کوڕانی مام جەلال ڕوبەڕوی ئاڵنگاریی نوێ دەبنەوە؛ دۆخی یەکێتی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی بە کوێ دەگات؟

26-10-2022 09:56

پەرەگراف

ئاڵنگاریی نوێ ڕوبەڕوی کوڕانی مام جەلال دەبێتەوە لە ناوخۆی حیزبەکەیان و لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی، دۆخە نوێیەکە پەیوەستە بە چەند ڕووداوێک و لێکەوتە بەردەوامەکانی ئەو بومەلەزرە ناوخۆییەی کە ٨ی تەموزی ٢٠٢١ یەکێتی هەژاندو سەری لە دوورخستنەوەی هاوسەرۆکێکی ئەو حیزبەوە دەرچوو.

هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای، توانییان زۆرینەی ڕەهای مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکەیان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن کە پێشتر وەلائیان بۆ لاهور شێخ جەنگی هەبوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و چەند ڕووداوێک کە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ پارتی داناوە، پێناچێت هێشتا ڕێگاکە بۆ کوڕانی تاڵەبانی تەخت بووبێت.

لە پێشهاتێکی نوێدا قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمی یەکێتی لە حکومەت، بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیان کرد بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، لە دیوێکی دیکە لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین کە دوو نەیاری پێشووی یەک بوون، ئێستا پەیوەندییەکانیان ئاسایی بووەتەوەو پێکەوەن بۆ دژایەتی کوڕانی تاڵەبانی.

تیمەکەی قوباد تاڵەبانی لە هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر مەسرور بارزانی بەک نەبوون، هاوکات لەگەڵ بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە تیمەکەی، بەڵام دوو وەزیرو سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران.

ھەریەکە لە دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پشکی یەکێتی، بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەی حکومەت.

ئەوە لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی یەکێتی و چوار وەزیری ئەو حیزبە بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد کە بریتی بوون لە؛ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، ئارام حەمەی مینا وەزیری خوێندنی باڵاو خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد.

میدیای یەکێتی سەرەتا بڵاویکردەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکە بەهۆی نیگەرانیی حیزبەکەیانە، بەڵام دواتر ئەو هەواڵەی سڕییەوەو هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا لەبارەی بایکۆت و بەشداریی هەندێک لە وەزیرەکانیان لە کۆبوونەوەکە.

دارا ڕەشید و حەمەی حەمەسەعید کە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکە، یەکەمیان لەسەر ماڵی کۆسرەت ڕەسوڵ ئەو پۆستەی وەرگرتووەو دووەمیان نزیکە لە بەرهەم ساڵح کە نیگەرانە لە بافڵ تاڵەبانی بەهۆی نەبوونەوەی بە سەرۆککۆمار، بەڵام ڕوون نییە پابەند نەبوون بە بایکۆتەکە پەیوەندیی بە ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی باڵەکانی یەکێتییەوە هەیە یان نا.

ھەر ئەمڕۆ شاندێکی باڵای یەکێتی سەردانێکی بۆلای حیزبەکان دەستپێکردو لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزبەکان کۆبووەوە تا نیگەرانییەکانیان لە پارتی بگەیەننە هەموو لایەک.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکانی یەکێتی بە پەرەگرافی وت "یەکێتی سکاڵای حاڵی خۆی لای حیزبەکان دەکات و باسی کێشەکانی لەگەڵ پارتی و دەستتێوەردانی پارتی لە دۆخی ناوخۆی یەکێتی بۆ حیزبەکان دەکات".

سەرچاوەکە وتیشی "یەکێتی حیزبەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو دۆخە لە پارتی قبوڵناکات و ھەڵوێستی دەبێت تا ئاستی کشانەوە لە حکومەت".

لەبارەی ھەڵوێستی ڕاو حیزبەکان لەسەر ئەو سەردانانەی یەکێتی، سەرچاوەکەی پەرەگراف وتی "حیزبەکان دەزانن یەکێتی دەیەوێت بەکاریان بھێنێت وەک کارتی فشار بەرامبەر پارتی، دەزانن ھەرکات یەکێتی لەگەڵ پارتی تێکبچێت پەنا بۆ حیزبەکان دەبات و کە لەگەڵ پارتیش ڕێکبێت حیزبەکانی دیکەی لەبیر نییە".

نیگەرانی و بایکۆتی کۆبوونەوەکەی حکومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەهات شەوی پێشتر لە هەولێر لەلایەن ئەژی ئەمینەوە جوڵە بە هێزی ئەمنیی کرا بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی، ئەوەش لە کاردانەوەی هەنگاوێکی هاوشێوە لە سلێمانی.

"دوێنێ لە سلێمانی ھێزی ئەمنیی چوونەتەسەر ماڵی ئەژی ئەمین و کەسوکارەکەی ئەویش لە ھەولێر ھێزی جوڵاندووە بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی، بەڵام نێچیرڤان بارزانی تەداخولی کردووەو ڕێی لە دروستبوونی گرژیی گرتووە" سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەرەگراف وای وت.

جوڵەی ھێز بەرەو ماڵی ئەژی ئەمین و کەسوکارەکەی دوای ئەوەدێت یەکێتی بە فەرمی بڕیاری دەرکردنی ئەژی ئەمینی لە حیزبەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام ئەو لە ھەولێرەوە بەردەوامە لە کارکردن وەک سەرۆکی دەزگای زانیاریی لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم کە پۆستی یەکێتییەو پارتی پشتیوانی ئەژی ئەمین دەکات نەک جەلال شێخ ناجی کە یەکێتی دایناوە لە جێگەی ئەژی ئەمین لەو پۆستەدا.

جوڵەی هێز بەرەو ماڵی قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی تەواوی ناوبراوی لە مەسرور بارزانی لێکەوتەوەو هۆکاری سەرەکی بوو لە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لەبەرئەوەی مەسرور بارزانی ڕاستەوخۆ پشتیوانیی ئەژی ئەمین دەکات بۆ بەردەوامبوونی لە ئەنجومەنی ئاسایش.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکانی ئەژی ئەمین و پارتی، بە پەرەگرافی وت "ئەژی ئەمین نزیکەی ٥٠٠ بەرپرس و ئەندامی دەزگای زانیاریی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ هەولێرو بەردەوامن لە کارکردن لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایش و مانگانە مووچەیان پێدەدرێت و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت".

لەدوای گۆڕانکارییەکانی ٨ی تەموزی ٢٠٢١ کە تێیدا لاهور شیخ جەنگی لە هاوسەرۆکی یەکێتی دوورخرایەوەو دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆر لەلایەن ماڵی مام جەلال کۆنتڕۆڵکران، ئەژی ئەمین لە ١١-٧-٢٠٢١ لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە بە فەرمی وەک وەك سەرۆكی نوێی دەزگای زانیاری ناسێندرا، بەڵام دوای ساڵێک گرژیی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و ئەژی ئەمین ڕوویداو ئەژی لە یەکێتی دەرکراو شوێنی مانەوەی گواستەوە بۆ هەولێر.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەژی ئەمین ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ڕووداوەکانی ٨ی تەموز و یەکلاکردنەوەی گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی لە بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای، بەڵام دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نێوانیان تێکچوو، "ئەوەش بەشێکی بەهۆی پەیوەندیی ئەژی ئەمین بوو لەگەڵ پارتی".

"ئێستا ئەژی ئەمین و لاهور شێخ جەنگی پەیوەندییەکی باشیان هەیەو هەر ئەویش هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی نێوان مەسرور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ئاسایی بکاتەوەو چەند جارێک پێکەوە قسەیان کردووە" سەرچاوەکەی پەرەگراف وای وت.

لاهور شێخ جەنگی هەتا لە ناو یەکێتیدا بوو تووندترین بەرپرسی ئەو حیزبە بوو بەرامبەر پارتی و کابینەکەی مەسرور بارزانی و هەمیشە خۆی و ئاڕاستەکەی لەناو یەکێتی وەک ئۆپۆزسیۆنی حکومەت دەردەکەوتن و قسەیان دەکرد.

ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر لاهور شێخ جەنگی ئاماژەیەکی ئاشکرایدا بە باشبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، کاتێک ڕایگەیاند پەیوەندی پێوەکردووە لەسەر دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف و داوای لێکردووە "بە زووترین کات بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکەن".

هاوکار جاف ئەفسەری دەزگای زانیاریی یەکێتی و نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بوو، ٧ی ئۆکتۆبەر بە بۆمبی لکێندراو ئۆتۆمبێلەکەی لە هەولێر تەقێندرایەوەو خۆی کوژراو ژن و کچ و خوشکێکی برینداربوون.

دوای ٥ ڕۆژ، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لەو ڕووداوە ئاشکرا کردو گروپێکی "دژەتیرۆری یەکێتی" بە ئەنجامدەری ھێرشەکە لە قەڵەمداو ناسنامەیانی ئاشکرا کرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم وتی "ئەو کارە تیرۆریستییە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی و کارزان محەمەد بەرپرسی ھەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی بووە".

دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف گرژییەکی تووندی لە نێوان پارتی و یەکێتی دروستکرد، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ پەرەگراف "ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، وەھاب ھەڵەبجەیی بەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی و چەند ئەفسەرێکی ئەو دەزگایەی دوورخستوەتەوەو داوای دەستگیرکردنیان دەکات و مووچەو ھاوکاری دارایی دژەتیرۆری یەکێتی ڕاگرتووە".

قوباد كە یەكێتییەكان بە "مامی بچوك" ناوی دەبەن، وەك نەرمترین كەسایەتیی ماڵی تاڵەبانی ناسراوە بەرامبەر پارتی، ئەوەش پەیڕەوكردنی سیاسەتی تاڵەبانی باوكە لە دەیەی كۆتایی تەمەنیدا بەرامبەر بارزانییەكان، بەڵام ئێستا هەڵوێستی تووندی وەرگرتووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی "قوباد تاڵەبانی ناچێتەوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تا تەواوی نیگەرانییەکانی یەکێتی دەڕەوێنەوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەژی ئەمین و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی".

ئەوە یەکەمجارنییە قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی گرژیی و نیگەرانی بکەوێتە پەیوەندییەکانی نێوانیان لەو کاتەوەی لە ناوەڕاستی ٢٠١٩ کابینەکەیان دەستبەکاربووە، بەڵام یەکەمجارە بگاتە ئاستی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.

تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کوڕانی تاڵەبانی لەگەڵ پارتی، هاوکاتە لەگەڵ دۆخێکی نوێ و ئاڵۆز کە ڕوبەڕوی ماڵی مام جەلال بووەتەوە، لەلایەک بەهۆی نزیکبوونەوەی ئەژی ئەمین و لاهور شێخ جەنگی کە هاوبەشن لە دژایەتی کوڕانی تاڵەبانی، لەلایەکی دیکەش لە ناوخۆی یەکێتی بەهۆی چەند پرسێکی جیاوازەوە ژمارەیەک بەرپرسی ئەو حیزبە نیگەرانن لە هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی.