خوێندكاران؛ قەرەبوی كۆرۆنا نەكرانەوە و باجی بایكۆت دەدەن

24-03-2022 09:50
پۆلێکی چۆڵ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە ئامادەیی ئەزمڕی کوڕان لە سلێمانی/ ٧-٣-٢٠٢٢. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

لە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان، بەبێ قەرەبوكردنەوەی خوێندنی فەوتاوی سەردەمی كۆرۆنا؛ جارێكیتر دەرگای ناوەندەكانی پەروەردە بەڕوی خوێندكاراندا دادەخرێن.

دوو هەفتەیە خوێندن لە سلێمانی، هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین پەكیكەوتووە بەهۆی بایكۆت و درەنگكەوتنی موچەی مانگانەوە.

سەیران، دایکی خوێندکارێکی پۆلی دووی بنەڕەتییە لە سلێمانی، کوڕەکەی لە وەرزی یەکەم لەهەموو وانەکانی دەرچووە، بەڵام هێشتا نازانێت بەباشی بنووسێت و بخوێنێتەوە.

"لەماڵەوە بەقەد مامۆستایەک لەگەڵ کوڕەکەم ماندوو دەبم و وانەی پێ دەڵێمەوە، بەڵام هێشتا پیتەکان و ژمارەکان بەباشی ناناسێت و نازانێت بیاننووسێت، لەبەرئەوەی لە پۆلی یەک بەهۆی کۆرۆنا هەموو وانەکانی لەکاتی خۆیدا نەخوێندووە" بەوتەی سەیران بۆ پەرەگراف.

لە ساڵانی 2020 و 2021ـدا خوێندن لە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەكاندا لەبەر مەترسی كۆرۆنا راگیرا، هەرچەندە خوێندنی ئۆنلاین كاری پێكرا، بەڵام كەمترین خوێندكار سودی لێوەرگرت.

گۆران عەبدولقادر، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە پەرەگراف-ـی وت، لە هەڵسەنگاندنی دەرەکی سەرپەرشتیارانی پەروەردەدا بەڕوونی کاریگەرییە نەرێنییەکانی بایکۆت و نەخوێندنی وانە لە پۆلدا لەسەر قوتابیان لەبوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، کوالێتی فێربوون، بەها و رەوشتی قوتابیان و ئاستی زانستییان دەرکەوتووە.

بەپێی ستانداردی جیهانی خوێندنی ناوپۆل نابێت لە 200 رۆژ کەمتر بێت، بەڵام پرۆسەی خوێندنی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 35 رۆژی لەناو پۆلدا خوێندرا و ئەوی دیکەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی بوو؛ وانەکان لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا دەوترانەوە و پاش دانانیان لەو ماڵپەڕەی کە وەزارەت دیاری کردبوو، خوێندکارانیش لە ماڵەوە سەیری ڤیدیۆکەیان دەکرد بەبێ ئەوەی بەدواداچوونی ورد بکرێت بۆ ئاستی تێگەیشتنی قوتابییەکان.

سەیران وتی "بایکۆتی مامۆستایان دەستیپێکردووەتەوە و دوو هەفتەیە منداڵەکەم لە ماڵەوەیە، مامۆستاکانی پێیان وتووە تا مووچە وەرنەگرین مەیەنەوە بۆ قوتابخانە".

موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ هێشتا بە تەواوی دابەشنەكراوە، بەڵام مامۆستایان وەریانگرت و چاوەڕێی مووچەی مانگی سێ دەکەن کە هێشتا دیارنییە کەی دابەش دەکرێت، ئەوە لەكاتێكدایە نرخی کەلوپەل و خواردەمەنی لە بازاڕدا بەرزبووەتەوە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی دروستکردووە لەسەر بژێوی و ژیانی مامۆستایان.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ پەرەگراف وتی "لەگەڵ داواکارییەکانی مامۆستایانین کە مووچەیان پێ بدرێت لەکاتی خۆیدا و بەتەواوی، بەڵام لەگەڵ بایکۆت نین لەبەرئەوەی قوتابیان زەرەرمەند دەبن و زیان لە پرۆسەی خوێندن دەدات".

هەروەها جەختیكردەوە، وەزیری پەروەردە بەدواداچوونی کردووە بۆ پێدانی مووچەی مامۆستایان لەکاتی خۆیدا بۆ ئەوەی دەرگای قوتابخانەکان دانەخرێن.

سەرەتای بایكۆتی مامۆستاو كەرتی پەروەردە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، كاتێك حكومەت پاشەكەوتنی موچەی ڕاگەیاند و بە ئێستاشەوە ناتوانێت مانگانە لەكاتی خۆیدا موچە دابەشبكات.

زۆرینەی ئەو منداڵانەی لە سەرەتای ئەو ساڵەوە چونەتە بەر خوێندن، كە ئێستا گەیشتونەتە قۆناغی ناوەندی، ساڵانە بەهۆی بایكۆت و دوو ساڵیش بەهۆی كۆرۆناوە چەندین مانگی خوێندنیان فەوتاوە.

لێپرسراوانی وەزارەتی پەروەردە ئامادە نەبوون لەسەر دۆخەکە هیچ لێدوانێکی فەرمی بدەن و بەرپرسێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ پەرەگراف وتی "وەزارەت هەر وتەیەکی هەبێت بە فەرمی رایدەگەیەنێت".

وەزارەتی پەرورەدە بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی فەوتاوی ساڵی رابردوو بڕیاریدا مانگێکی سەرەتای خوێندنی ئەمساڵی (2021 ـ 2022) وانەکانی ساڵی رابردوو بخوێندرێن.

سەرپەرشتیارەكەی پەروەردە لە سلێمانی پێیوایە ئەوە پلانێکی سەرکەوتوو نەبووە، "پلانەکەی وەزارەت کارێکی سەرپێی بوو لەبەرئەوەی قەرەبووکردنەوە پێویستی بە دووبارە خوێندنەوەی هەموو وانەکانە بە کاتی تەواوی خۆی، بەپێی پلانەکەی وەزارەتی پەروەردە وەرزێک بە دوو هەفتە خوێندرا، لەکاتیكدا وەرزێکی خوێندن پێویستی بە 62 بەشە وانە هەیە کە ماوەی سێ مانگی پێویستە بۆ تەواوکردن" گۆران عەبدولقادر وادەڵێت.

بەپێی ساڵنامەی خوێندنی پەروەردە لە ئایاری ئەمساڵەوە تا كۆتایی حوزەیران تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی هەموو پۆلەكانی یەكی بنەڕەتی تا 12ـی ئامادەیی تەواو دەكرێن.

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان كە بەشداریی چەندین سیمیناری ئۆنلاینی وڵاتە جیاجیاكانی کردووە دەربارەی قەرەبووکردنەوەی خوێندنی فەوتاوی كاتی كۆرۆنا، دەڵێت، لە سەرجەم سیمینارەکاندا پسپۆڕانی بواری پەروەردە جەختدەکەنەوە قەرەبوکردنەوەی ئەو ساڵەی نەخوێندن لەناوپۆل، بەرنامە و پلانی تۆکمە و کارکردنی دەوێت بۆ چەند ساڵێك.

بەپێی ئامارەكانی پێشتری یەكێتی مامۆستایان بۆ پەرەگراف، لەو ناوچانەی بایكۆتی خوێندنی تێدایە نزیكەی چوار هەزار خوێندنگە بەڕوی زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابیدا دادەخرێن.

گۆران عەبدولقادر دەڵێت، کاتێك مامۆستا بایکۆت دەکات واتا وانەوتنەوە نامێنێت و لە پرۆگرام دوادەکەون، ئەوەش وادەكات جارێکیتر کە دەوام دەستیپێکردەوە مامۆستا بە پەلەپەل قەرەبووی ئەو ماوەیە بکاتەوە کە وانە نەخوێندراوە، بۆیە وانەکان بەخێرایی دەخوێنرێن و کوالێتی فێرکردن و فێربوون لاواز دەبێت، لە ئەنجامدا کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئاستی زانستیی قوتابیان و ئاستیان دادەبەزێت.

لە هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیارانی پەروەردەدا دەرکەوتووە؛ لە قوتابخانەکاندا کێشەی زۆر لە کوالێتی فێرکردندا هەیە، ئەوەش پەیوەندی بە مامۆستاوە هەیە کە لە پۆلدا چۆن وانە دەڵێتەوە و کاریگەریی نەرێنی یان ئەرێنی لەسەر قوتابی دروستدەکات.

"کەمبونەوەی خوێندنی ناوپۆل، جگە لە کاریگەرییە زانستییەکەی، کاریگەریی نەرێنیشی لەسەر رەوشتی قوتابیان هەبووە، چونكە ماوەیەکی زۆر لە کەشی قوتابخانە و فێربوون دورکەوتوونەتەوە، بە چوونە کۆڵان و تابلێتە زیرەکەکانەوە خەریک بوون" گۆران عەبدولقادر وای وت.