مەرگی ژینگە؛ لە جیاتی قیر بە پاشماوەی ڕۆن شەقامی گوندەكانی تانجەرۆ ڕەش دەكرێن

30-01-2022 04:51
ڕێگەی گوندەكانی تانجەرۆ بە پاشماوەی ڕۆن ڕەش كراوە/ 29-1-2022. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

ڕێگەی تانجەرۆ لە خۆرهەڵاتی سلێمانی بەرەو گوندەكان وەك تازە قیرتاو ڕەش دەردەكەون، بەڵام هەر ئەو ڕەشییە دەبێتە بەڵا و خەریكە وردە وردە ژینگەی پاكی لادێ لەناودەبات.

پەیامنێری پەرەگراف بۆ بەدواداچونی زیاتر لە تانجەرۆوە بەرەو گوندەكان دەڕوات؛ ئاڕاستەی شەقامە سەرەكییەكە ڕووەو گوندەكانی ئاڵیاوای سەروو و خواروو، گۆپیتە، شێخ وەساڵان و گوندەكانی دیكەی ئەو سنورەیە، هەموو ڕێگاكەش ڕەش دەكاتەوە.

بە وردبونەوەی زیاتر لە شەقامەكە و دواتر زانیاری خەڵكی ناوچەكە، دەركەوت ئەو ڕەشییە قیر نییە، بەڵكو پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە لە تانجەرۆ و لەوێ دەیڕێژن.

تەها عەبدوڵا، گوندنیشنێكی ناوچەكەیە و لەو ڕێگایەوە بۆ كاركردن دەچێتە شار، شایەتحاڵی ڕەشكردنی ئەو شەقامەیە و بۆ پەرەگراف وتی "دوو ساڵە ئەم ڕۆنە سوتاوە لەسەر جادەكان ڕۆدەكرێت، نازانم كێ دەیكات، بەڵام هەر زەوی تەڕببێت لەو شوێنانەی زۆریان داكردووە ئۆتۆمبێلەكانمان لەسەری دەخلیسكێت و دەبێت زۆر بە وریاییەوە بڕۆین، ئەگەرنا بە ئاسانی خۆت بۆ ناگیرێتەوە و تووشی ڕووداو دەبیت".

بەدواداچونەكەی پەرەگراف بەردەوامە و زیاتر دەڕوات، لەڕێگادا بەرەو گوندی گۆپیتە چەندین خانوی پلاستیكی بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیی هەن وەك سەوزەوات، كە هەندێكیان كەمتر لە پێنج مەتر دورن لەو شەقامەی پاشماوەی ڕۆنی كارگەكانی تیادا ڕۆ دەكرێت و تێكەڵ بە خاكەكەش دەبن.

باجی فاتم، خەڵكی گوندەكەیە و دەڵێت، یەكەمجار خەڵكی گوند خۆی ئەو پاشماوە ڕەشەی كارگەكانی هێناوە، گەڵابەیەكیان لە پاشماوەی كارگەكانیان بە 40 هەزار دینار دەكڕی، تا لە شەقامەكاندا ڕۆبكرێن و دواتر بڵاوبكرێنەوە، ئەوەش بۆ ڕێگری لە تەپوتۆزی هاوین و قوڕاوی زستان.

"تۆ نازانیت، ئەگەر ئەوە نەبێت تۆز و خۆڵی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەمانخوات، ئێستا ئیسراحەتمان كردووە" باجی كاتێك ئەو قسانە بۆ پەرەگراف دەكات، هیچ زانیارییەكی لەبارەی مەترسییەكانی ئەو پاشماوەیە بۆ ژینگە و كەشوهەوای گوندەكەی نەبوو.

كڕینی پاشماوە و پیسیی كارگەكان هەر ماوەیەك درێژە دەكێشێت؛ دواتر خودی كارگەكان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بێبەرانبەر ئەو پاشماوە گوند بە گوند دەگەیەنن، لە هەر شوێنێك شەقامەكە ڕەش نەبوو، هەر لەوێ پاشماوەكە ڕۆ دەكەن و دواتر گوندنشینان خۆیان بەسەر شەقامەكەدا وەك قیرتاو بڵاویدەكەنەوە.

ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و هەر گوندێك شەقامەكەی ڕەش بكاتەوە ئەوا پاشماوەی كارگە بەرەو گوندی دواتر دەڕوات.

"چەندین ساڵە لە گوند دەژیم و ڕێگەوبانەكانمان گڵە، حكومەتیش قیری ناكات، بۆیە پاشماوەی كارگە خۆڵ و تۆزی ڕێگاكەی لە كۆڵ كردوینەتەوە" مام عەلی، دانیشتوی گوندی گۆپیتە بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو دەڵێت، هەندێك شوێنی شەقامەكە لە كاتی بارانباریندا دەبێتە كێشە بۆ شۆفێران، چونكە زیاد لە جارێك پاشماوەی تێدا ڕۆكراوە و ئۆتۆمبێل لەسەری دەخلیسكێت.

ڕۆكردنی پاشماوەی كارگە لە ڕێگای گوند هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پیسبونی ژینگە و نەك هەر ڕێگەپێدراو نییە، بەڵكو بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.

كاتێك پەیامنێری پەرەگراف گوندی گۆپیتە بەرەو ناوچەكانی دیكە تێدەپەڕێنێت، ئۆتۆمبێلێكی كارگەكان دەبینێت ئەوكاتەی سەرقاڵی ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكەیەتی لە قەراغی ڕێگاكەدا، ئەوەش بە دەرفەت دەزانێت لێی بپرسێت پاشماوەكە لە كوێ دەهێنێت و لەسەر ڕاسپاردەی كێ و بۆچی لەو ڕێگایەدا ڕۆی دەكات؟ بەڵام ئەو دەڵێت، تەنیا كارمەندێكە و پێیدەڵێن پاشماوەكە لە ڕێگای گوند هەڵڕێژە.

بەوتەی ئەو شۆفێرە، كە نەیویست ناوی بهێنرێت و هیچ زانیارییەكی دیكە ئاشكرا بكات، لەبەرانبەر ڕۆكردنی پاشماوەی كارگەكانیاندا "زۆرجار گوندنشینان دەستخۆشیمان لێدەكەن و دەڵێن لە تەپوتۆز ڕزگاریان بووە".

هەر لەو ڕێگایەدا منداڵانیش بەپێ هاتوچۆ دەكەن و هەر لە ناوچەكەشدا ئاژەڵ لەو ژینگەیەدا بەخێو دەكرێت.

پسپۆڕانی بواری ژینگە ئەو كارە بە "كارەسات" ناودەبەن، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی پیسبوون و ڕاستەوخۆ كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆی ڕەگەزەكان هەیە و تێكیدەدات، لە وەرزە گەرمەكاندا بەهۆی بەتینیی تیشكی خۆر بەشێكی ئەو پاشماوەیە دەبێتە غاز و هەوا پیس دەكات، پاشماوەكەی تریشی تێكەڵ بە خاك دەبێت و لەكاتی باران بارینیشدا ڕۆدەچێتە ژێر زەوییەوە، تا تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و پیسی دەكات.

هەر ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕوەك هەیە، ڕەگەكەی ئەو پاشماوەیە وەردەگرێت، لە ڕوەكەكانیشەوە راستەوخۆ دەگوازرێنەوە بۆ جەستەی مرۆڤ و ڕەنگە ببێتە هۆی ژەهراوی بوون.

ساڵح مەجید، پسپۆڕی بواری ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "پاشماوەی پاڵاوگەكان و كارگەی ڕۆنەكان مەوادی هایدرۆكاربۆنی و توخمە قورسەكانیان تێدایە، بۆ هەر پێكهاتەیەك سنوور دیاریكراوە كە چەند ڕێگەپێدراوە بوونی هەبێت لە ئاو و هەوا و خاكدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو بابەتانە بە تەواوی پەراوێزخراون و هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت".

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی هەن، ئەو پاڵاوگانە جگە لە مەترسیداریی بەرهەمەكانیان، خۆشیان بوونەتەهۆی پیسبونی ژینگە، بەوتەی خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار"، سەرباری چەندین بڕیار بۆ داخستنیان هێشتا بەشێكیان هەر لەكاردان.

"لە وڵاتان نابێت یەك دڵۆپ لە پاشماوەی كارگەكانی ڕۆن بكەوێتە سەر زەوی، بەڵكو دەبێت بە شێوازێكی دروست و بەپێی تایبەتمەندییان ڕیسایكلین بكرێن و لەناوببرێن" بەوتەی پسپۆڕەكەی بواری ژینگە.

چەندین جار ڕێكخراوەكانی ژینگە داوای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و پابەندبوونی كارگەكانیان كردووە بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، بەڵام دۆخەكە هەر وەك خۆیەتی.

ساڵح مەجید دەڵێت "لەبەرئەوەی هێز و دەسەڵات و خاوەن بەرژەوەندییەكان دەسەڵاتیان لە ڕاو بۆچونە زانستییەكان و كەسە ئەكادیمییەكان زیاترە بۆیە باش نابێت".

بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری پەرەگراف، كاركردنی ئەو پاڵاوگە و كارگانە و پاشماوەی كارەكانیان، كاریگەریی ڕو‌ون‌و دیاری هەیە لەسەر ئاو و هەواو خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەت‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە، شاراوە نییەو چەندینجار باسكراوە.

بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی سلێمانی پاساوی ئەوەیە توانای قیرتاوكردنی ڕێگەوبانی گوندەكانیان نییە، كە خەڵكەكەی "لەبەر نەبونی قیرتاو و بە ناچاری پاشماوەی كارگەكان بەكاردەهێنن".

محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی، بۆ پەرەگراف باسی لەوە كرد، ئاگادارە كە ئەو ڕۆنە ڕەشە لەسەر شەقامی ئەو گوندانە ڕۆكراوە، وتی "لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە ڕێگری لێ بكەین و ئەوە كاری شارەوانی و ئەو بەرپرسە ئیدارییانەیە كە لەو سنوورە باڵا دەستن".

بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ كە ئەو گوندانە سەر بەو ناحیەیەن و بەرزترین دەسەڵاتی ئیداریی سنورەكەیە، بە پەرەگرافی وت "پاش بەدواداچوون لە ئەنجومەنی گوندەكانەوە بۆمان ڕونبووەتەوە ئەو پاشماوەیەی لە شەقامی گوندەكان ڕۆدەكرێت پاشماوەی ڕۆنی سووتاوی كارگەكانەو گوندنشینان لێی ناڕازیی نین".

عوسمان ئەنوەر بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ، ئاماژەی بەوە كرد، زۆربەی جادە و كۆڵانەكانی ئەو ناوچەیە قیرتا و نەكراون و هاووڵاتیان بێزاربوون لە دەست تەپوتۆزی هاوین و قوڕ و لیتەی زستان، وتیشی "بۆیە ئەگەر بزانم پاشماوەی چ كارگەیەكە خۆم داوایان لێ دەكەم لە جادەو كۆڵانی ناوچەكانی تری سنووری ناحیەی بەكرەجۆ بیڕێژن و بڵاوی بكەنەوە".

بوونی ژمارەیەك كارگەو پاڵاوگەی نایاسایی لە تانجەرۆ، بەوتەی بەڕێوەبەری ڕیگاوبانی سلێمانی "زۆر زیانی لە ژینگەو ڕێگەوبانی ناوچەكە داوە بە شێوەیەك لە چەند ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبان بۆ ئەو ناوچەیە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەو پاڵاوگەو كارگانەوە نەمانتوانیوە جێبەجێی بكەین".

محەمەد جەلیل، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا حكومەت بودجەی نییە، ئەو پلانەی بۆ چاككردن و قیركردنی ڕێگەوبانی گوندەكان پێشكەشی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی دەكەن جێبەجێ ناكرێن و ژمارەیەكی كەمیان بودجەیان بۆ خەرج دەكرێت.

گوندنشینان بۆ ڕزگاربوون لە تۆز و خۆڵی ڕێگەوبانەكان، ڕازیی و دڵخۆشن بە هەڵڕشتنی پاشماوەی ئەو كارگانە؛ بێ ئاگا لەوەی ئەو پاشماوەیە زیان بە ئاو و هەوا و خاكی گوندەكانیان دەگەیەنێت، لەكاتێكدا حكومەت هیچ پلانێكی ڕوونی نییە بۆ تێكەڵەڕێژكردن و قیرتاوی ڕێگەی گوندەكان تا بەر بە پیسبونی ژینگە بگرێت.