پەرەگراف- فەرمان سادق
تاڵاوی دوریی لە منداڵ؛ هێندەی دیكە لە ئازارەكانی بێریڤان ئەیوب زیاتر دەكەن، كە 17 مانگە "لەژێر هەڕەشە و فشاری زۆردا" ڕۆژەكانی لە زینداندا بەسەردەبات، بێ ئەوەی دادگایی بكرێت.
"رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، دەستەی مافەكانی مرۆڤ و پەرلەمانتاران سەردانیان كردووم، لە هەموویشیان داوامكردووە منداڵەكانم ببینم و پارێزەرەكەم ببینم، بەڵام هیچی جێبەجێنەكراوە" بێریڤان لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو بارودۆخەی بێریڤان هەریەك لە دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك رێكخراویش بە وردی لێی ئاگادارن.
بێریڤان لەم مانگەدا سێجار پەیوەندی بە پەیامنێری پەرەگراف-ـەوە كردووە، تا رایگشتی لەگەڵ دۆسیەكەیدا هاوسۆزبن و لە فشارەكانی سەری كەمبكەنەوە، بە تایبەت بینینی منداڵەكانی و پارێزەر، تا بەزویی دادگایی بكرێت و چارەنوسی یەكلاییبكرێتەوە.
"من ماوەی 17 مانگە بێتاوان زیندانیكراوم" بێریڤان بە جەختكردنەوە لە بێتاوانی خۆی زیاد لە جارێك وای وت.
بڕیاربوو لە 14ـی شوباتی ئەمساڵ، كە هاوكاتی رۆژی خۆشەویستی بوو ئەویش دادگایی بكرێت، بەڵام لەبەرئەوەی كوڕی دادوەری دادگاییەكە توشی روداوی هاتوچۆ بوو، پڕۆسەكە بۆ 28ـی ئەم مانگە دواخراوە.
بێریڤان ئەیوب، خۆی وەك چالاكوانی مەدەنی دەناسێنێت و یەكێكە لە دەستگیركراوانی بادینان؛ لە چوارچێوەی ئەو دەیان چالاكوان و رۆژنامەنوس و هاوڵاتییانەی لە پارێزگای دهۆك ساڵی 2020 دەستگیركران، هێشتاش دۆسیەی بەشێكیان ئاوا بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.
بەپێی ماددەی یەكی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی هەرێمی كوردستان تۆمەتباركراوە كە تایبەتە بە تێوەگلان لە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری، سزاكەیشی لە نێوان بەندكردنی كاتیی تا زیندانی هەتاهەتاییدایە.
بەشدار حەسەن، پارێزەری بەرگریكار لە بێریڤان بۆ پەرەگراف وتی "لە دۆسیەكەیدا نوسراوە ویستویەتی كونسوڵخانەی توركیا بتەقێنێتەوە، بۆیە چاوەڕێدەكەن لە 28ـی ئەم مانگەدا بە ساڵێك و سێ مانگ حوكمبدرێت، بەوەش ماوەی دەستبەسەركردنەی هەژماردەكرێت و یەكسەر ئازاد دەكرێت".
بێریڤان ئەیوب حەوت جار مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە تا زوو دادگایی بكرێت.
"لە لێكۆڵینەوەشدا زۆر توندوتیژ بوون و ناچاریان كردم دان بە شتی ناڕاستدا بنێم لەسەر خۆم كە كارێكە و نەمكردووە، بۆیە لەژێر هەڕەشەی ئەوەی كە تا ماوم ناهێڵن چاوم بە منداڵەكانم بكەوێت، دانپێدانانیان پێكردم، بەڵام هەر ڕێگەیان نەدا چاوم پێیان بكەوێت" بێریڤان دەڵێت، تائێستا نەیتوانیووە پارێزەرەكەی ببینێت و "لە هەموو مافەكانم بێبەشكراوم"، ئەو بۆ پەرەگراف جەختی لەو قسانەی كردەوە.
بێریڤان لە دایكبوی ساڵی 1986ـە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە دەكات، بەڵام دوای ساڵێك وازدەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، لەوێ ژیانی هاوسەرێتی پێكدەهێنێت، دایكی پێنج منداڵە و كوڕە گەورەكەی تەمەنی 16 ساڵە، كاتێك دەكەوێتە زیندان، پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەكەیدا تێكدەچێت و هەر لە كاتی دەستبەسەریدا، پەڕاوی جیابونەوەی پێدەگات و جیادەبنەوە.
منداڵەكانی لای باوكیانن و 17 مانگە نەیتوانیوە بیانبینێت.
مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ كە سەرەتای ئەم مانگە سەردانی گرتووخانەی چاكسازی كردووە بۆ دیداری بێریڤان ئەیوب و زیاتر لە كاتژمێرێك گفتوگۆیان كردووە بۆ پەرەگراف وتی "پێموت وەك دەستە چۆن خزمەتت بكەین لە دیوی مافی مرۆڤەوە، چونكە پرسی تاوانباركردنی ئیشی دادگایە، بێریڤان داوایكرد تەنیا دەیەوێت منداڵەكانی ببینێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەیتوانیوە بیانبینێت، بەهۆی كێشەی نێوان خۆیی و پیاوەكەی كە لەیەكتری جیابونەتەوە".
"بێریڤان وتیشی لەژێر هەڕەشەدا دانپێدانانم وەرگیراوە، بەڵام ئاسایش رەتیدەكاتەوە، كێشەكە ئەوەیە هیچ بەڵگەیەك نییە بۆیە بێریڤان دەتوانێت لەبەردەم دادوەر ئەو پرسە باس بكات، رەنگە بەوشێوەیە شتێكی بۆ بكرێت" بەوتەی یاقو.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسا بەرەكارەكانی هەرێمی كوردستان نابێت هیچ تۆمەتبارێك لەژێر هەڕەشەدا دانپێدانانی وەربگیرێت و دانپێدانانیش كاتێك پەسەند دەكرێت، بە زۆرەملێ نەبێت.
پارێزەری بەریگار لە دۆسیەكەی بێریڤان دەڵێت، ھێشتا رێگەنەدراوە بێریڤان واژۆ لەسەر پەڕاوی بریكارنامەكەی بكات، "هێشتا دۆسیەكەمان نەخوێندۆتەوە، رەنگە لە 28ـی مانگ دادوەر كاتژمێرێك مۆڵەتمان پێبدات بۆ تەماشاكردنی دۆسیەكە" ئەو پێیوایە لە راگرتنی ناوبراوەوە تا وەرگرتنی وتەكانی یاسایی نین، چونكە پارێزەری ئامادەنەبووە و دەتوانێت لە دادگا وتەكانی رەتبكاتەوە.
بەپێی یاسای بنەما دادگاییەكانی سزایی لە عێراق كە لە هەرێمیش بەركارە، نابێت لە هیچ حاڵەتێكدا راگرتن و دەستبەسەركردنی تۆمەتبار شەش مانگ تێپەڕێت، مەگەر بە بڕیاری دادگا وادەكە درێژبكرێتەوە.
سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ، كە خۆی دكتۆراكەی لەسەر یاسایە، پێیوایە راگرتنی بێریڤان ئەیوب بۆ 17 مانگ و دواخستنی ئەو ماوەیە دادگاییكردنی یاسایی نییە، ئەو بابەتەش لەگەڵ ئاسایش و زۆر لایەنی تر باسكراوە، بەڵام هۆكاری دواكەوتنی دۆسیەكان كەمی دادوەرە "دەبێت چارەسەر بكرێت چونكە دادوەری نوێ دامەزرێنراون".
مونا یاقو دەڵێت لە 9ـی ئەم مانگەدا چاوی بە عیسمەت ئەرگوشی، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم كەوتووە و وتویەتی بێریڤان مافی خۆیەتی پارێزەری بەرگری هەبێت و بریكارنامەیان بۆ بكات، "تائێستا نازانم رێگە بە پارێزەرەكان دراوە یان نا".
نەهامەتی زیندان20 كیلۆ لە كێشی بێریڤان كەمدەكاتەوە، لە 70ـەوە بۆتە 50 كیلۆ، توشی چەندین نەخۆشی دیكەی وەك شەكرە و لاوازی بینینیش بووە.
"پێموایە كەیسەكەم بە سیاسی كراوەو ئەوەی دەكرێت شەڕێكی دەروونییە"، بێریڤان دەڵێت "كە مان دەگرم هەڕەشەم لێدەكەن، تەنانەت رێگەنادەن كەسوكارم سەردانم بكەن".
سەرەتای دەستگیركردنی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە ژوری تاكەكەسی و تاریكدا بووە، ئێستا لە ژورێكی قەرەباڵغدایە و لە شوێنی مانەوەی رازی نییە.
بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "هێندەی سەرنجی دۆسیەكەییم داوە و دیومە، هیچ تاوانێكی دیاریكراوی لەسەر نییە، راشكاوانە بڵێم زوڵمی لێكراوە".
بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، داوا لە لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمان كراوە چاوی بە بێریڤان بكەوێت، بەڵام ئەوان لە زیندان چاویان بە بەندییەكی تر كەوتووە كە هەر ناوی بێریڤان بووە، بەڵام دواتر هەریەك لە بەدریە ئیسماعیل و روپاك ئەحمەد ئەندامانی لیژنەکە بۆ ماوەی 40 خولەك چاویان بە بێریڤان ئەیوب كەوتووە.
"بێریڤان چالاكوانێكی مەدەنی بووەو داوای قوتی خەڵكی كردووە، جگە لە چالاكوانیش كرێكاریش بووە لە یەكێك لە چێشتخانەكان.. ئەو وتی پیلانێك دانراوە لە یەكێك لە گروپەكان و داوایانلێكردووە بێتە تێرمیناڵی هەولێرو لەوێش دەستگیر دەكرێت، ئیتر ساڵیادی لەدایكبونی منداڵەكەی بوو بە كابووس بۆ منداڵەكە كە دایكی نەگەڕایەوە كێكی بۆ ببات" بەدریە وادەڵێت.
هەروەها جەختیكردەوە هەمان تۆمەتی چالاكوان و رۆژنامەنووسانی دیکەی بادینان روبەروی كراوەتەوە، "هیچ یاسایی نییە 17 مانگ لە زیندان بێت و دادگایی نەكرێت، بە پاساوی نەبونی دادوەر، دەیان و سەدان دۆسیە هەن تیایاندایە چوار ساڵە راگیراوە و نەدراوەتە دادگا".
هیچ یەكێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان و دهۆك بە یاسای كاری ڕۆژنامەگەری یان یاسای خۆپیشاندان یاخود خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ڕوبەڕوی دادگا نەكراونەتەوە.
چڕبونەوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانان دوای خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی هات لە 19ی ئابی 2020 كە لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس برینداربوون.
لە دوای ئەو خۆپیشاندانەوە دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاكوان و هاوڵاتی دەستگیركراون، هەریەكەیان بە تۆمەتێك، زۆرینە بە پاساوی "تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی" ڕوبەڕوی دادگایی كراونەتەوە، لە نێویاندا پێنج كەسیان ناوەڕاستی شوباتی 2021 بە شەش ساڵ زیندانی حوكمدران و سزاكەیان كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.
"ئێمە لە خانەوادەیەكی شۆڕشگێڕین، باوكم و براكانم هەمیشە خەباتیان بۆ سەربەخۆیی گەلەكەیان كردووە، ئامادەم قوربانی زیاتر بدەم و ئەوانەیشی بە ئازادی دێنە دونیاوە ئەوا زیندان لەبەردەمیاندا تەنیا وێستگەیەكی كاتییە، بۆیە لێرەش من هەر بە ئازادی دەژیم" بێریڤان ئەیوب وای وات.