شوێنەوارەكانی دهۆك بە ئاگری شەڕ دەسوتێن

16-06-2022 12:40
خوێندنگای قوبەهان لە قەزای ئامێدی کە کۆنترین خوێندنگایە لە بادینان، بەهۆی ڕوداوی سروشتییەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. وێنە؛ عەممار عەزیز

پەرەگراف- عەممار عەزیز

ژمارەیەك شوێنەواری مێژویی لە دهۆك زیانیان بەردەكەوێت، دەیان شوێنی دیكەی بەنرخیش خەریكە دەسوتێن و بە یەكجاری لەناودەچن، بەهۆی ئاگری چەك و بۆردومانەكانی توركیاوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، تەنیا لە پارێزگای دهۆك، 79 شوێنەوار لە بەردەم مەترسیی ڕاستەوخۆی شەڕی درێژخایەنی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ـدان.

"لە قەزاكانی ئامێدی، ئاكرێ و زاخۆ 79 شوێنەوار ڕوبەڕوی مەترسی لەناوچون و سوتان بونەتەوە، بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی توركیا بۆ ناوچەكە و شەڕەكانیان لەگەڵ پەكەكە" بەوتەی دكتۆر بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار لە پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف.

بریفكانی دەڵێت، مەترسییە زۆرەكە لە ناوچەی بەرواری باڵایە، چونكە شوێنەواری زۆر دێرێنی تێدایە وەك قەلعەی هلور، مەزارگەی شێخ ئیسلام و چەندین شوێنەواری دیكە، "بەداخەوە بەهۆی ئەم شەڕەوە خەریكە نامێنن".

هێرشەكانی توركیا، بە بۆردومانی ئاسمانیشەوە، چەندین ساڵە لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە سنوری دهۆك بە پاساوی شەڕی پەكەكە بەردەوامە، دواترینیان ئۆپەراسیۆنێك بوو بەناوی "چنگ-قوفڵ" كە ١٨ی نیسانی ئەمساڵ دەستپێكرد.

كۆڤان ئیسحان، شارەزا و پسپۆڕ لە بواری شوێنەواردا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ناوچانەی شوێنەواری تێدایە و مەترسی لەسەرە بەهۆی شەڕەوە كردوومە بە چوار كەرت؛ یەكەمیان زاخۆیە كە زیاتر لە 30 ناوچەی شوێنەواری هەیە، دوەمیان بەرواری باڵایە لە نێوان چیای مەتین و چیاكانی كوردستانی توركیا، ئەوێش ژمارەیەكی زۆر لە كڵێسا و خوێندنگە و گۆڕستانی كۆن و مێژویی تێدایە، بۆ نمونە خوێندنگەی كێستە كە تایبەت بووە بە میرەكانی بادینان".

لە شەڕی توركیادا بەرانبەر پەكەكە جگە لە بۆردومانی ئاسمانی، چەندین جۆر چەكی قورس و سوتێنەر بەكاردەهێنرێن، چەندینجار بەهۆیەوە باخ و كشتوكاڵی هاوڵاتیانیش سوتاون.

"كەرتی سێیەمی شوێنەوارەكان لە چیای مەتین و گارەیە، توركیا و پەكەكە لەوێش شەڕ دەكەن، بۆ نمونە چەند ساڵێك لەمەوبەر توركیا ڕۆكێتێكی لە مەرقەدی شێخ ئیسلام هەكاری دا، كە سەركێشی تەسەوف بوو و مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسی و لە ساڵی 587ـدا كۆچی دواییكردووە".

ئەو شارەزایەی شوێنەوار دەڵێت، لە كەرتی چوارەمی شوێنەوارەكاندا، نێروە و ڕێكان هەن، لەوێش شوێنەواری گرنگی وەك گوندی هێتوت و ناوچەی كوڕەژاری تێدایە، كە شەڕ لەوێش بەردەوامە، "لە هەموو ئەو ناوچانەی باسمكرد زیان بە شوێنەوارەكان گەیشتووە و هەندێك ئەشكەوتیش هەن پەكەكە وەك پەناگە بەكاریاندەهێنێت و توركیا بۆردومانی دەكات و زیانی بەردەكەوێت".

كۆڤان لە 2009ـەوە سەرقاڵیی دۆكیۆمێنتكردنی شوێنەوارەكانی كوردستانە و ڕاپۆرتێكی وردیشی لەوبارەیەوە بۆ زانكۆی هارڤاردی ئەمریكیی ناردووە، وتیشی، بە داتا و زانیاریی لەبارەی زیانی شوێنەوارەكانەوە بەهۆی شەڕەوە، ئەو زانكۆیەی ئاگاداركردۆتەوە تا لەڕێی ئەوانەوە زانیارییەكان بە ڕێكخراوی یونسكۆ بگات و هەوڵ بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەكان بدەن.

بەشێك لەو گوند و ناوچانەی شەڕیان تێدایە، شوێنەوار لە خۆدەگرن، بە تایبەت كڵێسا و ئەشكەوتی زۆر كۆن، كە بەهۆی بۆردومانەوە زیانیان بەردەكەوێت و خاپور دەبن، لەكاتێكدا مێژوی بەشێكیان بۆ سەردەمی چاخی بەردین و هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، لەگەڵ شوێنەواری سەردەمی سۆمەری، بابلی، میدی، میتانی، كاردۆخی.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، تائێستا نزیكەی 10 شوێنەوار لە قەزاكانی ئامێدی، ئاكرێ و زاخۆ بەهۆی بۆردومان و سوتانەوە زیانیان بەركەوتووە، بەتایبەت قەڵای قومری لەناوچەی هرور.

هشیار فەریق، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "بۆردومانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنورییەكان و بەتایبەت لە سنوری قەزاكانی ئامێدی و زاخۆ و ئاكرێ‌ مەترسی بۆ سەر هەموو شتێك دروستكردووە، نەك تەنیا شوێنەوار".

وتیشی تائێستا لە ئەنجومەنەكەیاندا "هیچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان بە پرسی مەترسی لەسەر شوێنەوارەكان نەكردووە".

هەرێمی كوردستان، لە ناوچەی میزۆپۆتامیای دەوڵەمەند بە شوێنەواردا هەڵكەوتووە و زیاتر لە شەش هەزار ناوچەی شوێنەواری هەیە، تەنیا لە سنوری دهۆك دوو هەزار ناوچەی شوێنەواری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری پارێزگاكە تۆماركراون، ئەوەش هەموی نییە و گوماندەكرێت نزیكەی هەزار شوێنەواری دیکە هێشتا تۆمارنەكرابن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، ساڵێك لەمەوبەر لە ئەنجومەنی پارێزگا لیژنەیەكی تایبەت بە زیانەكانی بۆردومانی توركیا پێكهێنرا، كە بەدواداچونی بۆ هەموو شتێك كردووە نەك تەنیا شوێنەوار و ئەنجامی بەدواداچونەكانیش رادەستی لایەنی پەیوەندیدار كراون.

"مەیدانی پەكەكە باشوری كوردستان نییە، پێویستە پەكەكە خەباتی خۆی لە كوردستانی باكور بكات نەك لە باشور تا بیانوو نەداتە توركیا و ئەوانیش ناوچەكانمان بۆردومان نەكەن" هشیار فەریق وای وت.

بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە، دەیان گوند لە دهۆك چۆڵكراون، نەك هەر لەوێ، بەڵكو لە ناوچەكانی شنگال، مەخمور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیلیش بۆردومانەكانی تورکیا زیانی لێكەوتۆتەوە و دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆیەوە شەهید و برینداربون.

پێشتر رزگار سدقی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە بەهۆی شەڕی توركیا و پەكەكەوە لە چوار ساڵدا 34 هاوڵاتی شەهید و سەدانی دیكەش برینداربون، زیاتر لە 25 گوند چۆڵكراون، زیانی سەروو حەوت ملیار دینار هەبون و زیاتر لە شەش هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵیی سوتاون.

بەپێی راپۆرتێكی ڕێكخراوی (CPT)؛ تورکیا 37 بنكەی سەربازی و هەواڵگری داناوە، زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمی كوردستان جێگیركراون.