تەندروستیی توانای لەناوبردنیانی نییەو مەترسیدارن؛ مانگانە 30 تۆن پاشماوەی پزیشكی لە تانجەرۆ فڕێدەدرێت

22-12-2022 05:06
پاشەڕۆی پزیشکی لە تاقیگەیەکی سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

نزیكەی 60 تۆن پاشماوەی پزیشكیی كە هەندێكیان "زۆر مەترسیدارن"، مانگانە لە نەخۆشخانەو ناوەندە تەندروستییەكانی سلێمانییەوە ڕەوانەی تانجەرۆ دەكرێن، نیوەی ئەو پاشماوەیە لە كوورەیەكی تایبەتیدا دەسوتێنرێن و نیوەکەی دیكە دەخرێنە ژێر گڵەوە، لەكاتێكدا هۆكاری راستەوخۆ و سەرەكین بۆ پیسبونی ژینگە و چەندین نەخۆشی، لەنێویاندا شێرپەنجە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف؛ جگە لە 30 تۆن پاشماوەی پزیشكی كە تەندروستی دانبەوەدا دەنێت توانای لەناوبردنیانی نییە بەشێوەیەكی زانستی، لە هەندێك نۆڕینگە و تاقیگەكانی شاری سلێمانیشەوە پاشماوەكان تێكەڵ بە خۆڵی ئاسایی دەكرێنەوە دوور لە چاوی لیژنەكانی تەندروستی و وەك خۆڵ و خاشاكی ماڵان لە تانجەرۆ فڕێدەدرێن.

ئەندازیار محەمەد مەحوی، بەرپرسی ئینفێکشن کۆنتڕۆڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ پەرگراف وتی "خۆشمان دەزانین ژێر خاککردنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان زیانی هەیە، بەڵام ناچاری وایکردووە بەوشێوەیە لەناوی ببەین، لەبەرئەوەی ئامێرەکانمان بەباشی کارناکەن و توانای لەناوبردنی ئەو هەموو پاشەڕۆ پزیشکییەیان نییە".

هەموو پاشماوەی پزیشكی كۆكراوەی نەخۆشخانە و سەنتەرە حكومیی و تایبەتەكانی شاری سلێمانی بە ئۆتۆمبێلی تایبەت کە کەبسە و هیچی لێ ناڕژێت و بۆنیشی لێ دەرناچێت، دەبرێنە تانجەرۆ، لەوێ نیوەی لە پڕۆژەی چارەسەرکردنی پاشەڕۆی پزیشکی دادەنرێت، كە شەش کوورەی سووتاندنی هەیەو پاشماوەكانی تێدا دەسوتێنرێت، بەڵام ئێستا تەنیا چوار كوورەیان كاردەكەن و دوانیان ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لە كاركەوتون.

"بەهۆی گرفتی کارەبا و دابیننەکردنی سووتەمەنی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ناتوانین وەک پێوست کار بە شەش سووتێنەرەکە بکەین و تەنیا چوار دانەیان کاردەکات" بەوتەی مەحوی.

لە 60 تۆن پاشماوەی پزیشكی مانگانە 30 تۆن-یان دەخرێنە ژێر گڵەوە، لەكاتێكدا جگە لەوەی چەندین ساڵیان پێویستە تا شی ببنەوە، زیان بە رەگەزەكانی خاك دەگەیەنن و لەكاتی بارانباریندا ماددە ژەهراوییەكانیان تێكەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێت.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، سەدا 15ـی پاشماوە پزیشكییەكان مەترسیدارن و دەبنەهۆی گواستنەوەی نەخۆشیی، یان ژەهراوی و تیشكدەرەوەن. جگە لەوەی ساڵانە نزیكەی 16 ملیار سرنج لە جیهاندا بەكاردەهێنرێن و بەشێكیان بەرێگەی زانستی لەناونابرێن، كە هۆكارن بۆ توشبون بە نەخۆشی ئەگەر كەسانی دیكە بەر دەستیان بكەوێت و بەهۆیەوە بریندارببن، لە نێویاندا گواستنەوەی هەموو ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی خوێنەوە دەگوازرێنەوە، وەك ڤایرۆسی جگەر.

کاروان عەلی کوڕێکی تەمەن 11 ساڵە، ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ باوکی لە شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكی ئاسایی ماڵان لە تانجەرۆ خەریکی کۆکردنەوەی پلاستیک و مقەبا بووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، بەڵام پێنج مانگە توشی نەخۆشی کەڕووی پێست بووە و لە ژێر چارەسەری پزیشکیدایە.

"کەسمان ئەو نەخۆشیەمان نییە و پزیشک دەڵێت بۆی گوازراوەتەوە و رەنگە بەهۆی کارکردنی بووبێت لەگەڵ مندا، چونکە چەندە پێمدەگوت بە قسەی نەدەکردم و دەستکێشی بەکارنەدەهێنا لەکاتی گەڕان بەناو پاشەڕۆکاندا، کە جۆرەها شتی پیس و دەرزی و دەرمان و لۆکەی خوێناوی تێدایە" عەلی مستەفا باوكی كاروان بۆ پەرەگراف، وای وت.

ناوچەی تانجەرۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵ و خاشاکی سلێمانی. وێنە؛ پەرەگراف 

رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، بە تێكڕایی رۆژانە هەر قەرەوێڵەیەك بڕی تا نیو كیلۆ پاشماوەی پزیشكی هەیە، ئەوەش لەو وڵاتانەی ئاستی داهاتیان نزمە گرفتی گەورەیە كە لە توانایاندا نییە پاشماوەی مەترسیدار لە پاشماوەی بێ مەترسی بۆ لەناوبردن جیابكەنەوە.

باوکی کاروان كە رۆژانە دەچێتە شوێنی كەڵەكەبونی پاشماوەی خۆڵ و خاشاك لە تانجەرۆ، بە چاوی خۆی بینیویەتی "جۆرەها پاشەڕۆی پزیشکی لێ فڕێدراوە"، لەدوای نەخۆشکەوتنی کوڕەکەشی، لەکاتی کارکردندا زیاتر خۆی دەپارێزێت و لە پاشماوەی پزیشكی نزیكنابێتەوە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، دەركەوتووە دور لە چاوی تیمەكانی چاودێری تەندروستی بەشێك لە نۆڕینگەی پزیشكیی گەڕەكەكان و تاقیگەكانی شەقامی ئیبراهیم پاشا، توی مەلیك و بەشێكی دیكە لە تاقیگە بچوكەكان لەناو سلێمانی، پاشماوەی پزیشكی دەخەنە كیسەی خۆڵی ئاسایی و لە تانجەرۆ لە شوێنی خۆڵ و خاشاکی ئاسایی ماڵان فڕێیدەدەن.

لەناو ئەو پاشماوانەدا؛ دەرمان، گیراوە، قوتوی دەرمان، پلاستەر، سرنج، لۆكە، چەقۆ، شوشە، ماددەی تاقیگەكان، ئەشیعە، پارچەی بڕاوەی لەش، پێست، خوێن، قژ، ئێسقان و پاشماوەی دوای نەشتەرگەریی هەن.

پسپۆڕێکی بایلۆجی لە تاقیگەیەکی شەقامی ئیبراهیم پاشای سلێمانی، کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت بەهۆی هەستیاریی بابەتەکە تا تووشی کێشە نەبێت، بۆ پەرەگراف وتی "پاشەڕۆی پزیشکی ئەو تاقیگەیەی کاری تێدا دەکەم تێکەڵی خۆڵی ئاسایی دەکەین و کرێکارانی شارەوانی بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی دەیبەن بۆ تانجەرۆ"، لەكاتێكدا ئەو دژی ئەو كارەیە و داوادەكات نەك هەر پاشماوەی پزیشكی، بەڵكو "پێویستە ئاوەڕۆی تاقیگەکانیش جیابکرێنەوە لەگەڵ ئاوەڕۆی ئاسایی، لەبەرئەوەی ئاوەڕۆکان دواتر تێکەڵی روبارەکان دەبنەوە و زیانی تەندروستی لێدەكەوێتەوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە لیژنەی تەندروستی هەیە كە بڕیارە لەناكاو و بەپێی پێویست بۆ جەختكردنەوە لە جێبەجێكردنی رێنمایی و رێكارەكان سەردانی نەخۆشخانە و تاقیگە تایبەتەكان دەكەن.

ئەو پسپۆڕە بایلۆجییە لەوەتەی لەو تاقیگەیە کاردەکات، چەند جارێك لیژنەكان سەردانیان كردون، وتی "تەنیا داوای بڕوانامەی تاقیگەکەیان لێکردین لەگەڵ بەدواداچوون بۆ مەوادی ئێکسپایەر، هیچیان تائێستا بەدواداچوونیان نەکردووە بۆ فڕێدانی پاشەڕۆ پزیشکییەکان و لێپرسینەوەیان نەکردووە".

بەپێی رێنمایی ژمارە 4ی ساڵی 2021ی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و فڕێدانی پاشماوەکان؛ تێکەڵکردنەوەی پاشەڕۆی پزیشکی لەگەڵ پاشەڕۆی ئاسایی و پابەندنەبوون بە خستنە شوێنی تایبەت، سزای هەیە، کە سەرەتا ئاگادارکردنەوەیە و لە دوبارەكردنەوەیدا دەبێتە غەرامە بەبڕی 150 هەزار تا 10 ملیۆن دینار، ئەگەر بەردەوامبوو ئەوا سزاکە تا وەرگرتنەوەی مۆڵەت و داخستنی شوێنەكە دەڕوات.

بەرپرسی ئینفێکشن کۆنتڕۆڵ لە تەندروستی سلێمانی جەختیكردەوە "نۆڕینگەی پزیشکی هەیە بە قەبارەی مەڵبەندێکی تەندروستی پاشەڕۆی پزیشکی هەیە، کە هیچیان کۆناکرێنەوە و پاشەڕۆکەی دەکرێتە کیسی رەش و لەگەڵ خۆڵی ئاسایی دەبرێتە تانجەرۆ فڕێدەدرێت و تێکەڵ بە پاشەڕۆی ئاسایی دەکرێت، کە ئەمە خراپترین جۆری لەناوبردنی پاشەڕۆی پزیشکییە".

ئەوە لەکاتێکدایە لە زۆربەی دامەزراوە حکومى و تایبەتەکانى چارەسەركردنی پزیشكیی، کیسە و سەلـلەى ڕەنگ زەردى تایبەت بەکۆکردنەوەى پاشەڕۆ پزیشکییەکان دانراوە بۆ ئەوەی تێکەڵ بە پاشەڕۆی ئاسایی نەکرێن.

نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشكییە تایبەتەكان لەڕێی حكومەتەوە پاشماوەكانیان پێویستە لەناوببەن، كە بۆ هەر كیلۆیەك پاشماوە بڕی دوو هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، بۆیە هەندێكیان بە "فێڵ"، بەشێك لە پاشماوەكانیان دەخەنە تەنەكەی خۆڵی ئاساییەوە و تا لەگەڵ پاشماوەی پزیشكیدا هەژمارنەكرێت و كەمترین پارەیان لەسەر بكەوێت.

ئەندازیار محەمەد مەحوی دەڵێت "راستە هەندێکجار فێڵ دەکرێت، بەڵام لیژنەکانمان بە بەراوردکردنی هۆڵەکانی نەشتەرگەری و ئاماری نەشتەرگەرییەکان و سەیرکردنی خۆڵی ئاسایی دەزانن کە نەخۆشخانەکە بۆ هەر مانگێک بڕی چەند پاشەڕۆی هەبووە و ئەگەر کەمتری دابێتە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە فڕێدان، ئەوا سزا دەدرێت، یان هەندێکجار لە شارەوانییەوە پێمان دەوترێت فڵانە شوێن پاشەڕۆی پزیشکی لە کیسەی خۆڵی ئاسایدا هەیە و ئاگاداریان بکەنەوە".

پڕۆژەی چارەسەری پاشەڕۆی پزیشکی لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی نزیکە لە شوێنی نیشتەجێ بوون و ناوچەی پیشەسازیی و چەندین کارگەو کۆگای لێیە، كە ئەوکاتانەی کاردەکات هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش.

کامەران محەمەد، خاوەنی کارگە لە تانجەڕۆ بۆ پەرەگراف وتی "ئەو کاتانەی ئەم سوتێنەرانە کاردەکەن، بۆنێکی ناوخۆش بڵاودەکەنەوە بە تایبەت ئەو کاتانەی جوڵەی هەوا هەبێت بۆنەکەی بێزارت دەکات، لەدوای چەند کاتژمێرێکیش بەردەوام بوون سەرت ئەیاتە ئازار و زۆر بێتاقەتی کردوین".

سوتاندنی پاشماوەی پزیشكی دەبێتەهۆی بڵاوبونەوەی دایوكسینات و فیورانات كە دوو ماددەی شێرپەنجەیین و ئاووهەواش ژەهراوی دەکەن، بەپێی هۆشدارییەكانی هەردوو رێكخراوی تەندروستی جیهانی و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە.

سەروەر قەرەداغی، سەرۆکی رێکخراوی سروشتی کوردستان بۆ پەرەگراف وتی "سووتاندنى پاشەڕۆ پزیشکییەکان دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دایۆكسین كە نزیكەی (75) ماددەی كیمیاوی لە خۆدەگرێت و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە".

ئەو پێشیوایە فڕێدانى پاشەڕۆ پزیشکییەکان لە ژینگەدا "تاوانێکى گەورەیە" لەبەرئەوەی کاریگەریى خراپ لەسەر پیسبونى رەگەزە ژینگەییەکانى ئاووهەوا و خاک دروست دەکات.

پیسكردنی ژینگە تاوانە و بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، سزای قورسی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.

رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم ئاگاداری ئەوەنییە لە شاری سلێمانی بەشێك لە پاشماوەی پزیشكی دەخرێنە ژێر زەوی و تێکەڵ بە خۆڵ و خاشاکی ئاسایی دەکرێنەوە، بەشەکەی دیكەشی بە سوتاندن لەناودەبرێن.

خەیلانی بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەندەی پێشتر زانیاریمان لە وەزارەتی تەندروستی وەرگرتووە لە شارەکانی هەرێم، ئامێری خاوێنکردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) هەیە بۆ لەناوبردنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان و بەشێوەی سووتاندن نییە".

لە شاری سلێمانی دوو ئامێری خاوێنکردنەوەی هەڵمی (AUTO CLAVE) هەن لە نەخۆشخانەکانی شەهید ئاسۆ و فێرکاری، کە بەشێوەی زانستیانە کاردەکەن و هیچ دوکەڵیان نییە، سەرەتا پاشەڕۆ پزیشکییەکان تەعقیم دەکات و دواتر وردی دەکات و دەیکاتەوە پاشەڕۆی ئاسایی و هیچ زیانی نامێنێت، بەڵام ماوەی دوو ساڵ زیاترە ئەو دوو ئامێرە کارناکەن، بەوتەی لێپرسراوانی تەندروستی هەوڵی چاککردنەوە و بەكارخستنەوەیان دەدرێت.

خەیلانی بەڵێنیدا بۆ شێوازی لەناوبردنی پاشەڕۆ پزیشکییەكان لە شاری سلێمانی لە داهاتوودا لەڕێگەی فەرمانگەی ژینگەوە بەدواداچوون بکەن.

شێوازی لەناوبردنی پاشەڕۆ پزیشکییەکان تەنیا لە شاری سلێمانی بەشێوەی نازانستی نییە، بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف لە هەولێر و دهۆکیش هەمان گرفت هەیە.

"لێرە نە پاراستنى تەندروستى هەیە، نە پاراستنى ژینگە، ئەوەى هەیە کوشتنى مرۆڤ و ژینگەیە بە ئەنقەست و بەبەرچاوى هەمووانەوە، هەمووانیش بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن، لە ئاست تاوان و کارەساتێک کە ژیان و ژینگەى نەوەکانی داهاتووش لەناودەبات" سەرۆکی رێکخراوی سروشتی کوردستان، وای وت.