سلێمانی بە دەست قەیرانەوە گیرۆدەیە

27-02-2022 01:53

پەرەگراف- هەڤاڵ غالب

"50 ساڵم تەمەنە، رۆژێك نەبووە كێشە و قەیرانێكمان نەبێت؛ رۆژێك موچە و رۆژێك نەوت و رۆژێك غاز، هیچ قەیرانێك نەماوە ئارامگرتنی ئێمەی پێ تاقینەكرێتەوە" عادل غازی، لە بارەی بارودۆخی سلێمانییەوە وادەڵێت.

ئەو هاوڵاتییە كاتێك پرسیاری كێشەكانی پارێزگای سلێمانی لێدەكەیت، هێندە نیگەرانە نازانێت باسی كامیان بكات، توڕەیە و پێیوایە هەرچی بارگرانیی هەیە خراوەتە سەر شانی میللەت، لەكاتێكدا میللەتیش بێدەنگن.

عادل بۆ پەرەگراف وتی "پێنج ساڵ قەیرانی موچە بوو، خەڵك لەوپەڕی ناڕەحەتیدا دەژیا، ئێستاش كە تاڕادەیەك موچەكەیان چاككردووە كۆمەڵێك قەیرانی تریان دروستكردووە".

موچەی مانگانە جاری واهەیە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت تا هەموو وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم وەریدەگرن، لەوەشدا سلێمانی لە هەولێر و دهۆك جیاوازترە، مانگی رابردوو چەندینجار خانەنشینان چونە بەردەم بانك و لەبەر نەبونی پارە بە دەستی بەتاڵ گەڕانەوە.

هەرچەندە لە 27ـی كانونی دوەمی 2022ـدا وەزارەتی دارایی بەڕێوەبەری بانكی ناوەندیی هەرێمی لە سلێمانی دورخستەوە، بەڵام ناوبراو ٢٠ی شوبات گەڕایەوە سەرکارەکەی و هێشتا كێشەكە چارەسەر نەكراوە.

"بەشێك لە كێشەكان ڕاستە لەهەموو كوردستان هەیە، بەڵام لە سلێمانی زۆر زیاترە، بۆ نمونە 20 رۆژ ئێمە بە دوای بوتڵێك غازەوە بووین، دوو هێندەی نرخەكەشمان دەدا دەستماننەدەكەوت، ئەوە دوو ساڵە نەوت دابەشنەكراوە و لە بازاڕدا بەرمیلێك بە 170 هەزار دینارە، لیترێك بەنزین كراوە بە 900 دینار، گوزەرانی خەڵكیش لەوپەڕی خراپیدایە"، عادل غازی وای وت.

ئەو باسی قەیرانی زیاتر دەكات و دەڵێت، ماوەی پێدانی كارەبای نیشتمانی لەلایەك كەمكراوەتەوە و لەلایەكی دیكەوە كراوە بە كەمتر لە 30 ئەمپێر، كە بەشی ماڵێكی ئاسایی ناكات، "كێشە بۆ كرێكارانی پاككەرەوەش دروستكراوە و خەریكە خۆڵ و خاشاك شەقامەكان دەگرێت، بەراستی خزمەتكردنی میللەت بەمشێوەیە نابێت".

كێشەی كۆكردنەوەی خاشاك لە پارێزگای سلێمانی ساڵانە سەر هەڵدەكات، لە ئێستادا لە دوو زۆنی پارێزگاكە كۆمپانیای پاككەرەوە بەهۆی خەرجنەكردنی سلفەكانیان كارەكانیان راگرتووە و شەقامەكان پڕ بوون لە خاشاك.

"بەداخەوە سنوری سلێمانی كەوتۆتە نێوان دوو بەرداشەوە؛ لەلایەك حكومەتێكی مەركەزی لەهەولێرە بەیەك شێوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان ناكات و لەلایەكی ترەوە خەڵكی ئەم سنورە باجی ململانێی سیاسی هێزو كەسە خاوەن نفوزەكانی ئەم زۆنە دەدات" بەوتەی وریا عەبدولخالق، چالاكوانی مەدەنی بۆ پەرەگراف.

ئەو پێیوایە، یەكە كارگێڕییەكان ئیفلیج كراون و لە بەرامبەردا "دەسەڵاتی شاراوەو كۆمپانیاكان كۆنترۆڵی هەموو كایەكانی ژیانیان كردووە" لەكاتێكدا قەیرانەكانیش تەنیا چارەسەری نیمچەیی و كاتییان بۆ دەكرێت، بۆیە دوای ماوەیەكی تر سەرهەڵدەدەنەوە.

"بەگشتی لەهەموو بوارەكاندا غەدر لە خەڵكی پارێزگای سلێمانی دەكرێت، دەیان دەسەڵاتدار و خاوەن نفوز و كۆمپانیا هەن توانایان لەسەروی پارێزگارەوەیە و پارێزگار ناتوانێت دەست بۆ بەرژەوەندیان ببات"، وریا وادەڵێت.

كەم رۆژ هەیە لە میدیاكان و لەڕێی پەرلەمانتارانەوە پەردە لەسەر داگیركردن و فرۆشتنی زەوی و شوێنە ستراتیژییەكانی سلێمانی هەڵنەدرێتەوە.

هەر لە سلێمانییەوە ساڵی رابردوو، خۆپیشاندانی خوێندكاران بۆ دەرماڵە چەندین رۆژ شەقامەكانی تەنی و ساڵانی پێشتریش بۆ قەیرانە جیاوازەكان خەڵك بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆپیشاندانیان كرد كە بەشێكیان بە توندوتیژی و بارگرژیی كۆتاییانهات.

"هاوڵاتی خزمەتگوزاری و ژیانێكی شایستەی دەوێت، هێشتا قەیرانی غاز چارەسەرنەكراوە قەیرانی خۆڵ و خاشاك بەرۆكی دەگرێت و دێتە پاڵ دەیان قەیرانی تر، دەبێت حكومەت خۆی ڕزگار بكات لە ڕۆتیناتی ئیداری و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت بەسەر كۆمپانیاكاندا تا نەتوانن بەتەواوی كەرتەكانی خزمەتگوزاری لە دەستی حكومەت دەربكەن" وریا عەبدولخالق پێشیوایە، حكومەت پشكی شێری خزمەتگوزارییەكانی بۆ پارێزگاكانی دیكەیە.

كێشەی غاز و سوتەمەنی لە قەیرانە سەرەكییەكانی سلێمانین، لە چەندین ناوچە دوو ساڵە نەوت دابەشنەكراوە و چەند مانگێكیش قەیرانی غاز سەریهەڵدا، هەرچەندە بەرهەمی غازی سنوری پارێزگاكە پێداویستی هەموو هەرێم دابیندەكات و هەناردەش دەكرێت.

پەرەگراف چەند رۆژێك لە هەوڵدابوو لێدوانی حكومەتی هەرێم وەربگرێت، بەڵام بێ ئاكام بوو، كاتێك لەڕێی نامەوە داوای لێدوانی لە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی كرد، تەنیا بە "ببورە گیان" وەڵامیدایەوە.

سەرباری قەیرانی خزمەتگوزاری؛ سلێمانی مانگەكانی كۆتایی ساڵی رابردو بە قەیرانێكی ئەمنیشدا تێپەڕی، بەهۆی ناكۆكی ناوخۆیی یەكێتییەوە و كە شەقامەكان پڕ بون لە بازگەی هێزی چەكدار و چەندین روداویش ڕوویاندا.

باجی دوكاندار و تابلۆ و ئاوی ماڵان و كارەبا، هەر لە سلێمانییەوە بوو بە جێی ناڕەزایی كاسبكار و هاوڵاتییان.

دیمەن ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "سلێمانی حكومەتی تێدایە بەڵام بێ دەسەڵات كراوە، ئەوەش بەهۆی دانەبەزاندنی دەسەڵات بۆ حكومەتە خۆجێییەكان لە ڕووی ئیداری و داراییەوە، ئەگەرنا سەرجەم دامودەزگاكان سەرەڕای قەیران و كەموكوڕییەكان بەوپەڕی دڵسۆزییەو خزمەت دەكەن".

لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمدا هەریەك لە یەكێتی و گۆڕان بەشدارن كە تائێستاش هەندێك کەس پارێزگاكە بە ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی ئەو دوو حیزبە هەژمار دەكەن.

"هۆكاری دیاری كێشەكان لە سنوری سلێمانی بوونی سەرچاوەی وزەیە، هەموو كوردستان غاز لە کێڵگەی كۆرمۆر وەردەگرن كەچی چەمچەماڵ و سلێمانی بوتڵی غازیان دەستناكەوێت، ڕوویەكی تری ئەم بابەتە زیندوێتی ئەم شارەیە لە داواكردنی مافەكانی خۆی وەك چۆن هەمیشە پێشەنگ بووە و هاوكات ئازادی لەسلێمانی زیاتر بەرقەرارە و ڕەنگە لەشارەكانی تر سنوردارتر بێت... ئەگەرنا كێشەكە لە شارەكانی دیكەش هەیە" بەوتەی ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا.

زۆربەی گەڕەكە نوێیەكانی سلێمانی هێشتا چاوەڕێی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاوەڕۆ و ئاو و كارەبا دەكەن و لە هەندێك شوێن خەڵك لەسەر گیرفانی خۆی ئەو پڕۆژانەی دروستكردووە.

دیمەن ڕەزا لەبارەی كێشەی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك، وتی "لە كۆی پێنج زۆنی پارێزگای سلێمانی لە دوو زۆن كێشە هەیە، ئەویش بەهۆی خەرجنەكردنی سلفەی كۆمپانیاكان كە ئەوانیش تا ڕادەیەك دەتوانن بەرگە بگرن بەهۆی خەرجیی ئامێرەكانیانەوە".

چەند رۆژێك تەنانەت لەناو جەرگەی شاری سلێمانی شەقامەكان پڕبون لە خۆڵ و خاشاك و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خەڵك بە تەنزەوە وێنەكانیان بڵاوكردەوە.

"ئەگەر كێشەیەكی وا لە هەولێر دروستببێت لە حسابی جۆراجۆر پارەی بۆ دابیندەكرێت و رێنادەن كێشەكە ئاوا زەق ببێتەوە" هەروەها دیمەن دەربارەی پێوەری ئاو دەڵێت "بەستنی پێوەر بۆ چەسپاندنی عەدالەتە، بەڵام بە نمونە شارێكی وەك چەمچەماڵ 15 رۆژ جارێك ئاوی پێدەدرێت خەڵك چۆن ڕازی دەبێت پێوەر ببەستن".

هەر پێوەری ئاو نییە، چەند رۆژێك لەمەوبەر خەڵكی قەزای پێنجوێن دژی بەستنی پێوەری كارەباش وەستانەوە، پێشتریش هەڵمەتێك هەبوو بۆ شكاندنی هەردوو پێوەرەكەو هەندێک کەس لە ناوچە جیاجیاکان پێوەرەکانیان شکاند.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا وتی "حكومەت بەرپرسە لەو قەیرانانەی لەم سنوردا هەیە"، دەشڵێت وەك ئەنجومەن بە ئەركی خۆیان هەستاون كە چاودێری و بەدواداچونە.

سەرباری قەیرانەكان ئێستا لایەنە سەرەكییەكانی هەرێم، بە تایبەت یەكێتی و پارتی سەرقاڵی ململانێی بەدەستهێنانی پۆستەكانی بەغدان.

سیروان بابان، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پشكی پارێزگای سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "سلێمانی شارێكی پشتگوێخراو و فەرامۆشكراوە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئیدارییەوە، هۆكاری ئەم دۆخەش دیارترینیان ئەوەیە هەموو ئەو كەسانەی كە باڵادەستن لە حكومەت لە سلێمانی ژیان بەسەرنابەن، هەركەسێك ئیمزاكەی لە حكومەت دەیخوات لە سلێمانی نییە و ئاگای لە وەزعی خراپی ئەم پارێزگایە نییە".

ململانێی حزبی وەك بابان دەڵێت، هۆكارێكی دیكەی قەیرانەكانە، "بەشێك لە سەركردەكان زیاتر خۆیان دەوڵەمەند دەكەن، خزمەتكردنی پیاوی خۆیان و كەسوكاری خۆیان وایكردوە كەس ئاگای لە كەس نەبێت".

سیروان بابان، یەكێتی بە بەرپرسی یەكەم لە دۆخی سلێمانی دەزانێت و هیچ چارەسەرێكیش لەم كاتەدا نابینێت، ئاماژەی بەوەشدا "كۆكردنەوەی داهات بابەتێكی گرنگە و پەیوەندی بەهێزی چەكدارەوە هەیە و دەستیان بەسەرداگرتووە و ناهێڵن بچێتە بەرژەوەندی خەڵكەوە، بۆیە بەتێكڕا سلێمانی ئیدارەی تێدانییە".

هەروەها پێیوایە "كۆمەڵێك كەسی ئیداری دڵسۆزو پاك وایان كردووە سلێمانی نەبێتەوە بە گوند".

پارێزگای سلێمانی ژمارەی دانیشتوانی بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئاماری هەرێم زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار كەسە و بەسەر 15 قەزادا دابەشبون كە پێكهاتووە لە 57 ناحیە و بەشێكیشیان لە چوارچێوەی هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕیندان.