ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەردەکێشێت بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕۆژنامەوانی

07-03-2022 06:04

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

ململانێکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەردەکێشێت بۆ فشاری میدیایی و ئازادیی ڕادەربڕین و کاری میدیایی بەرتەسک دەکاتەوە، لەو چوارچێوەیەدا پێدانی زانیاریی و دەرکەوتن و لێدوانی وەزیرو بەرپرسانی باڵای حکومەت بۆ کەناڵی ڕووداو قەدەغە دەکرێت.

کێشەو ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو ئامۆزایە کە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمیان بەدەستەوەیە، لەو کاتەوە بە تەواوەتیی دەرکەوت کە کابینەی حکومەت گۆڕدراو مەسرور بارزانی لەبری نێچیرڤان بارزانی حکومەتی پێکهێنا.

کابینەی نوێی حکومەت هەرچەندە واخۆی پیشان دەدات کە لەکابینەی پێشووتر باشترە لە ڕووی ئازادی و مافی مرۆڤ و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵیی، بەڵام واقیع شتێکی جیاواز پیشان دەدات بەتایبەت لە مافی ڕۆژنامەنووسان و مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و پێدانی زانیاریی.

دوو ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ڕووداو بۆ پەرەگراف ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە "نزیکەی دوو مانگە بەرپرسانی حکومەت لێدوانیان بۆ نادەن".

ئەو بایکۆتەی حکومەت، کەناڵی ڕووداوی ڕوبەڕوی گرفت کردووەتەوە، "لەلایەک بەرنامەکانی کەناڵەکە تووشی کێشە بوون بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی حکومەت ئامادە نین میوانداریی بکرێن و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت، لەلایەکی دیکەش بەشی هەواڵ کێشەی هەیە بەهۆی پێنەدانی زانیاریی و لێدوان بە پەیامنێرەکانمان" ڕۆژنامەنووسێکی ڕووداو وای وت.

سەرەتای ئەمساڵ و لە ١١-١-٢٠٢٢ کاتیک دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی لەبارەی ڕەوشی ئازادی و مافی مرۆڤ ئەنجام دا، ڕێگە نەدرا کەناڵەکانی ئێن ئاڕتی سەربە شاسوار عەبدولواحید لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ڕووداوی نێچیرڤان بارزانی بەشداریی بکەن و کۆنگرەکە بگوازنەوە.

زێباری لە کۆنگرەکەدا وتی "حکومەتی هەرێم دەیەوێت نمونەبێت لە ناوچەکە بۆ ئازادیی"، پەیامنێری پەرەگراف کە ئامادەی کۆنگرەکە بوو، پرسیاری ئەوەی لێکرد، حکومەتی هەرێم بە چ یاسایەک جیاکاریی لە نێوان میدیاکاندا دەکات و ڕێگە بە هەندێکیان نادات بەشداربن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان، بەتایبەت کۆنگرەکانی سەرۆکی حکومەت؟

لە وەڵامدا دیندار زێباری وتی "حکومەتی هەرێم کە پرێس کۆنفرانسی هەبێت ئازادە لەگەڵ کام کەناڵ قسە بکات و کام کەناڵ بانگهێشتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان دەکات، کەناڵەکان ئازادن سکاڵا لەسەر حکومەت تۆمار بکەن".

ئەوە لەکاتێکدایە ماددەی ٧ لە یاسای ڕۆژنامەگەریی(ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧) دەڵێت: ڕۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی لە کۆنگرەو چالاکییە گشتییەکاندا هەیە.

ئەو دۆخە نوێیەی ئێستا کەناڵی ڕووداوی تێدایە، هەر لەسەرەتای ئەم کابینەیەوە میدیای سەربەخۆ لە کوردستان تێی کەوتووە کە ژمارەیان زۆر کەمەو بە پەنجەکانی یەک دەست دەژمێردرێن، میدیاکان لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان حیزبیی یاخود سەربە سیاسییەکانن بەتایبەت هیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی نییە سەربەخۆبێت.

پەرەگراف چەندین جار بۆ بابەتی جیاواز داوای زانیاریی و لێدوانی لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، جوتیار عادل لەناو بەشێک لە ڕۆژنامەنووساندا بە وتەبێژی کەناڵەکانی ڕووداو و کوردستان ٢٤ ناو دەبرا، بەڵام ئێستا ڕووداویشی بایکۆت کردووەو تەنها قسە بۆ کوردستان ٢٤ی مەسرور بارزانی دەکات.

دوو ئاڕاستەی جیاواز و ناسەقامگیریی

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی مانگی ڕابردوو بە جیا چوونە کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ، ئەوان بە دوو شاندەوە لە هەرێمێکی سەربە دەوڵەتێک، لەناو هەرێمەکەشدا نوێنەرایەتیی بەشێکی دەکەن(هەولێرو دهۆک) بەشداربوون لە کۆنفرانسەکە، تەنانەت حیزبە هاوپەیمانەکانیان کە پێکەوە حکومەتیان پێکهێناوە لەناو شاندەکانیاندا نەبوون.

میدیای نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە پێچەوانەی ڕابردوو، بایەخیان بە کۆبوونەوەو دیدارەکانی یەکتریی نەدا لە کۆنفرانسەکە، تەنها ئەو دوو کۆبوونەوەیە نەبێت کە پێکەوە ئەنجامیاندا لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندێکی ئەمەریکی.

ئەوەش دەرخەری تووندبوونەوەی ململانێکەو شۆڕبوونەوەی زیاترییەتی بۆ ئاستی میدیایی، شۆڕبوونەوەی ململانێی نێوان ئەو دوو ئامۆزایە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە، ئەگەری لێکەوتنەوەی ناسەقامگیری سیاسیی و ئەمنیی بەدوادادێت، بەتایبەت لەکاتی نائامادەیی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانەکەدا کە ئێستا بارزانی باوک دۆخەکەی ڕاگرتووە.

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جگە لە پێگەو هەژموونیان لەناو حکومڕانی و حیزبەکەیان و ناوچەی جێ نفوزیان، هەریەکەیان خاوەنی ئابورییەکی بەهێز، میدیاو چەکداری تایبەت بەخۆیانن.

تەقینەوەی ناکۆکییەکانیان لێکەوتەی خراپتر لەوەی دەبێت کە لە سلێمانی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ڕوویداو هێزی سەربازیی تێدا بەکارهێنراو بۆ چەند مانگێک دڵەڕاوکێی لەناو خەڵک و بازاڕدا دروست کردو ترس هەبوو پێکدادانی تووندی چەکداریی لێبکەوێتەوە.

خەڵکی کوردستان بە ئەزموون بۆیان سەلماوە، ئەوان باجی هەر هەڵەو دۆخێکی نەخوازراو و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوریی دەدەن نەک سیاسییەکان کە بەردەوام ھەڵەکانیان دووبارە دەکەنەوەو باجەکەیشی نادەن.

ئەو کێشەو ململانێ کەسییانە لەکاتێکدان، هەرێمی کوردستان ٨ ساڵە لە قەیرانێکی قورسی دارایی و کێشەی تووندو ئاڵۆزدایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی لە بەغداد، ئەوەش خەڵکی هەرێمەکەی بەتەواوەتیی نیگەران و ماندوو کردووە.

نیگەرانیی کابینەکەی مەسرور بارزانی لە کەناڵی ڕووداو لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێیانوایە، ئەو کێشەو گەندەڵییانەی ئیستا بەرۆکی کابینەی حکومەتی گرتووە، هیی کابینەکانی پێشووترن کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی کردوون، بەڵام ڕووداو باسی ئەو ڕابردووە ناکات و کێشەکان وەک هی ئەم کابینەیە دەخاتەڕوو.

لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە هەركاتێك مەسرور بارزانی قسەی كردبێت، یاخود حكومەتەكەی ڕاپۆرتی بڵاوكردبێتەوە ئاماژەی بە هەڵەو كەموكورتیی ڕابردوو كردووەو كێشەكانی ئێستای بە كەڵەكەبوونی خراپەكاریی ڕابردووەوە گرێداوە.

مەسرور بارزانی کە ئێستا حکومەتەکەی ناتوانێت مووچە دابەش بکات و ڕوبەڕوی بایکۆت و مانگرتنی مووچەخۆران بووەتەوە، لە دواین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ٣ی ئەم مانگە(ڕووداو بەشداربوو، بەڵام هێشتا قەدەغەکەی لەسەرماوە)، جارێکی دیکە ڕەخنەی لە سیاسەتی کابینەکانی پێشووی حکومەت گرت بە تایبەت لە دۆسیەی نەوتدا کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمەکەیە.

سەرۆکی حکومەت وتی، بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە کراون لە سەدا ٤٣ی داهاتی نەوت دەدرێت بەو کۆمپانیایانەی نەوت دەردەهێنن و لەسەدا ٩ی دەدرێت بە هەقی گواستنەوەی نەوت و لەسەدا ٧یشی دەدرێتەوە بە دانەوەی قەرز، لە کۆی گشتی داهاتی نەوت تەنها لەسەدا ٤١ بۆ حکومەت دەمێنێتەوەو دەدرێت بە مووچە، وتی "هیچ گرێبەستێک لەم کابینەیەدا نەکراوە، هەمووی پێشووتر کراوە، هەمووی پێشووتر کراوە".

نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتییەو بە درێژایی تەمەنی حكومەت زۆرترین ماوە سەرۆكوەزیران بووە، لە كۆی 25 ساڵ لە تەمەنی حكومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی 3 ساڵ جێگری سەرۆكی حكومەت‌و 16 ساڵ سەرۆكی حكومەت بووە‌و ئێستاش سەرۆكی هەرێمە.

کابینەکەی مەسرور بارزانی خۆی وا پیشان دەدات کە باشترو جیاوازترە لە کابینەکانی پێشوو، لە ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان، لەگەڵئەوەی پێدەچێت چاودێریی تووند کرابێتەوە لەسەر دامەزراوەکان بۆ چاکسازیی و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام پەرلەمانتاران و دەستەی دەستپاکیی هەرێم ڕازیی نین لە دۆخەکەو پێیانوایە لە هەندێک ڕووەوە خراپتر بووە وەک؛ قاچاخچێتیی لە خاڵە سنورییەکان.

لە ڕووی ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسانیشەوە، کابینەکەی مەسرور بارزانی نمونەیەکی خراپتر لەوانەی پێشووی پیشانداوە، دۆسیەی دەستگیرکردن و حوکمدانی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان دیارترین نمونەیە کە ڕەخنەیەکی زۆری وڵاتانی دەرەوەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەدواداهات و بە نیگەرانییەوە باسیان لە دۆخی ئازادی و میدیا لە کوردستان کرد.