ژنان پۆستەكانی دهۆك دەچننەوە

28-04-2022 03:24
وێنەکە لە ڕاستەوە؛ د.ئاری عادل سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی دهۆک، شیلان یونس بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، میران عەبدولرەحمان بەرێوەبەری ناحیەی بامەرنی، عائیشا شەوکەت جێگری بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک.

پەرەگراف- عەممار عەزیز

ژنانی دهۆك؛ بەرەو پڕكردنەوەی پۆستە ئیداریی و كارگێڕییە باڵاكان هەنگاو دەنێن و هەوڵدەدەن رێژەی بەشدارییان هێندە بەرزبكەنەوە، قەرەبوی پەراوێزخستنی دەیان ساڵی رابردووش بكەنەوە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف لە ماوەی یەك ساڵی رابردودا هەشت ژن لە پارێزگای دهۆك پۆستیان پێدراوە و ژمارەیەكی دیكەش بڕیارە بۆ لێپرسراوێتی ئیداری كاندید بكرێن.

شیلان یونس، بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "پێش پێنج یان 10 ساڵ رێژەی ژنان لە پۆستە باڵاكانی دهۆك زۆر كەمبوو، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ داب و نەریتی كۆمەڵگە كە زۆر رێگەیان بە ژن نەدەدا وەكو پیاوان دەربكەون و پۆستێكی باڵا وەربگرن".

ئەو پێیوایە تێڕوانینی كۆمەڵگە كە باوەڕی بە توانا و شارەزایی ژنان نەبوو، ئێستا گۆڕاوە، ئەوەش وایكردووە حكومەت زیاتر بوار بە ژنان بدات تواناكانیان بەكاربهێنن.

لە كانونی یەكەمی 2021ـدا شیلان یونس دەبێتە بەرێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، هەمان مانگ هەر لە دهۆك عائیشا شەوكەت، وەك جێگری بەرێوەبەری گشتی روشەنبیری و هونەر دیاریدەكرێت.

"فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەكەی من دڵخۆشن ئەو پۆستەم وەرگرتووە، وەك خێزانێك مامەڵە لەگەڵ یەكتری دەكەین، توشی هیچ كێشە و گیروگرفتێك نەبوینەتەوە، مامەڵەكانی هاوڵاتیان و دامودەزگاكانیش بە باشترین شێوە بەڕێوەدەبەین، ئەوەی لەتوانای ئێمەدا بێت درێغی ناكەین بۆ خزمەتكردنی گەل و خەڵكەكەی خۆمان" شیلان هیوادارە كۆمەڵێك ژنی دیكەش پۆستی باڵا وەربگرن "چونكە دەیان ژنی زیرەك و شایستەمان هەیە".

لە شوباتی ساڵی رابردودا میران عەبدولرەحمان تەها، وەك یەكەم ژن بوو بە بەڕێوەبەری ناحیەی بامەڕنی، لە تەمموزی هەمان ساڵ هەلات عەبدولكەریم بوو بە بەرێوەبەری چاكساژی ژنان و مێرمنداڵان، ژنێكی دیكەش بەناوی ئاری عادل، وەك سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكەنیكی دهۆك دەستبەكاربوو.

ئدریس هەركی، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "تەنیا لەساڵی 2021ـدا شەش ژن لە ئەنجومەنی پارێزگا وەك بەرێوەبەری گشتی دەنگیان لەسەر دراوە و دەستبەكاربوون، هەروەها ژنێكی تر بووە سەرۆكی داواكاری گشتی و یەكێكی دیكەش بووە جێگری بەرێوەبەری گشتی رۆشنیری و هونەر".

هەروەها ئاشكرایكرد "ماوەیەكی تر ژمارەیەك  قایمقامی قەزاكان لە سنوری پارێزگای دهۆك دەگۆڕدرێن، بەپێی زانیارییەكانم ژنێكی تر پۆستی قایمقامیەتێكی پارێزگاكە وەردەگرێت".

لە ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی كوردستان و عیراقیش رێژەی ژنان بە یاسا دیاریكراوە نابێت لە سەدا 30 كەمتر بێت.

ئدریس هەركی وتی "پێدانی پۆستی باڵا بە ژن یەكێكە لە بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە دەیەوێت زیاتر ژنان بهێنێتە پێشەوە، پێدانی ئەو پۆستانە بە ژنان سەرەتایەكی باشە چونكە پێشتر رێژەی ژنان لە پۆستە باڵاكانی دهۆك كەمبوو".

بەپێی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێویستە ئافرەتان بە توانا و لێهاتووی خۆیانەوە ڕۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگادا وەربگرن.

لە كۆی 22 وەزیری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سێ ژن هەن؛ ئەوانیش وەزارەتەكانی كاروكاروباری كۆمەڵاتی، كشتوكاڵ و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمانە.

بۆ یەكەمجاریش سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و سكرتێری پەرلەمان ژنن.

"گرنگە رێژەی ژنان لە پۆستە باڵاكاندا بگاتە سەدا 30 بۆ سەدا 35، من لەگەڵ ئەوەدانیم تەنیا بۆ ئەوەی رێژەكە زیاد بكەن پۆست بدەینە ژنان، بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەدام ژنانی پیسپۆڕ و خاوەن ئەزمون بكرێنە بەرێوەبەری گشتی یان هەر پۆستێكی تر، بەدڵنیایەوە ئەوە دەبێت بۆ پیاوانیش بەمشێوەیە بێت" بەوتەی عائیشە شەكەوت، جێگری بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری دهۆك بۆ پەرەگراف.

بەبڕوای ناوبراو زیادكردنی رێژەی ژن لە پۆستە باڵاكانی پارێزگای دهۆك دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك؛ "هەندێك ژن لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك زۆر لە خەڵكی پارێزگا دەنگیان پێدا، ئەمەش وایكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان زیاتر گرنگی بەژنان بدەن".

عائیشە وتیشی، پێشتر ژنانی دهۆك كۆمەڵێك داواكارییان پێشكەش بە حكومەت كرد، یەكێك لەوان پێدانی پۆستی باڵا بوو، "دڵخۆشین حكومەتی هەرێم یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی ژنانی جێبەجێكرد".

لە كۆتایی تەموزی 2021ـدا دادوەر هەدار عەبدولمەجید، بوو بە سەرۆكی داواكاری گشتی لە پارێزگای دهۆك، ئەوەش یەكەمینجارە ژنێك ئەو پۆستە لە سنورەكەدا وەربگرێت.

لە سەرەتای ساڵی رابردوشدا شیلان سامر، وەكو بەرێوەبەری كاروباری مین لە پارێزگاكە هەڵبژێردرا، كە پێشتر ئەو پۆستە پیاوێك بەڕێوەی دەبرد.

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێڕی بۆ پەرەگراف وتی "لە كابینەی نۆیەم زیاتر بوار بە ژنان دراوە پۆستە باڵاكان وەربگرن، ئەمەش لە پارێزگای دهۆك زیاتر رەنگیداوەتەوە و تەنیا لە ساڵی رابردودا هەشت ژن پۆستی باڵایان وەرگرتووە.. ئێستا رێژەی ژن لە پۆستە باڵاكانی پارێزگاكە نزیكەی سەدا 15ـیە".

ئەو رێژەیە بەلای جێگری پارێزگارەوە زۆر كەمە بەپێی ستانداردە جیهانییەكان، بەڵام پێیوایە ئەو گۆڕانكارییانەی كراون هەنگاوی باش بون و دەكرێت زیاتر پەرەی پێبدرێت.

"لە دهۆك حەوت قەزامان هەیە كە هەموو قایمقامەكان پیاون، بەلانیكەمەوە دەبێت دوان لەو پۆستانە بدرێن بە ئافرەتان، ئیدارەی پارێزگا لەگەڵ ئەوەدایە بواری زیاتر بە ئافرەتان بدرێت پۆستە باڵاكان وەربگرن" شلیمون وادەڵێت و ئاماژەی بەوەشدا بەدواداچونیان بۆ كاروباری ئەو ژنانە كردووە كە پۆستیان وەرگرتووە، دەركەوتووە كارەكانیان بە باشی بەڕێوەدەچێت و هیچ گلەییەكیان لەسەر نییە.

بەپێی دەستوری هەمیشەیی عیراق، هەموو هاوڵاتییەك، بەژن و پیاوەوە، مافی بەشداریكردنی لە كاروباری گشتی و گەیشتن بە مافە سیاسییەكانی هەیە لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن.