پاڵاوگە نایاساییەكانی دهۆك لە حكومەت یاخی دەبن

04-08-2022 12:50
پاشەڕۆی پاڵاوگە نایاساییەکان لە گوندی کواشێ لە دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- دهۆك

پاڵاوگە نایاساییەكانی دهۆك، بەشێكیان بە نهێنیی و هەندێكیشیان بە ڕۆژی ڕوناك سەرقاڵی كاری خۆیانن، هەرچەندە بڕیار و فشاری حكومەت و ئیدارەی پارێزگاكە ساڵانێكە بۆ داخستنی یەكجارییان هەیە.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، تەواوی پاڵاوگە نایاساییەكانی پاڵاوتنی نەوتی خاو لە دهۆك، زیاتر لە 45 پاڵاوگەن و دەكەونە سنوری قەزای سێمیل، بە تایبەت لە گوندی كواشێ، هێشتا بەشێکیان لە کاردان.

"لە 2010ـەوە نزیكەی 500 ئیمزامان كۆكردۆتەوە بۆ داخستنی پاڵاگە نایاساییەكان و دواتر ڕادەستی ئیدارەی پارێزگای دهۆكمان كرد، سەرباری چەندین هەوڵی دیكەش تا لەم كێشەیە ڕزگارمان بێت، بەڵام هەر سودی نەبووە" ئیدریس حەسەن عەلی، دانیشتوی كۆمەڵگەی باستكێی سێمێل بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو، دادوبێدادیەتی لە دەست پاشماوەی پیسی پاڵاوگەكانی ئەو ناوچەیە و دەڵێت "بەشەو ئیسراحەتمان نییە لەبەر بۆنی پیس، جگە لەمەش زیانی گەیاندوە بە سەدان دۆنم زەویی چاندن، دەیان كەسیش بەوهۆیەوە تووشی جۆرەها نەخۆشی بە تایبەت نەخۆشیی پێست بوون".

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەی نەوتیی نایاسایی هەن، ئەو پاڵاوگانە جگە لە مەترسیداریی بەرهەمەكانیان، خۆشیان بوونەتە هۆی پیسبونی ژینگە، بەوتەی خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار"، سەرباری چەندین بڕیار بۆ داخستنیان، هێشتا بەشێكیان لە ناوچە جیاوازەکان هەر لەكاردان.

هاوڵاتییەكەی سێمێل وتی، لە سەردەمی پارێزگاری پێشوی دهۆك و كابینەی ئێستای حكومەتیشدا بڕیاری داخستنی پاڵاوگەكان دەركراوە، بەڵام بەدواداچون نەكراوە و كەسانی كەمتەرخەم سزا نەدراون، بۆیە "پاڵاوگەكان لە كاری خۆیان بەردەوامن، زۆربەیان بە قاچاغ و نهێنی كاردەكەن، بەڵام نازانین لە كوێوە نەوتی خاویان دەستدەكەوێت".

بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری پەرەگراف، كاركردنی پاڵاوگە نایاسایی و بچوكەكان، كاریگەریی ڕو‌ون‌ و دیاری هەیە لەسەر ئاووهەواو خاكی نزیكی ئەو شوێنانەی تێیدا دامەزراون، ئەوەش لای حكومەت‌و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ژینگە شاراوە نییەو چەندینجار باسكراوە.

خەلیل مەحمود، قایمقامی قەزای سێمێل بۆ پەرەگراف وتی "نزیكەی 45 پاڵاوگە هەبون كە شەو و ڕۆژ كاریاندەكرد، بەڵام بەهۆی تێكدانی ژینگە و ناڕەزایی خەڵك، ئیدارەی دهۆك لە 25ـی ئابی 2021ـدا بڕیاریدا بە داخستنی هەموو پاڵاوگەكان، تەنیا 10 پاڵاوگە بڕیارەكەیان جێبەجێنەكرد و وایانزانی حكومەت جددی نییە، بۆیە دۆسیەكانیان ڕادەستی دادگا كرا".

هەروەها جەختیكردەوە "هیچ پاڵاوگەیەك لە سنورەكەدا بە ڕەسمی ئیش ناكات، لەوانەیە هەندێكجار بە قاچاغ ئیش بكەن، یان لە كاتێكی وادا كاربكەن كە ئێمە ئاگامان لێ‌ نەبێت"، خەلیل دەڵێت، كاركردنی پاڵاوگەكان قەدەغە كراوە و ڕوبەڕوی سزا دەبنەوە، ئەگەر كار بكەن.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف زیاتر لە 10 پاڵاوگە خاوەنەكانیان ڕوبەڕوی سزا و لێپرسینەوە بونەتەوە بەهۆی یاخیبوون لە بڕیارەكانی حكومەت.

قایمقامی سێمیڵ وتی "پێشتر و لە بەدواداچونێكدا 12 پاڵاوگە دیاریكران كە دوای جێبەجێكردنی تەواوی ڕێنماییەكانی حكومەت كاربكەن، بەڵام هیچ یەكێكیان ئەو ڕێنماییانەی جێبەجێ نەکردووەو ڕێگەنادرێت كەسیان كاربكەن".

پاشەڕۆی پاڵاوگە نایاساییەکان لە گوندی کواشێ لە دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف

جگە لە دوكەڵی زۆر و ئەو زیانانەی بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ژینگە هەیەتی، بەرهەمی زۆربەی پاڵاوگەكان كوالێتی زۆر نزمە و دەبێتە هۆی خراپبونی ئۆتۆمبێلی خەڵك.

ئیدریس حەسەن نیگەرانە 15 ساڵە لە هەمان كێشەدان و چارەسەر نابینن، ئەو هاوڵاتییە وتیشی "لەكاتێكدا حكومەت خۆی خاوەن دەسەڵات و بڕیارە ئیتر نازانم بۆ ناتوانن بڕیارەكانی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن، ساڵانە لە پێش چاوی خەڵكدا یادی ڕۆژی ژینگە دەكەنەوە و لەملاشەوە خەریكە لەناو بۆگەنی پاڵاوگەكاندا دەخنكێین".

چەندین جار ڕێكخراوەكانی ژینگە داوای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان و پابەندبوونی كارگەكانیان كردووە بە ڕێنماییە ژینگەییەكانەوە، بەڵام دۆخەكە هەر وەك خۆیەتی، هەرچەندە بەپێی توێژینەوە زانستییەكان پیسبونی ژینگە و ئاووهەوا هۆكارێكی سەرەكیی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەن.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ژینگە لە پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "لیژنەیەكی جێگیرمان لە كواشێ داناوە تا ڕێگریی لە كاری پاڵاوگەكان بكات، بەڵام ئێمەش ناتوانین بۆ هەر پاڵاوگەیەك پۆلیسێك دابنێین و 24 كاتژمێر چاودێرییان بكات".

"پێشتر بە شەو و ڕۆژ پاڵاوگەكان لە كاردا بون، بەڵام دوای بڕیارەكانی داخستنیان، ئەوە نەماوە و ڕەنگە هەندێكیان بەقاچاغ ئیش بكەن، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەك خاوەن پاڵاوگەمان سزاداوە، هەر یەكێكیان بە بڕی هەشت ملیۆن دینار"، لێپرسراوەكەی ژینگە هۆشداریدا لەوەی جگە لە غەرامە، هەوڵدەدەن دۆسیەی سەرپێچییەكان ڕەوانەی دادگا بكەن.

پیسكردنی ژینگە و ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسیشی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.

پاشەڕۆی پاڵاوگە نایاساییەکان لە گوندی کواشێ لە دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف

عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "لە سەردەمی كابینەی پێشوو و لەم كابینەیەشدا، جگە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئیدارەی پارێزگای دهۆكیش بڕیاری داخستنی پاڵاوگەكانیان دەركردووە، بەڵام هەر بێ سوود بووە، دوای دەرچوونی هەر بڕیارێك بە ماوەیەكی كەم دوبارە دەستیان بە ئیش كردۆتەوە".

ئەو نمونەیەك دەهێنێتەوە لە كاتی دەسەڵاتی پارێزگاری پێشوی دهۆك، لە 2015ـدا، تەنیا سێ مانگ پاڵاوگەكان داخران و دواتر دەستبەكاربونەوە، لەكاتێكدا لەوكاتەوە، ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری داخستنی یەكجاریی پاڵاوگەكانی دەركردووە كە لە بەرانبەردا حكومەت پاڵاوگەیەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لەو ناوچەیە بنیاتبنێت.

"خاوەنی پاڵاوگەكان بەناوی كارگەی پلاستیك و پیشەسازی دیكەوە كاری پاڵاوتنی نەوت دەكەن، جگە لەوەی زیادەڕۆییان كردۆتەسەر موڵكی شارەوانی، لە 2005ـیشەوە یەك دیناریان نەداوە بە حكومەت، ئەو هەموو بڕیار و فشارانەش تەنیا ژمارەی كاركردنی پاڵاوگەكانی كەمكردۆتەوە نەك كاركردنیان بوەستێنێت و بنەبڕی بكات" تێلی وادەڵێت.

سەرۆكی لیژنەی وزە و پیشەسازی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك پێیوایە داخستنی پاڵاوگەكان زۆر ئاسانە تەنیا بە ڕێگریكردن لەو تانكەرانەی نەوتی خاویان بۆ دابیندەكەن، ئەگەر نەوتی خاویان پێنەگات ئەوكات خۆیان واز لە كاركردن دەهێنن، "بەڵام هەندێكیان دەستیان لە پشتەوەیە و نەوتی خاویان پێدەگات تا بیپاڵێون، لەكاتێكدا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ داخستنیان" عەبدولسەمەد تێلی دەپرسێت "ئەگەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نەخوات ئەی ئێمەی ئەنجومەنی پارێزگا چی بكەین؟".

شەڕی یاسایی و بڕیاری نێوان حكومەت و پاڵاوگەكان نوێ نییە، لە ساڵی 2010ـەوە چەندینجار دوبارە بووەتەوە، هەرجارە و زنجیرەیەك ڕێوشوێن دەركراوە، بەڵام پاڵاوگەكان هێشتا لەكاردان.