پەرەگراف هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم دەدات بە دادگا

04-09-2022 08:04

پەرەگراف

لەسەر سێ داوای یاسایی سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرەگراف، ڕۆژی ٦-٩-٢٠٢٢ وادەی دادگاییکردنی هەریەکە لە؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە لە دادگای بەرایی سلێمانی.

داوایاساییەکانی سەرنووسەری پەرەگراف بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی لە هەرێمی کوردستان(ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣) تۆمار کراون، ئەوەش دوای ئەوەی پەرەگراف لە ٢٨-٦-٢٠٢٢دا بەپێی ئەو یاسایەو بە نووسراوی فەرمیی لە ڕێگەی هۆشداریی دادنووسی سلێمانی کە سەر بە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمە، داوای زانیاریی لە سەرۆکی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کرد.

زانیارییە داواکراوەکە تایبەتە بە بودجەو وردەکاریی خەرجیی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەم خولەی دەستبەکاربوونیاندا.

بەپێی ماددەی ٧ لە یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، دەبوو لە ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دوای گەیشتنی هۆشدارییەکە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە وەڵامیان بدایەتەوە، بەڵام هیچکامیان لە وادەی یاساییدا وەڵامیان نەدایەوە.  

پاشان سەرنووسەری پەرەگراف پەنای بۆ دادگا بردو بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی لە ٤-٨-٢٠٢٢ لە دادگای بەرایی سلێمانی، دوو داوای یاسایی لەسەر هەریەکە لە؛ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمار کرد.

هەروەها لە ٢٤-٨-٢٠٢٢ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ لە گەیشتنی هۆشدارییەکە بە سەرۆکی پەرلەمان و وەڵام نەدانەوەی، سەرنووسەری پەرەگراف داوایەکی لەسەر ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد.

سەرنووسەری پەرەگراف داوای لە دادگا کردووە داوالەسەرکراوان پابەند بکات بە پێدانی ئەو زانیارییەی لە هۆشدارییەکاندا داوایان لێ کراوە.

دادوەر ڕێکەوتی ٦-٩-٢٠٢٢ی دیاریکرد بۆ دادبینی هەرسێ داواکەو پسووڵەی پێڕاگەیاندننامەی بۆ داوالەسەر کراوان دەرکرد تا خۆیان یاخود بریکاریان لە دادگا ئامادەبن.

سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف، لەبارەی تۆمارکردنی داوایاساییەکانەوە دەڵێت "ناوەڕۆکی ئەو زانیارییەی داوامان کردووەو گرتنەبەری ڕێگای دادگا تاقیکردنەوی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمە لە سێ پرسی گرنگدا کە بەردەوام خۆیان جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەوانیش؛ پێدانی زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسان، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاساو سەروەریی یاسا لەگەڵ پرسی شەفافییەت".

پەرەگراف بەرلەوەی لە ڕێی هۆشداریی دادنووسەوە داوای زانیاریی بکات، لە ناوەڕاستی مانگی ٥ی ئەم ساڵ نووسراوی فەرمیی ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کردو داوای زانیاریی لێکردن، بەڵام ئەوکات نووسراوەکەیان وەرنەگرت و بە فەرمی لایخۆیان تۆماریان نەکرد، هەربۆیە پەرەگراف پەنای بۆ فەرمانگەی دادنووس بردو لەو ڕێیەوە داوای زانیاریی لە سەرۆکایەتییەکان کرد.

یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣وە دەرچووە، بەڵام تائیستا حکومەتی هەرێم ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە.

کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا، دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەمە یەکەم داوایە بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی تۆماربکرێت و هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی کارکردن بەو یاسا گرنگەی لە ٢٠١٣وە دەرچووەو فەرامۆش کراوە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "ئەم سێ داوایە دەستبردنە بۆ ڕێکارێکی دادوەریی کە لە یاساکەدا ئاماژەی بۆ کراوە لە پێناو دەستکەوتنی زانیاریی و شەفافیەت".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حکومەت ڕێنمایی بۆ دەرنەکردووەو پێیوایە "یاسایەکی زۆر کراوەیە".

ڕێواز فایەق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سلێمانی لە ٣-٩-٢٠٢٢، ئاماژەی بەو سکاڵایە کرد کە پەرەگراف لەسەری تۆمار کردووەو وتی "سكاڵایەكەم لەسەرە بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری. ئەم یاسایە ئەگەر ڕێنمایی پێ‌ دەرنەچێت، دامەزراوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی كە دەستەی مافەكانی مرۆڤە، ناتوانێت جێبەجێی بكات. حكومەت ڕێنمایی دەرناكات، چونكە لە چوارچێوەی ئەو فەلسەفەی حوكمەدا بۆچوونێك هەیە كە پێی وایە ئەم یاسایە زۆر زۆر كراوەیە، ئەگەر هەمواری بكەین، ڕێنمایی پێ‌ دەردەكات، منیش ئەو عەیبەیە ناهێنمە سەر خولی پێنجەمی پەرلەمان".

سەرۆکی پەرلەمان لە دیداری لەگەڵ ڕێکخراوەکان ئەوەشی خستەڕوو، پابەند دەبێت بە سکاڵاکەو ڕۆژی دادبینی پارێزەرەکەی دەنێرێت بۆ دادگا.

حکومەتی هەرێم لە وەڵامی سەرۆکی پەرلەماندا ڕەتی دەکاتەوە نیازی ئەوەی هەبێت یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی هەموار بکاتەوە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە ٤-٩-٢٠٢٢ لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە، وتی "ئێمە لێرەوە رای دەگەیێنین کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە و ھیچ داوایەکی لەو جۆرەشی بۆ ھەموار کردنەوەی ئەو یاسایە، ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە".

سەبارەت بە دەرچوواندنی ڕێنماییەکانی یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری، وتەبێژەکەی حکومەت دەڵێت "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بە بریاری ژمارە (١٥٧) و لە خاڵی سێیەمدا ھەریەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان".

"لێرەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەکان دەربڕی" جوتیار عادل وادەڵێت.

وتەبێژەکەی حکومەت دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندی پەیڕەوکردنی شەفافیەتە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێی کردووە".

کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، واخۆی پیشان دەدات کە لە کابینەکانی پێشووتر باشترە لە ڕووی ئازادی و شەفافیەت و مافی مرۆڤ، بەڵام واقیع شتێکی جیاواز دەڵێت بەتایبەت لە مافی ڕۆژنامەنووسان و مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و پێدانی زانیاری.

ڕۆژنامەنووسان بە ئاستەم دەستیان بە زانیاریی و لێدوانی بەرپرسانی حکومەت دەگات، پەرەگراف چەندین جار بۆ بابەتی جیاواز داوای زانیاریی و لێدوانی لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.

بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی هەموو کەسێک مافی بەدەستهێنانی زانیاری و ئەو بەڵگەنامانەی هەیە کە لە دامودەزگاکان داوای دەکات، بەدەر لەو بابەتانەی لە مادەی ١٤ی یاساکەدا بەدەرکراون و دوای بەسەرچوونی ٢٠ ساڵ ئاشکرا دەکرێن ئەوانیش پەیوەستن بە؛ نهێنیی ئاسایش و بەرگری و دانوستانەکانی نێوان هەرێم و لایەنەکانی دیکە، زانیاری و دۆسیەی کەسیی و ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردنیان کار لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەو دادگاییکردن دەکات یاخود دەبێتەهۆی پێشێلکردنی کێبڕکێ و مافی دانەرو خاوەنداری هزریی.