لەڕێی بەغدادو وڵاتانەوە؛ حیزبەكانی تر بەڕەكە لە ژێرپێی پارتی و یەكێتی دەردەهێنن؟

15-04-2022 07:01

پەرەگراف

حیزبە سیاسییەكانی كوردستان، هەریەكێكیان بە جیا سەرقاڵی دروستكردنی پەیوەندییە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی دونیا؛ ئەوەش بۆ مەبەستی جیاواز لە نێویاندا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەرهێنانی بەڕەكەیە لە ژێرپێی پارتی و یەكێتی.

پارتی و یەكێتی سێ دەیەیە هەر خۆیان پێكهێنەری سەرەكی حكومەت، دەسەڵاتدار و خاوەنی پەیوەندی نێودەوڵەتی و دۆستایەتی فراوانن لەگەڵ حیزبە عیراقییەكانیشدا.

ئێستا حزبەكانی دیكە، لە نێویاندا ئۆپۆزسیۆن، هەوڵدەدەن ئەو پەیوەندییە تەنیا لای دوو حیزبی دەسەڵاتدار نەمێنێتەوە و ئەوانیش لە نزیكەوە ڕۆڵی سەرەكییان هەبێت.

نەورۆزی ئەمساڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر ئاستی كەسی یەكەمی جوڵانەوەکە ئێوارەخوانێكی لە بەغدا ڕێكخست کە تێیدا باڵیۆزانی ٢٠ وڵاتی جیهانی کۆکردەوە لەناویاندا وڵاتە گەورەکان، ئەوەش پێشهاتێکی نوێ و هەنگاوێکی جیاوازی لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم بوو لە بایەخدان بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دونیا.

هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف وتی "هەر ئەو دانیشتنە خۆی دەلالەتە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسانەی نوێنەرایەتی كورد دەكەن لە عێراق یەكێـتی و پارتی نین، بەڵكو خەڵكی تر و هێزی تر هەن، هەروەها جۆرێك لە بیروڕا هەبوو دەیانگوت كە ڕای نێودەوڵەتی لەگەڵ پارتی و یەكێتیدان، ئەمەش دەركەوت كە نەخێر وانییە و ڕای نێودەوڵەتی لەگەڵ پارتی و یەكێـتی نییە، بەڵكو خەڵكی تریش هەن كە وڵاتانی نێودەوڵەتی پشتیوانیانن".

نەوەی نوێ چەند ساڵێكە دروستبووە، لە هەرێم و بەغدا كورسی پەرلەمانیی هەیە، بەڵام لە هیچ لایەكیاندا بەشداری حكومەت و دەسەڵاتی نەكردووەو بە ئۆپۆزسیۆنیی ماوەتەوە.

"ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن بە یەك دووریی پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی نێودەوڵەتی دەبێت، ئەمەش بێگومان كاریگەری هەیە چونكە ئەوان بەردەوام پشتیوانی ڕای ئازاد و میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن دەكەن" وتەبێژەکەی نەوەی نوێ وای وت.

هێندەی لایەنە عیراقییەكان و دەسەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا دەردەكەون و پەیوەندییان هەیە هێندە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دەرناكەون.

هیمداد شاهین لەبارەی پشتگیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جێگرەوەی پارتی و یەكێتی، پێیوایە دانیشتنەكەیان لە بەغدا پەیامەو لە داهاتوشدا كاری گەورەتر دەكەن، "بێگومان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانیش زیاتر لەو لایەنانەوە نزیكین كە مەدەنین و میلیشیایان نییە و باوەڕیان بە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادییەكان هەیە".

نەوەی نوێ بە 9 كورسییەوە لەگەڵ لایەنێكی دیكەی عێراقی و ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربەخۆی بەغدا هاوپەیمانییان ڕاگەیاندووە کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەکە دەکات، ئەوەش هەنگاوێکی نوێ و جیاوازە لە مێژووی چەندین ساڵی ڕابردووی حیزبە کوردییەکاندا.

بەڵام كۆمەڵ و یەكگرتوو بە جیا لە بەغدان و ئەو دوو لایەنەش بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەكەن.

محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرەگراف وتی "دوو شت بۆ پەیوەندییەكانی حزب گرنگە، یەكەم مێژووی حزبەكە لەگەڵ حەجمی حزبەكە لە پەرلەمان، ئێمە بەپێی مێژوو پەیوەندیمان لەگەڵ هەندێك لە حیزبەكانی شیعە و سوننە هەبووە لەكاتی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، وەكو حەجم حەجمی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق دیارە بەڵام ناتوانم بڵێم پەیوەندییەكانمان لە ئاستی یەكێتی و پارتییە".

كۆمەڵ یەك پەرلەمانتاری هەیە لە بەغدا و هەفتەی ڕابردودا ئەو پەرلەمانتارە سەردانی چەند لایەنێکی عێراقی كردووە بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارو سەرۆکوەزیران.

"ئێمە لەسەر ئاستی مامۆستا عەلی باپیر و مەكتەبی سیاسی چوینەتە بەغداد و هەوڵی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان داوە، ئێستاش كە دوو میحوەر لە عێراق پەیدابووە ئەوەش دەبێـتە هۆكاری بەهێزكردنی پەیوەندییەكان" محەمەد حەكیم وادەڵێت.

محەمەد حەكیم رونیكردەوە پەیوەندییان لەگەڵ كونسوڵەكانیش هەیە، سەردانیان هەیە و زیاتر لە هەموانیش كونسوڵخانەی ئەمریكایە، كە پرسیاری بارودۆخی خەڵك بە تایبەتی دەكەن، "ئێرانیەكان دێن و دەیانبینین، لەگەڵ توركەكان و بەریتانییەكان و كونسوڵخانەكانی وڵاتانی ئەوروپاش دیدارمان دەبێت".

هاوشێوەی یەكێتی و پارتی، حزبەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بە جیا و پەرتەوازەیی پەیوەندیی لەگەڵ نوێنەرایەتی وڵاتان و هێزە عیراقییەكاندا دروست دەكەن.

مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پەرەگراف وتی "لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان هیچ هەنگاوێكمان نەناوە، بەڵام لەهیچ لایەنێكیش دورنین، ئیمە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە لە بەغدادین و وەزیرمان هەبووە و لە هەموو خولەكانی پەرلەمان بوین، بەڵام وەك لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ لایەنێكی دیاریكراو تائێستا نەبووە".

هاوپەیمانیی لایەنە كوردییەکان جگە لە نەوەی نوێ، پارتی لەگەڵ بەرەی سەدرییەکان و زۆرینەی سوننەدا ڕێككەوتووە، یەكێتیش لەگەڵ بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگیی ماوەتەوە.

"پێمانوایە پێویستە پەیوەندییەكان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بێت، یەكگرتوو عیلاقاتی لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقیەكان باشە و لەشەڕدانین لەگەڵ هیچ لایەنێك، دورو نزیكیمان لەگەڵ لایەنەكان لەسەر بنەمای نزیكی بەرنامە سیاسیەكەیە، بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەوە ئێمە پەیوەندییەكمان نییە كە دژایەتی بێـت بۆ گەل و وڵاتمان، بەڵام پەیوەندیشمان ناخۆش نیە لەگەڵ توركیا و ئێران و ئەمریكا و بەریتانیا و هەموو ئەو وڵاتانەی كە كونسوڵخانەیان لە هەرێم هەیە، هاتوچۆ و ڕاگۆڕینەوەمان هەیە" بەرپرسەكەی یەكگرتوو وایوت.

زۆر وڵاتی ئەوروپا و ئەمریكا و جیهان لە هەرێمی كوردستان كونسوڵخانە یان نوێنەرایەتییان هەیە، جگە لە لایەنە سیاسییەكان، شوێنە گشتییەكان بەسەردەکەنەوەو پەیوەندییان لەگەڵ میدیاو ڕۆژنامەنووسانیش هەیە وەرگرتنی زانیاریی لەسەر بارودۆخی خەڵك بە گشتی.

مستەفا عەبدوڵا وتی "بڕیارمانداوە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و جدی بین بۆ دژایەتی گەندەڵی و ناشەفافیەت، پێشمانوایە سیستەمی حوكمڕانی لە دنیادا بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت دەبێـت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەبێت، ئەمەش لە قۆناغێك ئۆپۆزسیۆن و لە قۆناغێك دەچێتە دەسەڵات".

هەروەها نەیشاردەوە لەگەڵ كۆمەڵ و نەوەی نوێ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە هەیە، لە هەندێك شتدا هاوڕا و لە هەندێك بابەتدا هاوڕا نین، بەڵام ئەو پەیوەندییە نەچووەتە قۆناغێكی فراوانەوە.

یەكەم ئەزمونی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی 2009ـدا بوو، كاتێك بە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو زیاتر لە 40 كورسییان لە كۆی 111 كورسی پەرلەمانی کوردستان لە شێوەی بەرەیەكدا پێكهێنا.

شوناس شێركۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی "بزوتنەوەی گۆران لە سەرەتای دروستبوونیەوە پێی وابووە كە پەیوەندییەكان پێویستە پەیوەندییەكی نیشتمانی بن، بەتایبەت لەگەڵ لایەنەكانی كوردستاندا، هەمیشە گۆڕان پێیوابووە شێوازی چارەسەری كێشەكانی نێوان لایەنەكان بەشێوەیەك بێت لە بەرژەوەندی نیشتماندا بێت، بۆیە ئێستا گۆڕان لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق پەیوەندی و ڕاگۆڕینەوەی هەیە".

گۆڕان ئێستا دورترە لەو لایەنانەی هەرێم کە ئۆپۆزسیۆنن، بەوپێیەی بزوتنەوەكە لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی پێكهێناوە و لە بەغداش هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.

"گۆڕان چاوی لەسەر ئەوەبووە نوێنەرایەتی حیزبی لە هیچ وڵاتێك نەبێت و پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم بە دامەزراوەیی بكرێن، حكومەتی هەرێم سەرپشك بێـت ئەو پەیوەندییانەی لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانە پەرەی پێبدات" شوناس شێركۆ ڕونیكردەوە "بەداخەوە گۆڕان لە ڕابردوودا لەوانەیە بەشێكی دونیابیینی دەربارەی پەیوەندییە ئیقلیمی و جیهانیەكان ئەو دونیابینییە نەبووە كە ئیشی جدی لەسەر بكرێت، ئەمەش بۆ دوو ئاست دەگەڕێتەوە كە یەكەم گۆڕان ویستویەتی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی حكومەتبن و نیشتمانی بن، دووەم گۆڕان نەیویستووە ببێتە بارتەقای تەرازووی هێز بە ئاڕاستەی هەر لایەنێكی نیودەوڵەتی و ئیقلیمی".

لە چەند مانگی ڕابردوودا، كە بە ئێستاشەوە گفتوگۆی لایەنەكان لە بەغدا بۆ حكومەت و كاری داهاتوی پەرلەمانیی گەرمە، جگە لە پارتی و یەكێتی، بە دەگمەن لایەنەكانی دیكەی كوردستان سەردانی پایتەختی عێراقیان كردووە و لە كۆبونەوەی هێزە عێراقییەكاندا دەركەوتون.

لێپرسراوەكەی گۆڕان وتی "لە دروستبوونی بزوتنەوەكەوە یەكجار شاندی بزوتنەوەكە بە سەركردایەتی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان چووەتە ئێران، غەیری ئەوە هیچ سەردانێك بۆ هیچ وڵاتێكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەكراوە، گۆڕان پێی باش بووە دامەزراوەكان لە عێراق و لە هەرێم كاری خۆیان بكەن، مەلەفی عێراق دراوە بە پەرلەمانتارەكانی بەغداد و لە هەولێریش بەهەمانشێوە".

"لە 2009ـەوە گۆڕان هەزاران كۆبونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان هەبووە و بەردەوام گفتوگۆی ئەوەی كردووە پەیوەندییەكان بە نیشتمانیی بكرێن و هێزەكان یەكبگرنەوە، بۆ ئەوەش وڵاتان هاوكاربن و ئەمە كارتی فشارمان بوو، ئەوانیش تا ڕادەیەك جدی بوون بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم هەنگاوی جدی بنێت" شوناس وای وت.