چیرۆكی 60 هەزارەكە؛ خۆپیشاندانی ئەو خوێندكارانەی پارەی ژەمێكیان پێ نییە

24-11-2021 11:13
هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ ڕوبەڕوی خۆپیشاندانی خوێندكاران بوونەوە لەناو زانكۆی سلێمانی. 24-11-2021. وێنە؛ محەمەد جەلال.

پەرەگراف

محەمەد بە زەحمەتییەكی زۆردا تێدەپەڕێت تا دەگاتە قۆناغی سێیی زانكۆ، بێ ئەوەی لەو سێ ساڵەی تەمەنی كەشخەیی و گەنجێتیدا چوار جار بچێتە كافتریای زانكۆ، خواردنی شاهانەی سەردەمی خوێندكاریی ئەو لەفەی فەلافلە و گەشتە دورودرێژەكانیشی مانگی یەك جار و تەنیا بۆ ماڵی باوكیەتی.

ئەو بارودۆخە نالەبارەی بەسەر محەمەددا دێت؛ دەستكورتی و هەژارییە، نەبوونی هیچ پاڵپشتییەكی دارایی حكومیش، هێندەی دیكە ژیانی قورستر دەكات و نەك ناتوانێت بەپێی حەزی هاوتەمەنەكانی خۆی بكات، بەڵكو لە سادەترین مافەكان بێبەش دەبێت.

محەمەد و هاوڕێكانی لە زانكۆ؛ دەستكورتی و نەبوونی هاوكاری حكومەت چەند ڕۆژێكە پەلكێشی سەر شەقامەكانی شاری سلێمانییان دەكات؛ ئەوان داوای پێدانی دەرماڵەی خوێندن دەكەن، بەڵام كێشە سەرەكییەكانی دیكەیان زۆر زیاترن، وەك خۆپیشاندەران دەڵێن.

"باری داراییمان زۆر خراپە، خێزانێكی نۆ كەسین، تاكە سەرچاوەی بژێویمان كرێكاریی باوكمە كە ئەویش چووەتە تەمەنەوە، بۆیە بڕیارمدا واز لە خوێندن بهێنم، بەڵام خێرخوازان هاوكاربوون و ساڵی یەكەمم بەو شێوەیە تەواو كرد" محەمەد بۆ پەرەگراف وای وت.

باوكی محەمەد بە كرێكاری بژێوی حەوت منداڵی لەسەرشانە، لەهەمویان زیاتر پێویستە چاوی لە محەمەد بێت، چونكە خوێندكاری زانكۆیە و لە ڕانیەوە دەچێتە سلێمانی.

"ساڵی دووەمی زانكۆ؛ خوێندن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پەكیكەوت و زیاتر بەشێوەی ئۆنلاین بوو، ئەوەش دەرفەتێكی باشبوو بتوانم لە ماڵەوە بخوێنم و نەچمەوە بەشی ناوخۆیی و ئەرك نەخەمە سەر ماڵەوە".

ئێستا ساڵی سێیەمی خوێندنی محەمەدە، ئەو دەڵێت، هەرچەندە دوو ساڵی ڕابردوش بەردەوام لەپاڵ خوێندن كرێكاری كردووە، بەڵام نەیتوانیوە بۆ چوار جار بچێتە كافتریای زانكۆ، بەڵكو لە دەرەوە زۆربەی جار لەفەی فەلافلی خواردووە و مانگانەش یەكجار بۆ سەردانی ماڵەوە دەگەڕێتەوە.

ئەو وتی، هۆكاری خۆپیشاندانەكانی ئێستایان بۆ ئەوەیە باری دارایی حكومەت باش بووە و دەتوانرێت دەرماڵە خەرجبكرێت، چونكە خوێندن لەناو كەمپەكانی زانكۆ دەبێت و خەرجیی زیاتر لەسەر خوێندكار دەكەوێت.

"داوای مافی ڕەوای خۆمان دەكەین و دەمانەوێت حكومەت دەرماڵەكانمان پێبدات بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە خوێندنمان بدەین" محەمەد وادەڵێت و ڕەتیكردەوە هیچ دەستێك لە پشت ناڕەزاییەكانیانەوە هەبێت.

ژمارەیەك خوێندكار تەندروستییان تێكچوو بە گازی فرمێسكڕێژ لە زانكۆی سلێمانی. 24-11-2021. وێنە؛ بڕیار نامیق

ژمارەیەك خوێندكار تەندروستییان تێكچوو بە گازی فرمێسكڕێژ لە زانكۆی سلێمانی. 24-11-2021. وێنە؛ بڕیار نامیق

خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكانی سلێمانی؛ ڕۆژی سێ شەممە 23ـی تشرینی دوەمی 2021 لە شوێنی دوو ڕۆژی ڕابردوی خۆی نەما، كە بەردەم دەرگا سەرەكییەكانی زانكۆ و كەمپی كۆنی زانكۆ بوو، لە ڕاپەڕینەوە بەرەو ناوجەرگەی شار، بەردەم ئیدارەی پارێزگا و بە شەقامە دوردرێژەكانی سالمدا هەوڵیاندا بگەنە چەقی بازاڕ.

لە شەقامی سالم و بە دیاریكراوی لەبەردەم مەڵبەندی یەكێتیی، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی دیكە ڕوبەڕوی گەنجانی توڕە بونەوە، بارگرژی ڕویدا، دوكەڵی گازی فرمێسكڕێژ بە ئاسمانەوە و شەقامەكانیش پڕبون لە بەرد.

دیمەكانی ئەو بارگرژییە، زۆر بە خێرایی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوونەوە، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییاندا بەرپرسێك بەجلی مەدەنییەوە شەق لە دەموچاوی گەنجێكی دەستگیركراو دەدات كە بە چەند كەسێك گرتویانە و بە زەویدا دەیخەن، ئەفسەرێكی ئەمنیش هەر لەوێدا فرسەت دەهێنێت و بە بۆكس بە گەنجەكەدا دەكێشێت.

چەندین دیمەنی دیكەی توندوتیژی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەستاودەست دەكەن؛ لە كچە خوێندكار دەدرێت، دەستگیردەكرێن و ڕاودەنرێن.
ڕۆژی دواترو لە 24ی مانگ، خۆپیشاندان لە سلێمانی‌و چەند ناوچەیەكی دیكە درێژەی هەبوو، لە زانكۆی سلێمانی هێزە ئەمنییەكان بە چڕیی گازی فرمێسكڕێژیان بەسەر خوێندكاراندا ڕژاند، چەندین خوێندكارو ڕۆژنامەنووس‌و تەندروستییان تێكچوو.

لەكاتی ئەو گرژییانەدا حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەدابوو، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تاوتوێ كردنی داواكاریی خوێندكارانی خۆپیشاندەر بوو كە چوار ڕۆژە لەسەر شەقامەكانن، حكومەت ئەو بڕیارەی نەدا كە خۆپیشاندەران چاوەڕێی بوون كە پێدانی دەرماڵەكانیانە مانگانە، لەبری ئەوە بڕیاریدا بوودجەیەك بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان بكرێت بۆ داخوازیی‌و پێداویستییەكانی خوێندكاران.

لە ڕۆژی چوارەمدا خەڵكی تووڕەو ناڕازیی لە دۆخی كوردستان لە چەند ناوچەیەك توڕەیی خۆیان تێكەڵ بە خۆپیشاندانی خوێندكاران كرد، لە سلێمانی خۆپیشاندان لە بەردەركی سەرا ئەنجام درا كە شوێنێكی گرنگ‌و ڕەمزی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011یەو لەو كاتەوە دەسەڵات بەردەوام ترسی هەبووە خۆپیشاندان بگاتە سەرا.

لە قەزای سەید سادق‌و ناحیەی پیرەمەگرون گەنجانی تووڕە شەقامی سەرەكی ناوبازاڕیان داخست‌و ئاگریان كردەوەو چەند بیناو بارەگایەكی حیزبی و حكومییان سووتاند.

حەسەن، خوێندكارێكی دیكەی زانكۆیە و لە گوندێكی خورماڵەوە دەچێتە زانكۆی سلێمانی، ئەو لە خوێندنی ئیواران (پارالێڵ) دەخوێنێت، بژێوی خێزانەكەیان لەسەر كشتوكاڵە و بەوتەی خۆی گوزەرانیان "زۆر خراپە".

"خێرخوازان و هاوڕێیەكانم هاوكاریم دەكەن بۆ دابینكردنی خەرجیەكانم، ئەگەر ئەوان نەبن من ناتوانم یەك ڕۆژیش بەردەوام بم و هەموو ڕۆژەكانیش لای هاوڕێكانم نان دەخۆم، چونكە توانای دابینكردنی خەرجیەكانی بەشی ناوخۆییم نییە" حەسەن وای وت.

ئەو ڕێكخراوێكی خوێندكاری پارەی خوێندنەكەی بۆ دابین دەكات.

دەرماڵەی خوێندن؛ بڕی 60 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی نیشتەجێی ناوشار، 100 هەزار دینارە بۆ خوێندكارانی دەرەوەی شار، بەڵام حەوت ساڵە حكومەت بە پاساوی قەیرانی دارایی خەرجی ناكات.

تیمە تەندروستییەكان چارەسەری خوێندكاران دەكەن لە زانكۆی سلێمانی. 24-11-2021. وێنە؛ بڕیار نامیق

لە پەرلەمانەوە 48 واژۆ بۆ دوبارە خەرجكردنەوەی دەرماڵە كۆكراونەتەوەو 71 پەرلەمانتاریش داوای كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەو پرسە دەكەن، بەڵام پەرلەمان نەیتوانی بڕیار بدات‌و حكومەت ناچار بكات بە گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران.

ئاشنا عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بۆ پەرەگراف دەڵێت "بارودۆخی خەڵك خراپە و پێدانی دەرماڵە بۆ قوتابیان زۆرە و دەتوانن بەشێك لە پێویستییەكانی خۆیانی پێ‌ پڕ بكەنەوە، ئەم بەرپرسانەی هەرێم وا دەزانن ژیانی خۆیان چۆن دەگوزەرێت، لای خەڵكیش وایە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕەخنە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەگرێت‌و پێیوایە لەم پرسەدا "بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەڵناسێت"،

سەبارەت بە بڕی بوودجەی پێویست بۆ دەرماڵەی ئەو خوێندكارانە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "لە پەیمانگا و زانكۆكانی هەرێمدا 130 هەزار خوێندكار هەن، دیار نییە چەندیان خوێندكاری بەشە ناوخۆییەكانن كە دەرماڵەیان 100 هەزار دینارە و چەندیان خوێندكاری ناو شارەكانن كە دەرماڵەیان 60 هەزار دینارە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا 10 ملیار دیناری پێویستە".

چیرۆكی كێشەكانی بەشە ناوخۆیی و بارگرانی سەر خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان جیاوازە و لەوەش زیاترن كە بڵاودەكرێنەوە.

"خوێندكاری كچ هەیە جلوبەرگی هەموو خوێندكارانی هاوڕێی لە بەشە ناوخۆیی دەشوات بۆ ئەوەی پارەی خەرجیی ژورەكە نەدات، بەهەمانشێوە خوێندكاری كوڕ هەیە كاری چێشتلێنان و هەموو كارەكانی بەشی ناوخۆیی دەكات بۆ ئەوەی پارەی دابینكردنی پێداویسیتییەكانی ژورەكە نەدات" خوێندكارێكی زانكۆ كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بۆ پەرەگراف وای وت.

هەڵوێستی ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاكان‌و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان، بەوانەیشی لە پێكهێنانی حكومەت و دەسەڵاتدا بەشدارن، پشتگیریكردنە لە داواكاری خۆپیشاندەران، بەڵام ئەوانە خۆپیشاندەرانی ڕازیی نەكردووەو وەڵامی كردارییان دەوێت.

ئەوەی خۆپیشاندەرانی زیاتر تووڕە كردووە توندوتیژیی هیزە ئەمنییەكانە، كە توڕەیی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستكردووە و هەزاران كەس بە پۆست و دانانی وێنەو ڤیدیۆ ئیدانەی دەكەن.

بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان خۆیان لە شەقوەشێنەكان بێبەری دەكەن، هەندێكیان بەڵێنی بەدواداچون دەدەن و لیژنەی باڵای ئەمنی سلێمانیش هەڕەشەی "سزادانی" ئەوانە دەدات بەوتەی خۆیان خوێندكاری زانكۆ نین و هەوڵی تێكدانی هێمنی خۆپیشاندانەكان دەدەن.

بە وتەی سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنیی بۆ پەرەگراف "هێزە ئەمنییەكان ئەوكەسانە دەستگیر دەكەن كە خوێندكار نین‌و چوونەتەناو خۆپیشاندانەكان تا بەرەو توندوتیژیی ببەن".

دەزگا ئەمنییەكان بە فەرمیی دەڵێن، بەڵگەیان لایە لەسەر ئەو كەسە "تێكدەرانە"، بەبێ ئەوەی ئامادەبن زانیاریی زیاتر لەبارەی ناسنامەو لایەنی پشت ئەو كەسانە ئاشكرا بكەن، لە تەواوی خۆپیشاندانەكاندا دەزگا ئەمنییەكان ئەم قسانە دەكەن.

هێزە ئەمنییەكان بە چڕیی گازی فرمێسكڕێژیان لە دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنا لە زانكۆی سلێمانی. 24-11-2021. وێنە؛ بڕیار نامیق

هاوڕێ؛ نوێنەرێكی خوێندكارانی خۆپیشاندەری قەزای چەمچەماڵە و دەڵێت "خۆپیشاندانەكان بەردەوام دەبێت و داوای مافەكانمان دەكەین".

ئەو لەڕێی پەرەگراف_ـەوە جارێكیتر داواكارییەكانیان دوبارە دەكاتەوە كە سەرەكیترینیان دەرماڵەیە، لەگەڵ نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەكان و بەخشینی خوێندكارانی پاراڵێڵ لە كرێی بەشە ناوخۆیی.

هاوڕێ لەگەڵ ڕەتكردنەوەی گومانی بەكارهێنان و هەبونی دەستی حزبیی لەپشت ناڕەزاییەكانەوە، جەختیكردەوە "بارودۆخی خەڵك خراپە و پێویستە كارێك بكرێت خوێندكار بتوانێت بەردەوام بێت لە خوێندن".

خۆپیشاندانی خوێندكاران بە فشارو زەبری هێز بەشێوەی كاتیی بڵاوەی پێدەكرێت، لەگەڵئەوەی شەقامەكانی شارەكان پڕبوون لە هێزی ئەمنیی جیاوازی چەكدار، هێشتا ناڕەزایی دانەمركاوەتەوەو بەردەوامە.

تێبینی: ناوی خۆپیشاندەران خوازراون، لە ترسی لێپرسینەوە داوایانكرد ناوی ڕاستەقینەیان بڵاونەكرێنەوە.