوننەكان دەكات، ئێمە پێشتر هاوپەیمانی كوردستانیمان لە بەغدا بینیوە كە چ سەنگ و قورساییەكیان هەبوو، ئاوا بڕوات ئەوانیش وەك سوننە تەنیا ئامانجیان دەبێتە وەرگرتنی پۆست نەك مافەكانیان وەك هەرێمێك".

ئەو چاودێرە پێشنیاز دەكات كورد و سوننە پێكەوە هاوپەیمانی ببەستن تا لە باڵادەستی شیعە ڕزگارببن.

لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زۆرینەی حزبە كوردییەكان بە هاوپەیمانی كوردستانی بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، كە قورسایی زیاتری سیاسییان لە بەغداد دەردەكەوت و لە خولی دوەمی پەرلەمانیشدا هەمان هاوپەیمانی بە هێزی كەمترەوە مایەوە، بەڵام لە خولی سێیەم و چوارەم و ئێستاش بۆ خولی پێنجەم حزبەكان نەیانتوانی هاوپەیمانییەكەی جاران بگەڕێننەوە.

سەرباری نەبونی هاوپەیمانی لە خولەكانی ڕابردودا، بۆ چەندین دۆسیە پەرلەمانتارە كوردەكان هاوهەڵوێست بون لە پەرلەمانی عێراق.

مەترسییەكانی پەرتەوازەیی

مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد پێیوایە، مەترسی پەرتەوازەیی حزبە كوردییەكان لە بەغدا لە ئایندەدا دەردەكەون و ئەو مەترسییەش بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستانە.

هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991ـەوە خاوەن كیانێكی نیچمەسەربەخۆیە و لە دوای 2005ـەوە لە دەستوری عێراقیدا دان بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و سیستمی فیدراڵیەتیدا نراوە، بەڵام وەك جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەمساڵ لە كۆنفرانسێكدا بە لێپرسراوانی كوردی وت؛ وانەزانن قەوارەەی هەرێمی كوردستان هەروا بە مسۆگەری دەمێنێتەوە.

مەحمود عوسمان، كە دوو خول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە دەڵێت "ئەوكات كەسایەتییە سیاسییە گرنگەكانی كوردستان لە بەغدا بوون، مام جەلال و كاك مەسعود، بوونی هاوپەیمانی كوردستانی، ئەوانە پێگە و سەنگی كوردیان لە دروستكردنی بڕیار بەهێز كردبوو، بەڵام ئێستا ئەوانەی دەچنە بەغداش لەو ئاستەدا نین و شیعەكانیش وەك پێشتر نین و بەهێزتر بوون".

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان باس لە یەكگرتوویی دوای هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام پرسی دابەشكردنی پۆستەكان بەتایبەت سەرۆك كۆماری عێَراق كە پارتی‌و یەكێتی داوای دەكەن‌و لە خولی ڕابردووشدا ململانێیەكی تووندیان لەسەر كرد، ئەگەر بۆ خولی نوێی دوای هەڵبژاردن لەنێوان خۆیاندا لەسەری ڕێكنەكەون، ئەوا ئەو ململانێ تووندە دووبارە دەبێتەوەو كاریگەریی لەسەر یەكگرتوویی كاری پەرلەمانییان دەبێت لە بەغداد.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە 10-9 پەیامێكی لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاوكردەوەو لە بەشێكیدا باس لە كاری پێكەوەیی دوای هەڵبژاردن دەكات‌و دەڵێت "هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەبێ ئەوەیان لەبیر بێت كە دوای هەڵبژاردن هەموومان ئامانجمان ئەوەیە لە بەغدا پێكەوە كار بكەین بۆپتەوكردنی دیموكراسی، بەرژەوەندییەكانی عێراق بەگشتی و بەدەستهێنان و پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی".

سەرۆكی هەرێَم دەشڵێت "لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبێ كارێكی وا نەكرێت هەماهەنگی و هاریكاری و پێكەوەیی و كاری هاوبەشی داهاتوو لە بەغدا سەختتر بكات".

لە چەند خولی ڕابردوی پەرلەماندا چەندین یاسای گرنك و فیدڕاڵی بەبێ ئامادەبونی كورد لە پەرلەمانەوە پەسەندكراون دواترینیان دەرچواندنی یاسای قەرزبوو لە ساڵی 2020دا.

بەبڕوای مەحمود عوسمان ئەوەی ڕودەدات سیاسەتی ئێرانە كە پێشتر لەسەر سوننەكان تاقیكردۆتەوە، ڕەخنەی ئەوەش لە پارتی و یەكێتی دەگرێت كە یەكەمیان پێی وایە سەدرییەكان ڕوانینیان بۆ كورد باشترە و دووەمیان پێی وایە هاوپەیمانی فەتح، "بەڵام لەڕاستیدا هەموو لایەنە شیعەكان ڕوانینیان بەرانبەر بە كورد وەك یەكە بە بەڵگەی ئەوەی ئەوەتا لەسەر ناردنی بودجە نا، بەڵكو ئەو 200 ملیار دینارەی مانگانە دێَت بۆ هەرێم خەریكە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە پەرلەمان لێی بپرسنەوە".

"ئێران بە هاوكاری شیعەكان دەیەوێت كورد دابەشبكات، دەبێت پارتی و یەكێتیش لەوە تێبگەن كە بە تەنیا ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت لە بەغدا دەستیان بكەوێت، بۆیە ئەو دابەشبوونە زۆر مەترسیدارە بۆ داهاتووی پێگە و قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان" مەحمود عوسمان وای وت.

پارتی بۆ سەدر و یەكێتی بۆ فەتح

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، پارتی لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرون-ی ڕەوتی سەدر بە ڕابەرایەتی موقتەدا سەدر، هەروەها محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی هاوپەیمانی ئەنبار هەویەتونا، لێكتێگەیشتنیان هەیە.

ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدر بۆ پەرەگراف ئاشكرایكرد لێكتێگەیشتنی سەدر و بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە بووە كە "مەسعود بارزانی مەرجەعی كورد و موقتەدا سەدریش تاكە مەرجەعی شیعەیە".

"ئەو لێكتێگەیشتنە زیاتر دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەنجامەكەی لێكەوتەكانی زیاتر دەردەكەون، بەڵام ئامانج لێی پەرتەوازەكردنی ناوماڵی كورد نییە و ئێمە پێمانوایە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجەعی كوردە و بڕیاری هەرێمی كوردستانیش لای پارتییە".

لە بەرانبەردا یەكێتی كە هاوپەیمانیی لەگەڵ گۆڕان پێكهێناوە، لێكتێگەیشتنی لەگەڵ بەرەی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و خەمیس خەنجەر، كەسایەتی دیاری سوننە و سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم هەیە.

نەسیم عەبدوڵا، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، پێیوایە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ، بەوەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكان بەدوورە لە بنەمای نەتەوەیی، مەزهەبی و تایفەگەرایی.

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح ئەوەشی بە پەرەگراف وت، تائێستا لێكگەیشتن لەنێوان لایەنەكاندا هەیە و نەبووەتە ڕێككەوتن و لە ئێستادا دوو ئاڕاستە هەن، ئەوەی نێوان پارتی و سەدرییەكان و حەلبووسی لەبەرانبەردا ئەوەی فەتح و هاوپەیمانی كوردستانی كە یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕانن لەگەڵ لایەنی تری سوننە.

"ئەوە پێمان دەڵێ، پەرلەمان و حكومەتی داهاتوو لە یەك كاتدا هەرسێ پێكهاتەكە (كورد، شیعە و سوننە) هەم لە حكومەتن و هەمیش لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنن، ئەمەش ئەو دۆخە تەندروستەیە كە دوای 15 ساڵ عێراق بەخۆیەوە دەبینێ و قۆناغی هاوپەیمانی لەسەر بنەمای مەزهەبی و نەتەوەیی تێپەڕاندووە"، بەوتەی نەسیم عەبدوڵا.

ئەو دەشێڵت، نزیكایەتی ئەوان و یەكێتی بە مانای پەراوێزخستنی پارتی نییە و هیچ لایەنێكیش ناتوانێت پارتی پەراوێزبخات، "دواجار ئەو لێكگەیشتنە دەرئەنجامی هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر دروستدەكات كە كامانەن ئەو لایەنانەی بەیەكەوە ڕێككەوتن دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنە شیعییەكان بە دۆخێكی تایبەتدا تێدەپەڕن و دەیانەوێت حكومەتێكی بەهێز دروست بكەن كە بتوانێ داخوازی شەقام جێبەجێبكات، بۆیە پێدەچێ حكومەتی داهاتوو هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار نەبن، بەڵكو هەندێك لایەنی شیعی لەگەڵ هەندێك لایەنی كوردی و هەندێك لایەنی سوننی بەیەكەوە حكومەت پێكبهێنن".

یەكگرتویی لە ناو پەرلەماندا

بەشداریی حزبە كوردییەكان بە جیا و دور لە یەكتری لە هەڵبژاردن؛ بەبڕوای چاودێران و ئەوانەی لە بەغدا ئەزمونیان كردووە، ئەگەر دەرەنجامەكەی بە یەكگرتوویی كاری پەرلەمانی تەواو نەبێت، ئەوا مەترسییە جددییەكانی لەسەر پێگەی كورد بە ڕوونی دەردەكەون.

شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پێیوایە لێكتێگەیشتنی نێوان حزبەكەی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح و پارتی لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرون، دابەشبوونی لایەنە كوردستانییەكان دەگەیەنێت هەروەك هەمان دابەشبوون لەناو ماڵی شیعە و سوننەش بوونیان هەیە، "ئەمەش حاڵەتێكی مەترسیدار نییە" بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان تا دوای هەڵبژاردن.

"دوای هەڵبژاردن ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان یەكگرتوو نەبن و هاوپەیمانی كوردستانی دروست نەكەنەوە، ئەوا زیانێكی گەورە لە كێشەی كورد دەدات لە عێراق، بەوپێیەی كورد خاوەن قەزێیەكی نەتەوەیین و جیاوازن لە سوننەكان" شیروان میرزا بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو لە ئەزمونی كاری پەرلەمانتارییەوە دەڵێت، زۆرجار شیعەكان سودیان لە پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد و تەنانەت سوننەكان بینیوە، بەڵام پێیوانییە پەرتەوازەیی هێزە سوننەكان لە دوو خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق تاكتیكی هێزە شیعەكان بێت، یان بۆ ئەم خولە هەوڵێك بێت بۆ پەرتەوازەكردنی لایەنە كوردستانییەكان.

"ئەوە كوردە خۆی پەرتەوازەیە، ئەم پەرتەوازەییەش زیانی دەبێت بۆ سەر داهاتووی پێگەی هەرێمی كوردستان، تەنانەت مەترسیش دروستدەكات لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و پێگەی كورد لە بەغدا" پەرلەمانتارەكەی یەكێتی وادەڵێت.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەمساڵی عێراق، لە كۆی زیاتر لە 40 ملیۆن هاوڵاتی نزیكەی 25 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

لە عێراق و هەرێمی كوردستان، سەدان حزب و هاوپەیمانی بە زیاتر لە سێ هەزار و 240 كاندیدەوە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن.