دادگای هەولێر دوو داوایاساییەکەی پەرەگرافی لەدژی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ڕەتکردەوە

08-01-2023 08:45

پەرەگراف

دادگای هەولێر بە چەند پاساوێکی "زۆر لاواز کە پێچەوانەی ڕۆحی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیارین" دوو داوا یاساییەکەی سەرنووسەری پەرەگرافی لە ڕووی شکڵییەوە ڕەتکردەوە کە پێنج مانگ لەمەوبەر لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تۆماری کردبوون، پەرەگراف بڕیارەکەی دادگا تەمیز دەکاتەوە.

داوایاساییەکان بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی و بەهۆی پێنەدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو وردەکاریی خەرجیی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت تۆمارکرابوون، بڕیارەکەی دادگای هەولێر لەکاتێکدایە، بەپێی هەمان یاساو بە هەمان شکڵ و ناوەڕۆک سەرنووسەری پەرەگراف لە مانگی ١١ی ٢٠٢٢ داوایەکی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بردەوە لە دادگای سلێمانی.

لە دادگای بەرایی ٦ لە هەولێر، ٥ی ئەم مانگە حەوتەم دانیشتنی دادبینی دۆسیەکان بەڕێوەچوو، سەرنووسەری پەرەگراف و پارێزەرەکەی و پارێزەری هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ئامادەبوون، دادوەر بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوەی هەردوو داواکە، بەڵام ئەو ڕۆژە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی ئاشکرا نەکرد تا ڕۆژی ٨-١-٢٠٢٣ بڕیارەکە بە نووسراو بە پەرەگراف درا.

کارزان فازڵ لە ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لە دۆسیەکاندا، دەڵێت، دادگای هەولێر لە ڕووی شکڵییەوە داواکانی ڕەتکردووەتەوە، بڕیارەکەی دادوەر جێگای سەرنجی یاسایی و ڕەخنەیە.

"خۆزگە بڕیارەکەی قوڵتر و بڕواپێهێنەربوایەو بەرچاوڕوونی بداینایەتێ و لە بەرژەوەندیی ناوەڕۆکی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی بوایە، هەربۆیە تانە لە هەردوو بڕیارەکە دەدەین و هیوادارین دادگای پێداچوونەوە ڕاستی بکاتەوە" پارێزەری پەرەگراف وادەڵێت.

پاساوەکانی دادگا بۆ ڕەتکردنەوەی داواکان

دادوەر لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بە چەند هۆکارێک کردووە کە بەهۆیانەوە داواکانی پەرەگراف لە ڕووی شکڵییەوە ڕەتکراونەتەوە.

لە هۆیەکی ڕەتکردنەوەی داواکاندا دادوەر باسی لەوە کردووە پەرەگراف لە داواکردنی زانیارییەکاندا "داوای وردەکاریی نەکردووە".

پارێزەری پەرەگراف لە وەڵامدا دەڵێت "ئەمە کەی ئیشی دادگایە؟ دەبوایە داوالەسەرکراو بیگوتایە وردەکارییان داوا نەکردووە، یاخود کاتێک داوای زانیارییەکەیان لێ کراوە وەڵامیان بدایتەوەو بیانگوتایە وردەکاریتان داوا نەکردووە. پاشان وردەکاریی چییە؟ پەرەگراف لە داواکەیدا بە دەق دەڵێت: (بفەرموون بە پێدانی زانیاری لەبارەی کۆی بودجەو وردەکاریی خەرجییەکانی ئەم خولەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لە ڕێکەوتی دەستبەکاربوونیانەوە تا ڕێکەوتی ١-٤-٢٠٢٢)".

داوای زانیارییەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەیدا دادوەر باسی لەوە کردووە، مەرجەکانی هۆشدارییەکە تەواونین و دیارنییە هۆشدارییەکە گەیشتووە یان نا، هەروەها دیارنییە ئەو کەسانەی لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت هۆشدارییەکەیان وەرگرتووە پلەی وەزیفییان چییەو ئایا تایبەتمەندن بەو کارە یان نا.

پارێزەری پەرەگراف لە وەڵامدا دەڵێت: دادوەر دیاری نەکردووە مەرجەکانی هۆشدارییەکە چین و کامەی تەواو نییە؟ پاشان ئەو خاڵەی بڕیارەکەی دادگا لەکاتێکدایە، هۆشدارییەکان لە فەرمانگەی دادنووسەوە ئاڕاستەکراون و لە ڕێی بەریدی وەزارەتی دادەوە نێردراون، لە دادگاش پارێزەرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەبەردەم دادوەردا دانیان پێدا ناوە کە گەیشتووەتە دامەزراوەکانیان لە کاتی دیاریکراودا.

دادوەری دادگای هەولێر لە خاڵیکی دیکەی بڕیارەکەیدا دەڵێت، پەرەگراف لە تۆمارکردنی داوایاساییەکەیدا "ڕەچاوی ئەو ماوانەی نەکردووە کە لە یاساکەدا هاتووە"، بەبێ ئەوەی دادوەر هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات کە لە چیدا ڕەچاوی ماوەی یاسایی نەکراوە؟.

پارێزەری پەرەگراف دەڵێت "بڕیارەکەی دادگا پێچەوانەی دەقە یاساییەکانە، بابەتی شکڵیی دەبێت داوالەسەرکراو خۆی قسەی لەسەر بکات و داوا ڕەتکردنەوەی بکات، داوالەسەرکراو لە هەردوو داواکەدا تەنها وتیان داواکان لە دەرەوەی ماوەی یاسایی تۆمارکراون، ئێمەش وەڵامماندانەوە بە بەڵگەو دەقی یاسایی کە وانییە، بەڵام دادوەر لە بڕیارەکەیدا دیاری نەکردووە ئێمە لە کوێداو بۆچی لە دەرەوەی ماوەی یاسایین؟، هیچ باسی ئەمەی نەکردووە. ئەوان دوای تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی کە ١٠ ڕۆژە هیچ وەڵامێکی داواکەیان نەداوەتەوەو بەپێی یاساکەش دوای ئەو ١٠ ڕۆژە دەتوانرێت داوای یاسایی تۆمار بکرێت، نەدەبوو دادگا بکەوێتە ئەو هەڵە یاساییەوە. بابەتی ماوەی یاسایی لێدەرچێت، بەپێی یاسا دادگا ناتوانێت خۆی بڵێت شکڵەن داوایەک رەتدەکەینەوە".

ماوەی یاسایی دۆسیەکان

سەرنووسەری پەرەگراف بەرلەوەی لە ڕێی هۆشداریی دادنووسەوە داوای ئەو زانیارییانە بکات، لە ناوەڕاستی مانگی ٥ی ٢٠٢٢ نووسراوێکی بە هەمان ناوەڕۆک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان کرد بۆ پێدانی زانیاریی لەبارەی بودجەو خەرجییەکانیان و نووسراوەکان بە دەستیی بران بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، بەڵام ئەوکات وەریان نەگرت و بە فەرمی لایخۆیان تۆماریان نەکردو هیچ بەڵگەیەکیان نەدابەدەستەوە کە داوای زانیارییان لێکراوە.

هەربۆیە پەنای بۆ هۆشداریی دادنووس برد کە سەربە وەزارەتی دادە، تا ئەوان لەڕێی بەریدی خۆیانەوە داواکردنی زانیارییەکە بگەیەنن و پڕۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو بەڵگەدار بکرێت.

سەرنووسەری پەرەگراف لە ٢٨-٦-٢٠٢٢ لە ڕێی دادنووسی سلێمانییەوە نووسراوی ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان کردو تێیدا داوای بودجەو وردەکاریی خەرجییەکانیانی کرد بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی.

داوای زانیارییەکە لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم

لە ٢١-٧-٢٠٢٢ داواکردنی زانیارییەکە لە ڕێی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمەوە گەیشتە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لە ٢٤-٧-٢٠٢٢ گەیشتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.

لە شەشەم دانیشتنی دادگا کە ١٥-١٢-٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، پارێزەری سەرۆکی حکومەت داوای ڕەتکردنەوەی داوایاساییەکەی کردو نووسراوێکی پێشکەش بە دادگا کرد کە تێیدا ھاتووە "لەبەرئەوەی لەدەرەوەی ماوەی یاسایی تۆمارکراوە کە ٧ ڕۆژە.. لەبەرئەوەی لە دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دوای ئاڕاستەکردنی ھۆشدارییەکەی ئەو داوایە تۆمار کراوە"، ھاوکات پارێزەری سەرۆکی ھەرێمیش ھەمان داوای کردووتی "لەبەرئەوەی تۆمارکردنی سکاڵاکە ماوەی ٧ ڕۆژی تێپەڕکردووە بەمەش ئەو سکاڵایە دەکەوێتە دەرەوەی ماوەی یاسایی".

بەڵام ئایا داواکان لەدەرەوەی ماوەی یاسایی تۆمارکراون؟ بەپێی ماددەی ٧ لە یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، دەبوو لە ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دوای گەیشتنی هۆشدارییەکە وەڵامیان بدایەتەوە، بەڵام هیچکامیان لە وادەی یاساییدا وەڵامیان نەدایەوە.

بەپێی مادەی ١٧ی هەمان یاسا لە دوای تێپەڕینی ئەو ماوەیەی دیاریکراوە بۆ وەڵامدانەوە، داواکاری زانیاریی بۆی هەیە لە دادگا داوای یاسایی تۆماربکات لە ماوەیەکدا کە لە ٧ ڕۆژ تێپەڕ نەکات.

پەرەگراف دوای ١٥ ڕۆژ لە گەیشتنی داواکردنی زانیارییەکە بە سەرۆکایەتی هەرێم و ١٢ ڕۆژ لە گەیشتنی بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەڵام نەدانەوەیان، دۆسیەکەی بردە دادگاو لە ٤-٨-٢٠٢٢ لە دادگای سلێمانی داوای یاسایی لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت تۆمار کرد، پارێزەری پەرەگراف بە نووسراوێک ئەمەی بۆ دادگا ڕوونکردەوە کە داواکان بەپێی ماددە یاساییەکان تۆمارکراون.

پارێزەرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت ئامادەی یەکەم دانیشتنی دادگا نەبوون کە ٦-٩-٢٠٢٢ لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، لە دووەم دانیشتندا لە ٤-١٠-٢٠٢٢ ئامادەبوون و داوایانکرد دۆسیەکان لە سلێمانییەوە بگوازرێنەوە بۆ دادگای هەولێر، دادوەر داواکەیانی پەسەند کردو دۆسیەکان گوازرانەوە.

بڕیارەکەی دادگای هەولێر دوای ئەوەدێت، ئەو داوایەی پەرەگراف کە بەپێی هەمان یاساو بە هەمان شکڵ و ناوەڕۆک لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆماری کردبوو، لە ١٠-١١-٢٠٢٢دا لە بەرژەوەندی سەرنووسەری پەرەگراف یەکلابووەوەو دادوەربڕیاریدا بە "پابەندکردنی داوالەسەرکراو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای کارەکەی، بە پێدانی سەرجەم ئەو داتاو زانیارییانەی لەناوەڕۆکی هۆشدارییەکەدا هاتووەو ئەم بڕیارە قابیلی تانەلێدانە"، سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی تەمیز کردووەتەوەو هێشتا بڕیاری تەمیزی دەرنەچووە.

داوای زانیارییەکە لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣وە دەرچووە، بەڵام تائیستا حکومەتی هەرێم ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە.

کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، واخۆی پیشان دەدات کە لە کابینەکانی پێشووتر باشترە لە ڕووی ئازادی و شەفافیەت و مافی مرۆڤ، بەڵام واقیع شتێکی جیاواز دەڵێت بەتایبەت لە مافی ڕۆژنامەنووسان و مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و پێدانی زانیاری.

ڕۆژنامەنووسان بە ئاستەم دەستیان بە زانیاریی و لێدوانی بەرپرسانی حکومەت دەگات، پەرەگراف چەندین جار بۆ بابەتی جیاواز داوای زانیاریی و لێدوانی لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.

بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی هەموو کەسێک مافی بەدەستهێنانی زانیاری و ئەو بەڵگەنامانەی هەیە کە لە دامودەزگاکان داوای دەکات، بەدەر لەو بابەتانەی لە مادەی ١٤ی یاساکەدا بەدەرکراون و دوای بەسەرچوونی ٢٠ ساڵ ئاشکرا دەکرێن ئەوانیش پەیوەستن بە؛ نهێنیی ئاسایش و بەرگری و دانوستانەکانی نێوان هەرێم و لایەنەکانی دیکە، زانیاری و دۆسیەی کەسیی و ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردنیان کار لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەو دادگاییکردن دەکات یاخود دەبێتەهۆی پێشێلکردنی کێبڕکێ و مافی دانەرو خاوەنداری هزریی.

سەرنووسەری پەرەگراف چی دەڵێت؟

سورکێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف لەبارەی هەنگاوەکانی داواکردنی زانیاریی و پڕۆسە یاساییەکان و بڕیاری دادگاوە دەڵێت:

ناوەڕۆکی ئەو زانیارییەی ئێمە داوامان کردووە تاقیکردنەوەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمە لە سێ پرسی گرنگدا کە بەردەوام خۆیان جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەوانیش؛ پێدانی زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسان، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسا لەگەڵ پرسی شەفافییەت.

سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچوون، نە زانیارییەکەیان پێداین و نە یاساکەیان جێبەجێ کردو نە شەفافبوونی خۆیان سەلماند، بەوپێیەی ئێمە داوای بودجەو خەرجییەکانیانمان کردووە لەم خولەی کارکردنیاندا لە کاتێکدا ١٠ ساڵە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نییەو داهات و خەرجیی لە تاریکیدایە، دەمانەوێت بزانین سەرۆکایەتییەکانی هەرێم چەند و چۆن پارەی گشتیی خەرج دەکەن؟.

دوای ئەوەی دەرکەوت سەرۆکایەتییەکان لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچوون، ئێمە پەنامان بۆ دەسەڵاتێکی دیکە برد کە دەسەڵاتی دادوەرییەو بەپێی یاساکە ڕێگای دادگامان گرتەبەر، ڕێگایەکی دورودرێژ و پڕ سەرئێشە کە بۆیەکەمجارە میدیایەک لە کوردستان بەو ڕێگایەدا بڕوات، بەڵام کۆڵمان نەداو لەپێناوی ئەوەی ناچاریان بکەین شەفاف بن و یاسای مافی پێدانی زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسان جێبەجێ بکەن و ڕێز لە یاساکانی خۆیان بگرن.

زۆرکەس پێمان دەڵێن ئاسنی سارد دەکوتن، زۆرێک پێمان پێدەکەنن و دەڵێن "بە چ ئەقڵێک دەتانەوێت لە دادگا لەوانەی ببەنەوە؟ ئەوان خۆیان هەموو شتێکن".

ئێمە ئومێدەوارین دادوەرەکان بێلایەنیی خۆیان بپارێزن و یاسا بەسەر هەمواندا وەکخۆی جێبەجێ بکەن و دادپەروەریی بچەسپێت، بەڵام ئەمە تەنها ئومێدێکە، بڕیارەکەی دادگای هەولێر زۆر نیگەرانی کردین، نەک لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندیی ئێمە نەبوو، نا، لەبەرئەوەی لەگەڵ ڕۆحی یاسای پێدانی زانیاریی ناگونجێت و پاساوەکانی زۆر ناڕوون و لاوازن.

دوای بڕیارەکەی دادگا، ئێستا هیچ ڕوون نییە کە ئێمە هەڵەکەمان چی بووە لە پڕۆسە یاساییەکەدا تا جارێکی دیکە ڕێگا دروستەکە بگرینەبەرو ئەو هەڵەیە دووبارە نەکەینەوە، ئێمە تانەی لێدەدەین و بەهیواین دادگای تەمیز هەڵەکە ڕاست بکاتەوە.

پرسیار بۆ دادوەری بەڕێز ئەوەیە؛ بۆچی بە دیوەکەی دیکەدا کە بەرژەوەندیی گشتیی و شەفافیەت و جێبەجێکردنی یاسایەکی گرنگە بڕیاری نەداو دۆسیەکەی نەخوێندەوە؟!.

بۆ حکومەتی هەرێمیش؛ ئەوە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو هاتین بۆ جێبەجێکردنی یاسای پێدانی زانیاریی، ئێوە پابەندی بەڵێنەکانی خۆیشتان نەبوون، هێشتا نازانین بودجەو خەرجییەکانتان چەندەو چۆنە؟ فەرمون ئەوەی ئێمە داوامان کردو بە هیچ ڕێگایەک نەتاندا، خۆتان ئاشکرای بکەن و بیخەنەبەرچاوی خەڵک.