شەڕ شیلادزێ لە دانیشتوانەكەی دەكاتە زیندان؛ گوندەكان چۆڵبون و هاتوچۆ نەماوە

31-05-2022 09:02
سەربازانی تورکیا لە خاکی ھەرێمی کوردستان

پەرەگراف

گوندنشینانی شیلادزێ هەر لە ماڵ و حاڵی خۆیان نەبون، بەڵكو رێگەنادرێت لانیكەم جاروبار سەرێك لە رەز و باخەكانیشیان بدەنەوە.

تادێت سنوری هاتوچۆی هاوڵاتیانی ئەو ناحیەیە بەرتەسكتر دەبێتەوە، ژیانی هاوڵاتیان لە مەترسی بۆردوماندایە و زۆرینەی گوندەكانیش بە تەواوی چۆڵكراون، بەهۆی شەڕی درێژخایەنی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـەوە.

"لەگەڵ بەهار و وەرزی پێگەیشتنی بەروبومی جوتیاراندا شەڕی توركیا و گەریلا دەستپێدەكاتەوە، هەرچی زیانیش هەیە بۆ ئێمەیە" پەروەر سەبری وای وت، كە ئێستا شیلادزێ بۆ ئەو و دەیان هاوڵاتیی دیكە وەك زیندانی لێهاتووە.

شیلادزێ دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دهۆك و بەهۆی نزیكی لە سنوری توركیاوە چەندین ساڵە بەردەوام گۆڕەپانی گەرمی شەڕ و پێكدادانی توركیا و پەكەكەیە.

پەروەر لە شیلادزێ نیشتەجێیە لەبارەی نیگەرانییەكانیەوە بۆ پەرەگراف وتی "لایەنە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان لە بۆردومانی توركیا رێگە بە جوتیاران نادەن بچنەوە بۆ گوند و سەر لە باخ و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بدەن".

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف هێزە سەربازیی و ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا رێگەی هاتوچۆ بەئاڕاستەی شاری دهۆك بە هاوڵاتیانی شیلادزێ دەدەن نەك ناوچەكانی دیكە و گوندەكانیان.

لە چەند ناوچەیەكی هەرێم و لە نێویاندا شیلادزێ، بارەگای سەربازیی توركیا هەن، ئەوەش مێژویەكی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ، كاتێك لە 1997دا بەپێی ڕێككەوتنێك لەگەل پارتی گەیشتنە سنورەكە و هێشتا نەكشاونەتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی ڕێكخراوی (CPT)، تورکیا 37 بنكەی سەربازی و هەواڵگری داناوە، زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێم جێگیركراون.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی شیلادزێ كە لەبەر نەبونی مۆڵەتی لێدوان داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بۆ پەرەگراف وتی "لە ساڵی 1991ـەوە و بەهۆی شەڕی نێوان توركیا و گەریلاوە، لە سنوری ناحیەكەماندا لە كۆی 92 گوند تائێستا 82 گوند چۆڵكراون".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، تەنیا چۆڵكردنی گوندەكان نییە، بەڵكو گوندنشینان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوی و باخەكانیشیان، "تەنانەت لایەنی ئیداریش ناتوانن بچنە ئەو گوندە چۆڵكراوانە تا زیانەكانی جوتیاران بەهۆی شەڕ و پێكدادان دیاری بكەن و بیخەمڵێنن".

دواین ئۆپەراسیۆنی توركیا بەناوی "چنگ-قوفڵ"ـی دژی پەكەكە، 17ـی نیسانی ئەمساڵ دەستپێكرد و بەهۆیەوە جارێكیتر سنوری هەرێمی كوردستانی بەزاند.

"زۆرینەی گوندەكان چۆڵكراون و هاوڵاتیانیش ناتوانن بڕۆنەوە سەر زەوییەكانیان بۆیە زیانی زۆر بەر جوتیاران كەوتووە"، پەروەر سەبری، هاوڵاتییەكەی شیلادزێ خەمی ئەوەیەتی كەس لە زیانەكانیشیان نەپرسێتەوە.

سەرباری بەردەوامی شەڕ، بەڵام لێپرسراوانی هەرێمی كوردستان جگە لە داوای دورخستنەوەی پێكدادانەكان هیچ چارەسەرێكی دیكەیان بۆ هاوڵاتیانی ناوچە سنورییەكان نەبووە.

سەرچاوەكەی ئیدارەی شیلادزێ وتی "رێگریی لە هاتوچۆی هاوڵاتیان بەهۆی شەڕ و بۆردومانەوەیە، چونكە زۆرجار جوتیاران كاتێك گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكانیان تا كاربكەن لە زەوییەكانیاندا كراونەتە ئامانجی بۆردومان و شەهید بون، بۆیە تا شەڕ و ئۆپەراسیۆنی توركیا كۆتایی نەیەت رێگە بە هاتوچۆی جوتیاران و هاوڵاتیان نادرێت".

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف و ئەو زانیارییانەی لە هێزە ئەمنییەكانی شیلادزێ-ـوە وەریگرتووە، هێزەكانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و زێرەڤانی و ئاسایش، تەواوی ئەو رێگایانەیان بە گڵ و لەڕێی شۆفڵەوە داخستووە كە دەچێتەوەسەر زەوی كشتوكاڵیی جوتیاران و بازگەیان داناوە، تا رێگریی لە هاتوچۆی هاوڵاتیان بكەن.

پەیبەر ئەرتیسی، مامۆستای مێژووە و روداوەكانی شیلادزێ تۆماردەكات، ئەو بە پەرەگرافی وت، ناحیەكەیان بەردەوام بۆتە قوربانی ناكۆكیی سیاسەتی هەرێمی و ناوخۆیی، خەڵكەكەی لە رەز و باخ و بەرهەمەكانیان بون.

لە شەڕ و بۆردومانەكانی توركیادا دەیان هاوڵاتی هەرێمی كوردستان شەهید و برینداربون، بەپێی ئاماری رێكخراوی (CPT) تەنیا لە حەوت ساڵی رابردودا ژمارەی شەهیدەكان گەیشتۆتە نزیكەی 100 كەس.

بەپێی ئامارە كۆكراوەكانی مامۆستا پەیبەر، تەنیا ژمارەی قوربانیانی شیلادزێ لە 50 كەس نزیكدەبێتەوە.

"لە شەڕی پەكەكە و توركیا و تەنانەت شەڕی ناوخۆدا، ئەم دەڤەرە بە هێرشی زەمینی و ئاسمانی وێرانكراوە و دەیان كەس شەهید و برینداربون".

پەیبەر ئەرتیسی وتی "خەڵكی شیلادزێ چەندینجار خۆپیشاندانیان كردووە تا رادەی هێرشكردنەسەر بارەگای میتی توركیا لە شیلادزێ".

لە ساڵی 2019ـدا ژمارەیەك لە گەنجان و هاوڵاتییانی شیلادزێ هێرشیانكردە سەر سەربازگەیەكی توركیا لە سنوری ناحیەكەیاندا، بەشێكیان سوتاند و دواتر بەهۆیەوە هەندێك لەو گەنجانە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە روبەڕوی یاسا كرانەوە، ئەو توڕەییەی خەڵكەكەش دوای ئەوەهات، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە چوار هاوڵاتی ناحیەكە گیانیان لەدەستدا.

تەنیا لە شیلادزێ نییە، لە ناوچەكانی شنگال، مەخمور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیل دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید و برینداربون.