چیرۆكی بازرگانیكردن بە منداڵانەوە لە شەقامەكانی شاردا

01-06-2022 08:13
دەستگیرکردنی ژمارەیەک سواڵکەر لە هەولێر کە هەندێکیان منداڵیان بەکارهێناوە بۆ سواڵکردن.

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

لەناو ژاوەژاو و قەرەباڵغی بازاڕدا، مینا وەك جەستەیەكی بێ گیان بە جلوبەرگێكی نیمچەڕوتەوە لە باوەشی دایكیدا خەوی لێكەوتووە، شوێنەواری سوتاوییەكانی سەر مل و سنگ و دەستەكانیشی بە دەرەوەن.

ئەو كچە تەمەنی چوار ساڵە، بەبێ ویست و خواستی منداڵانەی خۆی، رۆژ تا ئێوارە لە شەقامەكان و بەرپێی هاوڵاتیاندا نمایشی ئازاری سوتاوییەكانی جەستەی دەكرێت، لە پێناو بەدەستهێنانی چەند هەزار دینارێكدا.

"ناچارم بۆیە ئەو کارە دەکەم، هەندێک لەو پارەیەی دەستم دەکەوێت کۆی دەکەمەوە و نەشتەرگەری بۆ کچەکەم دەكەم" دایكی مینا بۆ پەرەگراف وای وت، لە وەڵامی پرسیارێكدا کە ئایا رونكردنەوە و نیشاندانی سوتاوی جەستەی منداڵەكەی بۆ دەستكەوتنی پارەیە؟.

دایكی رۆژانە مینا لە ژیانی منداڵیی دادەبڕێت و لەگەڵ خۆیدا بۆ سواڵكردن دەیبات، جارجارە بەدەم هاواركردنەوە تكا دەكات لە پێناو چارەسەری كچەكەیدا خەڵك هاوكاری بكەن.

"بە ناچاری ئەم كارە دەكەم، ئەو پارەیەی خەڵك پێمدەدەن خێزانەكەمی پێدەژییەنم، رۆژانە پێنج تا 20 هەزار دینارم دەست دەكەوێت".

مینا وەك دایكی دەڵێت؛ لە دووساڵیدا ئاوی گەرمی پێدا رژاوە و بەوهۆیەوە بەشێك لە جەستەی سوتاوە، هاوسەرەكەیشی نەخۆشە و لە ماڵەوەیە، تەنیا كوڕێكی دیكەی منداڵی هەیە و لە گەڕەكێكی قەراغ شاری سلێمانی كرێچییە.

ئەو ناڵێت خەڵكی كوێیە، بەڵام شێوەزاری لە خەڵكی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناچێت، لە یەك شوێنیشدا نامێنێتەوە، هەر جارە و لە شوێنێكی جیاواز جەستەی سوتاوی كچەكەی بۆ سواڵكردن نمایش دەكاتەوە.

بەكارهێنانی منداڵ بۆ سواڵكردن دەچێتە چوارچێوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە سزای توندی بۆ دانراوە، وەك ئەوەی دایكی مینا دەیكات و لەگەڵ هەموو پەیماننامە و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكانیشدا یەكناگرێتەوە.

پارێزەر ڤێنا بەكر بۆ پەرەگراف وتی "لەسەر شەقام و ترافیکەکانیش دەبینرێت کە منداڵ بەکاردەهێنرێت بۆ سواڵکردن، هەندێکجار بە ئەنقەست منداڵەکە دەسوتێنرێت یان نەخۆش دەخرێت بۆ ئەوەی هەستی خەڵک رابکێشن و پارەی بدەنێ".

سزای بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە زیندانیکردنی كاتی تا هەتاهەتایی تێدایە لەگەڵ غەرامەی دارایی تا 25 ملیۆن دینار، ئەو سزایەش بەپێی جۆر و شێوازی بازرگانیکردنەکە دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر منداڵی كچ و خوار تەمەنی 18 ساڵی بێت سزا قورسەكە دەیگرێتەوە، بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ ژمارە 28ـی ساڵی 2012ـی عێراق.

هەمان ئەو یاسایەی عێراق پەرلەمانی كوردستان بە یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2018 لە هەرێمیش بەركاری كردووە.

"لە هەرێمی کوردستان باوترین جۆری بازرگانیکردن بە مرۆڤ، سواڵکردن بە منداڵان و بازرگانیکردنە بە کارێکارە بیانییەکان" ڤێنا بەکر وادەڵێت.

هەر لە ناوبازاڕ نییە، لە زۆربەی ترافیك و شەقامە سەرەكییەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان منداڵان كاردەكەن، ئاو و كلینێكس دەفرۆشن، یان بە بڕە پارەیەكی كەم جامی ئۆتۆمبێل پاكدەكەنەوە، لەكاتێكدا بەپێی ڕێككەوتننامەی مافەكانی منداڵان، هەموو منداڵێك مافی ئەوەی هەیە ئیش نەكات و ژیانی دەستەبەركراو و پارێزراوبێت.

شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دهۆک بۆ پەرەگراف وتی "تەنیا لە نیسانی ئەمساڵدا حەوت کەسمان دەستگیركردووە لە ترافیک لایتەکاندا سواڵیان بە منداڵان کردووە، کە هەندێکیان باوک و مامی منداڵەکان بوون و ئەوانی تریش هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتییان لەگەڵ منداڵەکان نەبووە".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای كاری عێراقی كە لە كوردستان كاری پێدەكرێت، منداڵ بۆی نییە تا ١٥ ساڵی كار بكات، دوای ئەو تەمەنە بە مەرجیی ئەوەی كارەكەی قورس نەبێت و مەترسیی بۆ سەر ڕەوشت، هەڵسوكەوت، خوێندنی نەبێت ئینجا رێگەی پێدەدرێت.

دارا فاروق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "تائێستا هیچ سکاڵا یان کەیسێکیان لەلا تۆمارنەکراوە تایبەت بێت بە بازرگانیکردن بە منداڵانەوە".

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێنج ساڵە لە هەرێم كراوەتەوە.

بەڕێوەبەرەكەی دەڵێت، ئەو دۆسیەیانەی پێشتر ئاڕاستەیان كراون دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كەیسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نەبووە و بەپێی تایبەتمەندییەكەی ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیداری دیكە كراوە.

بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، لیژنەیەكی باڵا بە نوێنەرایەتی هەرێم و پارێزگاكان پێكدەهێنرێت تا پلان دابنێن و ئەو دیاردانەی دەچنە چوارچێوەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە بنەبڕی بكەن، هەروەك لە یاساكەدا هاتووە؛ دەوڵەت پابەندە بە هاوكاری و چارەسەری دەرونی قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤەوە لە نێویاندا منداڵان.

چاودێری كۆمەڵایەتی دهۆك، لەڕێی منداڵانەوە گەیشتون بەوكەسانەی پارەیان پێ پەیدا دەكەن، بۆیە چەندین كەسیان دەستگیركردووە تا روبەڕوی دادگا بكرێنەوە، "منداڵەكان تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 15 ساڵیدایە، هەندێكیان دایك و باوكیان دەزانن سواڵ بە منداڵەكانیان دەكرێت و لە پێناو دەستكەوتنی پارەدا بێدەنگبون" شێرزاد حەمید وای وت.

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دهۆك وتیشی "لە ساڵانی رابردوشدا هەمان حاڵەت هەبووە، بەتایبەت ئەوکاتەی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگاكە زیاتر بون، رێژەی سواڵکردن بە منداڵانیش زۆرتر بوو".

هێزەكانی پۆلیس چەندینجار هەواڵی دەستگیركردنی منداڵانیان بەتۆمەتی سواڵكردن بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ئامادەنین لەبارەی چارەنوسی ئەو منداڵانە و دوبارە گەڕانەوەیان بۆ شەقامەكان، هیچ لێدوانێك بۆ میدیا بدەن.

لەكاتێكدا بەپێی ماددەی 37ـی دەستوری هەمیشەیی عێراق، كاركردنی بە زۆر و بەندایەتی و بازرگانیكردن بە منداڵانەوە قەدەغەیە.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێم دەڵێت، لە دادگاکاندا تەنیا سێ کەیسیان هەیە بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ سزادراون، ئەوانیش کرێکاری بیانی بوون و لەناوخۆیاندا بازرگانییان بە کرێکاری تری بیانییەوە کردووە.

بەپێی راپۆرتی تایبەت بە بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە عێراق كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 2021ـدا بڵاویكردۆتەوە، هێشتا عێراق لە ئاستی 2ـدایە لەو دۆسیەیەدا و هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، پاراستنی گونجاویان دابین نەکردووە بۆ ئەو قوربانییانەی بازرگانییان پێوەکراوە یان شاهیدەکان بۆ هاندانیان بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی بازرگانان بە مرۆڤ.