چالاکانی ژینگە لە دهۆک و گەرمیان بەیەکەوە بەرەنگاری ئاگری دارستانەکان دەبنەوە

24-07-2022 01:16
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە بەشێک لە دارستانەکانی چیای بەمۆ سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە.

پەرەگراف- سورکێو محەمەد، فەرمان سادق

ئامادەبوونی کچێکی ژینگەدۆستی دهۆکی لە سیمینارێکی ژینگەییدا لە هەولێر، بووە سەرەتایەک تا لەگەڵ هاوڕێکانی لە دهۆکەوە کۆمەکی چالاکوانانی ژینگەی گەرمیان بکەن بۆ کڕینی ئامێری پاراستنی دارستانەکانی ناوچەکەیان لە سووتان.

دارستانەکانی کوردستان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا ڕوبەڕوی سووتان دەبنەوە ئەوەش بەهۆکاری جیاواز؛ كەمتەرخەمی، دەستی ئەنقەست، پاشماوەی ئاگری شوان و گەشتیاران و بۆردومانەکانی تورکیاو ئێران بە پاساوی لێدان لە هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی وڵاتەکانیان.

بەوەش هەزاران دۆنم دارستان و پاوانی هەرێمەکە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە کە داری بە تەمەن و دەیان ساڵەیان تێدایە، حكومەتیش نەیتوانیوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بەتایبەت بۆ دروستكردنی ئاگربڕ بۆ دارستانەکان و لەکاتی کەوتنەوەی ئاگریشدا توانای کوژاندنەوەی لاوازە.

سۆزان کچە چالاکوانێکی دۆستی ژینگەیەو خەڵکی دهۆکە، دوای ئەوەی لەو سیمینارەی تایبەت بە ژینگە گەڕاوەتەوە، مانگی ڕابردوو لە دانیشتنێکی خێزانیی و هاوڕێیانیدا باسی کردووەو وێنەو ڤیدیۆی چالاکانی گەرمیانی پیشانداون کە چۆن ژینگەی ناوچەکەیان دەپارێزن.

"هاوڕێکانم ژینگە دۆستن و حەزیان لە ئاژەڵەو سەگ و پشیلەیان هەیە، لە دانیشتنەکەماندا باس هاتەسەر باسی ژینگەو ئاژەڵ، منیش وێنەو ڤیدیۆی ئینستاگرامەکەی کاک سۆرانم پیشاندان کە لە سیمینارەکەی هەولێر پێشکەشی کرد" سۆزان فەهمی بۆ پەرەگراف وای وت.

سۆران حەمەعەلی، چالاکوانێکی ژینگەیە لە ناوچەی گەرمیان، لەو سیمینارەیدا کێشە ژینگەییەکانی ناوچەکەیان و هەوڵەکانی بۆ پارێزگاری لە ژینگە و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان، خستەڕوو.

سۆران لە باسی پاراستنی دارستانەکاندا، ئاماژەی بەوە کرد ناوچەکەیان پێویستی بە ئامێرێکە بەناوی گڕکپ-فایەر فایتین بلۆوەر- تا هاوکاریی چالاکان بکات لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی لە دارستانەکاندا دەکەونەوە.

سیمینارەکەی سۆران کاریگەریی لەسەر سۆزان داناو ئەوەی بۆ هاوڕێیانی گێڕایەوە، "وتم کێشەی نەبوونی ئەو ئامێرەیان هەیەو ئەوەش پارەیەکی کەمی دەوێت، هاوڕێکانم وتیان زۆرباشە ئێمە بۆیان کۆدەکەینەوە، بڕی ١٠٠٠ دۆلارمان کۆکردەوە".

ڕەند محەمەد چالاکوانێکی گەنجە و هاوڕێی سۆزانە، یەکێکە لەوانەی بەشداری کۆکردنەوەی هاوکارییەکەی کردووە، دەڵێت "ئیمە ژینگەمان خۆشدەوێت، کاتێک سۆزان باسی ئەوکەسەی بۆکردین و وێنەو ڤیدیۆی کارەکانی پیشانداین، ئەوە کاریگەریی لەسەرمان دروست کرد".

ڕەند بەمنداڵیی چووەتە گەرمیان، ئێستا خۆشحاڵە هاوکاریی دەکات بۆ پاراستنی ژینگەی ئەو ناوچەیە، وتی "دوریی ناوچەکە لە ئێمەوە کێشە نییە، بزانین مرۆڤ لە هەر شوێنێک کارێکی باش و خزمەتێک دەکات، ئاسوودەم بتوانین هاوکاریی بکەین".

ئامێرەکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیەو ڕێکخراوێکی ژینگەپارێز لە ناوچەی پێنجوێن چەند ساڵێکە بەکاری دەهێنن و هەر ئەوانیش ناوێکی کوردییان لێناوە -گڕکپ-، سوودی زۆر باشی هەبووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان.

سۆران کە بەردەوام لە خەمی ژینگەی ناوچەکەیدایەو دەیەوێت ڕێگایەکی کاریگەر بدۆزێتەوە بۆ پاراستنی دارستانەکانی شاخی بەمۆ لە گەرمیان، ئێستا بەو پارەیەی سۆزان و هاوڕێکانی دوو ئامێری گڕکپ-ی کڕیوە.

چالاکانی ژینگە لە ناحیەی مەیدان سەرقاڵی بەستنی یەکێک لە ئامێرەکانن

"ئەو ئامێرە زۆر گرنگە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لای چالاکان و پۆلیسی دارستان هەبێت، چونکە ئامرازێکی زۆر باش و کاریگەرە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر" سۆران وادەڵێت.

ئەو چالاکوانەی ژینگە بەدوای ئەو ئامێرەدا گەڕاوەو بینیویەتی کە ڕێکخراوی ملەکەوە بەکاری دەهێنن و وێنەو ڤیدیۆی کوژاندنەوەی ئاگریان بەو ئامێرە لە پەیجی خۆیان لە فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە.

ڕێبوار کەمال سەرۆکی ڕێکخراوی ملەکەوەیە، ئەوان ٩ ساڵە لە بواری پاراستنی ژینگەدا کار دەکەن و ٧ ساڵە ئەو ئامێرە بەکاردەهێنن.

"ئامێرەکە کاری ٢٠ کەس دەکات بۆ کوژراندنەوەی ئاگر، بە بەنزین کاردەکات و هەوایەکی بەهێزی هەیە کە ئاگرەکە دەکوژێنێتەوە، بەکارهێنانی ئاسانەو کێشی ١١ کیلۆیە" ڕێبوار وای وت.

ڕێکخراوی ملەکەوە سێ ئامێری گڕکپی هەیە کە خێرخواز بۆی دابین کردوون، بەڵام پێویستیان بە ئامێری زیاترە تا بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو ئاگرانە بکەن کە ساڵانە لە سنورەکەیان دەکەوێتەوە.

"ساڵانە ئاگری زۆر دەکەوێتەوەو ئێمە ١٢ کەس بەشداری دەکەین لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان و بۆ ناوچەکانی دیکەش دەچین، ساڵ هەبووە ٣٠ بەشداریمان هەبووە لە کوژاندنەوەی ئاگر، ئاگر هەبووە دوو شەو و دوو ڕۆژ لە شاخ ماوینەتەوە بۆ کوژاندنەوەی، هەبووە ٢٤ کاتژمێر بەردەوام کارمان تێداکردووە تا تەشەنە نەکات" سەرۆکی ڕێکخراوی ملەکەوە وای وت.

ڕێبوار وتیشی "بەبێ ئەو ئامێرە کوژاندنەوەی ئاگرەکان زۆر کارێکی قورسە، چونکە ئۆتۆمبێل ناتوانێت بچێتە ناوچەی ئاگرەکان وهیچ ئامێرێکی دیکەش نییە بە دەست پۆلیسی ژینگەو چالاکوانانەوە، ئێمە پێویستمان بە چەند ئامێرێکی دیکە هەیەو داواکارین ئەوانەی لە توانایاندایە هاوکاریمان بکەن".

ڕێکخراوی ملەکەوە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە چوونە ناحیەی مەیدان لە ناوچەی گەرمیان، لەوێ ڕاهێنانیان بە پۆلیسی دارستانی قەزای دەربەندیخان و ناحیەی مەیدان و چالاکانی ژینگە کرد لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکەو تەکنیکەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر.

ڕاهێنانەکەی ڕێکخراوی ملەکەوە بۆ چالاکانی ژینگەی گەرمیان لەبارەی بەکارهێنانی ئامێرەکە

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی هاوین و گەرما، مەترسیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان سەرهەڵدەدات، بەتایبەت ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازەو بەهۆی وشکەساڵییەوە دۆخێکی سەخت و دژوار ڕوبەڕوی دەبێتەوەو کاریگەریی لەسەر توانای حکومەت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دروست دەکات.

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان، لە ساڵی 2021دا 61 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە، هەزار و ٨٥٣ داری سروشتی بڕاونەتەوەو هەزار و321 داری دیکەش سووتاون.

ڕائید فوئاد ئەحمەد زراری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم، بە پەرەگرافی وت "لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا لەسەدا ٥٠ی دارستانەکانی هەرێم بەهۆکاری جیاواز لەناوچوون".

حکومەتی هەرێم و پۆلیسی دارستان لاوازن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی کوردستان بەتایبەت ئەو ئاگرانەی لە شاخە بەرزەکان دەکەونەوەو ڕێگەی ئۆتۆمبێلیان نییە، هاوشانی ئەوان چالاکانی ژینگەو ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕۆڵی گرنگیان هەیە.

کۆرش ئارارات مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ژینگەیە، پێیوایە کوردستان پێویستی بە پڕۆژەی لەوجۆرەیە کە لەسەر ئاستی تاک کار بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچەکان بکرێت و بەوجۆرە پرسەکە ببێت بە خەمی گشتیی و چاو لە دەستی حکومەت نەبن.

ئەو پسپۆڕەی ژینگە کە ئاگاداری کارەکانی سۆران و کۆمەک و هاوکارییەکانی سۆزان و هاوڕێکانیەتی، ئەو هاوکارییە بە کارێکی زۆرباش دادەنێت و وتی "دەستپێکێکی زۆر باشە بەتایبەت بۆ پرسە ژینگەییەکان کە ناوچەکانی کوردستان و چالاکان هاوکارو هەماهەنگیی یەکتر بکەن".

"ژینگە بەدەرە لە ئایدۆلۆژیاو سیاسەت، خەڵک ماندووە بە دەست حیزبەکانەوە، پرسە ژینگەییەکان دەتوانن ببنە دەستپێک بۆ یەکگرتنەوەی ناوچەکانی کوردستان کە بەهۆی سیاسەت و دووئیدارەییەوە دابڕانێکی کلتوری و جوگرافی دروست بووە، ئەو هاوکارییەی چالاکانی دهۆک بۆ ژینگەپارێزانی گەرمیان هەنگاوێکی زۆر باش و گرنگە" کۆرش ئارارات وای وت.

ئەو دوو ئامێرەی سۆران بە پارەی چالاکانی دهۆک کڕیویەتی، یەکێکیان لای پۆلیسی دارستانی ناحیەی مەیدانە کە پاراستنی شاخی بەمۆ لە سنوری ئەرکی ئەواندایە، ئەوەی دیکەیان لای ئەنجومەنی گوندی سەرتەکە کە نزیکە لە چیاکەو ئەنجومەنەکەش بەشداربوو لە ڕاهێنانەکەی ڕێکخراوی ملەکەوە لەبارەی بەکارهێنانی ئامێرەکە.

سووتانی بەشێک لە دارستانەکانی چیای بەمۆ

چالاکانی ژینگە لە گەرمیان و پێنجوێن داوای دابینکردنی ئامێری دیکەی هاوشێوە دەکەن، تا بتوانن کۆنتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەکەیان بکەن، لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش هەمان ئامێر پێویستییەکی گرنگە بۆ چالاکان و پۆلیسی دارستان و ژینگە.

"ساڵانە چەند جارێک ئاگر لە دارستانەکانی شاخی بەمۆ دەکەوێتەوە، دەتوانم بڵێم لەسەدا ٣٠ی دارەکان بەتەواوەتی سووتاون و بەشێکی دیکەشیان زیانیان بەرکەوتووە، شوێن هەیە لە ٢٠ دار چوار داری ماوەتەوە، بۆیە ئەو ئامێرە گرنگییەکی زۆری هەیە" سۆران وای وت.