هەموان پشتی پەرەگراف دەگرن؛ خەریكە داوایاساییەکانی سەر سەرۆکایەتییەکانی هەرێم كاری خۆی دەكات
پەرەگراف- فەرمان حەمەدەمین
داوایاساییەکانی ماڵپەڕی پەرەگراف لەسەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان؛ جموجۆڵ دەخاتە ناو حكومەت و پەرلەمانەوە بۆ پێدانی زانیاری بە میدیاکان، بەهۆیەوە دەسەڵاتی جێبەجێكردن سەرقاڵی دەرکردنی ڕێنماییە، ئەوەش بەلای شارەزایانی رۆژنامەوانییەوە شایەنی ئەوەیە دەزگاكانی دیكەش چاوی لێبكەن.
لە ئابی ئەمساڵدا و بەپێی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری، سوركێو محەمەد، سەرنوسەری پەرەگراف لە دادگای بەرایی سلێمانی داوای یاسایی دژی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماركردو کارزان فازڵ سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا.
داوایاساییەکان دوای ئەوەهات پەرەگراف لە مانگی حوزەیراندا، بەپێی ئەو یاسایە و بە نوسراوی فەرمیی لە ڕێگەی هۆشداریی دادنووسی سلێمانییەوە داوای زانیاریی تایبەت بە بودجەو وردەکاریی خەرجیی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی لەم خولەی دەستبەکاربوونیاندا كرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و زانیارییان نەدا.
سەلمە فاتیح، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "ساڵی 2016 رێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە گەیشتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام كارەكانی راگیراو نەخرایە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێستا دوای داوایاساییەکانی پەرەگراف، جارێكیتر هەوڵەكان دەستیانپێكردووەتەوە".
یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2013ـەوە دەرچووە، تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، حكوومەتی هەرێم ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەرنەكردووە. هەرچەندە زیاتر لە پێنج ساڵە ڕەشنووسی ڕێنماییەكان ئاماد كراوە، بەڵام بە تەواونەكراوی ماوەتەوە.
سەلمە رونیكردەوە كە دەستەی مافی مرۆڤ رێنماییەكانی تەواوكردووەو رەوانەی پەرلەمانی كوردستانیشی كردووە، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران داوای كردووە پێداچوونەوە بە رێنماییەكان بكاتەوە، پێیشیوایە "ئەوەی پەرەگراف كردوویەتی، هەنگاوێكی زۆر زۆر باشە، زۆر زۆریش دەستخۆشی لێدەكەین، جا هەر دەزگایەكی تریش ئەو كارە بكات".
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، سكاڵاكان جگە لەدروستكردنی مشتومڕ و وەڵامدانەوە لە نێوان پەرلەمان و حكومەتدا، هاوكات بووەتەهۆی هەنگاونانی كرداری بۆ گۆڕانكاری لە رێنماییەكاندا بە ئامانجی جێبەجێكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری.
چەند رۆژێك لەمەوبەر و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان پشتڕاستی بەدواداچونەكانی پەرەگراف-ـی كردەوە و ئاشكرایكرد "دواین نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە ئێمە كردووە كە پێداچوونەوە بەو ڕێنماییانەدا بكەین كە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەركراون، لە پێداچوونەوەدا بۆمان دەركەوتووە هەندێك لەو ڕێنماییانە پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە".
یەكەم دانیشتنی دادگایی لەسەر سكاڵاكانی پەرەگراف، لە 6ـی ئەیلولی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بەبێ ئامادەیی نوێنەرایەتی یاسایی هەریەك لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، كە لە دانیشتنی دووەمدا داواكارییەكیان بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای هەولێر پێشکەشکرد و دادگاش قبوڵی كرد.
سمكۆ عەبدولكەریم، سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت، بەردەوام گلەیی لەسەر جێبەجێنەكردنی یاساكە هەبووە و ئەوانیش هەوڵی زۆریان داوە، بۆیە ئێستاش "ئەوەی پەرەگراف كردوویەتی، بەراستی بە هەنگاوێكی بەرزی دەبینین، چونكە یەكێك لە ئیشكالیەتەكانی ئێمە هەمیشە لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن و دادگاكان ئەوە بووە كە دەبێت داوا تۆمار بكرێت، پەنا ببرێتەبەر یاسا تا گوشار بخرێتەسەر دامەزراوەكانی حكومەت و بەدەم ئەو كێشەیەوە بێن كە لە ئارادایە".
ئەو بەرپرسەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، داوایاساییەکانی پەرەگراف، بە هەنگاوی چاك و جددی لێكدەداتەوە، كە دەچێتە چوارچێوەی پراكتیكی جێبەجێكردنی یاساكەوە، "هەر ئەو داوایاساییەی پەرەگرافە، جموجۆڵێكی خستووەتە ناو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی ئاگاداربین ئەنجومەنی وەزیران داوای لە وەزارەتی رۆشنبیری كردووە كە رێنمایی پێویست دەربكەن بۆ رێكخستنی پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان بەپێی یاسایەكە".
"ئەگەر هەموومان هاوكاربین لەوەی ماڵپەڕی پەرەگراف كردوویەتی، دەزگاكانی تریش لە رابردوو بیانكردایەو لەسەر مافی خۆیان بەدەنگ بهاتنایە، یان سەندیكای رۆژنامەنووسان لەرێگەی دەزگا میدیاییەكان پاڵەپەستۆی بخستبایەسەر دامودەزگاكانی حكومەت، دەتوانرا زووتر ئەو پرسە بورژێندرێت و یاساكە بخرایەتە بواری جێبەجێكردن" سمكۆ عەبدولكەریم، وای وت.
دوو داوایاساییەکەی پەرەگراف لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ١٦-١١-٢٠٢٢ وادەی چوارەمین دانیشتنی دادبینییانە لە دادگای هەولێر، داوا یاساییەکەی سەر سەرۆکی پەرلەمانیش ١٠-١١-٢٠٢٢ وادەی چوارەم دانیشتنیەتی لە دادگای سلێمانی، پەرەگراف داوای لە دادگا کردووە داوالەسەرکراوان پابەند بکرێن بە پێدانی ئەو زانیارییەی داوایانلێكراوە.
دكتۆر سامان فەوزی، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی یاسای ڕاگەیاندن، بۆ پەرەگراف وتی "كاتی ئەوەیە قسەی جدی لەسەر یاساكە بكەین".
بەبڕوای ناوبراو، حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان هیچ هەنگاوێكیان نەهاویشتووە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە، ئەگەرچی لە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شانازیشی پێوەدەكەن، "لەم سۆنگەیەوە هەر هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی یاساكەو دەرخستنی كەموكوڕییەكانی، بە هەنگاوێكی باشی دەبینم كە ئێستا ماڵپەڕی پەرەگراف پێی هەڵساوە".
سامان فەوزی، باسی دیوێكی تری جێبەجێنەكردنی یاساكە دەكات و دەڵێت یەكێكە لە گرفتەكانی گەڕاندنەوەی ماف، "لە عێراق و كوردستانیش بەتایبەت پرسی گەڕاندنەوەی ماف بۆ كەسەكان لەلایەن دادگاكان، پرسێكی جدییەو دەبێت پڕۆسەكە خێرا بكرێت، لە ئێستادا كەسێك سكاڵا تۆماربكات بەپێی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، لە دادگاكان هێندە ماندووی دەكەن ئەو كەسە بێزار دەبێت، ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە رۆژنامەنووسان لەو پێشێلكارییانەی بەرانبەریان دەكرێت سكاڵا تۆمار ناكەن".
هەروەها هەنگاوەكەی پەرەگراف بە باش و شایەنی پشتگیریكردن دەزانێت.
بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی هەموو کەسێک مافی بەدەستهێنانی زانیاری و ئەو بەڵگەنامانەی هەیە کە لە دامودەزگاکان داوای دەکات، بەدەر لەو بابەتانەی لە مادەی ١٤ی یاساکەدا بەدەرکراون و دوای بەسەرچوونی ٢٠ ساڵ ئاشکرا دەکرێن ئەوانیش پەیوەستن بە؛ نهێنیی ئاسایش و بەرگری و دانوستانەکانی نێوان هەرێم و لایەنەکانی دیکە، زانیاری و دۆسیەی کەسیی و ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردنیان کار لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەو دادگاییکردن دەکات یاخود دەبێتەهۆی پێشێلکردنی کێبڕکێ و مافی دانەرو خاوەنداری هزریی.
مونا یاقوو، سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان هیوایوایە بەزویی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری جێبەجێبكرێت و بۆ پەرەگراف وتی "هەموو كەسێك پێویستی بە زانیاری هەیە، نەك تەنیا رۆژنامەنووسان بەڵكو لێكۆڵەرانیش پێویستیان پێی هەیە، لەم روانگەیەوە پاڵپشتی ئەو هەنگاوەی پەرەگراف دەكەین".
هەروەها رونیكردەوە بەپێی مادەی 22ـی یاساكە دەبوو دوای 90 رۆژ یاسایەكە جێبەجێبكرایە، بۆیە ئێستا یاساكە بە یاسایەكی جێبەجێكار مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و ئەگەر ئەو زانیارییانەی پەرەگراف داوایكردووە، ئەو زانیارییانە نین كە لە یاسایەكەدا لێی دەركراوەو بەروونی ئاماژەیان پێكراوە، ئەوا پێویست دەكات زانیارییەكان بگاتە دەستی پەرەگراف.
"لەگەڵ ئەوەداین جۆرێك شەفافیەت هەبێت، هەروەك لێكۆڵەرێك دەڵێ، زانیاری ئۆكسجینی دیموكراسییە، واتە هیچ سیستمێکی دیموكراسی نابێت ئەگەر زانیارییەكان لەبەردەست خەڵك نەبن" یاقوو وادەڵێت.
کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، واخۆی پیشان دەدات کە لە کابینەکانی پێشووتر باشترە لە ڕووی ئازادی و شەفافیەت و مافی مرۆڤ، بەڵام واقیع شتێکی جیاواز دەڵێت بەتایبەت لە مافی ڕۆژنامەنووسان و مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و پێدانی زانیاری.
سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە پەرلەمان دەڵێت جێبەجێكردنی ئەو یاسایە پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، تا فشاری زیاتر دروستبكرێت، "لەو داوایاساییەی پەرەگراف كردوویەتی لەسەر سێ سەرۆكایەتییەكە، دڵنیام ئەگەر بەپێی یاساكە پڕۆسەی دادگاییەكە بەڕێوەبچێت، پەرەگراف دەیباتەوە" سەلمە فاتیح، وای وت.