نە وادەی هەڵبژاردن دیارە نە ڕێككەوتن؛ حیزبەكانی كوردستان گفتوگۆی بێ ئەنجام دەكەن

08-08-2022 01:25

پەرەگراف- فەرمان سادق

حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، چەندین مانگە لە گفتوگۆدان و ئەنجامەكەی هەر وەك خۆیەتی؛ نە ڕێكدەكەن لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژارن و نە وادەی پرۆسەكە دیاریدەكەن.

دواین كۆبونەوەی ئەو حیزبانە لەسەر دۆسیەی هەڵبژاردن؛ لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بوو، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بانگەشەی نێوەندگیری كرد بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونە ناكۆكەکان و گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام لەوكاتەوە تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆكایەتییەكەی نێچیرڤان بارزانی ماوەتەوە و نەجوڵاوە.

ئەو هەوڵەی بارزانی دوای دەستپێشخەرییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان دێت كە زیاد لە جارێك لایەنەکانی دەربارەی هەڵبژاردن كۆكردۆتەوە بێ ئەوەی بەرهەمی هەبێت، بڕیارە ١٠ی ئەم مانگەش کۆبوونەوەیەکی دیکە بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی حیزبەکان بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێت.

مشتومڕ و ناكۆكی لەسەر چەند خاڵێكە؛ لە نێویاندا بازنەكانی هەڵبژاردن و كورسی كۆتا، لەگەڵ هەندێك وردەكاری دیكە كە هەندێكیان پێیانوایە بە یاسایەكی نوێ دابیندەكرێت و بەشێكیشیان لەگەڵ دەستكاریكردنیی یاساكەدا نین.

نەوەی نوێ بڕوای بە ناكۆكییەكان نییە

هەرچی ناكۆكیی یەكێتی و پارتی هەیە لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەلای نەوەی نوێ-ـەوە تەنیا "سیناریۆ"ـیە و ئامانجە سەرەكییەكەی بۆ "دواخستنی هەڵبژاردنە".

كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە "هەردوو حیزبی دەسەڵات لە هەڵبژاردن دەترسن.. ئەگەر نیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبووایە ئەوا ڕێككەوتن ئاسان بوو، بەڵام ئەو نیەتە نییە و كات دەكوژن بۆ ئەوەی ئەنجام نەدرێت".

كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پێویستی به‌ شه‌ش مانگ ئاماده‌كاری هه‌یه‌ له‌ رۆژی دیاریكردنی واده‌كه‌یه‌وه‌.

"یەكێتی و پارتی دەزانن دەنگێكی زۆر لەدەست دەدەن بۆیە بە پاساوی جیاواز هەوڵی دواخستنی دەدەن"، بەبڕوای كاوە بارودۆخی سیاسی عێراق و رەوشی بەغدا ڕێگر نییە لە هەڵبژاردنی هەرێم كە پرسێكی یاساییە و دەبێت لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، "هیچ هەڵبژاردنێك لە هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆیدا نەكراوە، ئەمەش باوەڕ نەبوونە بە دەستكاودەستكردنی دەسەڵات".

10 مانگە هەڵبژاردن لە عێراق كراوە؛ نەك هەر وادەی پێكهێنانی حكومەت نادیارە، بەڵكو شەقامیش بە خۆپیشاندانی پاڵپشتیكراوی لایەنە ناكۆكەكان خرۆشاوە و بارودۆخی بەغدای پایتەخت لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە.

یەكگرتوو: لەگەڵ دواخستندا نەبوین و نیین

"هێزە سیاسییەكان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی ناكرێت ڕۆژێكی تر دەستنیشان بكرێت تا ئەو كاتەی دەگەنە ڕێككەوتن، عەیبەیە ئەگەر دەستنیشانی بكەن و نەشتوانن هەڵبژاردن لەو كاتەدا بكەن" بەوتەی هێمن ئەسكەندەر، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ پەرەگراف.

هەروەها رونیكردەوە حیزبەكەی "لەگەڵ دواخستنی نەبووین و نین"، پێیوایە دەتوانرێت بە هەفتەیەك لەسەری بگەنە ڕێككەوتن و دواكەوتنەكەش لە ئەستۆی حیزبەكانی دەسەڵاتە نەك ئۆپۆزسیۆن، "ئۆپۆزسیۆن حەز دەكات ڕۆژێك زووتر هەڵبژاردن بكرێت".

حكومەتی هەرێم هەرسێ لایەنی پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكهێنەری سەرەكین.

ئەسكەندەر ڕونیكردەوە هێشتا ناكۆكی لەسەر چەند خاڵێك هەیە و یەكێك لەوانەش ئەوەیە "دابەشكردنی هەرێمە بەسەر چەند بازنەیەك یان مانەوەی بە یەك بازنەیی، هەروەها هەندێك هێز لەگەڵ ئەوەدان كۆتاكان تۆمارێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت، ئەو دوو خاڵەش دیارترین خاڵەكانن كە ڕای جیاوازیان لەسەرە".

بە پێچەوانەوەی عێراقەوە كە فرە بازنەیە نەك لەسەر ئاستی وڵات بەڵكو لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەكیش، لە كوردستان تائێستا هەڵبژاردن بە یەك بازنەیی بەڕێوەدەچێت، كە ئەوەش بەلای یەكێتی و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو و گۆڕانەوە ڕەتدەكرێتەوە، بەڵام پارتی پشتگیری دەكات.

هێمن ئەسكەندەر دەڵێت، یەكگرتوو لەگەڵ فرەبازنەدایە كە دادپەروەری تێدایە و داواشدەكات تۆمارێكی تایبەت بە پێكهاتەكان هەبێت تا "هێزە سیاسییەكان دەستكاری دەنگی ئەوان نەكەن و نوێنەری ئەوان هەڵنەبژێرن، با ئەوان خۆیان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن".

كۆمەڵ: تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆكایەتییە

كۆمەڵی دادگەری بە زەحمەتی دەزانێت وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دابنرێت، تا هەموان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و ناكۆكییەكانی دیكە ڕێكنەكەون.

بێستوون حەمە ساڵح بۆ پەرەگراف وتی "تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆكایەتی هەرێمە، جاری یەكەم كە ڕۆژێكی دەستنیشانكرد بێ ئامادەسازی بوو، بۆیە ناتوانرێت لەو ڕۆژە هەڵبژاردن بكرێت، ئێستاش دەبێ ئەو پرسانە یەكلاییبكرێنەوە بۆ ئەوەی ڕۆژێكی تر دەستنیشان بكرێت".

لە مانگەكانی ڕابردودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان 1ـی تشرینی یەكەمی 2022ـی وەك ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام كۆمسیۆن بە ڕەسمی دەڵێت، ناتوانێت لەو وادەیەدا پڕۆسەكە بەڕێوەببات و كاتی زیاتری دەوێت، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی حیزبەكانەوە.

بێستون دەڵێت، دوای كۆبونەوەی لوتكەی حیزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بە ئامادەیی نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان، لە مانگی حوزەیران، لیژنەیەك بۆ گفتوگۆی ڕاوێژكاری پێكهێنرا و لە نێوان دەزگای هەڵبژاردنی حیزبەكاندا تەنیا دوو كۆبونەوە ئەنجامدرا.

"لە كۆی گشتی هەردوو كۆبوونەوەدا ئەوەی زۆر جێی ناكۆكی بوو دوو بابەت بوون، ئەوانیش بازنەكانی هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسی كۆتاكان، جگە لەمەش لەسەر تۆماری دەنگدەران هاوڕا بوون كە تۆماری دەنگدەرانی بەغدا بوو، لەگەڵ ئەمەشدا كۆك بوون لەسەر ئەوەی ئاماری دانیشتووانی عێراق بەكار بهێنرێت نەك ئەوەی هەرێمی كوردستان".

لێپرسراوەكەی كۆمەڵ وتیشی "لەسەر كۆتاكان ناكۆكی هەبوو، بۆچوونێك لەگەڵ ئەوە بوو تۆمارێكی تایبەت بەخۆیانیان هەبێت، هاوكات لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانیشیان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن دیسان ناكۆكی هەبوو، بۆچونێك هەبوو كە ئەوان بەیەك بازنە هەڵبژاردن بكەن و هەبوو دەیوت بەسەر بازنەكان دابەشبكرێن".

لە كۆی 111 كورسی پەرلەمانی كورستان تەنیا 11 كورسی بۆ پێکهاتەکانی كریستیان، توركمان و ئەرمەن دانراوە.

بێستوون حەمە ساڵح دەڵێت، پێویستە هەڵبژاردن بە سیستەمێكی نوێ بكرێت و ئەوەی ئێستا هەیە بەسەرچووە و هی 30ساڵ پێش ئەمڕۆیە، "ئەگەر نەتوانین یاسای هەڵبژاردنیش بگۆڕین ئەوا دەبێت هەموار بكرێتەوە كە لەگەڵ سیستەمی سیاسی و دیموكراسی ئێستا بگونجێت".

پارتی خەمی "سومعەی" هەرێمی كوردستانیەتی

ڕێبوار بابكەیی، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەدابوون هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بێت تا "سومعەی دیموكراسی هەرێمی كوردستان لە كەدار نەبێت"، بەڵام هەندێك لایەن لەگەڵیدا نەبوون، بەرپرسیارێتی ئەوەش دەخاتە ئەستۆی یەكێتی و گۆڕان و حزبەكانی تر.

"ڕاستە چەند دیدار و كۆبوونەوەیەك كراوە لەنێوان دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەكێتی بەدیاری كراوی، بەڵام دیارە كە هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە"، هەروەها ڕەتیكردەوە لەگەڵ یەكێتیی ڕێككەوتنیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەبێت، وتی "یاسایەكە بەركارە و هیچ خەوشێكی نییە".

یاسای هەڵبژاردن لە 1992ـەوە دەركراوە و هەندێك لایەن بەبێ پارتی و كەمینەكان داوای یاسایەكی نوێ یاخود هەمواركردنەوەی دەكەن و بۆ ئەوەش چەند مانگێكە پڕۆژەیاسایان ڕەوانەی پەرلەمان كردووە.

بەڵام پەرلەمانتارەكەی پارتی پێیوایە "دەكرێت ئەم هەڵبژاردنەش بەو یاسایە بكرێت و پاشان هەموار بكرێتەوە، چونكە پێمانوایە كاتەكە لەبار نییە بۆ هەمواركردنەوەی، بەڵكو بەو هەموارە كاتێكی زۆر بەفیڕۆ دەچێت"، هەرچەند وەك ئەو دەڵێت "ئاستەمە لە 1ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت، ئەمەش واقعێكی تاڵە و دەبێت قبوڵی بكەین و ئەو نەنگییەش بە پلەی یەكەم بۆ یەكێتی دەگەڕێتەوە".

ڕێبوار بابكەیی ڕوی ڕەخنەی لە نەوەی نوێ دەكات و دەڵێت، لەژێر كاریگەری هەژموونی داواكانی یەكێتی لەوبەرەیەدا بون "نەیاندەویست هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت"، بەدوری نازانێت بارودۆخی عێراق و بەغدا كاریگەرییان لەسەر هەرێم و پڕۆسەی هەڵبژاردن هەبێت.

دەربارەی كورسی پێكهاتەكان، كە بەشێك لە حزبەكان پێیانوایە لە قازانجی پارتیدا دەنگەكانیان بەكاردەهێنن و لەژێر هەژمونی ئەو حزبەدان بۆیە پێویستی  بە پێداچونەوەیە، پەرلەمانتارەكەی پارتی وتی "ئەوان بەخۆیان هەن و حیزبیان هەیە و نوێنەریان هەیە لە پەرلەمانی كوردستان، دەبێت سیغەیەك ئەوان بۆ خۆیان پێشكەشی بكەن، هەڵوێستی ئێمەش وەك پارتی لە سۆنگەی بەرگریكردن لەمافی پێكهاتەكانە... كە كورسییەكانیان بۆ زیاد بكرێت، نەك لێیان كەم بكرێتەوە... لەگەڵ هەر داواكارییەكداین كە مافەكانی پێكهاتەكان پارێزراو بكات".

یەكێتیی: دواخستن باشترە لە هەڵبژاردن بە یاسای خراپ

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە بۆ ماوەیەك پڕۆسەی دەنگدان دوابكەوێت، تا بە یاسایەكی باشتر بەڕێوەبچێت نەك لە وادەی خۆیدا بێت و بە یاسایەكی خراپ.

"نامانەوێت بەو یاسایەی 30 ساڵ لەمەو پێش دەرچووە هەڵبژاردن بكەینەوە، دەمانەوێت هەڵبژاردنێك بێت لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵك بێت و دەنگەكەی پارێزراو بێت" زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وای وت.

یەكێتی 21 كورسی هەیە، لەگەڵ زیاتر لە 30 كورسی لایەنەكانی تر لە بەرەیەكدان لەسەر پرسی هەڵبژاردن، بەرانبەر بە 45 كورسی پارتی و پێكهاتەكان و چەند لایەنێكی بچوك.

زیاد دەڵێت، پێشنیازیان كردووە یاسای هەڵبژاردن بە سازانێكی نیشتمانی هەموار بكرێتەوە، تا كەموكوڕییەكانی چارەسەر بكرێن و رێگری بكات لە گزیكردن، "لەسەر ئاستی پەرلەمان هەشت كۆبوونەوە كراوە و نەگەیشتین بە ئەنجام، ئێستاش یەكێتی و زۆرینەی هێزە سیاسییەكان پڕۆژەیەكی هاوبەشمان پێشكەشی پەرلەمان کردووەو داوا دەكەین سازان بكرێت".

یەكێك لە ئەگەرەكانی بەردەم پەرلەمان، درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیەتی، تا بەهۆی دواكەوتنی هەڵبژاردنەوە نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

"ئەگەر بتوانین لەسەر هەمواری یاساكە ڕێككەوین ئەوا ڕەنگە هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێكی كەم دوا بخرێت" بەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، كە پێیوایە ڕوداوەكانی عێراقیش كاریگەرییان هەیە و ئەگەر لەگەڵ پارتی دەربارەی سەرۆكایەتی كۆمار ڕێككەوتن هەبوایە، لە هەرێمیش پڕۆسەی ڕێككەوتن ئاسانتر بوو.

یەكێتی و پارتی هاوشێوەی لایەنە عیراقییەكان چەندین مانگە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكناكەون، كە ئیستیحقاقی كوردە و هەر یەكێكیان بە جیا كاندیدی هەیە.

گۆڕان لەگەڵ كام بەرەدایە؟

بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت كوردستان بكرێتە فرەبازنە، تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە و كۆمسیۆنیش چالاك بكرێتەوە، ئەوەش نزیكە لە بۆچونی یەكێتیی و لایەنەكانی دەرەوەی بەرەی پارتی.

كارزان گەردی، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر، نەیشاردەوە هێشتا ناكۆكی هەیە لەسەر هەڵبژاردن لەسەر پرسی بازنەی هەڵبژاردن، كارا كردنەوەی كۆمسیۆن، تۆماری دەنگدەران، پرسی كۆتاكان و دەنگدانی تایبەت، بەڵام ناكۆكییە سەرەكییەكە لەسەر "بازنەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن و كۆتاكانە".

گۆڕان چاوەڕێیە كۆبونەوەی لایەنەكان دەستپێبكەنەوە، تا لەوێ، دوا بڕیار لەبارەی چارەنوسی وادەی هەڵبژاردنەوە بدرێت.

گەردی لەبارەی كۆتاكانەوە وتی "پێویستە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانیان هەبێت كە ئەمەش یەكێكی ترە لە خاڵە ناكۆكەكان".

جینین بلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ئەنجامداوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی هەڵبژاردن، جگە لە دەیان كۆبونەوەی جیاوازی نێوان لایەنەكان بەبێ نێوەندگیری دەرەكیی.

كۆتاكان بەربەستن

بەبڕوای ئارام جەمال، توێژەر و شارەزا لە بواری هەڵبژاردن بەربەستی سەرەكی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، 11 كورسی كۆتاكانە.

"پارتی دیموكراتی كوردستان ڕازییە تۆماری دەنگدەرانی عێراقی بەكاربهێندرێت، ڕازییە هەرێمی كوردستانیش بكرێتە فرە بازنە، بە مەرجێك دەستكاری كورسی كۆتاكان نەكرێت" ئارام بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە ئەگەر لایەنەكانی تر پێداگری لەسەر كورسی كۆتاكان بكەن ئەوا پارتی لەسەر خاڵەكانی تریش ڕازی نابێت كە نەرمی نواندوو.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، ساڵێك له‌ واده‌ی خۆی دواكه‌وت و له‌ ئه‌یلولی 2018دا ئه‌نجامدرا و لەمساڵدا تەمەنی ئەو خولەش كۆتاییدێت.

ئارام جەمال دەڵێت، هێزە سیاسییەكانی دەسەڵات وەختێك ئامادەن بۆ هەڵبژاردن كە یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خۆیان بێت و بارودۆخیشیان باش بێت، "ئەگەر بزانن وەزعیان باش نیە ئەوا ئاسنترین شت كە دەستی بۆ ببەن ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان و درێژكردنەوەی تەمەنیەتی كە هەنگاوێكی نایاسایی و ناشەرعییە".

هەروەها ئاشكراشیكرد، بەپێی زانیاری و ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی، "بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 19ـی ئایاری 2023 بكرێت، بەڵام دەستنیشانكردنی ئەو ڕۆژە كۆنكرێتی نییە و بارودۆخی عێراق و ناوچەكە كاریگەری لەسەر دروستدەكات".

دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن کەسن و به‌سه‌ر پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌دا دابه‌شبون، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چوارساڵ جارێك ده‌نگبده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان.