21 كاندیدی سەربەخۆ تەحەدای حزبەكانی كوردستان دەكەن

29-09-2021 01:30

پەرەگراف- هەڤاڵ غالب

كاندیدە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان؛ تەحەدای توانای زەبەلاحی لایەنە سیاسییەكان دەكەن و نەك گومانیان لە دەرچونیان نییە، بەڵكو لەئێستاوە هەندێكیان پلانی چوار ساڵی داهاتوویان ئاشكرا دەكەن؛ لە پەرلەماندا یەكدەگرن و بەڕە لەژێر پێی حزبەكان دەردەهێنن.

لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك، 21 كاندید بەشێوەی سەربەخۆ و لە دەرەوەی حزب چاویان لەوەیە كورسیی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری داهاتوو.

هەر لە هەرێمی كوردستان شەش كاندیدی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەناوی سەربەخۆوە خۆیان كاندید كردووە، بەڵام ئێستا ئەو حزبە و میدیاكانیشیان بانگەشەیان بۆ دەكەن‌و بە فەرمیی پشتیوانییان دەكەن.

كاندیدەكانی یەكگرتوو بەناوی سەربەخۆوە دوانیان پەرلەمانتاری دیاری خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانن. كاندیدە سەربەخۆكانی دیكە، كە زۆرینەیان دەكەونە پارێزگای سلێمانی، تائێستا هیچ لایەن و حزبێكی هەرێمی كوردستان بە ئاشكرا پشتگیریی نەكردوون.

"ئەوەی دەمێنێتەوە لەسەر هاوڵاتییانە كە دەنگ بە حزب و مافیا و بنەماڵەكان نەدات، چونكە كاندیدی سەربەخۆ هیچ سەرۆك و بەرپرسێكی نییە و بەرپرسیان تەنیا هاوڵاتییانە" غالب محەمەد، پەرلەمانتاری عێراق و كاندیدی سەربەخۆ لە سلێمانی وای وت.

غالب بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا، چاوەڕوانی ئەوان لە خەڵك ئەوەیە "ئەو سەردەمە بگۆڕێت كە دەنگ بە حزب بدات، چونكە ئەوانە حزبی بازرگان و كۆمپانیا و بنەماڵەكانن، ئەولەویەت لەلایان خۆدەوڵەمەندكردنە".

هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021، بەپێی یاسایەكی نوێ و لەلایەن كۆمسیۆنێكی نوێی هەڵبژاردنەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەو گۆڕانكارییانەش دوای خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكانی بەغدا و پارێزگاكانی دیكە هات لە 2019دا كە داوای گۆڕانكاریی ڕیشەییان كرد و لەو پێناوەشدا هەزاران قوربانییان دا.

یاسای نوێی هەڵبژاردن بۆ یەكەمجارە دەرفەت لە بەردەم هاوڵاتییاندا دەڕەخسێنێت بەبێ پشتگیری حزب و بە تاقی تەنیا خۆیان كاندید بكەن، دوای مەرجەكانی تەمەن كە 28 ساڵە لەگەڵ بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتاكەی و چەند خاڵێكی تر، لە نێویاندا پشتگیری 500 دەنگدەر و پێشكەشكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.

"لە سێ ساڵی ڕابردوودا سەدا 99ی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن لە ئێمە قەدەغەكرابوون، هیچ لێدوانێكی ئێمەیان بڵاونەدەكردەوەو لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین كاریگەریمان هەبوو، ڕكابەرێكی سەرەكی دەسەڵات بووین لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاو چونە ناو خەڵك، ئەوەش وایكردووە ڕكابەری میدیای زەبەلاحی دەسەڵات بكەین" سەركەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری ئێستای عێراق‌و كاندیدی سەربەخۆ لە سلێمانی وای وت.

سەركەوت بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە ئەگەر ساختەكاری نەبێت، یاسای هەڵبژاردن لە قازانجی كاندیدە نەك حزب، بۆ ئەوەش پێویستیان بە كەمپینێكی باشە تا بیبەنەوە، "ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكە كە كاندید لە دەرەوەی حزب تێستی توانای خۆی بكات، بۆیە من پێموایە ئەگەر ئەو بێهیواییە سیاسییە نەبێت دەرفەتێكی گەورە هەیە بۆ تێپەڕاندنی هەژموونی حزبی بەسەر پەرلەمان و كاندیدەكاندا".

لەم هەڵبژاردنەدا هەر پارێزگایەك كراوە بە چەند بازنەیەك و كۆی عێراق 83 بازنەیە.

غالب محەمەد پێیوایە، ئەو یاسایە دەرفەتێكە و فرەبازنەیی پارێزگاكانیش كارئاسانییە و وادەكات خەرجیی بانگەشەی كاندیدەكانیش كەمتربێت.

غالب تەحەدای حزبەكان دەكات و دەڵێت "بە پشتیوانی خوا و خەڵك گورزێكیان لێدەدەین كە ئیتر نەتوانن لە عێراق بەناوی كوردە درۆینەوە قسە بكەن و ئەوەی كە ئەوان ناویان ناوە یەكڕیزیی هەڵیوەشێنینەوە و جارێكی تر نەتوانن بەناوی خەڵكەوە قسە بكەن".

تەنیا لە پارێزگای سلێمانی 14 كاندیدی سەربەخۆ هەن، نیوەیان دەكەونە بازنەی دووی هەڵبژاردن، لە نێو كاندیدەكاندا چوار ژن و هەروەها چوار پەرلەمانتاری ئێستای عێراق هەن.

لەو پەرلەمانتارانەی خۆیان كاندید كردووەتەوە بە شێوەی سەربەخۆ، بەشێكیان لە چوار ساڵی ڕابردودا ڕوخسارێكی دیار و ئاشنابون بە زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەهۆی هەڵوێستەكانیان لەسەر دۆسیەی موچەو قەیرانەكانی دیكە و ئازادی ڕۆژنامەوانی لە كوردستان.

پارێزگای سلێمانی 18 كورسی پەرلەمانی هەیە كە بەسەر پێنج بازنەدا دابەشكراوە و پێنج كورسییان بۆ كۆتای ژنانە.

غالب محەمەد وتی، لە خولی داهاتوی پەرلەماندا هاوپەیمانێتی دروستدەكەن و دەبنە بەرگریكاری دەنگی خەڵك لە بادینان تا خواروی عێراق، "كارێكی وادەكەین هاوڵاتیانی عێراق خۆزگە بخوازن چوار نوێنەری وایان لەپەرلەمان هەبوایە".

هەرێمی كوردستان 44 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراقی هەیە كە جگە لە كاندیدە سەربەخۆكان، دەیان كاندیدی دیكە لە چوارچێوەی زیاتر لە 10 حزب و هاوپەیمانێتی كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

سەناریا عەبدوڵا، كاندیدی سەربەخۆ لە سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "لە سیاسەتدا گرەنتی نییە، بەڵام ئێمە تەحەدای بارودۆخەكەمان كردووە و هاوكات زەختێكی نیودەوڵەتیش هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك بكرێت".

ئەوەی هیوای بەوەیە "ئەو سەردەمە بگۆڕین كە كاندید تەنها بە پاڵپشتی حزب دەربچێت"، بۆیە دەڵێت، پشتیان بەتوانای خۆیان و خەڵك بەستووە كە هاوكاریان بون، سەناریا ڕەتیشیدەكاتەوە دوای دەرچونی بچێتە پاڵ هیچ حزبێك و دەیەوێت بە سەربەخۆ كار بكات.

لە پارێزگای هەولێر چوار كاندیدی سەربەخۆ و بێ پشتگیری حزبیی هەن، كە هەر چواریان دەكەونە بازنەی چوار.

پشكی هەولێر لە پەرلەمانی عێراق 15 كورسییە، بەسەر چوار بازنەدا دابەشكراوە و چوار كورسییان بۆ ژنانە، جگە لەوەی كورسییەكی دیكەشی هەیە بۆ كۆتای كریستیان.

لە نێو كریستیانەكانیشدا چەندین كەس لە دەرەوەی حزب و بە سەربەخۆ خۆیان بۆ كورسی كۆتا كاندید كردووە.

فاروق حەنا عتۆ، كاندیدی سەربەخۆی مەسیحی لە پاێزگای هەولێر بۆ پەرەگراف وتی "من كەسێكی چەپم و خەڵك پاڵپشتیم دەكات، بەتایبەت حزبی شیوعی، بەڵام من سەر بەو حزبە نیم و سەربەخۆ كاردەكەم".

ئەو دەڵێت، هیچ توانایەكی مادی نییە و خزمەكانی هاوكاری دەكەن، بۆیە وەك كاندیدی سەربەخۆ پێویستیان بە دەنگی هاوڵاتیانە تا دەربچن، چونكە "ناتوانین مونافەسەی ئەو ئیمكانیاتە زەبەلاحەی دەسەڵات بكەین"، بەوپەڕی دڵنیاییشەوە پێیوایە، ئەگەر ساختەكاری نەكرێت ئەوا دەردەچێت و كورسی كۆتا مسۆگەر دەكات.

شەڕی كاندیدی سەربەخۆ بۆ كورسی لەكاتێكدایە ڕكابەرە حزبییەكانیان بەتایبەتی لە پارتی و هاوپەیمانی كوردستان(یەكێتی و گۆڕان) پێكهێنەری سەرەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانن و توانای زۆریان لەبەردەستدایە بۆ بانگەشە.

بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكان پێشتر لە پەرلەمانی عێراق پشتیان لە حزبەكانی خۆیان كرد و هاوپەیمانییەكیان لە سەرەتای ئەمساڵدا بەناوی "هیوا" دروستكرد كە لە 15 ئەندام پێكهاتبوون.

 

"ئێمە گروپێكین كە چوینەوە پەرلەمان پێكەوە كاردەكەین؛ دوو پەرلەمانتاری كۆمەڵ و سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆین و بەنیازین هاوشێوەی هاوپەیمانی هیوا و گروپی 15 هاوپەیمانێتییەك لە هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات دروستبكەین" سەركەوت شەمسەدین وادەڵێت.

ئەو پێشیوایە، نوینەرایەتی دەنگی ئۆپۆزسیۆن دەكات و ئەگەر پێشهاتی چاوەڕواننەكراو نەبێت، سەدا 90 چانسی دەرچون و مسۆگەركردنی كورسیی هەیە.

لەسەر ئاستی عێراق كەمترین ژمارەی كاندیدی سەربەخۆ دەكەوێتە پارێزگای دهۆك، كە سێ كاندیدن بۆ كورسی گشتیی نەك كۆتا، لەكاتێكدا پشكی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمان 11 كورسییە و سێ كورسییان بۆ ژنانە، جگە لەوەی كورسییەكی دیكەشی وەك كۆتای كریستیان بۆ دانراوە.

ڕێبوار كەریم، پەرلەمانتاری عێراق و كاندیدی سەربەخۆ لە سلێمانی بە پەرەگراف-ی وت "خەڵك زۆر هۆشیارە و چاوەڕوانین ئەو هۆشیارییە پراكتیزە بكات".

ئەوەشی ڕونكردەوە یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیەیە دەنگ بە كاندید دەدرێت و دەنگەكەش تەنیا بۆ خۆیەتی و بۆ كەسی تر ناچێت، "پاڵپشتی حزب ڕاستە گرنگە، بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی هاتۆتە ئاراوە كەسایەتی كاندید‌و ئەوە گرنگە لە كاتی دەرچون دەتوانن چی پێشكەش بكەن، ئێمە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەبێ حزب توانیمان ئەدای خۆمان بكەین و خەڵكیش چاوی لە تاكە نەك حزبەكان".

"ئەوەندەمان كردووە كە بتوانین داوای دەنگ لە خەڵك بكەین" ڕێبوار وای وت، وتیشی "باوەڕم وایە دەردەچم و تەنانەت مونافسەكانیشم گومانیان لە دەرچونم نییە".

كاندیدی سەربەخۆ و حزبەكانیش چەند هەفتەیەكە لە بانگەشەی هەڵبژاردندان، جیاواز لە ڕابردوو، ئەمجارە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت فەیسبوك بووەتە سەكۆی سەرەكی بانگەشە نەك شەقامەكانی شار.

ئامانج ئەحمەد، كاندیدی سەربەخۆ لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەڵێت، یاسای نوێی هەڵبژاردن دەرفەت بە كارەكتەری سەربەخۆ و گەنجان لەقەزا و ناحیەكان دەدات تا بچنە پێشەوە و دادپەروەری تێدایە، چونكە بازنەكان زیاترن و دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ كاندید لە سنورەكانی خۆیاندا دەنگ بهێنن و دەربچن.

"سەرباری نەبونی میدیا و توانای ماددی، ماوەی چەند مانگێكە لەم پڕۆسەیەدام و زۆر بەباشی لەلایەن خەڵكەوە پێشوازیم لێكراوە" ئامانج بۆ پەرەگراف وای وت، ئاماژەی بەوەشدا بەشداریكردنی بۆ ئەوەیە دەنگی یەكەم بێت.

ئەو لەبارەی ڕۆڵ و كاریگەریی كاندیدی تاك یان سەربەخۆ بۆ كاری پەرلەمانی، نمونەیەك لەسەر یاری تۆپی پێ دەهێنێتەوە و دەڵێت "لە ساڵانی ڕابردوودا دەستكەوتەكانی بەرشەلۆنە و ڕیاڵ مەدرید بەهۆی میسی و ڕۆناڵدۆوە بووە، بۆیە توانای تاك گرنگە"، بەڵێنیشدەدات "كاری پەرلەمانتاری لە چەنەبازیی سەر شاشەكانەوە دەكەم بە كاری لۆبیكردن و پلاندانان" ئامانج وای وت.

لە عێراق نزیكەی 25 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا 329 ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبژێرن.