نەوەی نوێ و ئیمتیداد؛ دەیانەوێت شەڕی نەتەوەیی بۆ شەڕی دەسەڵات بگۆڕن

07-01-2022 01:07
عەلا ڕوكابی‌و شاسوار عەبدولواحید لەكاتی واژۆكردنی هاوپەیمانیی نێوانیان

پەرەگراف- فەرمان سادق

دوو هێزی پەرلەمانیی لە عێراق؛ دەیانەوێت بازنەی نەتەوەیی و مەزهەبی تێبپەڕێنن، تا پێكەوە لە بەرەیەكی هاوبەشدا "شەڕی دەسەڵات" بكەن.

لە بەغدای پایتەختەوە، 14ـی كانونی یەكەمی 2021 هەریەك لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتیداد هاوپەیمانییەكیان بەناوی "لە پێناو خەڵك" ڕاگەیاند بە كۆكردنەوەی 28 پەرلەمانتاری داهاتووی عێراق لەو چوارچێوەیەدا، 9 پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌و 9ی ئیمتیداد، ئەوانی دیكە ناوەكانیان ئاشكرا نەكراوەو دەڵێن، كاندیدە سەربەخۆكانن.

پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە لە نێوان هێزێكی كوردیی‌و عەرەبیی یەكەمجارە لە پەرلەمانی عێراقدا ڕوودەدات، ئەو دوو ھێزە ھەردووكیان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و نزیك لە شەقامی ناڕازین، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی ھێزە كوردییەكە سەرۆكایەتیی ھاوپەیمانییەكە دەكات، جوڵانەوەكەی شاسوار موفاجەئەی ھەڵبژاردنەكەی ١٠ی ئۆكتۆبەر بوو لە كوردستان، كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ سێ ھێندە زیادی كرد، ئیمتیدادیش یەكەمجارە دەچێتە پەرلەمانی عێراق.

نیسان عەبدولڕەزا ساڵحی، پەرلەمانتاری (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك) لە پشكی ئیمتیداد بۆ پەرەگراف وتی "هاوپەیمانییەكە هیچ خاڵێكی نهێنیی نییە، هیچ هێڵێكی سووری لەسەر هیچ شتێك نییە، هەروەك ناچینە ژێرباری هیچ لایەنێك و دژایەتی هیچ كەسێكیش ناكەین لەسەر حیسابی كەسێكی تر، ڕوانگە و ئامانجمان یەكە، وەك یەك تیم لەناو پەرلەمان كار دەكەین".

هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵك" بەشداری حكومەت ناكەن و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن خۆیان ناساند.

مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی پێیوایە ئەو هاوپەیمانییە دەریخست چیتر لایەنە عێراقییەكان لەچوارچێوەی مەزهەبی و نەتەوەییدا خۆیان قەتیس نەكردووە، هاوكێشەی سیاسی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بەرەو ئەوە دەڕوات عێراق ببێتە دەوڵەتی هاووڵاتی، ئیتر خەڵك بێزار بووە لە هاوكێشەی پێشتر.

جگە لە نەوەی نوێ، هیچ هێزێكی دیكەی كوردی لەو هاوپەیمانییەدا بەشدارنین، هەریەك لە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كە كورسییان لە پەرلەمانی داهاتوی عێراق بەدەستهێناوە، تائێستا ڕێكنەكەوتوون هەموویان پێكەوە بە یەك تیم لە بەغداد بچنە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووەوە.

بەبڕوای مەسعود عەبدولخالق پێویست بوو نەوەی نوێ و هێزەكانی تری دەرەوەی پارتی و یەكێتی لەئاستی كوردستان هاوپەیمانێتییەك پێكبهێنن، تا جیا لە پارتی و یەكێتی بچنە بەغدا و گفتوگۆ لەسەر بەشداریكردن لە حكومەتی نوێی عێراق بكەن، بۆیە هاوكێشەكە وەها دەردەكەوێت هەم نەوەی نوێ و هەمیش ئیمتیداد "دوو هێزی بێ كەسن".

"بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا بوونی باشترە لە نەبوونی، ئەوەیشی جێی سەرنجە خۆیان وەك ئۆپۆزسیۆن ناساند كە ڕەنگە ئەوە بۆ ئیمتیداد باش بێت، بەڵام بۆ نەوەی نوێ نا، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندی پارتی و یەكێتی دایە و خەڵك پێی خۆشە ئەو هێزانە لە بەغدا پێگە و ڕۆڵیان هەبێت، ئەوانە هەمووی خوێندنەوەی جیاوازن بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دەكرێت و لە داهاتووشدا دۆخەكە زیاتر ڕوون دەبێتەوە" مەسعود عەبدولخالق بۆ پەرەگراف وای وت.

بزوتنەوەی ئیمتیداد؛ لەلایەن عەلا ڕوكابی سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەو پزیشكێكی گەنجی عێراقییە و خەڵكی ناسریەیە، بزووتنەوەكەی لەهەناوی خێمەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی 2019ـی بەغدا و ناسرییە و شارەكانی ترەوە دروستكردووە، لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ توانییان 9 كورسی بەدەستبهێنن.

ڕوكابی لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكەیدا لەگەڵ نەوەی نوێ لە بەغدا ئاشكرایكرد، ویستی ئەوەیان هەیە لە داهاتوودا ببنە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتەی 18 ساڵە حوكمی عێراق دەكات، "هیوادارین لە خولەكانی داهاتوودا كورسی زیاتر بەدەستبهێنین بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات".

هاوكات شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی هاوپەیمانییەكە، وتی "ئامانجەكانی ھاوپەیمانییەكە ئامانجی گەل و تەواوی خۆپیشاندەرانە"، وتیشی "مووچەی هەرێم و هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە بە سوپای عێراق، ماددەی ١٤٠ و چارەسەركردنی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان لە بنەماكانی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵكدان".

شەڕی پێكهێنانی حكومەت لەنێو لایەنە شیعەكاندایە، بەتایبەت ڕەوتی سەدر وەك خاوەنی زۆرترین كورسی و ئەو لایەنانەی دیكەی ڕۆڵی سەرەكییان لە حەشدی شەعبیدا هەیە و بە نزیكتر لە ئێران هەژمار دەكرێن؛ وەك هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا.

ئەحمەد ئەبیەز، چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێت، هیچ هێزێك ناتوانێت خۆی بكاتە خاوەنی "شۆڕشی تشرین"، بۆیە بزوتنەوەی ئیمتیداد "ناتوانێت ببێتە نوێنەری ڕاستەقینەی شۆڕشی تشرین و دژایەتی ئێران و نفوزی ئێران لە عێراق بكات، بەڵام هەرچی نەوەی نوێیە ئەوا ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینەیەو ڕەگی ئۆپۆزسیۆنبوونیش لە كوردستان هەیە كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنداریەتی لێدەكرد".

ئەبیەز خۆی یەكێك بوو لە دەنگە جیاوازەكانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 و ڕۆژانی دواتر كە بەهۆی هەڕەشەوە عێراقی بەجێهێشت.

"دەبێت ئەو هاوپەیمانێتییە زیاتر خۆیان بناسێنن، لەبەردەم گوشارەكانی دەسەڵات خۆڕاگربن، چونكە دەرفەتێكی باشیان لەبەردەمدایە ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە، بەو مەرجەی بەرگەی ئەو گوشارە گەورەیە بگرن كە لە داهاتوودا دەكرێتەسەریان" بەوتەی ئەحمەد ئەبیەز.

هاوپەیمانێتییەكەی نەوەی نوێ و ئیمتیداد پەیمانی شەرەفی واژۆكردووەو لە خاڵێكیاندا بەڵێندەدەن هەموان لەناو هاوپەیمانییەكەدا بمێننەوە، خاڵێكی دیكەی بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆن و خاڵێكیشی بۆ ئەوەیە كار بۆ خۆیان نەكەن و لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكدا هەوڵبدەن.

هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ بە پەرەگراف-ـی وت، ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئیمتیداد بە پێداگری نەوەی نوێ بووە تا بەشداری دەسەڵات نەكەن و ببنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كاریگەر، "لەم خولە و خولی ڕابردووش پێشنیازی پێدانی پۆستی وەزیر بە نەوەی نوێ كراوە، بەڵام ڕەتمانكردۆتەوە، چونكە ئێمە بۆ پۆست و پارە ناچینە بەغدا".

جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمە دووەم خولە بچێتە پەرلەمانی عێراق، لە خولی ڕابردوودا توانی سێ كورسی بەدەستبهێنێت، بەڵام دوای گەیشتنیان بە پەرلەمان، لیستەكە لەبەریەك هەڵوەشاوەیەوە‌و تووشی كێشەی ناوخۆیی بوون.

مەسعود عەبدولخالق دەڵێت، هەبونی میساقی شەرەف لەنێوان كورد و عەرەب زۆر گرنگە، بەو مەرجەی میساقەكە ڕوون و ئاشكرا بێت، چونكە كورد و عەرەب خاوەنی دوو دونیابینی زۆر جیاوازن، "دەڵێن ڕێككەوتنمان هەیە، بەڵام ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكە دیار نییە چۆنە، هەریەكە لە نەوەی نوێ و ئیمتیداد مەركەزی سیاسییان لە كوردستان و بەغدا لاوازە".

ئەو چاودێرە سیاسییەی هەرێمی كوردستان پێشیوایە، حزبی دەسەڵاتداری كوردستانی و عێراقی كێشە بۆ ئەو هاوپەیمانێتییە دروستدەكەن و ناهێڵن ببنە خاوەنی دەنگێكی جیاواز، هەموو جۆرە گوشارێكیان دەخەنەسەر، "ئەمەش وایكردووە میساقی شەرەفی مانەوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتییەكە واژوو بكەن".

ئەو هاوپەیمانێتییەكە هێشتا بەرنامەو پرۆگرامیان دەربارەی ئەولەویەتی كارەكانیان لە پەرلەمان بڵاونەكردۆتەوە، تەنیا ئەوەنەبێت كە خۆیان بەهێزێكی ئۆپۆزسیۆن دەزانن.

نیسان عەبدولڕەزا ساڵحی وتی "لەسەر ئامانجەكان گەیشتینە ڕێككەوتن كە بەیەكەوە لە هاوپەیمانیەتی لەپێناو خەڵك كار بۆ هەموو عێراقییەك بكەین لە كورستانەوە تا فاو، ئێمە هەرێمی كوردستان بە بەشێك لە عێراق دەزانین و لەم ڕوانگەیەوەش بەهەمان ڕۆحیەت لە پەرلەمانی عێراق كار بۆ داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، وەك چۆن بۆ دانیشتووانی هەموو پارێزگاكانی تری عێراق دەكەین".

سەبارەت بە چۆنیەتی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا بە تایبەت ئەوانەی لە بەرژەوەندی كورددایە، ئەندامەكەی ئیمتیداد لە هاوپەیمانییەكە دەڵێت، نووسینەوەی پڕۆژەیاساكان لەنێوان خۆیاندا پێشوەختە ڕێككەوتنی لەسەر دەكەن، تا ئەولەویەت دیاریبكەن و ئەوەی زەروورە پێشبخرێت.

"بێگومان هەموو ئەو پڕۆژانە پێشكەش دەكەین كە نەوەی نوێ لەناو هاوپەیمانێتییەكە پێشكەشی بكات و پەیوەست بێت بە داخوازییەكانی كورد" بەوتەی نیسان.

نەوەی نەوێ جاری پێشووش نە لە عێراق و نە لە هەرێم بەشداریی دەسەڵاتی نەكرد.

وتەبێژی نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە، ئەوان دەمێكەیە پڕۆژەكانیان پێشكەشی پارتی و یەكێتی كردووە تا گفتوگۆی بەشداری لە حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو پڕۆژەیە بێت، كە خۆی لە "پرسی موچەی فەرمانبەران و هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ سەربازانی سوپای عێراق و پرسی مادەی 140 دەبینێتەوە"، بەڵام "پارتی و یەكێتی بۆ پۆست دەچنە بەغدا بۆیە تائێستا وەڵامی نەوەی نوێیان نەداوەتەوە".

كورد لە پەرلەمانی داهاتودا كورسییەكانی زیادیكردووە و خاوەنی 63 پەرلەمانتار دەبێت لە كۆی 329 كورسیی پەرلەمان.

"دۆخی عێراق لەلایەن هێزە تەقلیدییەكانەوە كۆنتڕۆڵكراوە، بۆیە هەر هێزێك بیەوێت لەو چوارچێوەیە بچێتە دەرەوە ئەوا باجی گەورە دەدات، ئەو هاوپەیمانێتییەش كە دەیانەوێت لەو چوارچێوەیە بچنە دەرەوە ئەوا دەبێت بەرگەی ئەو گوشارانە بگرن"، ئەحمەد ئەبیەز وتیشی "زەحمەتە ئەو حزبە گەندەڵانەی عێراق ڕێگە بدەن ئەو هاوپەیمانێتییە بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر بتوانن ئەوە دەبنە یەكەم هەنگاوی نیشتمانی بەرەو ئایندەیەكی باشتر".

پۆستە سەرەكییەكانی عێراق، بە تایبەت سێ سەرۆكایەتییەكە تاڕادەیەك واباوە لەنێوان سێ نەتەوەدا دابەشبكرێن، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە لە 2003 بەدواوە هەر وابووە، سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد، سەرۆك وەزیران بۆ عەرەبی شیعە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننەیە.

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبوكی خۆی بڵاویكردەوە "لە ئێستا بەدواوە پۆستی سەرۆك كۆمار نەوەی نوێ یەكلایی دەكاتەوە و هیچ كام لە هێزە كوردییەكان بە بێ نەوەی نوێ ناتوانن ئەو پۆستە یەكلا بكەنەوە. نەوەی نوێ بریار دەدات سەرۆك كۆماری داهاتوو كێ بێت".

لە دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە، یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی پشكی كورد بە تایبەت سەرۆك كۆمار لە میدیادا دژایەتی یەكتر دەكەن‌و هەرلایەكیان پۆستەكە بە مافی خۆی دەزانێت.

وتەبێژی نەوەی نوێ لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوی هاوپەیمانییەكەیانەوە بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە، ئەوان دەبنە هێزی گوشار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان و كاتێك ناچنە حكومەت بەمانای ئەوە نییە نەتوانن ئیشی لەسەر بكەن، "ئەوەتا پارتی و یەكێتی 18 ساڵە بەشدارن لە حكومەتی عێراق، چییان كردووە بۆ مادەی 140؟ ئێمە دەمانەوێت لەو هاوپەیمانێتییەدا پڕۆژە بۆ هەموو ئەو ئامانجانەی لەسەری گەیشتووینەتە ڕێككەوتن پێشكەش بكەین".