بە پڕۆژەیاسای چەك؛ حكومەت ناكۆكی و گومان دەخاتە ناو پەرلەمانەوە

15-01-2022 05:39
چەك لە بازاڕی چەكفرۆشانی هەولێر. وێنە؛ سەفین حەمید/ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمەیج

پەرەگراف- فەرمان سادق

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی پڕۆژەیاسای چەكەوە ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەخاتە گومانەوەو بەرەی ناكۆكییان لەگەڵ پارتیدا بۆ دەكاتەوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران مەترسییان هەیە كە ئەگەر پڕۆژەكەی حكومەت وەكخۆی پەسەند بكرێت، دژی مافەكانی مرۆڤ‌و بۆ لێدان لە ئازادییەكان بەكاربهێنرێت.

ئەو پڕۆژە یاسایە وەك پەرەگراف بەدواداچونی بۆ كردووە؛ بە گۆڕانكارییەكی كەم لە چاو یاساكەی پێشتری چەك داڕێژراوە، تەنیا هەندێك بڕگە لەوانە؛ سزادان و تەمەن و چەند وردەكارییەكی تر دەستكاری كراوە.

یەكەم یاسای چەك نزیكەی سێ دەیە لەمەوبەر دەركراوە، بەبڕوای حكومەت هێندە كاتی بەسەردا ڕۆیشتووە پێویستی بە هەموار هەیە‌و بەو یاسایەی پێشووتر ناتوانن دیاردەی چەكداریی كۆنتڕۆڵبكەن و پێویستیان بە یاسایەكی نوێ هەیە.

یاسا نوێیەكە لە تشرینی دوەمی 2021ـدا پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی بۆ كردووە، بەڵام ناكۆكی و گومان؛ وایكردووە هێشتا دیارنییە كەی پەسەند دەكرێت.

یاساكەی جاران و پڕۆژەكەی ئێستا

یەكەم یاسای چەك؛ لە ساڵی 1993 لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی كە پەرلەمانی ئێستایە دەركراوە، بەرزترین ئاستی سزا تێیدا زیندانی هەتاهەتاییە و تەمەنی ئەوانەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان پێدەدرێت، سەرەتای گەنجێتییە.

بەپێی یاسا كۆنەكە كە هێشتا لە كوردستان كاری پێدەكرێت و لە 28 ماددە پێكهاتووە، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك بەتەمەنی 18 ساڵ بەرەوژور دەدرێت بەپێی كۆمەڵێك ڕێكار و ڕێنمایی، ماوەكەی بۆ دوو ساڵە و دەبێت لە 90 ڕۆژیشدا دوای بەسەرچونی ئەو مۆڵەتە نوێبكرێتەوە.

لە ماددەی تایبەت بە سزاكانیشدا هاتووە؛ ئەو كەسانەی چەكی مۆڵەتپێدراو بۆ كاری تیرۆر و تێكدانی ئاسایشی گشتی بەكاردەهێنن بە زیندانی هەتاهەتایی حوكم دەدرێن، ئەوانەیشی لە خۆپیشاندانەكان چەك دژی حكومەت بەكاردەهێنن سزاكەیان ساڵێك زیندانییە یان غەرامە، یاخود هەردوكیان.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف پڕۆژەیاسا نوێیەكەی چەك كە حكومەت ڕەوانەی پەرلەمانی كردووە و هێشتا دیارنییە وەك خۆی پەسەند دەكرێت یان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ یاسا كۆنەكەدا نییە لە ڕوی ڕێنمایی و ڕێكارەكان.

گۆڕانكارییە گەورەكان ئەوەیە پێدانی مۆڵەتی چەك بە دیپلۆماتكارەكان زیادكراوە، تەمەنی ئەوانەی داوای مۆڵەت دەكەن لە 18ـەوە بۆ 21 ساڵی زیادكراوە، هەروەها ماوەی مۆڵەت بۆ یەك ساڵە و دەبێت لە كۆتاییهاتنیدا بە 30 ڕۆژ نوێی بكاتەوە.

سزاكانی ئەو پڕۆژەیاسایە توندتر كراون؛ لە پاڵ زیندانی هەتاهەتایی، حوكمی لەسێدارەدانیش هەیە بۆ ئەو كەسانەی چەك بۆ كردەوەی تیرۆر و تێكدانی ئاسایشی گشتی بەكاردەهێنن، ئەوانەی قاچاخچێتی چەك دەكەن سزاكانیان لە ساڵێك تا 10 ساڵ زیندانییە، هەركەسێك تاوانی كوشتن بە چەكی مۆڵەتپێدراو ئەنجامبدات سزاكەی لە سێدارەدانە.

گومانی پەرلەمانتاران

بەبڕوای باڵانبۆ كۆكۆیی، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، یاسا كۆنەكەی چەك "زۆر زۆر لە پڕۆژە یاساكەی حكومەتی هەرێم باشترە".

ئەو گومان و ڕەخنانەی یەكێتی لەسەر پڕۆژەكە هەیبووە وایكردووە، كۆكۆیی لەسەر هەموو ماددەكانی ئەو پڕۆژەیە قسەی هەبێت، پێشیوایە پاساوی حكومەت بۆ ڕەوانەكردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەوەیە كە یاساكەی 1993 وەك پێویست جێبەجێنەكراوە و دەیانەوێت بەو یاسایە كۆنتڕۆڵی چەكی بێ مۆڵەت بكەن.

"ماڵی كورد نییە چەكی تێدانەبێت، لە پاشكۆی یاسایەكەدا هاتووە كە دەرهێنانی مۆڵەتی چەك 100 هەزار دینارە و نوێكردنەوەی بەشێوەی ساڵانەیە كە 80 هەزار دینارە، تەنانەت دووبارە دەرهێنانەوەی مۆڵەت دەبێتە 250 هەزار دینار، بۆیە ئامانجی یاساكە لێسەندنی پارەیە لە هاوڵاتیان بەڕێگەیەكی تر" باڵانبۆ بۆ پەرەگراف وای وت، ئەوەشی خستەڕوو، خەڵك خۆی چەكەكەی كڕیوە، حكومەت دەیەوێت بەناوی مۆڵەتەوە كرێی هەڵگرتنی چەك لە خەڵك بسەنێت.

زۆر ماڵی هەرێم چەكی تێدایە و حكومەتیش زیاد لە جارێك هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەك و كۆكردنەوەی ئەنجامداوە، بەڵام هیچیان دەرەنجامی نەبووە و ئەو دیاردەیەی بنەبڕ نەكردووە.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ساڵی ڕابردو لە دانیشتنێكی پەرلەماندا وتی "هەندێك ماڵ هەیە كە چەكی قورسی وەكوو تۆپ، دۆشكە، هاوەن، ئاڕ پی جی و بیكەیسیی تێدایە".

وەزیری ناوخۆ، ئامانجی حكومەتی لە دەستكاریكردنی یاسای چەك گەڕاندەوە بۆ گۆڕانكاریی لە مەرجەكانی مۆڵەتی پێدانی چەك و سزاكاندا.

تۆمەتەكانی ناو یاساكە لەوانە؛ بەكارهێنانی چەك دژی "ئاسایشی گشتی و لە خۆپیشاندانەكاندا"، بەبێ ڕونكردنەوەی زیاتر، ترسی لای پەرلەمانتاران دروستكردووە لە ئایندەدا خراپ بەكاربهێنێرێت.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی لە لیژنەی كاروباری ناوخۆ دەڵێت، ئەو پڕۆژەیە كۆمەڵێك بڕگە و مادەی لاستیكی تێدایە، "ئەمەش وادەكات پارێزەر و دادوەران یاری تێدا بكەن، چونكە یاسا دەبێت كورت و پوخت بێت و مەجالی شرۆڤە هەڵنەگرێت، تەنانەت پێناسەو پۆلێنی چەكی جەنگی و ئاگرینیش بەهەڵە كراوەو لێك جیاكراونەتەوە".

"مادەی 13ـی پڕۆژە یاساكە، لاستیكییە و دەتوانی كۆمەڵێك كەس دەستگیر بكەیت بە پاساوی ئەوەی گروپی تیرۆریستیین لەكاتێكدا لە هەموو ماڵێكدا چەك هەیە".

باڵانبۆ كۆكۆیی ڕەخنەیەكی دیكەی ئەوەیە تەواوی دەسەڵات لەو پڕۆژەیەدا دەدرێتە وەزیری ناوخۆ، لەكاتێكدا بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانە، "حكومەت حاڵەتی بەپەلەی بە دەرچواندنی ئەو پڕۆژەیە داوە، بەڵام هەرێم لەو ڕوەوە لە بۆشایی یاساییدا نییە، ئیتر ئەو حاڵەتی بەپەلەیە دەریدەخات مەبەستێك لەپشت دەركردنییەوەیەتی كە یاسایەكی لاستیكییە".

كۆكۆیی پێیوایە پڕۆژەیاساكە پێویستی بە لۆبییە تا لە پەرلەمان بەو جۆرەی ئێستا نەڕوات و گۆڕانكاری تێدا بكرێت، "ئەگەر پارتی بیەوێت بە زۆرینە تێی پەڕێنێت، ئەوا بە یاسای پارتی دەناسرێت و مێژوو دەینوسێتەوە كە ئەو یاسایە تەنیا بە دەنگی پارتی تێپەڕیوە".

ماددەی 13ی پڕۆژە یاساكە كە بەشێك لە پەرلەمانتاران "بە مەترسیی دەزانن"، بڕگەی یەكەمی باسلەوە دەكات هەركەسێك قاچاخچێتی بە چەكی ئاگرین یان پارچەكانی یان تفاق بكات یان دروستی بكات یان بەبێ مۆڵەت بازرگانیی پێوەبكات ئەوا بە زیندانیكردن سزا دەدرێت.

بڕگەی دووەمی ئەو ماددەیە، هاوشێوەی بڕگەی یەكەمە، بەڵام لەبارەی چەكی جەنگییەو سزاكەی دیاریكردووە كە زیندانیكردنە بۆ ماوەیەك كە لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت.

بڕگەی سێیەم كە پەرلەمانتاران بە مەترسیی دەزانن، دەڵێت "لە حاڵەتەكانی هاتوو لە بڕگەی یەكەم ‌و دووەم لەم ماددەیەدا، ئەگەر تاوانەكە بە مەبەستی ئەنجامدانی كارێكی تیرۆرستی یان تێكدانی ئاسایشی گشتی یان پاڵپشتیكردنی هەر یاخیبوونێك دژ بە هەرێم ئەنجامدرابێت، سزاكە دەبێتە لەسێدارەكان یان زیندانیكردنی هەتاهەتایی".

یاساكە ڕوونی نەكردووەتەوە مەبەستی لە "تێكدانی ئاسایشی گشتی ‌و پاڵپشتیكردنی یاخیبوون دژ بە هەرێم" چییە؟ پەرلەمانتاران ترسیان هەیە ئەم چەمكانە لە كاتی جێبەجێكردندا لێكدانەوەی خراپیان بۆ بكرێت‌و دژ بە مافی مرۆڤ بەكاربهێنرێن.

هاودەنگیی حكومەت

فراكسیۆنی پارتی بێ دودڵی لەو پڕۆژەیاسایەدا هاوڕای حكومەتە؛ جگە لەوەی گومان و ڕەخنەكان كەمدەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەدایە هێندەی دیكە سزا و ڕێكارەكانی هەڵگرتنی چەك توندتر بكرێن.

ئەرشەد لۆلانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان دەڵێت، گرنگیی پڕۆژەكە لە ڕێكخستنەوەی چەكدایە نەك تەنیا مۆڵەتدان بە هەڵگرتنی چەك، بۆیە بە دەرچوونی ئەو یاسایە "بەشێكی زۆری ئەو فرەچەكییەی لە كوردستان هەیە كەم دەكاتەوە، بەتایبەتی تاوانەكانی كە بەچەك ئەنجامدراون یان تەقەكردنی هەڕەمەكی لەلایەن هاوڵاتییانەوە".

تەقەكردن و یەكلایكردنەوەی كێشەی خێزانی و عەشایەری و حزبیش لە كوردستان خاڵە هاوبەشەكەی نێوانیان بەكارهێنانی چەكە، لە جۆری بچوكەوە و لە هەندێكیاندا تا بیكەیسیش بەكاردێت.

"ئەو پڕۆژەیە بەراورد بە یاساكەی ساڵی 1993 گشتگیرترەو گۆڕانكاری تێدا كراوە و لەگەڵ دۆخی ئێستای كوردستان گونجێنراوە" بەوتەی لۆلانی بۆ پەرەگراف.

ئەو سەبارەت بە بڕەپارەی مۆڵەت و نوێكردنەوەی چەك، پێیوایە پێویستە زیاتر بكرێن، بەڵكو ببێتەهۆكارێك هەموو كەسێك بەئاسانی نەتوانێت چەك لە ماڵەكەی خۆیدا هەڵگرێت.

"هەرچەندە واقعی كوردستان دەزانین كە كەم ماڵ هەیە چەكی نەبێت، بەڵام دەبێت یاسایەك هەبێت بۆ ڕێكخستنی، بۆیە لەگەڵ ئەوەدام سزا داراییەكانی ناو یاساكە زۆر بێت، پێدانی مۆڵەت و نوێكردنەوەكەشی زۆر بێت بۆ ئەوەی نەبێتە هاندان خەڵك چەك لە ماڵەوە هەڵگرن" ئەرشەد لۆلانی وادەڵێت.

پەرلەمانتارەكەی پارتی ئەوەشی ڕوونكردەوە بەپێی یاساكە هاووڵاتییان تەنیا بۆیان هەیە دەمانچە یان كڵاشینكۆف و ئێم فۆڕ لەماڵەوە هەڵگرن.

ساڵی 2015 وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بڕیارێكی بۆ ڕێكخستنەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك دەركردووە، بۆ سنوورداركردنی ئەو دیاردەیە، بەوەش دەسەڵاتی پێدانی ڕەزامەندیی هەبوونی دەمانچە و تاپڕ دراوەتە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان، بەڵام كڵاشینكۆف لە حاڵەتی زۆر پێویستدا، خودی وەزیر مۆڵەتی پێ دەدات.

ئەرشەد لۆلانی لە بایەخی گومانی پەرلەمانتاران، بە تایبەت لەسەر ماددەی 13ـی پڕۆژە یاساكە كەمدەكاتەوە و ڕونیكردەوە تێنەگەیشتنێك هەیە لەو ماددەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو بازرگانەی كۆمەڵێك چەك دەهێنێتە كوردستان و دەیداتە گروپێك لە خەڵك كە ئەوانیش بۆ كاری تیرۆریستی بەكاری بهێنن، ئەوا ئەوكاتە ئەو بازرگانە بەیاسای تیرۆر دەدرێتە دادگا.

"بۆیە ئەو بڕگەیە زیادكراوە چونكە لەیاسای تیرۆر بوونی نییە، بابەتەكەش باسی ئەو كەسەیە كە دەزانێت ئەو چەكەی هێناوە بۆ ئەو گروپە ئەوا ئەوان بۆ كاری تیرۆر بەكاری دەهێنن"، زیاتر وتیشی "مادەی 13 جێی مەترسی نییە بۆ ئەوانەی نایانگرێتەوە، لەگەڵ ئەمەش حیكمەت لە جێبەجێكردنیەتی".

چەك بنەبڕ دەكات یان زیاتری دەكات؟

ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان مەترسییەكی جیاوازتری لەبارەی پڕۆژەیاسای چەكەوە هەیە و پێیوایە لەبری ئەوەی دیاردەكە بنەبڕ بكات، كۆمەڵگە چەكدار دەكات.

مەترسییەكەی ئەو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە "لەمادەی پێنجەم باسی مافی هەڵگرتنی چەك دەكات كە مەرجەكان زۆر سادەن، لەوانە تەمەن كە 21 ساڵ دەستنیشانكراوەو گەنجان لەو تەمەنەدا هێشتا زانكۆیان تەواو نەكردووە" ئاشنا بۆ پەرەگراف وای وت، پێشیوایە ئەو پڕۆژەیاسایە زۆر مەترسیدارە ئەگەر وەك ئەوەی حكومەت بۆ پەرلەمان ناردویەتی دەنگی لەسەر بدرێت.

ئاشنا وتی "بە قەناعەتی من خودی پڕۆژەكە خراپە، چونكە ئەمە وادەكات بە یاسا كۆمەڵگە چەكدار بكەی، كە ئەمە نەگونجاوەو نابێت هاوڵاتیان چەكیان پێ بێت".

بەپێی ئامارە ڕەسمییەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕاپەڕینەوە تائێستا، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 هەزار و 700 مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك دەرچووە.

"لەپرسی شیاوبون بۆ ئەوانەی داوای مۆڵەت دەكەن، ئەوە ڕوون نەكراوەتەوە چۆن دەیسەلمێنی كە ئەو كەسە شیاوە یان نا؟ بۆیە مەرجەكان پڕن لە كەموكوڕی و دەرگا دەكاتەوە كە هەموو كەسێك بتوانێت چەك هەڵگرێت، هەموو هەوڵێك بۆ ئەوەیە حزب لە چەك دابماڵدرێت نەك بە یاسا كۆمەڵگە بكەی بە كۆمەڵگەیەكی چەكدار" بەوتەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان.

ئاشنا عەبدوڵا وەك ئەوانیتر دەچێتە سەر باسی ماددەی 13ـی پرۆژەكە و دەڵێت "ئەو مادەیە زۆر جێی مەترسییەو ئیتر دەسەڵات دەستكراوە دەكات كە هەر كەسێك چەكی هەبێت و دەسەڵات مەبەستی بێت ئەوا بەو ماددەیە دەیداتە دادگا"، ئاشنا مەبەستی لەوەیە دەسەڵات تاوانی تیرۆر و دژایەتی ئاسایشی گشتیی دەخاتە پاڵ.

ترس لە ئایندە

یەكگرتووی ئیسلامی مەترسییەكان زیاتر لەسەر ئایندەی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە چڕدەكاتەوە ئەگەر پەسەند بكرێت و دەڵێت، هەوڵدەدەن ڕێگری بكەن لەوەی خراپ بەكاربهێنرێت.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت، بابەتی مۆڵەتدان بەچەك و نەبونی بەدەست هەموو كەسێك و بەكارهێنانی بەشێوەیەكی ڕەها، لەو دیوەدا ئەوەی لە پڕۆژە یاسایەكەدا هەیە شتێكی باشە، بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە دەرچوونی ئەو یاسایە لەكاتێكدایە كە لە هەرێمی كوردستان "هێزێكی نیشتمانی نییە و ئەوەی هەیە یەكەی حەفتا(یەكێتی) و یەكەی هەشتایە(پارتی)".

لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەوەی ناوچەكە بەردەوام گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزی بووە، چەك یەكلاییكەرەوە و هەندێكجاریش بووەتە بەشێكی دانەبڕاو لە دەسەڵاتدارێتی و خۆنمایشكردن، بۆیە تائێستاش لە چەندین بۆنەی ڕێزلێنان و بەتایبەت لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا، دەمانچە و چەك وەكو دیاریی دەبەخشرێنەوە.

شێركۆ جەودەت بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە پرسی مامەڵەكردن بە چەك و پۆلێنكردنی تا دەگات بە سزاكان جێی سەرنجن كە سزاكەی دەگاتە لە سێدارەدان و تیرۆر، "ئەو هێزانەی حكومیی نین، بەپێی ئەو یاسایە بێت چەكەكانیان دەبێتە نایاسایی، باشە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟ ئەمە بە هێزێكی نیشتمانی دەكرێت كە تائێستا نەیانتوانیوە هێزێكی نیشتمانی بۆ پێشمەرگەو ئاسایش دروست بكەن".

جگە لە چەكی دەستی چەكداری حزب، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بازاڕی چەكفرۆشان هەن و لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییە فەرمییەكاندا مامەڵە و بازرگانی دەكەن، هەرچەندە بەلای حكومەت و دامەزراوەكانییەوە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.

"چەك دەبێت تەنیا لەدەستی حكومەتدا بێت و ئێمەش ئەوەمان دەوێت، بەڵام چۆن بەهۆی كۆمێنتێكەوە حوكمی تیرۆر دەدرێتە پاڵ خەڵك، ئەوا چەكیش كە لە زۆرینەی ماڵەكان هەیە دەكرێت سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت، بۆیە پڕۆژە یاساكە كاتەكەی و شێوازەكەی و چۆنیەتی جێبەجێكردنەكەی كێشەی تێدایە، دەمانەوێت ڕێگری بكەین خراپ بەكارنەهێنرێت" جەودەت وای وت.