هاوسەرگیری پێشوەختە؛ ژیانی هەزاران كچ دەفەوتێنێت

10-12-2022 06:57
وێنەکە هەرێمی کوردستان نییەو بۆ ڕوونکردنەوە دانراوە.

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

هێڤی ئەگەر دەیزانی روبەڕوی ئەو نەهامەتیی و بەرپرسیارێتییە سەختە دەبێتەوە؛ نە جلی سپی بوكێنی دەپۆشی و نە پڕ بەدڵی لە ئاهەنگەكەی خۆیدا هەڵدەپەڕی، كە وەكو یارییەكی منداڵانە سەیری هاوسەرگیری دەكرد.

لەكاتی هاوسەرگیرییەكەیدا، هێڤی* تەمەنی 15 ساڵ بوو، لە سەرەتای هەرزەكارییەوە خرایە ناو بەرپرسیارێتی خێزان و لەگەڵ میران-ـی تەمەن 16 ساڵدا ئاهەنگی بۆ كرا، "وەك یارییەك سەیری پڕۆسەكەم كرد، زۆر خۆش بوو، شتم بۆ كڕدرا، چوم بۆ ئارایشتگە و خۆم جوان كرد، عەزی سپی بوكێنم لەبەركرد.. وای لەو رۆژە پڕ بەدڵ هەڵپەڕێم".

ئێستا حەوت ساڵ بەسەر هاوسەرگیرییەكەی هێڤی و میراندا تێدەپەڕێت، ئەو بۆ پەرەگراف وتی "بەڕاستی هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا تاوانە، ژیان قورس و ماندوکەرە، هەرچەندە ئێستا 22 ساڵم و هێشتا سەرەتای تەمەنمە، بەڵام هەست بە پیربوون دەکەم بەبێ ئەوەی خۆش ژیابم".

وەسفەكەی هێڤی بۆ ناساندنی هاوسەرگیری پێشوەختە بە تاوان لەجێی خۆیدایە؛ بەپێی یاسای باری كەسیەتی لە عێراق كە هەرێمی كوردستان هەندێك بڕگەی هەمواركردۆتەوە، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵە و دەكرێت لە تەواوكردنی تەمەنی 16 ساڵیشدا رێگە بەو پرۆسەیە بدرێت، بەو مەرجەی لەڕوی جەستەیی و دەروونییەوە کچەکە بۆ هاوسەرگیری ئامادەبێت.

بەڵام لە عێراق ئەو یاسایە رێگە بە هاوسەرگیری تەمەنی 15 ساڵ دەدات بە مەرجی ئامادەیی لەڕوی جەستەیی و دەرونیەوە.

هێڤی لەتاو "ستەمی باوەژن" بە هاوسەرگیری پێشوەختە قایل بووە و میران*-ـی هاوسەریشی، تاقانەی ماڵ و دایكی نەخۆش بووە، دایکی ویستویەتی بەر لە مەرگی، ماڵ بۆ كوڕەكەی پێكەوەبنێت.

"ئەوەی وایکرد هەردوکمان بەردەوام بین، بە ماوەیەکی کەم دایکی میران كۆچی دواییكرد و پشتیوانی نەما، منیش بۆ تەحەداکردنی باوەژن شانم دایە بەری، بەڵێنمداوە بە مەرگی خۆم قوربانی بۆ منداڵەکانم بدەم و تا دوای تەمەنی 25 ساڵی نەهێڵم هاوسەرگیری بکەن" هێڤی وای وت.

ساڵی 2021 لە هەرێمی كوردستان هاوسەرگیری پێش تەمەنی 18 ساڵی سەدا 23 و هاوسەرگیری پێش تەمەنی 15 ساڵیش زیاتر لە سەدا 10 بووە، بەپێی ئامارێكی رەسمی دەستەی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم.

هەروەها بەپێی ئامارێكی سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان، ساڵی 2021 رێژەی هاوسەرگیری پێش تەمەنی 18 ساڵی لە هەرێمی كوردستان سەدا 22.6 و لە عیراق سەدا 25.5 بووە، ئەوەش پێچەوانەی بەندەكانی جاڕنامەی گەردونی مافەكانی منداڵانە كە عێراق خۆی واژۆی جێبەجێكردنی كردووە.

هێڤی لە چەند رۆژێكی كەمدا دەكەوێتە ناو گێژاوی بەرپرسیارێتی و ژیانێكی قورسەوە، بە نیگەرانییەوە باسی لەوەكرد ئەوكاتە تێگەیشتووە چەند بە زویی منداڵیی و گەنجیی لێ سەندراوەتەوە، "روبەڕوی ژیانێك كرامەوە كە ئامادەنەبوم بۆی، نەهامەتی و نەبونی و پەروەردەكردنی منداڵ و گرفتەكانی تر هەر زوو حەز و هیواكانیان كوشتم".

دەستەی ئاماری هەرێم وردەكاری زیاتری لەسەر هاوسەرگیری پێشوەختە لە ئامارەكانیدا خستۆتەڕوو؛ كە سلێمانی بەرزترین رێژەی تێدا تۆمارکراوە و هاوسەرگیری پێش 18 ساڵی سەدا 23 و پێش 15 ساڵی سەدا 10.3ـیە، لە هەولێر پێش 18 ساڵی دەگاتە سەدا 22.2 و پێش تەمەنی 15 ساڵی سەدا 9.6ـــە، بەڵام لە دهۆك هاوسەرگیری لە پێش تەمەنی 18 ساڵی سەدا 22.1ـی تۆماركردووە و هاوسەرگیری پێش تەمەنی 15 ساڵیش سەدا 9 بووە.

پارێزەر گۆران ماد بۆ پەرەگراف وتی "بەپێی یاسا هەموو هاوسەرگیرییەکی خوار تەمەن 18 ساڵ نایاساییە و هاوسەرگیری دەبێت هەموو مەرجەکانی گرێبەستی تێدابێت، بەتایبەت رەزامەندی، بێگومان لە هاوسەرگیری خوار 18 ساڵدا رەزامەندی عەیبدارە و بە ئەگەری زۆر کچەکان فشاریان لەسەرە کەواتە ئەو هاوسەرگیرییە نایاساییە".

بەپێی یاسای باری كەسیەتی بەركار لە هەرێمی كوردستان، بە زۆر هاوسەرگیریکردن بە کچ یاخود کوڕ سزای زیندانی بۆ دانراوە لە دوو تا 10 ساڵ، ئەوەش بەپێی بارودۆخ و ناوەڕۆكی دۆسیەكە دەگۆڕێت.

لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزانیش هاوسەرگیری بە زۆر و منداڵ بە شودان قەدەغەكراوە و سزای هەیە.

دایک و باوکی هێڤی پێشتر لەیەک جیابوونەتەوە و هەر یەکەیان هاوسەرگیرییەکی نوێیان کردووە، دایکی هێڤی کە بڕیاردەری سەرەکی بووە لە بەشوودانی کچەکەی بۆ پەرەگراف دەڵێت، "هێڤی لای باوەژن بوو، دۆخی ژیانی زۆر خراپ بوو، جار جار دەیانهێشت بێت بۆلام و دەگریا لەدەست خراپیی ژیانی، خۆشم لەبەرئەوەی شوم کردبووەوە نەمدەتوانی بیهێنمە لای خۆم بۆیە هاوسەرگیریم بەباش زانی بۆی".

ئەو دەشڵێت "لەگەڵ ئازار و سەختییەکانی ژیانی هەموو رۆژ دەمردم، بەڵام دەسەڵاتم نەبوو و نەمدەتوانی هیچی بۆ بکەم، دەزانم قورس بوو بۆی، بەڵام هێڤی بەهێز بوو، داوای لێبوردنی لێدەکەم بۆ هەموو ئەو ناخۆشیانەی لە منداڵییەوە تائێستا بینیویەتی".

لە ساڵی 2021ـدا بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، نزیكەی 54 هەزار پرۆسەی هاوسەرگیری هەبووە لەگەڵ تۆماركردنی 11 هەزار و 699 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە، كە لەنێو حاڵەتەكانی تەڵاقدا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە هەزار ژن هۆكارەكەیان بۆ جیاوازیی تەمەن گەڕاندۆتەوە و لە دهۆكیش زیاتر لە 400 حاڵەتی تەڵاق بە هەمان هۆكار بووە.

رێژوان عومەر، توێژەری دەروونی دەڵێت، بەشودانی کچان لەپێش تەمەنی 18 ساڵی زیانی دەروونی لە كەسەكە دەدات، بەتایبەتی لە سەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیرییەكە یاخود لەدوای تێپەڕبوونی نزیكەی پێنج  ساڵ بەسەر پڕۆسەكەدا، "ئەگەرچی ژیری و هۆشیاری رێژەیین و بەگوێرەی تەمەن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێن، بەڵام زۆربەی توێژینەوەكان لەسەر ئەوە كۆكن مرۆڤ لە دوای تەمەنی 18 ساڵی قۆناغی منداڵی بەجێدەهێڵێت".

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی رێكخراوی یونیسێف؛ ئه‌و كچانه‌ی به‌ر له‌ 18 ساڵی هاوسه‌رگیرییان پێده‌كرێت، زیاتر له‌ هه‌ر كه‌سێكی تر روبه‌ڕوی توندوتیژی، هه‌ڕه‌شه‌ و كێشه‌ی ته‌ندروستی ده‌بنه‌وه‌.

هەروەها رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە توێژینەوەكانیدا بڵاویكردۆتەوە كە هاوسەرگیری و بە تایبەت دووگیانی لە تەمەنی بچووکدا مەترسی لەسەر ژیانی دایکەکە و کۆرپەش دروستدەکات، سەدا 40ـی مردنی ژنانی دووگیان ئەوانەن پێش 18 ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە.

لەمیعە عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون ئاماژەی بەوەدا لەڕووی تەندروستیەوە هاوسەرگیریكردن لە تەمەنی بچووکدا كاریگەری نەرێنی هەیە بەتایبەت لەسەر کچان لەبەرئەوەی لە رووی جەستەیی و بایۆلۆژیەوە ئامادەنین، "ئەو ژنانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و دووگیان دەبن، چاوەڕوانکراوە تووشی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و ژەهراوی بوونی خوێن ببن".

لەمیعە دەڵێت، منداڵەكانیشیان توشی گرفت دەبن و زیاتر بۆ پەرەگراف رونیكردەوە "کۆرپەکەش ئەگەری زۆرە تووشی جەڵتەی دەماغ ببێت، یان جگەری بوەستێت یاخود تووشی گەشکە ببێت و گیانلەدەست بدات".

ساڵانه‌ له‌ جیهاندا، ده‌وروبه‌ری 12 ملیۆن كچ له‌ خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه‌ هاوسه‌رگیری ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌پێی ئامارەكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كە زۆرینه‌ی ئه‌و ژمارەیەش ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه.

"کەمی هۆشیاری، نەبوونی داهاتێکی سەربەخۆ، توندوتیژییەکانی ناو خێزان و دابونەرتی کۆمەڵایەتی وادەکات زۆربەی كچان لە تەمەنێكی منداڵیدا پەنا ببەنەبەر هاوسەرگیری پێشوەختە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و خۆشبەختی" بەوتەی سانا خەلیل، چالاکوانی بواری ژنان بۆ پەرەگراف.

ئەو چالاکوانە دەشڵێت، پێویستە راوێژكاری كۆمەڵایەتی هەبێت بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت و دڵنیابن لە شیاوییان بۆ ئەو پڕۆسەیە.

بەپێی بەدواداچونەكان دەركەوتووە هاوسەرگیری پێشوەختە لە دەرەوەی دادگا و لای مامۆستایانی ئایینی مارەبڕینیان بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، نابێت هیچ کەسێک لە دەرەوەی دادگا ژن مارە ببڕێت.

پارێزەر گۆران ماد وتی، بەپێی یاسای باری کەسیەتی بەركار لە هەرێم،، سزای مارەبڕین لە دەرەوەی دادگا بریتییە لە غەرامەکردن لە یەک ملیۆنەوە بۆ سێ ملیۆن دینار، "مامۆستا ئاینییەکەش بە بەندکردن لە سێ ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ سزا دەدرێت، ئەگەر پیاوەکە ژنی دیکەی هەبوو و هاوسەرگیرییە نوێیەکەی لە دەرەوەی دادگا کردبوو".

وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017ـدا، دوای گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی زانایانی ئاینی و دەستەی دادوەری و سەرۆكایەتی دادگا و ئەندامانی لیژنەی فەتوا؛ چەند رێنماییەكی بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری و مارەبڕین و تەڵاق لە دەرەوەی دادگاكانی كوردستان دەركرد كە یەكەمیان بریتییە لەوەی "هیچ گرێبەستێكی هاوسەرگیری بۆ منداڵ و مێردمنداڵ و ئەو كەسانە ئەنجام نادرێت، كە نەگەیشتبنە تەمەنی 18 ساڵی".

هەرچەندە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان هەیە؛ بەڵام دۆسیەكانی هاوسەرگیری پێشوەختە لە پێشەنگی كارەكانیاندا نییە.

ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان بۆ پەرەگراف وتی "بەدواداچوون بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە کاری دادگاکانە نەک بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی، تەنیا ئەگەر سکاڵا هەبێت کەسێک بەهۆی هاوسەرگیری پێشوەختەوە توندوتیژی بەرامبەر کرابێت ئینجا دەبێتە کەیسی ئێمە و بەدواداچوون بۆ توندوتیژییەکەی دەکەین".

بەپێی ئەنجامی راپرسیی نیشتمانی یەكگرتووی كۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ ژنانی عێراق، كە دەزگای ئاماری عێراق و دەستەی ئاماری هەرێم بە پاڵپشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیانداوە؛ رێژەی ئەو كچانەی پێش گەیشتن بە تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە سەدا 25ــی تێپەڕاندووە.

دادگاكانی عێراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، لە ساڵانی 2020 و 2021ـدا زیاتر لە چوار هەزار و 92 دۆسیەی تەڵاقدانی ئەو ژنانەیان تۆماركردووە كە تەمەنیان نەگەیشتۆتە 15 ساڵ، ئەوەش لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەرزبونەوەی رێژەی جیابونەوەیە، بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق.

هێڤی، وەك خۆی بۆتە قوربانی نایەوێت كەسی تر بكەوێتە ئەو نەهامەتییەوە؛ بۆیە تكا لە دایک و باوکان دەكات "بەزوویی کچەکانتان بە شوو مەدەن و ژن بۆ کوڕەکانتان مەهێنن، بهێڵن تامی خۆشییەکانی منداڵی و گەنجی بکەن، بەباشی ئامادەیان بکەن و پاشان روبەڕوی بەرپرسیارێتییان بکەنەوە".

*هێڤی و میران دوو ناوی خوازراون و ناوی ڕاستەقینەی ئەو ژن و مێردە لای پەرەگراف پارێزراوە.