گەورەترین كێڵگەی گازی سروشتیی ھەرێمی كوردستان لەژێر ھێرشی مووشەكدایە

25-06-2022 02:15
بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەھۆی ھێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی ھەینی ٢٤-٦-٢٠٢٢

پەرەگراف

بۆ جاری دووەم لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە مووشەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. بەر لە هێرشەكان سێ‌ جار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسمانی ناوچەكەدا بینراوە.

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، كاتژمێر 2:10 خولەكی ڕۆژی ھەینی ٢٤-٦، یەك مووشەك لەدەرەوەی كۆمپانیای دانەگاز، لای گوندی كۆرمۆر و لە پشت كۆمپانیاكەوە، كەوتووەتە خوارەوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم، هێرشەكە "لە نزیكی شوێنی هەمان هێرشەكەی پێشوو بووە و زیانی گیانی و ماددی نەبووە، تەنیاهەندێك پووشوپەڵاش سووتاوە".

ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، دوای ھێرشەكە سەردانی كێڵگەی گازەكەی كرد و بە ڕۆژنامەنووسانی وت"كێڵگەكە بەردەوامە لە بەرھەمھێنان و ھێرشەكە ھیچ كاریگەرییەكی لەسەر بەرھەمھێنانی گاز و كارەبا نەبووە".

موفتی وتیشی "لە ئێستادا ڕۆژانە ٤٥٠ ملیۆن پێ سێجا گاز لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر بەرھەم دەهێنرێت بۆ بەرھەمھێنانی كارەبا. ئەگەریكشانەوەی دانەگازیش لە ئارادانییە و دۆخەكە ئارامە".

كۆمپانیای دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.

دانەگاز لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا ڕێككەوتووە كە بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر بكات، كۆی تێچووی پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە 630 ملیۆن دۆلارە.

سەرچاوەیەك لەناو كەمپی كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ پەرەگراف ئاشكرای كرد كە "لە ماوەی ڕابردوودا سێ‌ جار درۆن(فڕۆكەی بێفڕۆكەوان) بەسەر كێڵگە نەوتییەكەدا سوڕاوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتی "جاری یەكەم زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر درۆنێك هاتووەتە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و لەلایەن پاسەوانەكانی کێڵگەکەوە بە چەكی قەناس تەقەی لێ كراوە. دواتریش شەوێك لە نێوان كاتژمێر 7:30 بۆ 9ی شەو درۆن بینراوە و تەقەی لێ‌ كراوە".

"دواین جار بەیانیی هەینی 24-6-2022 بەر لە هێرشەكە، یەكێك لە پاسەوانەكان درۆنێكی بینیوە كە بەسەر كەمپی كێڵگەی غازیكۆرمۆردا سوڕاوەتەوە"، سەرچاوەكەی پەرەگراف وای وت.

ئەو سەرچاوەیە كە لە نزیكەوە ئاگاداری جووڵەی درۆنەكان بووە، پێیوایە ئامانج لە ناردنی درۆنەكان "چاودێری و دیاریكردنی خاڵێك بووە بۆئەوەی هێرشی بكەنە سەر، خاڵێك كە زیانی گیانیی لێ‌ نەكەوێتەوە و تەنیا هۆشدارییەك بێت".

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر كەرەم بۆ پەرەگراف پشتڕاستی كردەوە كە "بەرپرسانی كۆمپانیای دانەغاز پێشتر وتوویانە سێ‌ جار لەسەر كەمپەكە درۆن بینراوە".

ڕۆژی 22-6-2022، مووشەكێك لە نزیك سیاجی كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر كەوتە خوارەوە و كۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند "زیانی ماددیی بە ناوچەی كاری كێڵگەی كۆرمۆر نەگەیاندووە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز بە شێوەیەكی سروشتی و بەبێپچڕان بەردەواە".

كۆمپانیاكە وتیشی "دوو كارمەندمان بەهۆی كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكەوە بە سووكی بریندار بوون، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاونەتەوە سەر كار".

ئەگەرچی هێرش بۆ سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر پێشهاتێكی نوێیە، بەڵام لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووری لەقەڵەم دا، چەند جارێك بە مووشەك و درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كراوەتە سەر هەولێر.

هەرچەندە هێرشەكان بە پاساوی بوونی بنكەی ئیسرائیل بووە، بەڵام دوو هێرشیان بۆ سەر كۆمپانیای كار و ماڵی شێخ باز كەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار بووە، كە كۆمپانیاكەی كار لە كەرتی نەوتی هەرێمدا دەكات و بۆریی گازی هەرێمیش بڕیارە هەرلەلایەن هەمان كۆمپانیاوە ڕابكێشرێت.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری كەرتی نەوت، پێی وایە كە "لایەنی عێراقی وای دەبینن خۆڕاگریی كەرتی نەوتی هەرێم وابەستەیە بەكۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانەوە، تا ئەم كۆمپانیایانە بەردەوام بن و نەوت بفرۆشن، هەرێم پێداگر دەبێت لەسەر هەڵوێستەكانی".

ئەو شارەزای بواری كەرتی نەوتە دەڵێت "گەر عێراق توانیی كۆمپانیا نەوتییەكان هەراسان بكات و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمیان پێ جێبهێڵێت، ئەوكات كەرتی نەوتی هەرێم كۆتایی دێت و حكومەتی هەرێم ناتوانێت درێژە بەم پرۆسە بدات، ئەمە تێگەیشتنی لایەنی عێراقییە،بۆیە كۆمپانیا نەوتییەكان دەكاتە ئامانج."

ڕۆژی 15-2-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و بڕیارەكانی پابەندكەرن، بڕیارێكی پێنج خاڵیی لەدژی كەرتی نەوتی هەرێم دەركرد.

"نادەستووریبوونی یاسای نەوتو گازی هەرێمی كوردستان‌ ژمارە (22)ی ساڵی 2007 و پووچەڵكردنەوەی، پابەندكردنی حكومەتیهەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی تەواوی نەوت بە حكومەتی فیدراڵی، چاودێریی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی حكومەتی هەرێملەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە"، كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوو.

حكومەتی هەرێم چەند جارێك بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی ڕەت كردووەتەوە و سوورە لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتەكەی. جەختیش دەكاتەوە كە یاسای نەوت و غاز و كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێم دەستوورییە. ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمیش دەڵێت "مامەڵەیحكومەتی هەرێم لە دۆسیەی نەوت و گازدا نادەستووری نییە".

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرەگراف دەڵێت "ئامانجی ئەم هێرشانەفشاركردنە لە هەرێم بەتایبەت لە بابەتی گازی سروشتیدا، بەڵام لە ئێستادا ناتوانین لایەنێك دیاری بكەین كە هێرشەكەی كردبێت".

"هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە بابەتی نەوت و گازدا سەلامەت بێت لە بەرهەم هێنان و هەناردەكردن، پێویستە لەگەڵ بەغداد ڕێك بكەوێت،بەتایبەت یاسای نەوت و گاز  لە پەرلەمان دەنگی پێ بدرێت وپەیوەندیی نەوتی و گازی و دارایی و ئابووریی نێوان هەرێم و بەغداد ڕێكبخرێت"، شێركۆ جەودەت وا دەڵێت.

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەم هێرشانە كاریگەریی لەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان دەبێت و دەشڵێت "بابەتی بەئامانجگرتنی كێڵگەی كۆرمۆریشبۆ كێشمەكێش لەسەر گازی سروشتی دەگڕێتەوە".

ڕۆژی 28-3-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە لە ئیمارات، ڕایگەیاند"سوورین لەسەر ئەوەی كوردستان بكەینە سەنتەرێكی وزە لە ناوچەكەدا و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبین بە هەناردەكاری گاز بۆ بەشەكانیدیكەی عێراق، توركیا و ئەورووپا و پێداویستیی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەكەین".

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی، هەروەها هێرشەكان بۆ سەر كەرتی نەوت و گازی هەرێم وهەولێری پایتەخت، هەموو یەك لە دوای یەك پاش ئەوە هاتن كە بەرپرسانی هەرێم هەوڵی جیددییان بۆ پەرەرپێدانی گاز بە ئامانجیهەناردەكردنی دەست پێ‌ كرد.

بەرپرسانی هەرێم لە یەكەم هەنگاودا گفتوگۆیان لەگەڵ توركیا كردووە كە دەیانەوێت هاوشێوەی نەوت، گازیش لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردەیجیهان بكەن، ئەم كارانەش حكومەتی عێراق و دەوڵەتی ئێرانی دراوسێی نیگەران كردووە.