پارەی پیس؛ هەژارانی کوردستان لە ژێر هەوری ژەهراوی گەندەڵیدا دەژین و دەمرن

28-11-2022 01:12
مەڕەکان لەنێو پیسبوونی ژینگەی ناوچەی پیشەسازیی کواشێ لە پارێزگای دهۆک دەلەوەڕێن. وێنە: هانا لینچ، ١٤ی ئابی ٢٠٢٢

پەرەگراف- ڕاپۆرتی هانا لینچ لە نسار ڕیکۆرد

ئەلهام ڕەمەزان، کاتێک لیناس، کچە نۆ مانگەکەی دەمی کردەوە و بۆ یەکەم جار وشەی "دایە"ی وت، تێرباوەشیکردو ماچبارانی کرد، زانیی کە ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی دایکانە، تاکە بەڵێنە کە دەیتوانی بیدات بە کچەکەی. ئەوان لە دەوری کارگەکانی پیشەسازیی دەژین کە دوکەڵەکەیان سێبەری بەسەر داهاتوویاندا کێشاوە.

لە کاتێکدا مێردەکەی چوو بۆ کارکردن لە کارگەیەکی نزیک گوندەکەیان، ئەلهام چاوی لە منداڵەکان بوو، لیناس لەگەڵ ئایناس-ی کچە گەورەی، ڕۆژێک تێبینی کرد کە لیناس ڕەنگی کاڵ هەڵگەڕاوە، ڕەنگەکە وشک لەسەر دەمووچاوی دیار بوو.

دایک و باوکە نیگەرانەکەی بەپەلە گەیاندیانە بنکەیەکی تەندروستی نزیک خۆیان، پاشان ڕەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانیان کرد لە دهۆک و زنجیرەیەک پشکنینی بۆ ئەنجامدرا پێش ئەوەی بنێردرێنە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر، ژوورێک بۆ کچە بچکۆلەکەیان ئامادەکراو لە کۆتاییدا پزیشکەکان ئەنجامەکانیان بە ئەلهام گوت، منداڵەکەی شێرپەنجەی خوێنی هەبوو.

پزیشکەکان دەستیان بە چارەسەر کرد و ئەلهام هەموو ڕۆژێک سەیری کچەکەی دەکرد کە لاوازتر دەبێت هەتا نزیکەی مانگێک دواتر کۆچی دوایی کرد.

ئەلهام وتی "من لە تەنیشت جێگاکەی بووم، ئەو ڕۆژەی کە مرد"، لیناس بەوجۆرە سەرینایەوە.

لە کاتێکدا خێزانی لیناس پرسەی ئەو ژیانە کورتەیان گێڕا، عیسا عومەری باپیری سەیری ئەو کارگە نزیکانەی دەکرد کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیان زۆر بووە و هۆکاری مردنەکەی بۆ ئەو کارگانە دەگێڕنەوە. لەگەڵ پەرەسەندنی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی شێرپەنجە زیادیکردووە و شارەزایانیش دەڵێن، پێدەچێت ئەو دووانە پەیوەندییان بە یەکەوە هەبێت.

ئەو خێزانە لە کواشێ نیشتەجێن، گوندێکە لە چەند ماڵێکی کەم پێکدێت کە لە بناری چیای زاگرۆسی باکوری ڕۆژئاوای شاری دهۆکە، بوونی هەوای قەتیسی تیژ و بەهێز لە هەواداو بۆنی ترشاوی لاشەی ئاژەڵ کە لە گەرمای هاویندا تێکەڵ بە بۆنی ڕۆن بووە. بۆنەکە لەو کارگانەوە دێت کە زۆر نزیکن لە پاڵاوگەکانی نەوت، ناوچەکە شوێنی هەڵگرتنی پێستەی ئاژەڵ و کارگەی کانزاییش لەخۆ دەگرێت. کاتێک کە دوکەڵ و بۆنە ناخۆشەکان زۆر دەبن، گوندنشینەکان پەنجەرەکانیان دادەخەن و دەموچاویان دەنێن بە سەرینەکانیانەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ دەربازبوون بێهودەیە.

ژیان لەگوندی کواشێ بەهۆی پیسبوونی هەواو ئاوو خۆڵەوە زۆر دژوارە، حکومەت شکستیهێناوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی پیشەسازی کە پاشەڕۆی ژەهراوی دەردەکەن و قازانج لە گەندەڵیدا دەکەن. ئەم دیمەنە لە هەموو شوێنێکدا بەرچاوە لە هەرێمی کوردستان وەک ڕێگاکانی باشوری ڕۆژئاوای هەولێر و بە درێژایی ڕووباری تانجەرۆی سلێمانی.

ئەو کەسانەی کە لەنزیک ئەو ناوچە پیشەسازییانە دەژین دەڵێن، هیچ کۆنتڕۆڵێکیان لەسەر تەندروستی ژینگەیی خۆیان نەماوە و لەلایەن حکومەتەکەیانەوە وازیان لێهێنراوە، چونکە زۆر هەژارن تاکو گرنگییان پێ بدرێت.

ئەلهامی 34 ساڵیش بە زەردەخەنەیەکەوە لەبەر دەرگای ماڵە بچووکەکەی لەسەر حەسیرێک دادەنیشێت. ئەیناس کچە گەورەکەی تەمەنی هەشت ساڵەو لیناس لە سەر کۆشی دایکی، سەیری ڕوخساری هەموو کەسێک دەکات بەنیازی ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات. دوعای تەمەن پێنج ساڵ لە تەنیشت دایکییەوە  لەسەر پشت پاڵکەوتوەو پێییەکانی بەرزکردوەتەوەو بە مۆبایل یاری دەکات.

ئەلهام دە ساڵ لەمەوپێش شووی بە پیاوێکی ئەم گوندە کرد. مێردەکەی تەنها دوو ساڵ دوای مردنی لیناس بە تراژیدیا کوژرا، وەک دایکێکی تەنها، بەستراوە بە کەسوکاری مێردەکەیەوە لە کاتێکدا حەزدەکات کچەکانی لە کارگەکان دوور بخاتەوە بۆ شوێنێکی تەندروستتر بۆ گەورەبوونیان، ئەوە بڕیارێک نییە کە بتوانێت بەتەنیا بڕیاری لەسەر بدات. خۆی بەستوە بە کچەکانیەوە، ئەو دەستە بەتاڵەکانی بەرز دەکاتەوەو دەڵێت "نازانم بەبێ مێردەکەم بۆ کوێ بڕۆم بۆ من قورسە کاتێک لەگەڵ خەسوو و براژنەکەمم، هەست دەکەم کەسانێک لە ژیانمدان. بۆ کوێ بڕۆم؟".

ناوچەی پیشەسازی کواشێ نزیکەی پێنج کیلۆمەترونیو دووجا دەبێت، محەمەد سدقی سەرۆکی بەشی زانستەکانی ئاو و خاک لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی دهۆک، وتی: ژمارەی پیشەسازییەکان کەمە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر گەورەیان لەسەر ژینگە هەیە، چونکە "بەبێ هیچ پلانێک دروست کراون" لەسەرەتای ساڵی 2000دا حکومەتی هەرێم پلانێکی پەسەندکرد بۆ گەشەپێدانی کواشێ وەک ناوچەیەکی پیشەسازی.

سدقی ڕونیکردەوە کە لەو کاتەدا ناوەندەکانی پیشەسازی زۆر لە دانیشتوان دوور بوون، بەڵام هیچ پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی پاشەڕۆ نەخرایە بەرچاو وە هیچ ڕەچاوی ئاڕاستەی با بۆ دوکەڵی کارگەکان نەکرا لەگەڵ  ئاوی ژێرزەوی کاتێک شوێنەکە بەرەو فراوانبوون دەچێت.

پاشەڕۆی کارگەکان لە ناوچەی پیشەسازی کواشێ لە پارێزگای دهۆک. وێنە: هانا لینچ، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢

کەناڵەکانی ئاوی پاشەڕۆ لە کارگەکان دەڕژێتە دەرەوە و تێکەڵ بەو دیمەنە جوانەدەبێت و حەوزی ڕەش لە قەراغی کێڵگەکانی جوتیاران دروست دەکات، شوانەکان لە تەنیشت جۆگەکان ماڵاتەکانیان ڕادەگرن.

شوانێک سێ جار چەند مەڕێکی لە دەستدا کە لە حەوزی پاشەڕۆی پیشەسازیدا خنکان و گوندنشینان دەڵێن، دەبێت ئاگادار بن کە لە کوێوە دەڕۆن، بە تایبەتی شەوان کە لەوانەیە یەک هەنگاوی هەڵە مەڕوماڵاتەکەیان بنێرێت بۆ گۆڕێکی ژەهراوی.

سدقی نیگەرانە لەوەی کە پیسبوونی ڕووکەشیی، بۆ ناوەوەی خاک و ئاوی ژێرزەوی بگوازرێتەو کە ساڵانێکە تێیدا کۆدەبێتەوە، کاتێک باران دەبارێت ترسی ئەوەی هەیە کە هەندێک لە پاشەڕۆکان بەرەو خوار بڕۆن و بکەونە ناو بەنداوی موسڵەوە، کاتێک با هەڵدەکات بۆگەنی کارگەکان بەسەر شاری دهۆکدا بڵاو دەبێتەوە.

لە باشووریش لە پارێزگای سلێمانی دۆخەکە بەمایەی خەمبارییەوە لێکچوونی زۆرە لەگەڵ کواشێ، لەوێش پاشەڕۆی پیشەسازی و خۆڵ و خاشاک ڕاستەوخۆ فڕێ دەدرێنە ناو ڕووباری تانجەرۆ. کێڵگەکان بە هێڵی تەنشیت ڕووبارەکەوە بوون، بەڵام ئێستا بەهۆی کارگەکانەوە جێگەیان بۆ نەماوەتەوە.

لەم هاوینەدا ڕاپۆرتێکی پارێزەرانی ئاوی عێراق بڵاویکردەوە کە 245 مەترسی تۆمارکراوە لەسەر ژیانی خەڵک بە درێژایی 120 کیلۆمەتریی تانجەرۆ، نیوەی مەترسییەکان بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە بووە، لە نێوانیاندا 35 شوێنی پاشەڕۆی پیشەسازی تێدایە.

چەندین لێکۆڵینەوە کراوە کە کانزای قورسیان دۆزیوەتەوە لە دەوروبەری کارگەکان وەک؛ ئاسن و زینک و ئەلەمنیۆم و کادمیۆم و ئارسینیک، بە ڕێژەی زۆر زیاتر لەوەی کە لە ژینگەدا هەبن. ئەم کانزا قورسانە دەتوانن زیانێکی وێرانکەریان هەبێت، لەوانەشە ببنەهۆی نەخۆشییە خراپەکان و شێرپەنجە.

بەزربوونەوەی دوکەڵ لە کارگەکانەوە بە درێژایی ڕوباری تانجەرۆ. وێنە: وینترۆپ ڕۆدجێرز، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

 سەردانی هەردوو کواشێ و تانجەرۆم کرد، پێوەری هەواکەم هێنا کە کوالێتی هەوا پێوانە دەکات و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەکاریدێنێت بۆ پێدانی پلەی بوونی هەوای خراپ. لە هەردوو شوێنەکە پلەی هەوای خراپ زۆر بەرز بوو، لە گوندی کواشێ 125 بوو و لە نزیک ڕووباری تانجەرۆ 131 بوو.

لەم ئاستانەدا، هەموو کەسێک، تەنانەت ئەوانەی کە تەنیا بەرکەوتەی کەمیان دەبێت لەگەڵ ئەم هەوا پیسە، لە مەترسی کاریگەرییە خراپەکانی تەندروستیدان و کاریگەرییە درێژخایەنەکان مەترسیدارە بۆ تەندروستیی، ئەم ئاستانە لە ماوەی ڕۆژدا پێوران، بەڵام ئەو کەسانەی لەوێ دەژین دەڵێن، پیسبوونی ژینگە  لە شەودا خراپترە کاتێک کارگەکان فلتەرەکان لادەبەن و دوکەڵێکی زۆر دەردەکەن، ئەوەش بۆئەوەی هەندێک پارەیان بۆ بگەڕێتەوە، بەبێ ئەوەی پێیان بزانرێت و دەستگیر بکرێن.

ئەم پیسبوونە کوشندەیە، بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری لانسێت سەبارەت بە تەندروستی هەسارەیی کە لە مانگی ئایاردا بڵاوکراوەتەوە، "زیاتر لە ۷ کەس کە دەمرێ لە جیهاندا یەکێکیان ئەنجامی پیسبوونی ژینگەیە"، خێراترین هۆکاری زیادبوونی ئەم مردنانە - پیسبون و ژەهراوی بونی هەوا و خاک و ئاو و هەروەها جۆرەکانی تری پیسبوونی هەوا - لە پیشەسازی و شارنشینی دێت. زۆربەی قوربانییەکان هەژارانی جیهانن.

بەپێی ڕاپۆرتی لانسێت، لە وڵاتانی کەم داهات و ناوەنددا، "پیسبوونی ژینگە تاکە گەورەترین هۆکاری نەخۆشی و مردنە" وە لە وڵاتانی داهات بەرزتردا هەژارترین ناوچە بەهۆی پیسبوونەوە زۆرترین ئازار دەچێژن، وەک ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە لە دەرەوەی ئەمەریکا و شانشینی یەکگرتوو دۆزراوەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان، گوندنشینانی ناوچە پیسەکان دەڵێن زۆرێک لە خێزانەکانیان و دراوسێکانیان بە نەخۆشی و خراپیی تەندروستییەوە دەناڵێنن و بە شێوەیەکی سەرەکی کێشەی هەناسەدان و شێرپەنجەیان هەیە، بەڵام داتاکان کە تەندروستی و پیسبوونی ژینگە بە یەکەوە دەبەستن لاوازن.

دکتۆر نەجمەدین خۆشناو لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا دەستی بە خوێندنی پزیشکی کردووەو وتی، لەو کاتەدا زۆر دەگمەن بوو نەخۆشێک هەبێت کە شێرپەنجەی هەبێت. بەڵام ئێستا ئەوە چیتر وا نیە. لە ساڵی 2016دا پێداچوونەوەی بە داتاکانی نەخۆشخانەی شیرپەنجەی هیوای سلێمانی کرد کە تیایدا کاردەکات و لەسەدا 62 ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادی کردوە بەراورد بە هەشت ساڵی ڕابردوو، لە ساڵی 2006 بۆ 2014 ئەو زیادبوونانەی ئەو هەشت ساڵە پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی کەرتی پیشەسازی.

ئەو ئێستا پێداچوونەوەیەک بۆ داتا دەکات لە هەشت ساڵی دواتردا، تا ساڵی 2022، وە پێشبینی دەکات کە ئێستا ئەو ڕێژەیە لە زیادبووندایە. لە پارێزگای دهۆک و هەولێر لە نێوان ساڵانی 2013 و 2019دا ڕێژەی شێرپەنجە زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی.

خۆشناو، وتی "ناتوانین ئەوە بسەلمێنین کە هۆکاری تەواو لە پشت زیادبوونی شێرپەنجەوە چی بووە"، ڕوونیکردەوە کە چەند هۆکارێکی شاراوە هەن لەوانە؛ گەشەی دانیشتوان و گۆڕانکاری لە ڕێجیم و زیادبوونی بەکارهێنانی پلاستیک و هەروەها پیسبوونی ژینگە، وتیشی "هەموو پزیشکانی شارەکە و سەرجەمی حکومەت دەزانن کە پیسبوونی ژینگە هەیە، بەڵام کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت، توێژنەوەی لەسەر نەکراوە".

هەرچەندە کەلێن هەیە لە داتا تەندروستییەکانی کوردستان، بەڵام پسپۆڕان چەندین ساڵە ئاستی مەترسیداری پیسبوونی ژینگە لە دەوروبەری ئەو ناوچە پیشەسازییانە بەبەڵگە دەکەن و مەترسی پیسبوونی ژینگە بۆ تەندروستی گشتی ڕوونە، کەواتە بۆچی ڕێگە بە کارگەکان دەدرێت کە بەردەوام بن لە پیسکردنی ژینگە؟

دکتۆر ڕێزان عومەر ڕەشید لە زانکۆی سلێمانی مامۆستای ژینگەناسی و پیسبوونی ژینگەیەو کاتێک لە ساڵی ١٩٩٣ دەستی کرد بە خوێندنی ماستەر، ئەو بە بەردەوامی دەبوایە ڕوونیبکاتەوە کە ئەو بەشەی هەڵی بژاردووە چییە. زۆرجار پرسیاری لێکراوە کە "ژینگە چییە؟".

دوای وەرگرتنی دکتۆرا لەکاتی بەخێوکردنی دوو منداڵدا، یەکەم زیندەوەرزان بوو لە ستافی زانکۆی سلێمانی و ئەمڕۆ زیندەوەرزانیی بەشێکی گەورەیە کە ڕێزان سەرپەرشتی خوێندکارانی دەرچووی دەکات کە شوێنپێی کەوتوون و دۆکیومێنتی پیسبونی ژینگەی کوردستان ئەکەن.

بە وتەی ڕێزان، تێگەیشتن لەیگرنگیی ژینگە لە جیهانی ئەکادیمیدا سڕ کراوە، بەڵام هێشتا لەناو حکومەتدا نا، وتیشی "ئێمە ئەکادیمین و کاری زانستی دەکەین، بەڵام بڕیاردەر نین" لێرە لە کوردستان گرفتەکە ئەوەیە، "ئێمە کەسی شیاومان نییە لە شوێنی شیاودا".

ئەو کەسانەی کە لەژێر کاریگەرییەکانی کەرتی پیشەسازیدا دەژین دەڵێن، هۆکاری ناکارابوونی حکومەت ڕوونە کە گەندەڵییە، ئەوان دەڵێن، حکومەت خزمەتی خاوەن بازرگانییە دەوڵەمەند و کاریگەرەکان دەکات نەک گوندنشینە هەژارەکان کە قوربانیی سیستمێکن کە گەشەی ئابووری وەک ئەولەویەتی خۆی دادەنێت.

باپیری لیناس دەڵێت "هەژارەکان بە بەردەوامی داوایان کردووە کە کارگەکان دابخرێن، بەڵام بەرپرسە گەندەڵەکان ناهێڵن ئەوە ڕووبدات بۆ ئەوان باشە کە سێ کەس بە شاهانە بژین لە کاتێکدا کە ملیۆنان هەژار دەمرن".

ساڵی ڕابردوو ناوچەی کواشێ بە شێوەیەکی کاتیی داخرا، گفتوگۆیەک لە نێوان بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای دهۆکدا هاتەئاراوە لەبارەی گەشەی ئابووری لە دژی ژینگە. پۆلیس خاڵی پشکنینی لەسەر ڕێگاکە دانا کە بەرەو شوێنەکە دەچوو بۆ ڕێگەگرتن لە چوونە ژورەوە، بەڵام گەمارۆکە دوای یەک مانگ لابرا بەهۆی ئەوەی 500 کەس لە کار دوورخرانەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و خۆراک و نەوت و ئەمانە هەمووی، خرانە ئەستۆی داخستنەکە لەلایەن خەڵکەوە.

هەروەها بەرپرسەکان بیرۆکەی گواستنەوەی پیشەسازییان بۆ شوێنێکی دوورتر دانا، بەڵام جێبەجێکردنی هەر پلانێک بەهۆی "پەیوەندییەکانەوە تەحەدایە"، عومەر سەلاح سمۆ، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی سیمێلە، شارۆچکەیەک لە باشوری کواشێ کە "پیسترین شوێنی جیهانە" و زۆربەی ئەو خێزانانەی لەو ناوچەیە دەژین حەزیان لە فرۆشتن و گۆڕینی شوێنەکانیانە، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە کە بۆچی حکومەت ئەوەندە لاوازە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کارگە پیشەسازییەکان.

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2008دا یاسای پاراستنی ژینگەی پەسەند کرد، دوای چەند ساڵێک لە دەستپێکردنی پیشەسازی بەپێی یاسا پێویستە کارگەکان هەڵسەنگاندنێکی ژینگەیی ئەنجام بدەن پێش ئەوەی دەستبەکاربن و پیسکردنی ژینگە تاوانە، بەڵام وەک هەمیشە جێبەجێکردنی یاسا لەهەرێمی کوردستان کێشەیە.

ئاوە پیسەکانی ڕووباری تانجەرۆ بە کێڵگەکاندا تێدەپەڕن. وێنە: فازڵ هەورامی، ٢٢ی ئابی ٢٠١٦

سەپاندنی ڕێنمایی ژینگەیی و هێشتنەوەی پابەندییەکان لەسەر پیشەسازی بەشێکە لە کاری ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە کە بەهۆی کەمی سەرچاوەوە پەکی کەوتووە، چاودێرانی دەستەی ژینگە دەسەڵاتیان هەیە سەردانی هەموو پیشەسازی و کارگەکان بکەن و دەتوانن غەرامە دەربکەن بۆ هەر سەرپێچییەک کە دەدۆزرێتەوە.

هەروەها دەتوانن کارگەکان ناچار بکەن کە ئامێردابنێن یان شتومەکی پێشکەوتوو بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی پیسیی ئەو کارگەی پێستانەی کە لە کواشێ توێژەران دۆزییانەوەو ئارسینیکیان فڕێدابوو بۆ ناو ژینگە، لەلایەن دەستەی ژینگەوە ناچارکران لە هاویندا دابخرێن و فەرمانیان پێکرا بۆ چارەسەرکردنی ئاوی پاشەڕۆکەیان.

دیار شێخ غەریب، سەرۆکی لقی سلێمانی دەستەی ژینگە، لە بواری تیۆرییەوە، وتی: "پارەی غەرامە لە 10 ملیۆن دینارەوە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ بودجەی دەستەی ژینگە، بەڵام ئێمە دەسەڵاتمان نییە بۆ پرسە ژینگەییەکان خەرجی بکەین"، ماوەی پێنج ساڵە دەستەکەی هەوڵیداوە بۆ دەستگەیشتن بەو پارانە، بەڵام لە قەیرانێکی ئابووریدا لەگەڵ حکومەتدا ئەوە مەحاڵە، بەشێکیشی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و ناکۆکیی لەسەر بودجە لەگەڵ بەغدا دروست بووە و ناتوانرێت مووچەی تەواوی مووچەخۆران دابین بکرێت.

دیار، دانی بەوەدانا کە کاتێک تیمە چاودێرییەکەیان چاودێریی ناکەن، هەندێک لە خاوەن کارگەکان فیلتەرەکانیان دەکوژێننەوە یان بە نایاسایی پاشەڕۆکانیان فڕێ دەدەن.

سزا داراییەکان تاکە بەربەست نین بۆ سەپاندنی یاساو ڕێسا ژینگەییەکان. لە هەرێمی کوردستان کەموکوڕییەکی بنەڕەتی هەیە لە یاسادا، بە وتەی ئەو پیاوەی کە ئەرکی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵییەو سەرۆکی دەستەی نەزاهەیە، ئەحمەد ئەنوەر.

ماوەی 8 ساڵە لە نووسینگەکەی خۆی کە دەڕوانێتە قەڵای دێرینی هەولێر، پارێزەری ئەنوەر بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسێیانە دەکات کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەڕێگەی ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەوە هێنراونەتە بەرچاو .

ئەو پێی وایە گەندەڵی لە نەبوونی ئیدارەی باش و بەڕێوەبردنی باشەوە سەرچاوە دەگرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەگی خۆی هەیە لە خەباتی پێشمەرگەوە کە بۆ ئازادیی لە شاخەکانەوە شەڕیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کردووە.

دوای بەدەستهێنانی چەند ئۆتۆنۆمییەک لەژێر دەسەڵاتی زۆنی ڕێگە پێنەدراوی فڕینی نێودەوڵەتیدا، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992 دامەزراوەو پێشمەرگەکان لە چیاکانەوە هاتنە خوارەوە و چوونە ناو حکومەتەوە، بەڵام بێ ئەزموون بوون لە بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتییەکان یان بنەماکانی حوکمڕانییەکی باش.

لەم نێوەندەدا گەندەڵی توانیی گەشە بکات و لەناو دەزگاو سیستمە نەزۆکەکاندا جێبگرێت، لەکاتێکدا بنەماکانی لێپرسینەوەو بڕیاردانی بە ئاگا هەمووی خرانە لاوە.

ئەنوەر چەند سەردەمێکی باشی بینیوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لەو کاتەدا کە حکومەت بە قەیرانی دارایی و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و شەڕی دژی تیرۆردا سەرقاڵ نەبووە، کابینەی ئێستا هەنگاوی ناوە ئەو ئەنجامانەی کە ئەنوەر پێشبینی دەکات لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا بەدەست بھێنێت، بەڵام دەڵێت لەو بوارانەدا پێویستە حکومەت کاری باشتری تێدا بکات.

پێویستە حکومەت متمانەی خەڵک بەدەستبهێنێت بە گرتنەبەری ڕێکار و ناچارکردنی خاوەن کارگەکان بۆ پاککردنەوەی پاشەڕۆکانیان هەروەها دەبێت یاساکانی بەردەست جێبەجێ بکات. ئەگەر حوکمڕانییەکی باشمان هەبێت دەتوانین کێشەکانی تر چارەسەر بکەین بێگومان وەک دەزانن یەکێک لە کۆڵەکەکانی حوکمڕانیی باش حوکمی یاسایە.

بەبێ حوکمی یاسا، خاوەن پیشەسازییەکان دەتوانن بە پارە سیستەمەکە بکڕنەوە، عەبدوڵا عەوداڵ و ئامینە عەبدوڵا دوکانێکی سادە لەسەر ڕێگای سلێمانی - قەرەداغ بەڕێوەدەبەن و 400 مەتر لە ڕووباری تانجەرۆوە دوورە و دەورەدراوە بە کارگەکان، 20 ساڵ پێش ئێستا جێیان گواستەوە لە هەڵەبجەوە بۆ سلێمانی و بەدوای کار و شوێنێکی باشدا دەگەڕێن بۆ پەروەردەکردنی خێزانە گەنجەکانیان لەو کاتەدا، ژیان لە ناوچەی تانجەرۆ باش بوو - خاوێن بوو و لە چەندین کێڵگە، برنج، بامیە، تەماتە دەڕوێنران.

ماوەیەکی زۆری نەبرد دوای ڕۆیشتنیان کارگە لە پاش کارگە دروست دەکران و بوونەهۆی ژەهراوی بوونی ژیانیان، عەوداڵ پارچە زەویەکی کڕی کە پلانی داڕشت بۆ ئەوەی باخچەیەک بنیات بنێت. ئەو خاکە ئێستا بێ سوودەو زۆر پیسە بۆ سەوزەوات و گەشەکردنیان و هیچ کەسێک نایەوێت بیکڕێت. ئەو وتی: "نەوت و گاز تێکەڵ دەکەن و تێکەڵی ئاوەکە دەبن"، شەوانە کە پیسبوونی ژینگە لە بەرزترین ئاستدایە ناتوانن پەنجەرەکانی ناو ماڵەکەیان بکەنەوە و چاوەکانیان لە کاتی چوونە دەرەوە فرمێسکیان لێ دێت.

دوو لە دراوسێکانیان بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، ئۆدێل وتی، دراوسێکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و سکاڵاشیان بۆ بەرپرسانی جۆراوجۆر- موختار، دەستەی ژینگە، پۆلیس برد، بەڵام هەمووی بێ سوود بوون.

چەند ساڵێک پێش ئێستا، عەوداڵ بە ناسەرکەوتوویی هەوڵیدا یەکێک لەو پاڵاوگە نەوتیانە بداتە دادگا کە پاشەڕۆی دەکردە ناو ڕووبارەکە. وتیشی: "چووم بۆ لای پۆلیس و خزمەتگوزاری ژینگەیی و دادگا و هەموویان هاتن و گوتیان بەڵێ ئەمە زۆر زیانبەخشە"، بەڵام کەیسەکە گوازرایەوە بۆ دادگایەک کە ئەو پێیوایە بۆ ئەوەی سڕ بکرێت.

ئۆدێل بە خەمەوە گوتی"ئەگەر پارەت ئەبێت"، وتی پێشبینی ئەوە ناکات کە دۆخەکە  زوو بەرەو پێشبچێت و گوتی: "پێموانییە تا ئەو کاتەی ئەم حکومەتە بوونی هەبێت ئومێدێک هەبێت".

عەبدوڵا عەوداڵ و ئامینەی هاوسەری لە دوکانەکەیان لەسەر ڕێگای تانجەرۆ-قەرەداغ. وێنە: هانا لینچ، ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢

کابینەی ئێستا دەڵێت، گوێی لە نیگەرانییەکانی خەڵکەو چارەسەری گەندەڵی دەکات و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پێشینەیە بۆ هاوڵاتیان و لە ئەنجامدا حکومەت هەموو توانای خۆی بۆ نەهێشتنی ئەم کێشەیە جێبەجێ دەکات.

بەڵام تەنانەت لەناو پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا گومان هەیە لە توانای حکومەت بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی، کیفاح مەحمود، ڕاوێژکاری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پەیمانگای واشنتن لە سەرەتای ئەمساڵدا وتی: "پێموانییە کە سەرکردایەتی توانای سڕینەوەی تەواوی ئەم کێشەیەی هەبێت، بەڵام بەلایەنی کەمەوە سەرچاوەکانی گەندەڵی وشک دەبن و مەجالی کەم دەبێتەوە"، ئەو دانی بەوەدانا کە گەندەڵی یەکێک بوو لە فاکتەرە سەرەکیەکانی پشت هەموو ئەو ڕووداوە خراپانەی کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە.

ڕووداوە خراپەکان ڕێگایەکی زۆر ڕوون دەگرنە بەر: بەهۆی گەندەڵیی و نەبوونی سەروەریی یاسا، ڕێگە بە پیسبوون بەهۆی پیشەسازییەوە دەدرێت کە بەردەوام بێت. ئەمە ڕاستەوخۆ زیانی بە ژینگە و تەندروستی گشتی گەیاندوە.

لە ماوەی تەنیا چەند ساڵێکدا خێزانەکان چیتر ناتوانن لە ماڵەکانیاندا هەناسە بدەن و ناتوانن ئاو لە بیرەکانیان بخۆنەوە و ماتەمینیی بۆ مردنی خۆشەویستەکانیان دەکەن و لە ناو سیستەمێکی ڕووخاودا هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن کە هیچ ڕێگایەکی پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتدا نییە.

ڕێگایەکی پڕ لە تاسەی خۆل لە پشت دوکانەکەی عەوداڵ دەبات بۆ گوندی گۆپیتە، ژمارەیەکی کەم خانوو لەسەر گردێکن کە دەڕوانێتە دۆڵی ڕووباری تانجەرۆ و شاری سلێمانی، کامەران تاڵیب تەمەن 46 ساڵ، لێرە لە دایک بووە و دەڵێت، لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە بەتەواوی گۆڕاوە، ئێستا دیمەنی گوندەکە تەماوی و نادیارە و چیتر ئاوی پاکیان نییە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا، دروستکردنی کارگەیەک دەستی پێکرد لە ڕێگای چوونە ژورەوە کە تەنها چەند مەترێک دوای چوونە ناوەوەی شەقامی گۆپیتەیە. نیگەران بوون لەوەی کارگە نوێیەکە کاریگەری لە پیسبوونی ژینگە دەکات و ژیان زیاتر نالەبار دەکات، گوندنشینەکان چوون بۆ لای دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی داوای زانیاری بکەن کە پیشەسازی نوێ چییە و بۆچی کارگەیەک لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت.

خەڵکەکە دەیانویست قسەیەک بکەن لەسەر ئەوەی کە چیی لە ناو شوێنی نیشتەجێ بوونیان ڕوودەدات، بەڵام دەسەڵاتداران نەیاندەویست گوێ بگرن و گوندنشینەکان دەرکران و پێیان وترا کە نیگەرانییەکانیان بەرز نەکەنەوە، تاڵیب وتیشی: "حکومەت تەنانەت ڕێگە نادات ئێمە خۆپیشاندان بکەین."