تراژیدیای بۆردومانەكەی توركیا؛ قەیس بە دوو كچەوە دەچێتە زاخۆ و بە دوو تابوتەوە دەگەڕێتەوە

21-07-2022 07:54
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە تەرمی گەشتیارەکان کرد لە فڕۆکەخانەی بەغداد.

پەرەگراف- عەممار عەزیز لە زاخۆ

هەر لە رۆژی حەشر دەچێت؛ بە گریان و هاوار و زریكەی منداڵەوە، كچەكانی قەیس و هەرچی خەڵكی ناو سەیرانگاكەیە بەرەو دەرەوە تەوژم دەدەن.

پێش ئەوەی زۆر لە شوێنی كەوتنە خوارەوەی موشەكی یەكەم دوربكەنەوە، موشەكێكی تر لە نزیكی دەرگای سەیرانگاكە دەكەوێتە ناویانەوە و لەوێدا؛ قەیس عەلی بە یەكجاریی دەستی لە كچەكانی دەبێتەوە.

هێشتا دوكەڵ و تەپوتۆزی تەقینەوەی موشەكەكە نەنیشتۆتەوە، قەیس لەتاو گیانی كچەكانی هەڵدەستێتەوە سەرپێ، بۆ ئەوەی لەو شڵەژان و قەرەباڵغییەدا سۆراغیان بكات.

"دیمەنەكە هەر وەكو ڕۆژی حەشر بوو، هەمویان بەرەو دەرگای سەیرانگاكە ڕایانكرد و ئێمەش ڕۆیشتین، بەڵام لای دەرگاكە موشەكێكی تر لە نزیكی ئێمە كەوتە خوارەوە" قەیس عەلی وای وت.

زەهرای تەمەن 16 ساڵ و سارەی 12 ساڵ؛ كچەكانی قەیس، دەبنە ئامانجی ئەو موشەكەی لای دەرگای سەیرانگاكە و هەرلەوێدا گیان لەدەست دەدەن.

"دوای تەقینەوەی ئەو موشەكە زۆر پرسیارمان كرد، زەهرا و سارە لە كوێن، كەس نەیدەزانی، دواتر بەرپرسی گروپە گەشتیارییەكە وتی بەداخەوە گیانیان لەدەستداوە" قەیس دوای بیستنی ئەو قسەیە بێهۆش دەبێت و لە نەخۆشخانە چاو دەكاتەوە.

دوو كچەكەی قەیس؛ لە ناو کوژراوانی بۆردومانەكەی توركیادابوون، كە دوانیوەڕۆی چوارشەممە 20ـی تەمموزی 2022 بە چەند موشەكێك سەیرانگای گوندی پەرەخێی ناحیەی دەركاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی لە پارێزگای دهۆك كردە ئامانج، بەهۆیەوە 9 هاوڵاتی شەهید و 22 هاوڵاتی تر برینداربون.

قوربانییانی ئەو ڕوداوە هەمویان گەشتیاری عەرەب بون و لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە رویان لەو سەیرانگایە كردبوو.

قەیس عەلی، 58 ساڵ، لەگەڵ هاوسەرەكەی (بان عەلی – 38 ساڵ) و هەردوو كچەكەیان؛ زەهرا و سارە بۆ بەسەربردنی پشوی هاوین و دوركەوتنەوە لە گەرمای بەغداد، لە ناوچەی موسەیبەی پایتەختی عێراقەوە چووبوونە دهۆك.

"دوو گوڵی خۆم لەدەستدا، كە ئەوەندە خۆشیانم دەویست ناتوانم وەسفی بكەم، پێش موشەكی یەكەم لە سەیرانگاكە دانیشتبووین، زەهرا و سارە نزیكەی 50 مەترێك لە ئێمەوە دووربوون، تا لە پڕ دەنگێكی بەهێز هات و هەموان ڕایانكرد" قەیس وای وت.

ئەو خێزانە تەنیا كوڕێكیان ماوە، ئەویش لەگەڵیاندا نەبووە و لەماڵەوە بەجێیانهێشتووە.

قەیس و هاوسەرەكەی هیچ بریندارییەك بە جەستەیانەوە نییە، بەڵام شۆكی لە دەستدانی دوو كچەكەیان وایكرد هەرزوو رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی دهۆك بكرێن تا چارەسەری هێوركردنەوە وەربگرن.

قەیس لە نەخۆشخانەی دهۆک. وێنە؛ عەممار عەزیز، پەرەگراف/٢١-٧-٢٠٢٢

پەیامنێری پەرەگراف لە نەخۆشخانە سەردانی كردن، تەنیا قەیس توانی چیرۆكی ڕوداوەكە باس بكات، بەرلەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی تەمموز بە گریان و دوو تابوتەوە، تەرمی كچەكانیان ببەنەوە بۆ بەغداد.

تەرمی قوربانیانی ئەو روداوە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە رەوانەی بەغدای كردنەوە و لەوێش مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق تەرمەكانی وەرگرتەوە.

حكومەتی فیدراڵیی عێراق؛ دەستبەجێ لە ڕێی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە، لە شوێنی ڕوداوەكەوە گومانی نەهێشت و توركیای وەك ئەنجامدەری بۆردومانەكە ناوبرد، هەرچەندە ئەو وڵاتە تائێستا دانی پێدانانێت و دەیەوێت بەرپرسیارێتییەكەی بخاتە سەر پەكەكە، كە چەندین ساڵە لە ناوچە سنورییەكاندا ململانێی چەكدارییان هەیە، بەڵام پەكەكە بە زویی رەتیكردەوە.

لەناو 22 بریندارەكەی ئەو روداوەدا؛ سێ كەسیان لەژێر چاودێری وردی پزیشكدان و 11 كەسیان نەشتەرگەرییان بۆ كراوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق.

حەیدەری تەمەن 12 ساڵ و دایكی لە ناو بریندارەكاندان؛ ئەو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەرۆشكیی لە دهۆك و دایكیشی لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ چارەسەر وەردەگرێت.

"بە دڵخۆشی لەگەڵ دایكم لە كەربەلاوە بۆ گەشت و سەیران هاتین، بەڵام گەشتەكەمان بوو بە خەمێكی قوڵ" حەیدەر عەلی وای وت، كاتێك پەرەگراف لە نەخۆشخانەی سەردانی كرد.

باوكی حەیدەر لە كەربەلاوە گەیشتۆتە دهۆك تا لە نزیكەوە چاودێری تەندروستییان بكات.

"لەگەڵ هاوڕێیەكم لەناو ئاوی سەیرانگاكەدابوین، دایكیشم نزیكی ئێمە بوو، لەگەڵ گەشتیارەكانی تردا دانیشتبوو، هێندەم زانی ساچمەیەك بەر قاچم و یەكێكیش بەر دەستم كەوت" ئەو ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە و دەیوت زۆر تامەزرۆی بینینی دایكیەتی.

حەیدەر لە نەخۆشخانەی دهۆک. وێنە؛ عەممار عەزیز، پەرەگراف/٢١-٧-٢٠٢٢

برینەكانی جەستەی دایكی حەیدەر سەختن، لە نەخۆشخانەی زاخۆ نەشتەرگەری بۆ كراوە، چونكە پلاتین بۆ قاچەكانی دانراون و ناتوانێت ڕێبكات.

حكومەتی عێراق زنجیرەیەك ڕێكاری دژی توركیا ڕاگەیاندووە، لەنێویاندا داوای لێبوردن بەهۆی روداوەكەوە و بەرزكردنەوەی سكاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەوپێیەی چەندینجار سنور و سەروەری عێراقی بەزاندووە.

هێرشەكانی توركیا، بە بۆردومانی ئاسمانیشەوە، چەندین ساڵە لە چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە سنوری دهۆك بە پاساوی شەڕی پەكەكە بەردەوامە، دواترینیان ئۆپەراسیۆنێك بوو بەناوی "چنگ-قوفڵ" كە لە نیسانی ئەمساڵدا دەستی پێكرد.

لە شەڕ و بۆردومانەكانی توركیادا 138 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان شەهید و برینداربون، بەپێی ئامارێكی نوێی ڕێكخراوی (CPT)، ئەوەش تەنیا لە حەوت ساڵی ڕابردوودا.

ئەو ڕێكخراوە دەڵێت، یەكەمجار نییە توركیا گوندی پەرەخێی زاخۆ بكاتە ئامانج و لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەهۆی بۆردومانی ئەو وڵاتەوە دوو جوتیار لە باخەكانی خۆیاندا برینداربون.

"دوای نیوەڕۆ، سەرقاڵی نانخواردن بوین، منداڵەكانیشم لەناو ئاوی سەیرانگاكەدابون كاتێك لەپڕ موشەكێك لە ناوەڕاستی ڕوبارەكە كەوتە خوارەوە، ئیتر ئێمە و هەموو خەڵكەكەی تر هەوڵماندا بەرەو دەرەوەی سەیرانگاكە ڕابكەین" ئەشواق حوسام ئیبراهیم، یەكێك لە گەشتیارەكانی گوندی پەرەخێی زاخۆ بۆ پەرەگراف وای وت.

بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان لە رۆژی روداوەكەدا لانیكەم 20 پاسی پڕ لە گەشتیار رویانكردۆتە ئەو سەیرانگایە و لەماوەی چەند خولەكێكدا بە پێنج موشەك بۆردومان كراوە.

ئەشواق و منداڵەكانی لەكاتی راكردن و پێش ئەوەی بگەن بە دەروازی سەیرانگاكە، موشەكێك لە جوڵەیان دەخات و بەهۆیەوە؛ هەردوو كوڕەكەی محەمەد حسێن تەمەن 8 ساڵ و عەلی حسێن، 10 ساڵ، بە سوكی برینداردەبن. پەیامنێری پەرەگراف لە نەخۆشخانەی هەوارهاتنی بەرۆشكیی دهۆك ئەوانی بینی.

"بەچاوی خۆم خەڵكم بینی دەستیان پەڕی بوو یان قاچیان پەڕی بوو، سێ بۆ چوار جار بە سەختیی بۆردومانی سەیرانگاكە كرا، من دەنگی وابەهێزم لەژیانمدا نەبیستبوو، دیمەنێكی هێندە ناخۆشە قەت لەبیرم ناچێتەوە" ئەشواق حوسام، وای وت.

محەمەدو عەلی منداڵەکانی ئەشواق لەگەڵ کچی مامەیەکیان لە نەخۆشخانەی دهۆک. وێنە؛ عەممار عەزیز، پەرەگراف/٢١-٧-٢٠٢٢

بۆردومانەكەی توركیا؛ كە كاردانەوەی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی لێكەوتۆتەوە، لە چەندین پارێزگای عێراقیش خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە تایبەت لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا و ناوەندەكانی پێدانی ڤیزا، كە داوای دەركردنیان و هێنانەخوارەوەی ئاڵای ئەو وڵاتە دەكەن.

بەپێی راپۆرتێكی ڕێكخراوی (CPT)؛ تورکیا 37 بنكەی سەربازی و هەواڵگری داناوەو زۆرینەیان بە قوڵایی زیاتر لە 35 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمی كوردستان جێگیركراون.

لە شەڕی توركیادا بەرانبەر پەكەكە جگە لە بۆردومانی ئاسمانیی، چەندین جۆر چەكی قورس و سوتێنەر بەكاردەهێنرێت، چەندینجار بەهۆیەوە باخ و كشتوكاڵی هاوڵاتیانیش سوتاون، جگە لە چۆڵبونی دەیان گوند، كە جگە لە دهۆك، لە ناوچەكانی شنگال، مەخمور، سلێمانی، زینی وەرتێ و قەندیلیش بۆردومانەكانی تورکیا زیانی لێكەوتۆتەوە و دەیان هاوڵاتی مەدەنی بەهۆیەوە شەهید و برینداربون.