بازاڕکردن بەنیوەی نرخ؛ دهۆكییەكان دەنێرێتە موسڵ

26-01-2022 03:41
بازاڕی دهۆك

پەرەگراف

كاڤین ئیسماعیل مانگی دووجار پێداویستی بۆ ماڵەوە دەكڕێت؛ بەڵام لە شارەكەی خۆی نا، بەڵكو بۆ بازاڕیكردن لە دهۆكەوە دەچێتە موسڵ.

ڕێگای بازاڕییەكەی كاڤین لە دهۆكەوە بۆ موسڵ لانیكەم كاتژمێرێكە بە ئۆتۆمبێل، تا هێندەی لە بازگەكاندا ڕێگەپێدراوە شمەك دەهێنێتەوە، لە ئاردو زەیتەوە بگرە تا نەوت و غاز، هەندێكجاریش بۆ لای پزیشك و وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی.

"بەهۆی گرانی نرخی پێداویستییەكانی ڕۆژانە لە دهۆك، مانگی جارێك بۆ دوو جار دەچینە موسڵ، لەوێ بازاڕ دەكەین و شمەكی بەكارهێنانی ڕۆژانە دەكڕین" كاڤین بۆ پەرەگراف وای وت، دەشڵێت هەر ئەو نییە و زۆرێك لە هاوڵاتیان بازاڕكردنەكەیان لە دهۆكەوە دەبەنە موسڵ، چونكە لەوێ نرخ "گونجاو و هەرزانترە".

نرخی پێداویستییەكانی ڕۆژانە لە خۆراك و سوتەمەنی لە موسڵ نیوەی نرخە بەراورد بە بازاڕەكانی دهۆك.

"بەڕاستی نرخەكانی زۆر هەرزانترە، ئەمەش وایكردوە بەشێك لە هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆك ڕوو لە موسڵ بكەن، پێموایە ئەگەر بازگەكانی ئاسایشی دهۆك ڕێگری نەكەن لە هێنانی بڕێكی زۆر، ئەوە زۆربەی هاووڵاتییانی دهۆك پێداویستیەكانیان هەر لە موسڵ دەكڕن" بەوتەی كاڤین.

ئەو نمونەی نرحی دەبەیەك زەیتی چێشتلێنان دەهێنێتەوە كە لە دهۆك بە 2500 تا 3000 دینارە بەڵام لە موسڵ هەمان پێداویستی بە 1000 تا 1500 دینارە.

ئەوە لەكاتێكدایە موسڵ بەراورد بە دهۆك وێرانەیە و هێشتا بەدەست كاریگەرییەكانی شەڕی داعش (حوزەیرانی 2014 تا تەمموزی 2017)ـەوە دەناڵێنێت.

مامۆ عومەر، پیاوێكی بە تەمەنی خەڵكی دهۆكە و دەڵێت بە درێژایی تەمەنی پێداویستی هاووڵاتییان لە موسڵ هەر هەرزانتر بووە، "هێندەی من بیرمە خەڵكی دهۆك و كوردستان بۆ بازاڕیكردن دەچنە موسڵ، هەرچەندە ئێستا باری ئەمنیی موسڵ باش نییە و ژێرخانی بنیاتنەنراوەتەوە، بەڵام لە نرخدا هەرزانە".

"لە دهۆك سەردانیكردنی دكتۆرێك بەس چوونەژوورەوە بە 20 تا 25 هەزار دینارە، جگە لە كڕینی دەرمان بە نرخێكی زۆر، لەكاتێكدا هەمان دەرمان و چارەسەر لە موسڵ كەمتر لە نیوەی نرخە، پسوڵەی بینینی دكتۆریش 7 تا 10 هەزار دینارە" مامۆ بۆ پەرەگراف وادەڵێت، نیگەرانیشە كە لە بازگەكانی هەرێمی كوردستان ڕێگەنادرێت بۆ نمونە لە فەردەیەك ئارد یان برنج زیاتر لە موسڵەوە بهێنن.

هەر خۆراك و پێداویستیی ناوماڵ نییە؛ لە چەند مانگی ڕابردووەوە ژمارەیەكی زۆر لە شۆفێران بۆ كڕینی بەنزین دەچنە موسڵ یان ناوچەكانی دیكەی نەینەوا كە نزیكن لە هەرێمی كوردستانەوە، چونكە نرخی یەك لیتر بەنزین لەوێ بە 450 دینارەو و لە دهۆك سەرووی 850 دینارە.

كاروان دۆسكی، شوفێرە و زۆربەیجار لە موسڵ تانكی ئۆتۆمبێلەكەی پڕدەكات، "بەهۆی شۆفێرانی دهۆكەوە بەنزینخانەكانی نزیكی سنوری دهۆك تەنیا 40 لیتر بە ئێمە دەدەن"، ئەو كاتێكیش هەوڵدەدات بەنزینی زیاتر بە دەبە بهێنێت ڕوبەڕوی لێپرسینەوە دەبێتەوە، "بازگەكانی دهۆك ڕێگەنادەن بە دەبە و بەرمیل بەنزین بهێنین، تەنانەت ڕێگە نادەن پێنج لیتریش بهێنین" دۆسكی وای وت.

پەرەگراف هەوڵیدا لەبارەی ڕێگریی بازگەكانەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمنیدا قسە بكات، بەڵام ئامادەبون لێدوان بدەن.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لە دهۆك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە پەرەگراف-ـی وت "ئێمە ئاگاداركراوینەتەوە نابێت سوتەمەنی داخڵی دهۆك ببێت، ئەوەش بەس بۆ دهۆك نییە و بازگەكانی هەولێریش ڕێگەنادەن"، وتیشی "هاووڵاتییان كاتێك لە موسڵ دەگەڕێنەوە گلەیی دەكەن و دەڵێن بازگەكانی عەرەب لە موسڵ ڕێگەدەدەن سوتەمەنی بهێنین، بەڵام بازگەی كورد ڕێگرن لە هێنانی پێداویستیی ڕۆژانە بەبڕێكی زۆر".

گرانیی نرخ بەراورد بە شارەكانی دیكەی عیِراق لە شار و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش نیگەرانی لێكەوتۆتەوە.

مەتین سلێمان، بازرگانێكی دهۆكە و بۆ پەرەگراف وتی "بەشێكی هۆكارەكانی گرانی پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، زۆریی نرخی بازاڕی جیهان و گومرگەكان و كرێی دوكانەكانی ناو بازاڕی دهۆك و نەبونی چاودێری پێویستە لەلایەن حكومەتەوە".

ئەو بازرگانە ڕونیكردەوە لە هەندێك شوێنی دهۆكیش، كە كرێی دوكان هەرزانترە، نرخی شمەك هەرزانە، "پێداویستی وەكو سوتەمەنی و چارەسەری پزیشكیش دەتوانرێت وەك موسڵی لێبكرێت".

تەنیا لە ساڵی ڕابردودا تیمەكانی چاودێری بازرگانی زیاتر لە سێ هەزار شوێنیان لە دهۆك داخستووە بەهۆی گرانی و هۆكاری دیكەوە.

شكری شەفیق، لێپرسراوی چاودێری بازرگانی لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "ڕاستە لە دهۆك جیاوازی نرخەكان هەیە بەراورد بە موسڵ، بەڵام لە دهۆك نرخی كرێی دوكان و شوێنەكان گرانترە، تەنانەت گەڕەك بۆ گەڕەك جیاوازی لە نرخەكاندا هەیە، ئەوەش بۆتەهۆی گرانی و ئێمە ناتوانین زیاد لە پێویست فشار بخەینە سەر بازرگان و فرۆشیاران".

خودی دهۆك ناوەندێكی بازرگانی گرنگە بۆ نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەوپێیەی دوو دەروازەی سنوریی ڕەسمیی هەیە و یەكێكیان ئیبراهیم خەلیلە لەگەڵ توركیا.

ڕەمەزان سلێڤانی، ئابوریناس بۆ پەرەگراف وتی "گرانیی نرخی پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتییان لە دهۆك دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی كێبڕكێی نێوان بازرگانەكان، چەند بازرگانێكی حیزبی هەن كە بازاڕیان قۆرغكردووە و بە كەیفی خۆیان نرخی شتومەك گران دەكەن، لەكاتێكدا چاودێری بازاڕ و بازرگانان زۆر لاوازە".

دهۆك سێیەم پارێزگای هەرێمی كوردستانە دوای سلێمانی و هەولێر لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە؛ كە زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن.

بەپێی ڕاپۆرتەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، دهۆك هەژارترین پارێزگای هەرێمی كوردستانەو ڕێژەی هەژاری تیایدا سەدا 8.6ـە، بەدوای ئەودا ڕێژەی هەژاری لە هەولێر سەدا 6.7ـە و لە سلێمانی سەدا 4.46ـە.

ئەوە لەكاتێكدایە زیاتر لە نیوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە دهۆك بەرهەم دەهێنرێت‌و نەوت سەرچاوەی سەرەكیی داهاتە.

بەپێی ئامارە ڕەسمییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، كە كەمال ئەتروشی، وەزیری ئەو وەزارەتە حوزەیرانی ئەمساڵ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا ئاشكرایكرد، لەسەدا 52 بۆ 54ی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لە كێڵگەكانی دهۆكەوەیە.

دوای دهۆك، هەولێر زۆرترین بەرهەمی نەوتی هەیە بە ڕێژەی لەسەدا 40 پاشان سلێمانی دێت بە ڕێژەی لەسەدا 6 بۆ 10.

بەوپێیەش لە كۆی نزیكەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانەی هەرێمی كوردستان، نزیكەی 250 هەزار بەرمیلی لە دهۆك بەرهەمدێت.