دۆخێکی مەترسیدار بۆ ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی لە سەردەمی یەکێتی نوێ دا

17-12-2022 01:28

ڕاپۆرتی: وینترۆپ ڕۆدجەرز لە نسارڕیکۆرد

وەرگێڕان و داڕشتنەوەی کوردیی: پەرەگراف

خوێندکاران تووڕەن لەوەی کە دەسەڵاتداران پارەی دەرماڵەیان نەداوە، سەدان خوێندکاری زانکۆ لە 13ی نۆڤەمبەردا بەرەو شەقامی سالم لە شاری سلێمانی بەڕێکەوتن، لە نزیک بینای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەستان، لەوێدا هێزە ئەمنییەکان هێڵێکیان پێکهێنا کە بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە ئاو پرژێنەکان بەرگرییان دەکرد.

لەگەڵ ئاگادارکردنەوەدا، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و هێزەکانی ئاسایش دەستیان کرد بە تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ، چەند خوێندکارێک بەردیان دەهاویشتە ناو دووکەڵی چڕی ناوچەکە.

 بڕیار نامیق پەیامنێری کەی ئێن ئێن و تیمەکەی، سەرقاڵی ڕوماڵی خۆپیشاندانەکەبوون کاتێک چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لەکاتی پەخشی ڕاستەوخۆدا بە جلی مەدەنییەوە کە هیچ جلوبەرگ و ناسنامەیەکی فەرمییان پێوە دیارنەبوو دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرت.

بڕیار نامیق بە نسارڕیکۆردی گوت: "کامێراکەمانیان برد و سوکایەتییان پێکردین، چونکە ئێمە تەنها کەناڵ بووین لەکاتی دروستبوونی گرژییەکەدا ڕووماڵمان دەکرد".

 کەی ئێن ئێن تاکە میدیا نەبوو کە دژایەتییان کرا لە لایەن هێزە ئەمنییەکان، بەپێی هەواڵێکی سەنتەری میترۆ بۆ مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، تیمێکی ئاژانسی هەواڵی وێستگە بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر دەستبەسەرکراون.

هەرچەندە دەستتێوەردان لە ڕووماڵی میدیاکاندا دیاردەیەکی تازەنییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەستێکی بەهێز هەیە کە سەرکردایەتی یەکێتی کە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی بەدەستەوەیە، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی خۆی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دەرەکی زۆر پشت بە هێزە ئەمنییەکان دەبەستێت بۆ بێدەنگکردنی کێشە هەستیارەکان و تۆقاندنی دەنگە سەربەخۆکان و بێدەنگکردنیان.

"ماوەیەکی زۆرە مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ناتەندروستەو لەگەڵ یاسای ڕۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان یەکناگرێتەوە" بڕیار نامیق، وتیشی: "ئەمە وایکردووە پاشەکشەی ئازادی ڕۆژنامەگەریی بە ئاشکرا دەربکەوێت".

لەسەرەتای مانگی ئابەوە بەلایەنی کەمەوە 28 ڕۆژنامەنووس لەو ناوچانە دەستگیرکراون کە لەلایەن یەکێتیەوە کۆنتڕۆڵکراون، بەپێی کۆمیتەی نێودەوڵەتی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ و لێدوانی ڕاگەیاندنەکان، کۆی ئەم دەستبەسەرکردنانە  پێشێلکاریی سوکتر ناگرێتەوە وەک ئەوانەی کە لە بەرامبەر تیمەکانی کەی ئێن ئێن و وێستگە ڕووی دا.

سۆران ڕەشید، سەرنوسەری ماڵپەڕی ناس کورد بە نسارڕیکۆردی وت: "پێشتر سلێمانی پارێزگایەکی پارێزراو و ئازاد بوو بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین، ناوی شاری فرەڕەنگ بوو" وتیشی: "بەداخەوە خراپتر و خراپتر دەبێت".

بافڵ تاڵەبانی لەکاتی سەردانێکی بۆ بارەگای هێزەکانی کۆماندۆ، ٨-١١-٢٠٢٢. وێنە؛ پەیجی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوک.

تۆمارێکی تێکەڵ

ڕۆژنامەنووس ئەکرەم تۆفیق، ئاماژەی بە پەیوەندییە درێژەکەی لەگەڵ شاعیران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووساندا کرد و بە نسارڕیکۆردی ڕاگەیاند کە "سلێمانی شارێکی زیندوو بووە بە درێژایی مێژووەکەی و دەنگی ئازادیی زۆر بووە"

لە ڕووی مێژووییەوە یەکێتی و بەشێکی زۆری کەسایەتییەکانی دیدێکی گشتگیریان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری هەبووە بە بەراورد لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ نموونە هێزە ئەمنییەکانی سەربەو حیزبە لە هەولێرو دهۆک لە ساڵی 2020دا بە دەیان ڕۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتێڕوانینێکی فراوانەوە سلێمانییان کردۆتە ماڵی خۆیان، لەوانە ڕۆژنامە کۆنەکانی وەک هاووڵاتی و ئاوێنە و دەزگای تەلەفزیۆن و ڕادیۆی نالیا(NRT) ، وە ماڵپەڕی نوێی وەک پەرەگراف.

بەڵام وەک پارتی، یەکێتیش پێشێلکاریی جدی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامداوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی 2011ی دژە گەندەڵیی لە شاری سلێمانی، بارەگای ئێن ئاڕ تی لەلایەن چەکدارانەوە ئاگری تێبەردراو بەوهۆیەوە ماوەیەک پەخشی ڕاگیرا، دوای دوو ساڵ ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لە کەلار کوژراو تۆمەتەکان ڕووی لە بەرپرسانی یەکێتییە کە گوایە نیگەرانبوون لە کارە ڕۆژنامەوانییەکانی لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا، ئەوانەی گومانیان لەسەرە کە فەرمانی کوشتنیان دابێت هەرگیز بە تەواویی دادگایی نەکران.

هێزە ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بەشێوەیەکی کەمتر پێشێلکاریی زەق دەکەن، هەرچەندە لە ئاستی ڕۆحییەت و ئەو ئازادییەدا نین کە  یاسای ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان دابینی کردووە، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2008دا یاساکەی وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی کارکردندا دەرکردووە و لە ئەگەری کێشەدا ڕێکارە یاساییە گونجاوەکانی دیاری کردووە.

بە وتەی ڕۆژنامەنووسان ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە لە زیادبووندایە. سەنتەری میترۆ ڕەتیکردەوە ئێستا پێشێلکارییەکانی تەواوی ساڵەکە بڵاوبکاتەوەو  بە نسار ڕیکۆردی وت، لە مانگی کانوونی دووەم ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان بڵاودەکەنەوە. لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش وەڵامی داواکارییەکی نەدایەوە بۆ ئاماری پێشێلکارییەکان.

لە ئێستادا هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە زینداندا نییە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە بە ئاشکرا پەیوەندییان بە کارەکانیانەوە هەیە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی، هەرچەندە بە قسەکردن لەگەڵ کۆمەڵێک سەرچاوەدا دیاربوو کە  زۆر بەرەنگاری ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئەو دەستێوەردانە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات لە کارەکانیان.

ڕۆژی 1ی ئاب، کارزان تاریق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی و کامێرامان چنار ئەحمەد لە ناو بازاڕی سلێمانی چاوپێکەوتنیان لەسەر شەقام ئەنجام دەدا سەبارەت بەکێشەوە گرفتە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ەوان بەبێ فەرمانی دادگا لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کران، تاریق بە نساری گوت، هەردووکیان پاش دوازدە کاتژمێر ئازاد کران.

بەلایەنی کەمەوە 20 ڕۆژنامەنووس و میدیاکار لەکاتی کار یان لەکاتی خۆپیشاندانەکانی 6ی ئابدا دەستگیرکراون کە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێکخرا کە حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنەو لە شاری سلێمانی دامەزراوە، بەپێی جیاوازیی کاتی دەستبەسەرکردنیان ڕۆژنامەنووسان لە نێوان چەند ڕۆژ و چەند کاتژمێرێکدا گیرابوون.

هێزە ئەمنییەکان یەکێتی بە تووندی ڕوبەڕوی ئەو خۆپیشاندانە بوونەوە،  گازی فرمێسکڕێژ و بیبەریان بەکارهێنا دژی ئەو خۆپیشاندانە ئاشتییانەی کە لە ناو بازاڕی سلێمانی کرا.

لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆپیشانداندا ڕۆژنامەنووسان ڕوبەڕوی زۆرترین پێشێلکاریی دەبنەوە.

لە خۆپیشاندانی 13ی نۆڤەمبەردا کە تیمەکانی کەی ئێن ئێن و وێستگە دەستبەسەرکران، خوێندکارانی زانکۆ داوایان دەکرد کە دەسەڵاتداران دەستبکەن بە پێدانی دەرماڵە لە نێوان 60 هەزار بۆ 100 هەزار دینار، پێدانی دەرماڵە لە ساڵی 2015وە بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، بەڵام داواکارییەکان زیادیان کرد بۆ دووبارە پێدانەوەی بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە ساڵی ڕابردوودا کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستانە.

دوابەدوای خۆپیشاندانی توندوتیژو گەورە لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 و کانونی یەکەمی 2021، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئەو کێشەیەی لە ئەستۆی خۆی گرت و بە شەخسی لەگەڵ نوێنەرانی خوێندکاران کۆبوەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە هەولێر پارەی بۆ ئەو مەبەستە خەرج نەکرد.

ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی خۆپیشاندانێک لەناو بازاڕی سلێمانی، ٤-٨-٢٠٢٢. وێنە؛ وینترۆپ ڕۆدجەرز

لە سەرەتای خوێندنی ئەمساڵدا، یەکێتی خەرجیی پارەکەی دەست پێنەکرد و خۆپیشاندانەکان لە مانگی ۱٠ دەستی پێکردەوە لە سلێمانی و ڕانیە و کەلار و هەڵەبجە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕوداوی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16ی نۆڤەمبەردا، تاڵەبانی هەوڵیدا کە ئەو خۆپیشاندانی دەرماڵەیە بکاتە کێشەیەکی حزبی و گلەیی لە جیاوازیی ئاشکرای سەرچاوە داراییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ داواکارییەکانیان کرد، خوێندکاران بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ماوە بۆ ماوەو ڕۆژنامەنووسانیش بەردەوامن لە ڕوماڵی ناڕەزاییەکان سەرەڕای ئەو هەموو ڕوبەڕوبوونەوانە.

لەم چەند مانگەی دواییدا دەستگیرکردن و هەراسانکردنی ڕۆژنامەنووسان لە زۆنی خۆپیشاندانەکانیش تێپەڕیوە، لە 9ی تشرینی یەکەمدا ڕووداوێکی قێزەوەن ڕوویدا کە گروپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرتیپ قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی ڕۆژنامەنووسانی ماڵپەڕی بوار میدیا-یان لە کۆیە دەستگیرکرد کاتێک هەردووکیان لە سلێمانیەوە دەچوون بۆ هەولێر.

بەپێی وتەی سی پی جەی، ئىە ڕۆژنامەنووسانە لەسەر سکاڵایەکی دژە تیرۆر و سکاڵایەکی وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات شێخ جەناب دەستگیرکراون، ڕۆژنامەنووسان پێشتر لەو دۆسیەیانە ئاگادار نەکراونەتەوە.

هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ ڕوبەڕوی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بوونەوە، ١٩-١١-٢٠٢٢. وێنە؛ وینترۆپ ڕۆدجەرز

ئەم ڕووداوانە پێکەوە ئاماژە بە هەوڵەکان دەکەن بۆ داپۆشینی بابەتە هەستیارەکان چ ئەو ئاڵنگارییە ئابوریانەی کە ڕوبەڕوی دانیشتوانی ناوخۆ و خۆپیشاندانی سیاسی و دۆسیە ئەمنییەکان دەبنەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بۆ میدیای سەربەخۆ کاردەکەن مەترسییەکی زۆر گەورەتریان هەیە ئەگەر دەربارەی ئەو کێشانە بدوێن و پەیوەندی هەبێت بە حیزبەکانەوەو توڕەیان بکات. ئەگەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پەیوەندی بە کەسایەتییەکی بەهێزەوە هەبێت لە پارتی یان یەکێتی زۆرجار دەرفەتی زیاتری دەستگەیشتن بە زانیاریی و پاراستنی پێدەدرێت لەو کەسانەی کە بە سەربەخۆیی کار دەکەن، بەڵام ئەوەش پەیوەستیان دەکات بە پەیڕەوکردنی گوتاری ئەو لایەنە کاتێک دێتەسەر پرسە سیاسیەکان.

"کاری میدیایی (لە هەرێمی کوردستان) بووە بە بەرگریکردن لە کەسایەتی و حیزبەکان" ئەکرەم تۆفیق وتیشی: "ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە میدیاکان بەچاوی کەم سەیر دەکرێن و ئازادییەکانیان سنوردارکراون".

کاتێکی هەستیار بۆ یەکێتی

ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بۆ نسارڕیکۆرد قسەیان کرد لەوانە هەندێک کە تەنیا بەهۆی هەستیاریی دۆخەکەوە لێدوانیاندا، هەستیان کرد کە زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لەم چەند مانگەی دواییدا لە هەوڵەکانی سەرکردایەتی یەکێتییە بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆی.

بڕیار نامیق، وتی "دۆخی رۆژنامەنووسان وایلێهاتووە پەیوەستە بە دۆخی سیاسییەوە بۆیە بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە نابینێت".

دوابەدوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کانوونی یەکەمی 2019دا، بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بە هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە هەڵبژێردران. دەرکەوت ئەمە تەنها سازانێکی کاتییە بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبەو ئەو کێشەو ئاڵنگارییانەی تووشی ئەو حیزبە بووە لەوکاتەوەی جەلال تاڵەبانی جەڵدە لێی دا لە ٢٠١٢.

قوباد تاڵەبانی قسە بۆ ڕۆژنامەنووسان دەکات لە بۆنەیەکدا لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی، ٥-٩-٢٠١٩. وێنە؛ وینترۆپ ڕۆدجەرز

لە 8 ی تەمووزی 2021دا بافڵ بە دەرکردنی شێخ جەنگی، ژێرخانە سیاسی و ئەمنییەکەی لە یەکێتی دورخستەوە، لەو کاتەوە بافڵ و برا بچوکەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهیوای دامەزراندنی "یەکێتی نوێ" دەسەڵاتیان لەناو حیزبەکەدا یەکخست.

لەگەڵ ئەوەشدا حیزب لە پێگەیەکی سەختدا دەمێنێتەوە لە ژێر سەرکردایەتی ئەواندا.

پارتی تائێستا لە سیاسەتی کوردی عێراقدا بەهێزتر دەبینرێت و گوایە دەستێوەردانی هەیە لە دۆخی ناوخۆیی و سەقامگیریی یەکێتیدا، ئەوەش بۆ لاوازکردنی ئەو ڕکابەری خۆی، وە هێزی دارایی بەکاردەهێنێت بۆ بێهێزکردنی یەکێتی. دەنگدەرە دڵسۆزەکانی یەکێتی بێ ورە کراون و دەنگە پەراوێزخراو و ناڕازییەکانی نێوخۆی ئەو حیزبەش لە نموونەی لاهوری شێخ جەنگی لەلاوە بە شێوەیەکی تەنک دەردەکەون. ڕەشەبای سەخت و دژە ئابووری لەگەڵ ناهاوسەنگی دارایی حکومەت هەڕەشەیەکی ترە بۆ لەقکردنی متمانەی (خەڵک) بە حیزبەکە لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردن، لەهەمان کاتدا هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدەن ناڕەزایەتی فراوان و تەشەنەسەندووی خەڵک بقۆزنەوە.

هەروەک زۆرجاریش لە دۆخی ناسەقامگیری سیاسیدا ڕۆژنامەنووسان لە ڕیزی یەکەمدان کە باجەکەی دەدەن، چونکە میدیاکان بەشێوەیەکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک ئامرازێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ گەڕان بەدوای بەرژەوەندی حیزبیدا، بە ئاشکرا ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەبارەی جوڵەی هەستیارەوە ڕۆژنامەنووسان ڕوبەڕوی مەترسیی گەورەوە دەکاتەوە، یەکێتی دەیەوێت بە ڕواڵەتیش بێت بە لانیکەمەوە هاوسەنگی خۆی لە ڕکابەریکردن لەگەڵ پارتی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا بەرپەرچی ڕکابەرە سیاسییەکانی ناو ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیشی بداتەوە، هەر بۆیە پاڵنەرێکی گەورەی هەیە بۆ خەفەکردن و سەرکوتکردنی هەر تێڕوانینێکی جێگرەوە و بەدیل.

لەم ژینگەیەدا پێدەچێت یەکێتی بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست هێزەکانی وەک دژە تیرۆر بەکاربهێنێت کە قەشقەیی و ئیبراهیم عەلی، یان ئاسایش کە ڕۆژنامەنووسانی ناڕازییان دەستگیرکرد، بۆ ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردنی کارە شەرمەزارییەکانیان. ئەو پاراستن و ڕێوشوێنانەی لە یاسای ڕۆژنامەگەریدا هەیە زۆرجار پشتگوێ دەخرێن و ئەوانەی سەرپێچی یاسا دەکەن بەبێ سزادان تێدەپەڕن.

"هێزە ئەمنییەکان هیچ سەبرێکیان نییە بۆ میدیا " سۆران ڕەشید وای وت و  هیوای خواست ئەم جوڵەیە "کاتیی بێت".

کاتێک لەلایەن نسارڕیکۆردەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو نیگەرانییانەی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە سلێمانی، سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتی: "ئێمە ئەو بیرکردنەوەیە بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە".

"سلێمانی، شاری پێکەوەژیان و کلتورە، شاری ئازادییە" سۆرن جەمال تاهیر وتیشی "ڕۆژنامەنووسان ئازادیی دەستگەیشتنیان هەیە بە زانیاریی بۆ بەرژەوەندی گشتی، پێشنیاردەکرێت بە تەواوەتیی بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و ئازادیی ڕادەربڕیندا بکەن".

کەمبوونەوەی مافی گشتی و میدیا

زیادبوونی پێشێلکارییەکان لە سلێمانی بەشێکە لە داڕوخانی درێژخایەنی ڕێزگرتن لە مافە دیموکراسییە بنەڕەتییەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لەساڵانی دوای کوژرانی ڕۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان لە ساڵی 2010 و سەرکوتی خۆپیشاندانی دژەگەندەڵیی لەو کاتەوە. هەروەها بەرزبوونەوەی میدیا پارەدارەکانی بینراو کە لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە پشتگیری دەکرێن وە پەراوێزخستنی میدیای سەربەخۆکان.

شەریف مەنسور، ڕێکخەری بەرنامەی سی پی جەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، لە پەیامێکدا کە لە وەڵامی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسانی شاری سلێمانیدا بڵاویکردەوە، نوسیویەتی: "کوردستانی عێراق سەردەمانێک پەناگەیەک بوو بۆ ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێستا ناوچەی سەرەکیی پێشێلکارییە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان".

ئەم دۆخە لەم ساڵانەی دواییدا تووند بووە. هەڵسوکەوتە مەترسیدارەکانی پارتی لەوکاتەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمموزی 2019 حکومەتی گرتووەتەدەست، بوون بە سەرچاوەی نیگەرانیی نێودەوڵەتی.

چوار ڕۆژنامەنووس کە ئێستا لە عێراق بەندکراون، خەڵکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانن کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ کراون، بەپێی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF).

ڕۆژنامەنوسان شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم لە پایزی 2020 لە کاتی هەڵمەتێکی ناڕەزایی دەربڕینی جەماوەریی لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستگیرکران، لە مانگی شوباتی 2021دا لەلایەن دادگایەکی شاری هەولێرەوە بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبارکران و هەرسێکیان بە توندی ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە، بەڵام هەریەکەیان بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران.

قەهرەمان شوکری خەڵکی شیلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆک، بە هەمان تۆمەت لە دادگایی داخراودا بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەو کاری بۆ ڕۆژنیوز دەکرد کە نزیکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە-.

نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپەکانی مافی مرۆڤ زنجیرەیەک ڕاپۆرتی ڕەخنەییان بڵاوکردەوەو ڕەخنەیان لە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسان و شێوازەکانی دەستبەسەرکردنیان گرت، بۆیان دەرکەوت کە دەسەڵاتداران پابەند نەبوون بە بنەما بنچینەییەکانی پڕۆسەی یاسایی.

وڵاتانی دەرەوەش سەرنجی گشتییان بۆ ئەم پرسە زیاد کردووە، بۆ نموونە لە 8 ی نۆڤەمبەردا ئێرڤن هیکس کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی کوردی ڕاگەیاند کە "پێویستە ڕۆژنامەنووسان بتوانن بەبێ ترس لە تۆقاندن و تۆڵەسەندنەوە و هەراسانکردن کارەکانیان ئەنجام بدەن".

کاریگەری کردەیی و کەڵەکەبووی ئەم پێشێلکارییانە، میدیای سەربەخۆ هەراسان دەکات و دەبێتەهۆی سەرکوتکردنی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە بەرژەوەندیی گشتیدان.

سۆران ڕەشید، وتی: "یەکێتی و پارتی، هەردوو پارتی دەسەڵاتدار سەرکەوتوو بوون لە تێکدان و زیانگەیاندن بە جەوهەری ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینە".

وتیشی: "ئێستا ڕۆژنامەگەری لە کوردستانی عێراق سەبارەت بە بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان نییە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەیە کە ناوزڕاندن و زیانگەیاندنە بە ڕکابەرەکان یان دروستکردن و بڵاوکردنەوەی چیرۆکی هەڵبەستراوە".

هێزە ئەمنییەکان لەکاتی خۆپیشاندانێک لە ناو بازاڕی سلێمانی، ٤-٨-٢٠٢٢. وێنە؛ وینترۆپ ڕۆدجەرز