هەشتەمین درێژکردنەوە لە ٣٠ ساڵدا؛ پەرلەمانی کوردستان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوە بەسەر بردووە

09-10-2022 12:23
ساتی دەنگدانی پەرلەمانتاران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ناڕەزایی سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ. ٩-١٠-٢٠٢٢. وێنە؛ ماڵپەڕی پەرلەمان

پەرەگراف

ئەحمەد عەلی زانکۆی تەواو کردووەو بەهۆی دەستنەکەوتنی کارەوە  شۆفێری تاکسییە لە سلێمانی، بەردەوام گوێ لە هەواڵ دەگرێ و لەگەڵ هاوڕێکانی ڕۆژانە گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی ڕۆژو دۆخی سیاسی دەکەن، ئەو بە هیواوە دەڕوانێتە هەموو هەڵبژاردنێک و بەداخەوەیە کە ئەمساڵ هەڵبژاردن ناکرێت و پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژکردەوە.

ئەو بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە هاوڕێکانی کە لەبەرەی بایکۆتی هەڵبژاردنن، وتی "بەردەوام بە هاوڕێکانم دەڵێم، ئێمە بچین و نەچین بۆ دەنگدان ١١١ کورسییەکەی پەرلەمان هەر پڕدەبێتەوە، جا بۆ نەچین خۆمان بەشداربین لەوەی کێ لەسەر کورسییەکە دابنیشێت".

ئەو شۆفێری تەکسییە باسی لەوەشکرد، بە ئاگایە لەوەی ساختەکاریی دەکرێت و دەنگدان تا ئێستا "شتێکی ئەوتۆی لە ژیانی خەڵک نەگۆڕیوە"، وتیشی "ئەگەر هەموو هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرێن و ڕێز لە دەنگی خەڵک بگیرێت، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن گۆڕانکاریی گرنگ ڕوودەدات".

ئەحمەدو ئەوانەی بە هیواوە لە دەنگدان دەڕوانن، دەبوایە ئەمساڵ دەنگ بدەن بۆ هەڵبژاردنی خولێکی نوێی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێم ١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریکرد وەک ڕۆژی هەڵبژاردن، بەڵام نەک ئەو ڕۆژە نەکرا، بەڵکو بەهۆی ناکۆکیی حیزبەکانەوە بەتایبەت پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار، تەنانەت ڕۆژی هەڵبژاردنیش ڕێککەوتنی لەسەر نەکراو ئەمڕۆ تەمەنی پەرلەمانی کوردستانیان بۆ زیاتر لە ساڵێک درێژکردەوە.

هەشتەمین درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە ٣٠ ساڵدا

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.

پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان خاوەنی پڕۆژەی هەشتەمین درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانن کە ئەمڕۆ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتاری ئەو لایەنانە بوو بە یاسا، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بە تووندی دژی درێژکردنەوەکە هەڵوێستیان وەرگرت.

پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لەکاتی دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان فیکەیان لێداو کێشایان بەسەر مێزەکانی بەردەمیاندا، لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمانتارانی سەربەخۆو بەشێک لە گۆڕان کە ناڕازییەکانن بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردو بەشدار نەبوون.

"بۆیە فیکەم لێدا، چونکە ئەوەی لە پەرلەمان روویدا فاوڵێک بوو لە دیموکراسی کرا، بەداخەوە کەسانێک کە یاسایین لە ناو پەرلەماندا چۆن لە ڕوویاندێت بە خەڵک بڵێن پابەندی یاسابن لە کاتێکدا خۆیان یاساکان پێشێل دەکەن؟" مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وای وت.

خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٤-٦-١٩٩٢ دەستی پێکرد، دەبوو تەمەنی ئەم خولە سێ ساڵ بوایەو کۆتا دانیشتنی پەرلەمان لە ٤-٦-١٩٩٥ بوایە، بەڵام تەمەنی ئەم خولە ١٣ ساڵ بوو تا ٤-٦-٢٠٠٥ بەردەوام بوو، پەرلەمان چوار جار بە یاسا تەمەنی خۆی درێژکردەوە، ئەم خولە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتیدابوو(١٩٩٤-١٩٩٦) کە تێیدا هەزاران پێشمەرگە لە هەردوولا شەهیدو برینداربوون.

دوای سەردەمی شەڕی ناوخۆش، ململانێ حیزبییەکانی پارتی و یەکێتی کە تائەمڕۆ بەردەوامن هۆکاری سەرەکی بوون لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیان و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.

خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٤-٦-٢٠٠٥ دەستی پێکردو دەبوو لە ٤-٦-٢٠٠٩ کۆتایی بێت، بەڵام تەمەنی پەرلەمان ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ درێژکرایەوە تا ٢٠-٨-٢٠٠٩.

خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠-٨-٢٠٠٩ دەستی پێکردو دەبوو لە ٢٠-٨-٢٠١٣ کۆتایی بێت، بەڵام تەمەنی ئەم خولەش ٢ مانگ و ١٢ ڕۆژ درێژکرایەوەو تا ٦-١١-٢٠١٣ بەردەوام بوو.

خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٦-١١-٢٠١٣ دەستی پێکردو دەبوو دوای چوار ساڵ لە ٦-١١-٢٠١٧ کۆتایی بێت، بەڵام تەمەنی ئەم خولەش ساڵێک درێژکرایەوەو تا ٦-١١-٢٠١٨ بەردەوام بوو.

پەرلەمان لە خولی چوارەمی تەمەنیدا نزیکەی ٢ ساڵ کۆنەبووەوە، ئەوەش به‌هۆی ڕێگریی پارتی له‌ گه‌ڕانەوەی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، كه‌ له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو بەهۆی ناكۆكییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبەوە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو لە ٦-١١-٢٠٢٢ کۆتایی تەمەنیەتی، بەڵام ئەم خولەش ئەمڕۆ زیاتر لە ساڵێک تەمەنی درێژکرایەوەو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت لەکارەکانی و دەبێت لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی

ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار هۆکاری سەرەکیی دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنن، ئەو دوو حیزبە هەریەکەیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیەوە دەیەوێت هەڵبژاردن بەشێوازێک و لە کاتێکدا بکرێت کە بۆ حیزبەکەی باشە.

ئەوەش دواخستنە یەک لە دوای یەکەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لێکەوتووەتەوە کە سەرباری ڕەخنەو ناڕەزایی ناوخۆیی، فشارو هۆشداریی تووندی نێودەوڵەتیشی بۆ هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتداران بەدوای خۆیدا هێناوە.

مشتومڕ و ناكۆكی حیزبەکان کە بووەتە پاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەسەر چەند خاڵێكە؛ لە نێویاندا بازنەكانی هەڵبژاردن و كورسی پێکهاتەکانن، لەگەڵ هەندێك وردەكاری دیكە كە هەندێكیان پێیانوایە بە یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن دابیندەكرێت و بەشێكیشیان لەگەڵ دەستكاریكردنی یاساكەدا نین.

ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگران دەڵێن، دوو حیزبی دەسەڵاتدار نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت ئەگەرنا ئەوەی لەماوەی ساڵی داهاتوودا لەسەر ڕێکدەکەون دەیانتوانی لەو چەندین گفتوگۆیەی ئەمساڵدا لەسەر ڕێکبکەون کە هەندێکیان بە نێوەندگیریی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوون.

لە كۆی 111 كورسی پەرلەمانی كورستان 11 كورسی بۆ پێکهاتەکانی كریستیان، توركمان و ئەرمەن دانراوە، بەشێك لە حیزبەكان پێیانوایە پێکهاتەکان بەمشێوازەی ئێستا هەیە لە قازانجی پارتیدا دەنگەكانیان بەكاردەهێنرێت و لەژێر هەژمونی ئەو حزبەدان بۆیە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانتارەکانیان پێویستی بە پێداچونەوەیە.

پەرلەمان لەناو گرژیی و ناڕەزایی تووندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکاندا تەمەنی خۆی درێژکردەوە، لەکاتی خوێندنەوەی مادەکانی پێشنیازە یاساکەدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیی کێشایان بە مێزەکانی بەردەمیاندا وەک دەربڕینی ناڕەزایی و هەوڵدان بۆ ڕێگریی لە تێپەڕاندنی پڕۆژەکە، بەڵام هەوڵەکەیان بێسوودبوو. 

"درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان یەک ڕاڤە هەڵدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە ئەو هێزانە (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) لە هەڵبژاردن دەترسن و دۆخی جەماوەرییان خراپە" ئارام جەمال، شارەزای هەڵبژاردن لە پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وادەڵێت.

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆک بوون لەسەر ئەو داوایەی کە پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت و حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر تاوەکو بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام پارتی و یەکێتی و گۆڕان گوێیان بەو داوایە نەدا، هەریەکە لە نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و سەربەخۆکان، بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد.

کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، داوایکرد پڕۆژەکە بکرێت بە "پێشنیازە یاسای هەڵپەساردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان"و پەرلەمان کارەکانی هەڵپەسێرێت تا هەڵبژاردن دەکرێت،  ئەم پێشنیازە تەنها سێ دەنگی بەدەستهێنا کە ئەوانیش پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوون.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت "ئەگەر نیەت هەبێت دەتوانین لە ماوەیەکی کورتدا هەڵبژاردن بکرێت.. هەرکەس لە دوای ٦-١١لە پەرلەمان بمێنێتەوەو مووچە وەربگرێت عەیبەیەکی گەورەیە".

هاوکات شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، وتی "یەکێتی و پارتی و گۆڕان ڕێککەوتوون گوێ نەدەن بە ئازاری خەڵک و هەڕەشەکانی سەر قەوارەی هەرێم و بێمنەتانە تەنها لەبەر بەرژەوەندیی تەسک و پارەو پۆست تەمەنی پەرلەمان درێژ دەکەنەوە".

جەودەت لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا باسی لە هۆشدارییەکانی پلاسخارت کرد لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و زیانەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان.

جینین پلاسخارت نێردەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، نێوەندگیریی لایەنەکانی کرد تا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن، بۆئەوەش بەشداربوو لە چوار کۆبوونەوە لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان و دواینیان ١٠-٨-٢٠٢٢ بوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

پلاسخارت ٤-١٠-٢٠٢٢ لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هۆشداریی دەربارەی لێکەوتەکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا دایە دەسەڵاتداران و لایەنەکانی هەرێم و وتی "باجێکی قورسی دەبێت، ئەگەر ئەوەش ڕوویدا ئەوا بەهۆی پێنەدانی هۆشدارییەوە نەبووە".

پلاسخارت باسی دابەشبوونی کوردستانی بەسەر دوو هەرێمی "سەوز و زەرد" کردو بە "گەورەترین فاکتەری ڕێگریکرن لە بەرەوپێشچوون" ناوی برد.

دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن کەسن و به‌سه‌ر پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌دا دابه‌شبون، به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چوارساڵ جارێك ده‌نگبده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان.