كورتەباڵاکان؛ تا دێ خەمەكانیان هەڵدەكشێت

12-07-2022 04:57
عومەر جەبار، سەرۆكی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان - شیلان غەفور

پەرەگراف- هەردی عوسمان

كرێچێتیی، بێ موچەیی و خەمەكانی دیكەی ژیانی كورتەباڵا؛ كۆتایی بە چیرۆكی خۆشەویستی و هاوژینییەكەی شیلان دەهێنن و لەگەڵ دوو منداڵەكەیدا دەیخەنە ژیانێكی كولەمەرگییەوە.

"تەنیا موچەیەكی خاوەن پێداویستی تایبەتم هەبوو، خۆتان دەزانن بە سێ چوار مانگ جارێك ئەوەشمان وەردەگرت، بۆیە نەمانتوانیی خانوو بە كرێ بگرین، لەكاتێكدا داوای 275 تا 400 هەزار دیناری مانگانەیان دەكرد" شیلان غەفور بۆ پەرەگراف وای وت.

شیلان كورتەباڵایە؛ سێ ساڵە لە هاوسەرەكەی جیابۆتەوە و لەگەڵ دوو منداڵەكەیدا، درێژە بە ژیانێكیی پڕ لە نەهامەتی دەدات، ئەوەش پێچەوانەی ئەو ژیانە هاوبەشەیە كە چاوەڕوانی بوو، چونكە لە 2013ـدا بە خۆشەویستی هاوسەرگیری كرد و لە 2019ـدا لەبەر بارگرانییەكانی ژیان و بە ناچاری لە یەكتریی دوركەوتنەوە.

"بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبونی توانای كرێی خانوو، لە یەكتری جیابوینەوە، ئەوەش هۆكاری سەرەكی بوو" شیلان بە جەختكردنەوە دەڵێت، بڕیاریداوە جارێكیتر هاوسەرگیری نەكاتەوە.

كورتەباڵا لە كوردستان؛ لە زۆربەی مافەكانیان بێبەشن؛ ئەوەی هەیانە و نییانە، تەنیا موچەكی ڕەمزییە.

عومەر جەبار، سەرۆكی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان بۆ پەرەگراف وتی "حكومەت ئەو موچە 150 هەزار دینارییشەمان پێ ڕەوا نابینێت، لەكاتێكدا كورتەباڵا منداڵی هەیە و هیچ داهاتێكی دیكەی نییە، سەرباری ئەوەش كرێچییە، بۆیە ژیانیان ڕۆژ بەڕۆژ سەختتر و ناخۆش دەبێت".

تەنیا لە ساڵی 2021ـدا زیاتر لە 220 خێزانی کورتەباڵا لەیەکتری جیابوونەتەوە، ئەوەش بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان كە بە پەرەگراف دراوە.

بەوتەی عومەر، هۆكاری یەكەم و سەرەكی جیابونەوەی هاوسەرانی كورتەباڵا "نەبونی ژیانێکی شیاو و شایستەیە"، هەروەها ئۆباڵی ئەو بارودۆخە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی و شارو شارۆچکەکانی تر تائێستا زیاتر لە 220 خێزانی کورتەباڵا جیابوونەتەوە".

ئەو دەڵێت چیرۆكی "زۆر ناخۆش دەبیستم و دەبینم"، سەرۆكی كۆمەڵەی كورتەباڵاكان یەكێكیان دەگێڕێتەوە و وتی، ژنێك منداڵەكەی بۆ هێناون و وتویەتی بەجێیدەهێڵێت، چونكە سەرگەردان بووە و چیتر توانای بەخێوكردنی نییە، هەوڵدەدات گورچیلەیەكی خۆی بفرۆشێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی دەستوری عێراق، یاسا بەرەكارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، لە پەیماننامە نێودەڵەتییەكانیشدا جێگیركراوە کە خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتەباڵا مافی ژیانێكی شایستەیان هەیە.

شیلان لە خۆڕا نییە نایەوێت جارێكیتر هاوسەرگیری بكاتەوە، دوای هەڵوەشانەوەی ژیانی هاوسەرێتی بەهۆی خراپی گوزەرانیانەوە، وتی "هاوسەرگیریكردن بۆ ئێمەی كورتەباڵا زۆر زۆر قورسە، بەس خوا خۆی ئاسانكاری دەكات، ئەگەرنا زۆر قورسە، بۆیە دەمەوێت دایكایەتی بۆ دوو منداڵەكەم بكەم و نامەوێت جارێكیتر بەو رێگایەدا بڕۆم كە ئەو هەموو ئازار و نەهامەتییەم چەشت".

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە چوار هەزار و 100 كورتەباڵا لە كۆمەڵەی كورتەباڵاكان بە فەرمیی تۆماركراون.

ئەڤین حەمەکەریم، توێژەری کۆمەڵایەتییە و ساڵانێكە كار لەسەر كەیسی هاوشێوەی شیلان و هاوسەرەكەی دەكات، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا بە یەکلایەن ناکرێت و کێشەکانیشیان تەنیا لە شوێنی نیشتەجێبوندا کۆنەبۆتەوە، بەڵكو کۆمەڵێك کێشەی تریشیان هەیە، لەوانە؛ نەبوونی پاڵپشتی دارایی و نەبوونی هەلیکار، كە مرۆڤ توشی نائومێدی دەکات".

جگە لە نەبونی هاوكاریی و دەرفەتی دابینكردنی خزمەتگوزاریی تایبەت بە كورتەباڵا لەلایەن حكومەتەوە، لە كەرتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و لەناو كۆمەڵگەشدا هێشتا بە تەواوی رێز لە تایبەتمەندیی كورتەباڵا ناگیرێت.

ئەڤین، روی دەمی دەكاتە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، تا داکۆکی لە مافی كورتەباڵا بكەن و هەلیكاریان بۆ بڕەخسێنن، چونكە كەسانی بە توانا و شارەزایان تێدایە، كاتێك دەچنە سەر كار، تواناكانیان بەگەڕدەخەن، ئەوكات "هەست بە کەموکورتی ناكەن و هەست بەوەناكەن چینێکی جیان لە خەڵکانی ئاسایی، ئەوەش بەڕاستی چارەسەری کێشەکان دەکات".

لە هەرێمی كوردستان، یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە 22ـی 2011 هەیە و ساڵی رابردوو هەمواركرایەوە و كورتەباڵاش بۆ یاساكە زیادكرا.

بەپێی ئەو یاسایە پێویستە لە وەزیفەی كەرتی گشتیی حكومیدا کەمتر لە لەسەدا ٥ بۆ كورتەباڵا و خاوەنی پێداویستیی تایبەت تەرخاننەکرێت، هەروەها هاتووە؛ خاوەنی پڕۆژە تایبەتەكان پابەند دەكرێن تا ئەوان بەكاربخەن لەگەڵ ئەو جۆرە كارانەی بۆ توانا و شارەزاییان دەگونجێت.

"تەنیا بەرپرسیارێتی پەرلەمان نییە، ئەمە بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێمە ڕازی ببێت بە بەرزکردنەوەی داهاتی تاک لە هەرێم بە کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکانەوە، ئەو بڕە موچەیەی دیاریکراوە بۆ ئەوان ناکاتە بڕی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان، لەكاتێكدا موچە بەچەند مانگ جارێک پێیاندەدرێت" بەوتەی گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی کارو كاروباری کۆمەڵایەتی و مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "زۆرمان قسە لەسەر ماف و داواكاری كورتەباڵا كردووە"، لەڕێی هەمواری یاساكانیشەوە پێداگرییان لەسەر ئەوەكردووە حكومەت ژیان و گوزەرانی کورتەباڵاکان بەتایبەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت بەگشتی، باشتر بکات، "موچەکانیان مانگانە و لەکاتی خۆیدا بەبێ لێبڕین و پاشەکەوت پێ بدرێت، موچەکانیان بەرزبکرێتەوە بەجۆرێک لەگەڵ پێداویستیەکانیاندا بێتەوە، بەڵام حکومەت وتیان ناتوانین ئەو مەرجانەی ئێوە داوای دەکەن، جێبەجێیان بکەین".

هەر لە یاسای ماف و ئیمتیازی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتەباڵادا هاتووە، نابێت هیچ كورتەباڵایەك لە دەرفەتی كاركردن بێبەشبێت بەهۆی حاڵەتی جەستەییەوە، لەسەر پرۆژەكانی نیشتەجێبونیشە رێژەیەكی دیاریكراو لە یەكەكانیان بۆ كورتەباڵا تەرخانبكەن بەو مەرجەی بۆ بارودۆخی گوزەران و جەستەییان گونجاو بێت.

زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کارو كاروباری کۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی ئەو یاسایە و ئەو کەسانەی تۆمارکراون حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی هاوکارییان دەكات، ئەوانەی فەرمانبەری حکومەتن بەجۆرێک و ئەوانەی کە فەرمانبەرنین بەجۆرێکی تر".

هەر بەپێی یاساکە وەزارەت پەیڕەو و سندوقێکی كردۆتەوە، "ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین ئەو یەکە نیشتەجێبوانەی کە حکومەت دابینی کردووەو ژمارەیان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبونە بۆ خەڵکی کرێچی و هەژار و کەمدەرامەت دابینکراوە، بەشێکیان بدرێتە کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵاکان".

زەكیە دەڵێت، داواكارییەكەیان ئەوەشە یەکەکانی كرێچیی و كەمدەرات بەپێی ئەو مواسافاتە بێت کە كورتەباڵا و خاوەن پێداویستی تایبەت بتوانن سودی لێببینن.

ئەو لێپرسراوەی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، گومانی لە ئامارەكانی جیابونەوەی هاوسەرانی كورتەباڵا هەیە، هەرچەندە وەك وەزارەت هیچ ئامارێكی رەسمی ژمارەی كورتەباڵا و ئەوانەشیان لانییە كە جیابونەتەوە.

زەکیە سەید ساڵح جەختیكردەوە "بەپێی یاساکە کارمانکردووە، ئێستا بەشێک لە خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمئەندام و کورتەباڵامان دامەزراندوە، بەڵام بەدیاریکراوی ئامارێکم لەبەردەستدا نییە چەندیان دامەزراون".

كورتەباڵا دەستەوەستان نەبون؛ لە چەند ساڵی رابردوودا، بەردەوام دەنگیان بەرزكردۆتەوە و داوایانكردووە لانیكەم ئەو موچە رەمزییە مانگانەیان پێبدرێت و هێندەی تر روبەڕوی نەهامەتی نەبنەوە، بەڵام هێشتا هیچ لە ژیانیان نەگۆڕاوە.