تراژیدیایەكی دیكەی كۆچبەرانی كورد لە ڕێگای گەیشتن بە ئەوروپا؛ چارەنووسی دەیان كۆچبەر نادیارە
پەرەگراف
"توخوا وەرن بەهانامانەوە سێ سانتیم ماوە بەخوا دەخنكێین یەختەكەمان پڕبووە لەئاو لەسەر یەختەكەین، كەسمان لێ دیار نییە، توخوا وەرن با جەرگی دایكم نەسووتێت، 60 بۆ 70 كەسین، 30 خێزانی كوردینو منداڵی بچوكمان پێیە، توخوا هەلیكۆپتەرێك بنێرن. وەڵڵا نوقم بووین" ئەمە دەنگی كۆچبەرێكی كوردی ناو ئەو بەلەمەیە كە شەوی 21-12 لە نزیك دورگەیەكی یۆنان نوقم بوو.
ئەو كۆچبەرە كاتژمێر 8:44 خولەكی شەوی 21-12 ڕاستەوخۆ لەكاتی لایڤێكی فەیسبوكدا پەیوەندیی دەكات بە ڕەنج پشدەری ڕۆژنامەنووسی كورد كە كار لەسەر یارمەتیدانو بەهاناوەچوونی كۆچبەران دەكاتو لەو بوارەدا كەسێكی ناسراوە.
ڕەنج پشدەریی ئەو لایڤەی فەیسبوكی بۆ ئەوە كردەوە كە هەواڵی پەككەوتنی بەلەمێكی كۆچبەران بڵاوبكاتەوە كە پێویستیان بە هاوكاریی بەپەلەیە، بەرلە لایڤەكە كۆچبەران پەیامی دەنگییان بۆ ڕەنج ناردووەو داوای هاوكاریی بەپەلەیان كردووەو لۆكەیشنی شوێنی خۆیان بۆ ڕەنج ناردووە.
ئەو كۆچبەرە كوردەی لەكاتی لایڤەكەدا تەلەفۆن بۆ ڕەنج دەكات، بەگریانەوە دەپرسێت: كاك ڕەنج توخوا چیتان كرد؟ ئەویش لە وەڵامدا چەندجارێك دڵنیاییان پێدەدات كە بە پۆلیس گوتراوەو دێن بە هاناتانەوە.
ڕەنج داوا لە كۆچبەرەكە دەكات تەلەفۆنێكی دیكە بهێننو دەنگی بدەن بە سپیكەرو تەلەفۆن بۆ ژمارە 112 بكەن با قسەیان لەگەڵدا بكات تا بچن بە هانایانەوە، لەوكاتەدا كۆچبەران بە گریانەوە تەلەفۆنێكی دیكە دەهێننو پەیوەندیی بەو ژمارەیەوە دەكەن، ڕەنج ڕاستەوخۆ بە زمانی ئینگلیزیی قسە لەگەڵ ئەو كەسەدا دەكات كە وەڵامی پەیوەندییەكە دەداتەوە.
ڕەنج دۆخەكەی بۆ باس دەكاتو داوای هاوكاریی بەپەلە دەكات، ڕوون نییە دەنگی ڕەنج دەگاتە ئەو كەسەو تێدەگات یان نا، جارێكی دیكە پەیوەندییەكە دووبارە دەكەنەوەو ڕەنج دۆخەكە بە زمانی ئینگلیزیی بۆ ئەو كەسە باس دەكاتەوە، لەپڕ دەبێت بە گریانو هاوارو پەیوەندییەكە دەپچڕێت، ڕەنج دەڵێت "كەوتنە ناو ئاوەكەوە. وابزانم یەختەكەیان نوقم بوو".
ڕەنج كە لەوكاتەدا لە سویدە لۆكەیشنی شوێنی ئەو كۆچبەرانەی خستەڕوو لە نزیك دوورگەی سیرا THIRA، لە لایڤەكەدا داوایكرد هەركەس لە یۆنانە با پەیوەندیی بە ژمارە 112 بكاتو لەو ڕووداوە ئاگاداریان بكاتەوە. ڕەنج خۆیشی پەیوەندیی بە كەسێكەوە دەكات لە یۆنانو ئەویش دەڵێت، ئەوە تەلەفۆن دەكەمو پۆلیس ئاگادار دەكەمەوە.
پاشان هاوڕێیەكی ڕەنج پەیوەندیی بە لایڤەكەوە دەكاتو ڕاستەوخۆ بە یۆنانی قسە لەگەڵ پۆلیسی یۆنان دەكاتو لە ڕووداوەكە ئاگاداریان دەكاتەوە، پاشان ئەو كەسە بە زمانی كوردی بە ڕەنج دەڵێت "ئەوە قسەم لەگەڵ كردن وتم 70 كەس ژن، پیاو و منداڵ لەو بەلەمەدانو پێویستیان بە یارمەتییە، وتی تەلەفۆن بۆ ئەوێ دەكەینو ئاگاداریان دەكەینەوە".
ڕەنج پەیوەندیی بەو ژمارەیەوە دەكات كە كۆچبەرەكە لەناو بەلەمەكەوە پەیوەندیی پێوەكرد، بەڵام لە خەتدا نەماوە.
نامەیەكی دڵتەزێن
نامەیەكی دەنگیی لە فریادەوە بۆ هاوسەری فەرمانی برای هەواڵێكی دڵتەزێنی پێیە، خانەوادەی فەرمان خەڵكی ناحیەی حاجیاوان لە قەزای ڕانیە، ئەوان چاوەڕوان بوون هەواڵی گەیشتنی ماڵی فریادیان بۆ ئیتاڵیا پێ بگات، بەڵام نامە دەنگییەكە تراژیدیایەكی دیكەی كورد لە ڕێگەی كۆچ بۆ ئەوروپا دەگەیەنێت.
"زوڵفان، بە ماڵێ بڵێ من لە یۆنانم دوێنێ یەختەكەمان نوقم بوو سێ چوار كەس دەربازبووین، سێڤدەو بارانیشم مردن" ئەمە نامە دەنگییەكەی فریادە كە 22ی ئەم مانگە بۆ خێزانی فەرمانی برایی ناردووە، بە گریانێكی بە خوڕی خۆیو هاوسەرەكەی كۆتایی بە نامە دەنگییەكە دێت.
خێزانەكەی فریاد لەو سەرنشینانی ئەو بەلەمەن كە لە نزیك دورگەی سیرا شەوی 21-12 نوقم بووە، هێشتا بە تەواویی نازانرێت چەند كۆچبەری تێدابووە، بەڵام زیاتر لە 50 كورد لە سەرنشینانی بەلەمەكە بوون، لەگەڵ ژمارەیەك كۆچبەری دیكە، 12 كەس لەو ڕووداوەدا ڕزگاریان بووە كە 7یان كوردن، ئەوانی دیكە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
فەرمان عەلی، برای فریاد كە لە سەرنشینانی بەلەمەكە بووە، بۆ پەرەگراف وتی، ئەوەی تا ئێستا زانیاریی بێت تەنها ئەو نامە دەنگییەی فریادە كە بۆیان نێردراوە، "بە فەیسبوكی كچە پەرستارێك لە نەخۆشخانەی سانتۆرینی جەنەراڵ هۆسپیتاڵ بۆ مۆبیلەكەمان نێردراوە".
سێڤدەی تەمەت 7 ساڵو بارانی تەمەن 3 ساڵ، كچو كوڕەكەی فریادن كە لە بەلەمەكەدا بوونو نوقم بوون.
"سەرەتای ڕووداوەكە خۆیان پەیوەندییان بە پۆلیسی یۆنانەوە كردووەو پەیوەندییان بە چەند كەسێكی دیكەشەوە كردووە تا پۆلیس ئاگادار بكەنەوەو بچن بە دەمیانەوە، بەڵام پۆلیس زۆر درەنگ چووە بە هانایانەوە، چوار بۆ پێنج كاتژمێر لە ئاوەكەدا بوون ئەوكات پۆلیس چووە بەدەمیانەوە" فەرمان برای فریاد وای وت.
خێزانی فریاد 15-11 كوردستانیان جێهێشتووەو بە ئاواتی گەیشتن بە ئەوروپا سەرەتا چوونەتە توركیا، كاتژمێر 7ی شەوی 20-12 لە مەرمەریسەوە بەڕێكەوتوون بۆ ئیتاڵیا، ئەوان 24 كاتژمێر لە دەریادا بوون و پاشان بەلەمەكەیان ژێر ئاوكەوتووە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لای پەرەگرافە، سەرنشینانی بەلەمەكە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای گەشتەكەیاندا زۆر بە باشی وەسفی بەلەمەكە دەكەنو دەڵێن، هیچ كێشەیەكیان نییەو "ئەمە باخیرەیەو هەمووی ئیسراحەت دانیشتووەو 5 ژووری تێدایە".
دوای تێپەڕبوونی ڕۆژێك بەسەر گەشتەكەیاندا، سەرەتای ڕووداوە تراژیدیاكە دەستپێدەكات، فەرمان لە زاری هاوسەری فریادی برایەوە كە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ماڵی باوكی كردووە، بەمجۆرە سەرەتای ڕووداوەكەی بۆ پەرەگراف گێڕایەوە، "بۆ ئێوارەی ڕۆژی دواتر كێشە لە بزوێنەری یەختەكەدا دروست بوو، كەشو هەوا نالەبار بوو، یەختەكە كون بوو و ئاوی تێچوو، پەیوەندیمان بە پۆلیسەوە كرد، بەڵام كەس بەهانامانەوە نەهات، ئەو چەند كەسەشی كە ڕزگاربووین سواری چوپێك بووین كە سایەقی یەختەكە پێی بوو".
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، دەڵێت، نوێنەری دەزگاكەیان لە یۆنان، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و باڵیۆزخانەی عێراق ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە كە لەو ڕووداوەدا "12 كۆچبەر ڕزگاركراون، حەوتیان عێراقین و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی دوورگەی سانتۆرینی یۆنانن".
دەزگای لوتكە دەشڵێت "یەك تەرم دۆزراوەتەوە و دەیانی دیكە بێسەروشوێنن".
ئەو كاتەی لە مەرمەریس سواری یەختەكە بوون، كاتژمێر 7ی ئێوارەی 20-12 بووە، فەرمان قسەی لەگەڵ فریادی برایو قاچاخچییەكەش كردووە.
فەرمانی وتی "ئەوكاتەی كە سەركەوتن قاچاخچییەكە بە منی گوت: 53 كوردن، جگە لە عەرەب"، قاچاخچیی نێوان توركیا-یۆنانی ئەو گەشتە، خەڵكی قەزای ڕانیەیەو فەرمان دەیناسێت.
"براكەم ئیشی هەبوو خانوی هەبوو ئۆتۆمبێلیشی هەبوو، دەیویست ژیانێكی جوانترو شایستەتر بۆ خۆیو منداڵەكانی فەراهەم بكات، هەرچەندە پێموایە ئەوروپا ئەو ژیانەی لێ نییە، من خۆم 10 ساڵ لە بەریتانیا بووم ئەوەشم زۆر بۆ ڕوونكردەوە كە ئەوروپا ئەو ژیانەی لێ نییە، بەڵام گوێی نەگرتو دەیگوت ئەوێ خۆشە" فەرمان وای وت لەبارەی هۆكاری ڕۆیشتنی خێزانی براكەی.
كەسوكاری كۆچبەران لە چاوەڕوانیی هەواڵێكدان
ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەریی لە درەنگانێكی شەوی 22-12دا لایڤێكی دیكەی لە فەیسبوك كردەوەو لەبارەی ئەو ڕووداوەوە قسە دەكاتو پێیوایە، لەبەرئەوەی یۆنان هەواڵی لەبارەی ئەو كۆچبەرانە بڵاونەكردووەتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت كە "یۆنان كۆچبەرەكانی ڕزگاركردووە، بەڵام شاردوونیەتەوەو دەیەوێت بە نهێنیی بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئاوەكانی توركیا، چەند ڕۆژێكی دیكەش بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە كوردە ئەوەش دەخاتەڕوو، لەكاتی ڕووداوەكەدا هاوكات لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی یۆنان، "یوئێنیشمان ئاگادار كردەوە، بەڵام هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو، یوئێن وتی: پۆلیس ئاگادارە؟ وتم بەڵێ، ئیتر ئەوان بێدەنگییان لێ كرد. كاتێك پۆلیسی یۆنان كەسێك ڕزگار دەكات ڕێگەنادات كەس پێی بزانێت".
تائێستا هیچ هەواڵێكی فەرمیی لەبارەی چارەنووسی ئەو كۆچبەرانە نییە، بەڵام لە لایڤەكەی ڕەنج پشدەریدا(22-12) كە بینەرێكی زۆری هەیە لەكاتی ڕووداوەكانی پەیوەست بە كۆچبەران، كەسێك پەیوەندیی بە ڕەنجەوە دەكاتو دەڵێت "هاوڕێیەكی خۆم لەناو یەختەكەدا بوو، كەمێك پێش ئێستا تەلەفۆنی بۆ كردم بەگریانەوە قسەی كردو تەنها ئەوەندەی وت، من بەدزییەوە قسە دەكەمو مۆبایلو شتەكانیان لێ سەندوین، ئێمە گیراوین 70 كەسین كەوتینە ئاوەكەوەو بەپەلە هەلیكۆپتەرهات و پۆلیسی یۆنان ڕزگاری كردینو هیچ كێشەمان نییەو سەلامەتین، چاوەڕێدەكەین بمانگەڕێننەوە بۆ توركیا".
بەڵام ماڵپەڕی گاردیانی بەریتانی لە 22-12 لە زاری دەسەڵاتدارانی یۆنانەوە بڵاویكردەوە "پێشبینی دەكرێت دەیان كەس بەهۆی نوقم بوونی بەلەمێكەوە كە نزیكەی 50 كەسی هەڵگرتووە گیانیان لەدەستدابێت لە كەناراوەكانی دورگەی فۆلیگاندرۆس".
بەرپرسی ئێشكگری كەناراوەكانی یۆنان، دەڵێت "دوای 24 كاتژمێر لە پڕۆسەی ڕزگاركردن كە درەنگانێكی شەوی سێ شەممە(21-12) دەستی پێكرد، پێشبینی ناكەین هیچ ڕزگاربوویەك بدۆزینەوە".
نیكۆس كۆكالاس وتەبێژی ئێشكگری كەناراوەكانی یۆنان دەڵێت "هەوڵەكانمان بەردەوام دەبێت، بەڵام ئاوەكە زۆر ساردەو زۆر قوڵە بۆیە بە تێپەڕینی هەركاتژمێرێك ئەگەری مانەوەی كەسێك لە ژیاندا كەمتر دەبێتەوە"، دەشڵێت "ترسمان لەوەیە نەیانتوانیبێت بێنە دەرەوەی بەلەمەكەو بە بەلەمەكەوە چووبنە قوڵایی ئاوەكەوە".
ئەم تراژیدیا نوێیە لەكاتێكدایە، بڕیارە شەممە(25-12) تەرمی 16 كۆچبەرە كوردەكەی ناو بەلەمە ژێرئاوكەوتووەكەی نۆكەندی ئینگلیز بگەڕێندرێنەوە هەرێمی كوردستان.
لەگەڵ ئەو كارەساتو تراژیدیا بەردەوامانەی تووشی كۆچبەران دەبن، بەڵام هێشتا زۆر كەس لە هەرێمی كوردستانەوە دەیانەوێت كۆچ بكەنو ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە، بۆئەوەش قەیرانەكانی هەرێم بە پاڵنەری گرتنەبەری ڕێگای كۆچ دەزانن.