قوفڵی نەوت كەوتە دەستی بەغداد؛ كوردستان دەتوانێت لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی یاخی ببێت؟

15-03-2022 01:23

 پەرەگراف- فەرمان سادق

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی؛ ئەگەر بە یەكجاریی قوفڵی بۆری نەوتەکەی هەرێمی كوردستان نەگرێتەوە، ئەوا ناچار بە سازشی دەكات بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەپێچەوانەشەوە گرفتی جددی بۆ فرۆشتنی نەوت و كۆمپانیا جیهانییەكان دروستدەكات لە راگرتنی وەبەرهێنانی نوێ لە كێڵگە نەوتییەكان تا پاشەكشێی تەواوەتیی، بەوتەی شارەزایانی دەستور و سیاسەت.

ئەو بڕیارەی دادگا لە 15ی شوباتی 2022 دەرچوو، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 20047 بە نادەستوری دادەنێت و هەڵیدەوەشێنێتەوە، لەكاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوەو چاودێریی پوچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت، هەروەها دیاریكردنی بودجەی هەرێم کە گرەنتی گەیشتنی بكات لە بەغداوە.

دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی پاڵپشت بە چەند ماددەیەكی دەستور دەركردووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشوتری نەوتی عێراق لە 2012 كردویەتی و ئەویتر ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا.

ئیبراهیم بەحرلعلوم، وەزیری پێشوتری نەوتی عیراق لەڕێی تەلەفۆنەوە بە پەرەگراف-ی وت، پێیویستە هەموان پابەندی بڕیارەكەی دادگا بن، لە پێناو پاراستنی یەكپارچەیی خاك و سامانی عێراق، جێبەجێكردنەكەیشی دەكەوێتە سەر هەردوو حكومەت هەنگاوی بۆ بنێن.

بەپێی دەستوری عیراق دادگای فیدراڵی لایەنی سەرەكی و یەكلاكەرەوەیە لە ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمەكان و پارێزگاكاندا.

بەحرلعلوم رونیكردەوە ناكرێت باس لە یەكپارچەیی خاكی عیراق بكرێت، بەڵام لەولاوە بە دوو رێگەی جیاواز نەوت هەناردە بكرێت، "پێشتریش هۆشداریمان لەسەری داوە و هەوڵیشدراوە چارەسەر بكرێت، بەوپێیەی عێراق ئەندامی ئۆپیكە، دەبێت یەك سیاسەتی نەوتی هەبێت هاوشێوەی وڵاتانی تری ئەندام لە ئۆپیك".

ناوبراو كە یەكەم وەزیری نەوتی عیراق بووە لە حكومەتەكانی كاتی و راگوزەری ساڵانی 2003 و 2005ـدا، دەڵێت، زۆر كێشەی هەڵپەسێراوی هەرێم و بەغدا بێ چارەسەر ماونەتەوە، لە نێویاندا دەركردنی یاسای نەوت و گاز كە لە 2007ـەوە رەوانەی پەرلەمان كرا و ئەنجامی نییە تائێستا.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە زۆرینەی دەنگ دەركراوە، دوو ئەندام لە كۆی نۆ ئەندام ناڕازی بون. (لە نۆ دادوەری دادگاكە دوو دادوەریان كوردن).

"دەستەی نوێی دادگای فیدراڵی تەنیا ئەو دۆسیەیەیان هەڵنەداوەتەوە، بەڵكو كۆمەڵێك دۆسیەی تریش هەڵدراونەتەوە، كاتێكیش سیاسییەكان ناگەن بە چارەسەر و بۆشایی یاسایی دروستدەبێت، ئەوا دەبێت قسەی خۆیان بكەن" ئیبراهیم بەحرلعلوم پێیوانییە بڕیارەكە پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق و نێوانی لایەنە سیاسییەكانەوە هەبێت.

لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021ی عێراقەوە، دانوستانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجامی نەبووە، بەوپێیەی لایەنە سەرەكییەكانی شیعە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبون، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری نوێ و راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران پەكیكەوتووە.

بەحرلعلوم داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی نەوت و گاز دەكات بە ئەندامێتی هەرێمی كوردستان بۆ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت و گازی عێراق بە یەك سیاسەتی هاوبەش.

بەپێی ماددەی 111ی دەستور، نەوت و غاز موڵكی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاكاندا.

بیلال وەهاب، لێكۆڵەر لە پەیمانگەی واشنتن بە پەرەگراف-ی وت "بڕیارەكە سوودی نابێت، چونكە ئالیەتی جێبەجێكردنی دەستنیشان نەكردووە، دەبوو باسی ئەوە بكات كە پێویستە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا یاسای نەوت و گاز دەربچوێنێت، لێرەدا بڕیارەكەی دادگا جێگەی سوود دەبوو، هەم بۆ هەرێم و هەمیش بۆ حكومەتی عێراق".

هەرێمی كوردستان لە كاردانەوەكاندا بە توندی بڕیارەكەی دادگای رەتكردەوە و بە نادەستوریی زانی.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا جەختیكردەوە "لەسەر ئەرزی واقیع قابیلی جێبەجێكردن نابێت".

بەپێی ماددەی 94ی دەستور بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی یەكلاكەرەوەیە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن.

لێكۆڵەرەوەكەی پەیمانگەی واشنتن دەربارەی كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارە لەسەر كاری كۆمپانیاكان دەڵێت، كۆمپانیا گەورەكانی بواری وەبەرهێنانی نەوت لە كوردستان زۆر نین، ئێكسۆن مۆبیل كوردستانی جێهێشتووە، بەڵام هەندێكی تر وەك شیفرۆن و تۆتاڵ و گازپرۆم، بەهۆی ئەو بڕیارەوە "رەنگە لەم قۆناغەدا تا یەكلاییبونەوەی ئیتر وەبەرهێنان لە كوردستان نەكەن و پارە خەرج نەكەن".

بیلال وەهاب ئەوەشی رونكردەوە "جۆری سێیەمی ئەو كۆمپانیایانەی لە كوردستانن وەك دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینێرجی كە پارەیان خەرجكردووە و پارەیان لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە و كوردستانیش تاكە شوێنە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی كە بوونیان هەیە و قازانجیان لێی كردووە، ئەوا ناڕۆن و دەمێننەوە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایانەوێت چیتر پارە خەرج بكەن و دەیانەوێت دڵنیاش ببنەوە، وەك بیلال ئاماژەی پێدا "تەنانەت ئەو بڕیارە پەیوەندیدارە بە بانكەكانیش كە پارەی نەوتی تیا دادەنرێت.. هیچ بانكێک نایەوێت لەسەر ئەوە دووچاری كێشە ببێتەوە".

هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ـەوە سەربەخۆ لەڕێی بۆریی خۆیەوە نەوتەکەی رەوانەی بەندەری جەیهان لە توركیا دەكات و دەیفرۆشێت.

"بەو بڕیارە هەڵوێستی هەرێم لە دانوستاندن لەسەر ئەو دۆسیەیە بەرانبەر بەغدا زۆر لاواز دەبێت، هەمیشەش پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزی یەكەمی كوردستانە هەڵەی گەورە دەكات لەكاتی هەڵوێست لاوازییدا، وەك هەڵە گەورەكەی 31ـی ئاب و ریفراندۆم، بۆیە لەوكاتەدا كە گوشار دەخەیتە سەر پارتی چی دەكات؟ ئایا شەڕێك لەگەڵ بەغدا هەڵدەگیرسێنێت یان ریفراندۆمێكی تر".

بیلال وەهاب وتیشی "پێموایە دواجار هەرێم لەم دۆسیەیەداو لە هەندێك دۆسیەی تر سازش بۆ بەغدا دەكات، چونكە هەرێمی كوردستان زیاتر نەوت وەك كارتێكی سیاسی دەبینێت نەك ئابووری، باوەڕیش ناكەم سازش لەسەر ئیدارەدانی نەوتەكە بۆ بەغدا بكات، رەنگە لە پرسی فرۆشتنەكەی سازش بكات".

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دوایین هەڵوێستیدا، 23ی شوباتی 2022، بڕیارەكەی دادگای بە نادادپەروەری ناوبرد و جەختیكردەوە داكۆكی لە مافەكانیان دەكەن و لەگەڵ حكومەتی عیراق، بەردەوامدەبن بۆ رێككەوتن و گەیشتن بە چارەسەر.

سەردار عەزیز، لێكۆڵەر و چاودێری سیاسی پێیوایە بڕیارەكە لەروی كاتەوە بەشێكە لەو ململانێیەی نێوان پارتی و ئەو بەرەیەی لە دەرەوەی هاوپەیمانیەتی پێكهێنانی حكومەتن، هاوكات بەشێكە لە ململانێی ناوماڵی شیعە، بەڵام رەهەندە درێژخانەكەی بڕیارەكە هەنگاوێكە بۆ زیاتر مەركەزیكردنی عێراق و رێگرتن لەوەی ببێتە وڵاتێكی فیدڕاڵ.

"دەكرێت بەشێكی تری بڕیارەكە ببەستینەوە بە نیگەرانی ئێران، ئێران لەكۆمەڵێك شت نیگەرانە لەوەی نایەوێت موقتەدا سەدر ببێت بە خاوەنی هەموو شتێك، خاوەنی حكومەت و نەجەف و شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی وەك مەرجەعێك، هەموو ئەوانە ئێرانی نیگەران كردووە كە دەیەوێت موقتەدا رازی بكات یانیش بەرەی هاوپەیمانیی سەدر تێكبدات" بەوتەی عەزیز بۆ پەرەگراف.

پارتی لەگەڵ بەرەی سەدر و هاوپەیمانی گەورەی سوننەكاندا هاوپەیمانییان پێكهێناوە بۆ حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی كە زۆرینەی لایەنە شیعەكانی تر لە نێویاندا هاوپەیمانە نزیكەكانی ئێران لێی بێبەشن.

سەردار عەزیز وتی "كوردستان دەبوو زووتر ئاگاداری ئەو بڕیارە بوایەو ئەوانەی لە بەغدان دەمێكە ئاگادارن كە بەغدا نیەتی بە مەركەزیكردنەوەی هەیە، حزبە سیاسییەكانی عێراقیش ئەوەیان نەشاردۆتەوە، بەرانبەر ئەو هەوڵە دەبوو سەركردایەتی سیاسی كوردی بنەمای ئەوە دابڕێژێت چۆن عێراق نەبێتەوە بە وڵاتێكی مەرکەزیی، ئەویش لەرێگەی یەكڕیزی ناوخۆو بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و حكومدارییەكی باشتر كە ئەوانە سەنگیان دەدایە هەرێم نەك ئەو پەرتەوازەییەی ئێستا كە هەرێم ناچار بە سازش دەكات".

یەكێتی و پارتی وەك خاوەنی زۆرترین كورسی كورد لە بەغدا بەسەر دوو بەرە دژ بە یەكەكەی شیعەدا دابەشبون.

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، رۆژێك دوای بڕیارەكەی دادگا وەزارەتی نەوتی راسپارد بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بە ئامانجی ئیدارەدانی ئەو دۆسیەیە بەپێی دەستور.

عەلی تەمیمی، شارەزای دەستوری بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبێت، ئەوا دەسەڵات دراوە بە حكومەتی فیدراڵی لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕێت.

"دادگا لەم پرسەدا زیاتر پشتی بەستووە بە مادەی 111ـی دەستوور، كە نەوت و گاز موڵكی گشتی عێراقییەكانە، عێراقیش وڵاتێكی فیدڕاڵە نەك كۆنفیدڕاڵی، بۆیە كۆمپانیای سۆمۆ كە سەر بە وەزارەتی نەوتە تاكە لایەنی هەناردەكردنی نەوتە" بەوتەی تەمیمی، كە دەڵێت "بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵ دەبێت هەموولایەك پێیەوە پابەندبن نەك وەك هەندێك كەس دەڵێن پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبەین، ئەوەش نەگونجاوە چونكە عێراق وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە".

هەرێمی كوردستان پێشتر و زیاد لە جارێك دەستوری عێراق وەك پاڵپشت بۆ هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەهێنێتەوە كە ئەو دەسەڵاتە تەنیا بۆ حكومەتی فیدڕاڵ نییە و مافی هەرێمەكانیشە.

بەپێی ئەو ماددەیەی دەستور، حكومەتی فیدراڵ ئیدارەی نەوت و غازی دەرهێنراو لە كێڵگە نەوتییەكاندا دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكاندا.

عەلی تەمیمی دەڵێت حكومەتی ئێستای مستەفا كازمی، حكومەتی كاربەڕێكەرەو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتی داهاتوو، "سێ رێگە هەیە؛ دەرچووانی یاسای نەوت و گاز یان رێككەوتنی سیاسی وەك ئەوانەی پێشتر كرا لەسەر پرسی پشكی هەرێم لە بودجە بەرانبەر بە  250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، یاخود گەیشتنە بنبەست" ئەو شارەزایەی دەستور چاوەڕێیە چارەسەرەكان لە بژاردەی یەكەم و دوەم تێنەپەڕێت.

بڕیارەكەی دادگا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، پشتگیری و خۆشحاڵی هەندیك لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە، بەهۆی رەخنەكانیان لە حكومەتی هەرێم و سیاسیەتی نەوت، بەڵام لە بەرانبەردا، كەسانی دیكەش هەبون بە توندی دژی بڕیارەكە بون.

سەردار عەزیز وتی "ئێستا كورد دابەشی سەر دوو بەرە بووە، بەرەیەك دەیەوێت حكومەت وەك خۆی بمێنێتەوەو ئەوەی تریش دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت، هەر كامێكیان براوە بێت ئەوا نیوەی كورد دۆڕاوە لەو هاوكێشەیەدا، ئەمەش وادەكات لایەنە براوەكەش هەڵوێستی لاوازتر بێت و نەتوانێت ئەوە بەدەستبهێنێ كە بەرنامەی بۆ داناوە".

دادگای فیدراڵی دواتر رونكردنەوەیەكی لەسەر بڕیارەكەی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە پێشتر و لە ساڵی 2015ـدا دادگایەكی ئەمریكاش، سكاڵایەكی لە قازانجی وەزارەتی نەوتی عێراق یەكلاكردۆتەوە، بەهۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ.

بیلال وەهاب دەڵێت "تەنانەت یاساناسەكانیش كۆدەنگن لەسەر ئەوەی دادگا لەڕووی یاساییەوە پێكاویەتی و پشت بە بڕیاری دادگایەكی تەكساس دەبەستێت، لەمەدا دەیەوێت شەرعیەت بە بڕیارەكەی بدات و شەرعیەتیش بە نایاسایی بوونی دۆسیەی نەوتی هەرێم بدات، بەڵام جێبەجێكردنی بڕیارەكە زەحمەتە".

ئەو لێكۆڵەرەی پەیمانگەی واشنتن پێیوایە كۆدەنگییەك هەیە لای هێزە شیعییەكان و حكومەتی عێراق كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نەوتدا وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵەی كردووە، "عێراق لەرێگەی دەزگای هەواڵگری و كۆمپانیاكانەوە زانیاری لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم كۆدەكاتەوە، بۆیە ئەوەی هەرێم دەیكات دەسەڵاتەكانی زۆر زیاتر بەكارهێناوە لەوەی لە دەستووردا باسكراوە كە دەستوور باس لە پێكەوە ئیدارەدانی نەوت و گاز دەكات، ئەوەش وایكردووە هەموو هێزە سیاسییە عێراقییەكان پشتگیری لە بڕیارەكەی دادگا دەكەن".

بەبڕوای بیلال بڕیارەكەی دادگا پەیوەندیداریشە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، دەیانەوێت پارتی زیاتر لاواز بكەن، بەوپێیەی سیاسەتی نەوت و گاز لای پارتییە، وەك چۆن بڕیارەكە لەبەرژەوەندی سەدر و حەلبوسیشدایە تا ببێتە پەیامێك بۆ پارتی كە لەو هاوپەیمانیەتییەدا هێزی باڵادەست نییە.

بیلال وەهاب دەچێتە سەر باسی دۆسیەكەی عێراق لەسەر توركیا لە دادگایەكی پاریس، بەهۆی رێگەپێدان بە هەناردەی نەوتی هەرێم بێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵ، كە بڕیارە كۆتا دانیشتنی لە تەمموزی ئەمساڵدا بێت.

"تائێستا لەو دۆسیەیەدا وەڵامی توركیا ئەوەیە حكومەتی عیراق نەیوتووە فرۆشتنی نەوتی هەرێم نادەستورییە، بەڵام بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، هەڵوێستی توركیا بەرانبەر بە دادگا لاوازتر دەبێت" بیلال وەهاب وای وت.