پۆستی سەرۆككۆمار؛ سوننە دڵی لایەتی‌و كوردیش لەسەری كۆك نییە

01-12-2021 06:41
لایەنەكان كۆكن كە پۆستی سەرۆككۆمار لە خولی داهاتووشدا بۆ كورد دەبێت، بەڵام دیارنییە كێ بەسەر ئەو فەرشە سوورەدا دەچێتە سەر كورسیی سەرۆكایەتی

پەرەگراف- فەرمان سادق

پۆستی سەرۆككۆماری عێراق؛ هەمو هەڵبژاردنێك لەناو بەشێكی لایەنەكانی عەرەبی سوننەدا هەڵپەی بەدەستهێنانی دەكرێت، هەڵبژاردنی ڕابردووش پارتی و یەكێتیی بۆ چەند مانگێك خستە ململانێی توندی حیزبییەوە، ئەگەرچی زۆرینەی شیعە ئەو پۆستە وەك موڵكێكی تاپۆكراوی كورد تەماشا دەكەن، بەڵام بۆ ئەم خولەش هێشتا پارتی‌و یەكێتی لەسەر ڕێكنەكەوتوون.

ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ـی تشرینی یەكەمی 2021ـی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەندراو شەڕی بەدەستهێنانی پۆستە سیادییەكان باسی گەرم و مامەڵەی نێوان حیزبەكانە.

لەو پۆستە سیادییانە، كورسیی سەرۆككۆماری عێراقە، هەرچەندە پۆستێكی تەشریفاتیی و خاوەن دەسەڵاتی فەخرییە بەپێی دەستور، بەڵام بە تەنزەوە لە شەقامی عێراقیدا دەوترێت، پۆستێكی "چەور و پڕ لە داهاتە".

گفتوگۆ گەرمەكانی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە؛ نەك لەدوای هەڵبژاردنەوە، بەڵكو هەر پێش ئەوەی خەڵك كارتی دەنگدانەكەی بخاتە سندوقەكانەوە و پەنجەی مۆر بكات، ئەو باسە لەسەر مێزی كۆبوونەوەی حیزب و لایەنەكان جێی مشتومڕ بووە.

ناكۆكییەكە هەر لەناو كورد؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا نییە، سوننەكانیش كە مێژوویەكی دورودرێژی ڕابردوی عێراق لەو پۆستەدا بوون بە تەواوی دەسەڵاتەوە، هێشتا بە چاوی جارانەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن لەجیاتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لای ئەوان بووە.

فەیسەڵ عیساوی، سەركردەی سوننەو پەرلەمانتاری خولی چوارەمی عێراق لە پشكی پارێزگای ئەنبار بۆ پەرەگراف وتی، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، دەستپێشخەرییەكی كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار لەجێگەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەكان "هەر زوو ئەو دەستپێشخەرییە ڕەتكرایەوە".

ئەو هاوپەیمانییە ژمارەیەك لایەنی دیاری سوننەكانن و حەلبوسی، سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمان سەركردایەتی دەكات.

"ئێستا یەكلابۆتەوە كە سوننە ئەو پۆستە وەرناگرێت و كورسیی سەرۆككۆمار بەشی كوردە" بەوتەی عیساوی.

ئەو سەركردە سوننەیەی عێراق نەیشاردەوە سەرباری ئەوەی جارێكیتر نەیانتوانیوە پۆستی سەرۆككۆمار بەدەستبهێنن، بەڵام سوننەكان هەمیشە چاویان لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە، "مەبەستیش لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دیوێكی مەعنەوی هەیە كە ئەویش بەشداریكردنە لە كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی تا نوێنەرایەتی عێراق بكات" عیساوی وای وت.

لە عێراقی نوێی دوای ڕوخانی رژێمی بەعس، بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن سەرۆككۆماری سوننەی عەرەب، تا ئێستا دابەشكردنی سەرۆكایەتییەكانی عێراق لەنێوان سێ نەتەوە و پێكهاتەی سەرەكیدا بەمجۆرە بووە؛ پۆستی سەرۆك وەزیران وەك باڵاترین و خاوەنی زۆرترین دەسەڵاتی جێبەجێكردن بۆ شیعە یەكلابۆتەوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننەو سەرۆككۆمار بۆ كورد.

ئەو دابەشكارییەی سێ سەرۆكایەتییەكە لە دەستورو هیچ یاسایەكی دیكەی عێراقیدا بوونی نییە.

جگە لە دانانی غازی عەجیل یاوەر وەك كەسایەتییەكی سوننە لە پۆستی سەرۆك كۆمار، بەشێوەیەكی كاتیی و دوای ڕوخانی بەعس لە 2003، دواتر و لە 2005ـەوە جەلال تاڵەبانی، سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ دوو خولی یەك لە دوای یەك بوو بە سەرۆككۆمار و لەوكاتەوە پۆستەكە لای كوردە، لەناو كوردیشدا لای یەكێتییە.

لەناو شیعەكاندا ناكۆكیی هەیە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر‌و ئەو لایەنانەی كورسیی كەمیان هێناوە پڕۆسەكە ڕەت دەكەنەوە، بەڵام ئەوە گفتوگۆی پێشوەختەی لایەنەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنەوەی پۆستەكان ڕانەگرتووە.

كورد كە بەپێی ئەنجامی بەرایی بووەتە خاوەنی 63 كورسیی، بە شاندی جیا چووەتە بەغدا و گفتوگۆی كردووە، هەرچی شیعەیە لە چوارچێوەی دوو بەرەی سەرەكیدا دەردەكەون و هەردوو بەرەكەش لەگەڵ ئەوەدان پۆستی سەرۆككۆمار هەر مافی كوردە.

ئەبو میساق ئەلمەساری، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح-ـی شیعە بە سەرۆكایەتی هادی عامری و بەڕێوەبەری ناوەندی بەدر بۆ سیاسەت، بۆ پەرەگراف وتی، هێشتا كۆمسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسند نەكردووە، بۆیە پرسی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان پەیوەست كراون بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان.

بەرەیەكی سەرەكی شیعە، ڕەوتی سەدر بە زیاتر لە 70 كورسییەوە ڕابەرایەتی دەكات، بەرەكەی دیكە كە بە نزیك یان حەشدی شەعبی ناودەبرێن لەنێویاندا هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی و ڕەوتی حیكمەی عەممار حەكیم و چەند لایەنێكی تر هەن.

ڕەعد فارس ئەڵماس، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، هەڵوێستی ئەوان و فەتح لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمار، پەیوەندیدارە بە لێكگەیشتن و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنی كوردیی.

ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا بە پەرەگراف-ـی وت، پێویستە لایەنی كوردی خۆیان سەرقاڵ نەكەن بە لیستی براوەی هەڵبژاردن، بەڵكو پێویستە چاوەڕێی پێكهێنانی لیستی گەورەی ناو پەرلەمان بكەن كە بەپێی دەستوور ڕادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئەڵماس نەیشاردەوە لایەنی سوننە ساڵانێكە چاویان بڕیوەتە پۆستی سەرۆككۆمار، "بەڵام نەخشەی دابەشكردنی پۆستە باڵاكان یەكلاییكراوەتەوە و پۆستی سەرۆككۆمار پشكی كوردە".

"یەكلاییكردنەوەی ئەو پۆستە لەناوخۆی حیزبە كوردییەكان دەبێت، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش لە پشتەوە ئیش بۆ ئەو پۆستە دەكات" بەوتەی سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا "ئەگەر هەموو شیعەش لەگەڵیدا نەبن، ئەوا زۆرینەی شیعە لەگەڵ ئەوەدان پۆستی سەرۆككۆمار بدرێت بە كورد".

پارتی كە خولی ڕابردوو تا دواهەنگاو شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆماری كرد و نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، ئێستاش جارێكیتر خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستەی وروژاندووە و گفتوگۆكانیشی بە پۆستی پارێزگاری كەركوك و چەند تەوەرێكی دیكە بەستۆتەوە كە بەلای یەكـێتییەوە تا ڕادەیەك هێڵی سوورن.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار، كە لە ساڵی 2018دا حیزبە نوێیەكەی خۆی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی‌و پۆستی سەرۆككۆماری بەدەست هێنا، نایشارێتەوە دەیەوێت جارێكیتر بچێتەوە كۆشكی سەلام.

عیسام حوسێن، لە نوسینگەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێیوایە بە خوێندنەوە بۆ قۆناغی داهاتوو بەتایبەت مانەوەی پۆستە باڵاكان وەك خۆی، بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات كە پۆستی سەرۆككۆمار لای كورد دەمێنێتەوە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش لای سوننە.

سەبارەت بە حكومەتیش دەڵێت، گفتوگۆ بەو ئاڕاستەدایە كە حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی پێكدێت لەنێوان شیعە و كورد و سوننە، "ئەمەش لە لێدوانی لایەنەكان دیارە ... بەتایبەت دوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و ناڕەزایەتی هەندێك لایەن، بۆیە دۆخێكی هەستیارە و حكومەتی نیشتمانی لەنێوان بەهێزەكان پێكدەهێنرێت لەوانە ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانی تەقەدوم و پارتی".

پارتی و تەقەدومی محەمەد حەلبووسی و ڕەوتی سەدر پێش پڕۆسەی دەنگدان بەوتەی سەركردە عەرەبەكانی بەغداد لێكتێگەیشتنی ڕانەگەیەندراویان هەبووە و چاوەڕواندەكرێت دەرەنجامەكەی لە گفتوگۆكانی داهاتووی پێكهێنانی حكومەتدا ڕەنگبداتەوە.

"ئاماژەكان دەڵێن كە پۆستی سەرۆك وەزیران بەر ڕەوتی سەدر دەكەوێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەر هاوپەیمانی تەقەدوم دەكەوێت بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی، هەروەها پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد دەبێت بەڵام جێی سەرنجە هێشتا ڕێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە نەكراوە" سەركردەكەی نوسینگەی موقتەدا سەدر وای وت.

یەكێتی پۆستی سەرۆككۆمار دەخاتە بەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم كە لای پارتییە، بەڵام پارتی كە بە تەنیا نیوەی كورسییەكانی كوردی لایە لە بەغداد، ڕای جیاوازی هەیەو بەپێی قەبارە و كورسیی، پۆستی سەرۆككۆمار بە مافی خۆی دەزانێت.

لەناو پارتی و یەكێتیدا ناوی جیاواز هەن و لە میدیا نافەرمییەكانیانەوە وەك كاندیدی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بڵاودەكرێنەوە، بەڵام هێشتا بە فەرمیی هیچ كام لەو دوو حزبە ناوی كەسیان ئاشكرا نەكردووە.

ڕابیعە حەمەد بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پەرەگراف، دووپاتی لە هەڵوێستی حزبەكەی كردەوە كە پۆستی سەرۆككۆمار لەناو كورد پشكی یەكێتییە، وتی"بەڵام تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان نەكراوە".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی، وتیشی "كاتی پێكهێنانی حكومەت ئیتر قسە لەسەر پۆستەكانیش دەكرێت بە پۆستی سەرۆككۆماریشەوە، بۆیە نەك تەنیا پارتی، بەڵكو ڕای لایەنە شیعەكانیش وەردەگیردرێت لەسەر ئەو كەسەی لەناو یەكێتی كاندید دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار".

بەڵام مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمیی پارتی دەڵێت "ڕاستە سەرۆككۆماری پشكی كوردە، بەڵام لەوانەیە نەتوانین بڵێین پشكی فڵان لایەنەو شەرت نییە بۆ لایەنێكی دیاریكراو بڕیاری پێشوەختەی لێ درابێت".

بەدەر لە پارتی‌و یەكێتی، نەوەی نوێ وەك هێزی سێیەمی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە لە خولی نوێدا 9 پەرلەمانتاری دەبێت، پۆستی بەلاوە گرنگ نییەو ڕایگەیاندووە، پۆست‌و پلەی ناوێت‌و ناچێتە حكومەتەوە، نەوەی نوێ پۆستی سەرۆككۆمار بە "بێسوود بۆ خەڵكی كوردستان" لە قەڵەم دەدات‌و پێیوایە پارتی‌و یەكێتی شەڕی پۆست‌و پارە دەكەن لە بەغداد نەك مافەكانی خەڵكی كوردستان.

پۆستی سەرۆك كۆمار؛ كە پارتی بەئێستاوە دوو خولە بەئاشكرا داوای دەكات، لە مێژووی دامەزراندنی عێراقەوە چوار جار بەر كورد كەوتووەو لەناو كوردیش بۆ یەكێتی؛ دوو خول بۆ جەلال تاڵەبانی، یەك خول بۆ فوئاد مەعسوم و خولی ئێستای بەرهەم ساڵح، كە هەوڵی ئەوەدەدات هەمان تەمەنی تاڵەبانی لەو پۆستەدا دووبارە بكاتەوە.