نە فشارو نە یاسا؛ كامێراكانی چاودێری تیژڕەوی لە هەرێمی کوردستان ڕانەگرت

18-01-2023 02:11

پەرەگراف

وەك ئەوەی هیچ نەبوبێت؛ پڕۆژەی دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەوی ناسراو بە (خاڵ بۆ خاڵ - پۆینت توو پۆینت) لە سلێمانی بەردەوامە، سەرباری فشاری پەرلەمانتاران، داواكاری گشتیی و رەتكردنەوەی بەپێی یاسا لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە، لە شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێریش هەفتەی داهاتوو ئەو کامێرایانە دەکەونەکار.

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە ئابی 2022ـدا و بە كۆی دەنگ بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی پرۆژەی دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەویی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بە سیستەمی (پۆینت توو پۆینت) لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

ئەو بڕیارە بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە، كە لە بڕگەی 10ـی ماددەی شەشەمیدا مافی ئەوەی بە ئەنجومەنی پارێزگا داوە، هەر پرۆژەیەك بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەندامان هەموار بكەن یان رایبگرن.

"ئەوەی لەسەرشانی ئێمە بوو كردوومانە، ئەگەر دانانی كامێراكانیش بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە ئەوا پێویستە پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵبسێت و چاودێربێت" نیاز ئەحمەد حەمەلاو، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و پەیوەندییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو دەڵێت نوسراویان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری بكات و ڕابگیرێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی پارێزگا، هیچ بەربەستێكی بۆ پرۆژەی دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەوی دروستنەكردووە، هەرچەندە بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009 پێویستە پارێزگار پابەندی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەن بێت.

لاوەند فەرەیدون، پارێزەری كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر -كە پرۆژەی دانانی كامێراكان جێبەجێدەكەن- بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە "كاركردن لەو پرۆژەیە ڕانەوەستاوە و بەردەوامە، ئەم گرێبەستە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا گەورەترە و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆدا كراوە، راگرتنی كارەكان لە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و بڕیاری دادگادایە".

هەروەها رونیكردەوە كۆمپانیا چاوەڕوانی وەزارەتی ناوخۆیە، تا كامێراكان ڕادەستی حكومەت بكرێت و بخرێنەكار.

گرێبەستی دانانی 225 كامێرای چاودێری تیژڕەوی لە نیسانی 2021 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای ئیرلی فیوچەر واژۆی كردووە، تا لە ناوشاری سلێمانی (شەقامی 60 مەتری و 100 مەتری)، ڕێگاكانی نێوان سلێمانی - ڕاپەڕین، سلێمانی - چەمچەماڵ، سلێمانی - گەرمیان و سلێمانی – هەڵەبجە جێگیربكرێن.

جگە لە ئەنجومەنی پارێزگا، داواكاری گشتی  سلێمانیش ساڵی رابردوو دوجار داوای هەڵوەشاندنەوە و گرتنەبەری رێكاری یاسایی كردووە بەرانبەر بە دانانی كامێراكانی چاودێری تیژڕەوی.

"دانانی كامێرای جێگیری پۆینت تو پۆینت بەتەواوەتی كاری تاكسیەكان پەك دەخات و بەجارێك جوڵەی هاتوچۆ ڕادەگرێت" محەمەد غەفور وادەڵێت، ئەو شۆفێری تاكسییە لە سلێمانی، وتیشی "ئێمە ڕۆژ هەتا ئێوارە لە نێوانی سلێمانی و تاسڵوجە دەسوڕێینەوە، ئینجا دەتوانین بەنزیكەی ٣٠-٤٠ هەزار دینار پەیدا بكەین، ئەوكاتە ئێمە دەبێت كۆی پارەكە بدەین بە غەرامەی كامێرا و پارەی بەنزینیشمان بۆ نامێنێتەوە".

ترسی ئەوەشی هەیە دانانی ئەو كامێرایانە ببێتە هۆكارێك بۆ گرانبوونی نرخی گواستنەوەی گشتی بەتایبەت تاكسیەكان چونكە لە ڕۆژێكدا سەدا 50ـی كاری تاكسی كەم و خاو دەبێتەوە، بۆیە بەناچاری نرخ زیاد دەكرێت، "با حكومەت ڕێگاكانی دەرەوەی شار چاك بكات و نۆژەنبكاتەوە دواتر بیر لە دانانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی بكاتەوە" ئەوە داواكاری محەمەد بوو.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لە مانگی 10ـی 2022ـدا جەختیكردەوە دانانی كامێرا هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە نەك تەنیا سلێمانی، بێ ئەوەی هیچ نیازێك بۆ راگرتنی كارەكانی ئەو پرۆژەیە نیشانبدات.

هاتووچۆی هەولێر لە ١٨-١-٢٠٢٣ شۆفێرانی ئاگادار کردەوە کە كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە بەشێكی شەقامی ١٢٠ مەتریی (لە نێوان شەقامی كەركووك بۆ شەقامی بنەسڵاوە) لە هەردوو ساید، لە هەفتەی داهاتوو دەكەوێتە كار، "بۆ ئەوەی خۆتان لە سزای دارایی كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێ لە شەقامی ١٢٠ مەتری لەمەولا تیژڕۆیی بكەن".

لە شەقامی 120 مەتری هەولێر ئۆتۆمبێلی بچووك نابێت لە ١١٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك خێراتر بڕوات، ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر)یش نابێت لە ٨٠ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك خێراتر بڕوات، هاتوچۆی هەولێر دەڵێت "هەر خێراییەكی زیادە بۆتان تۆمار دەكرێت و سزای دارایی دەدرێن، ئیتر كامێراكە دیار بێت یان نا".

بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان، بە فشاری جیاواز چەند مانگێكە هەوڵی راگرتنی ئەو پرۆژەیە دەدەن و لە ئەیلولی رابردوشدا داواكارییەكیان بۆ بانگهێشتنی وەزیری ناوخۆ بە 16 واژۆ ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، بەڵام هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر كارەكانی پرۆژەكە دانەناوە.

پارێزەری كۆمپانیای جێبەجێكاری دانانی كامێرای چاودێری تیژڕەوی دەڵێت، پرۆژەكە دوو بەشە، دەرەوەی شارەكان (پۆینت تو پۆینت)ـە، واتە ئەگەر نێوانی دوو كامێرا بە كاتێكی كەمتر ببڕێت، بە سەرپێچی تۆماری دەكات، بەڵام  لە ناو شارەكاندا (وەن پۆینت)ـە، وەك كامێراكانی پێشووی هاتووچۆ، ئەگەر لەكاتی گەیشتن بە كامێراكە خێرایی زیاتر بێت لەوەی دیاریكراوە، ئەوا بە سزادان تۆماری دەكات.

لاوەند فەرەیدون وتی "بەشی دەرەوەی شار زۆربەی تەواو كراوە و ... دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە وەردەگیرێت، حكومەت هەڵمەتی هۆشیاری و ئاگاداركردنەوەی شۆفێران ئەنجامدەدات، كە لە چ ڕۆژێكدا دەخرێنەكار و پێویستە شۆفێران چۆن پابەندبن".

بەپێی گرێبەستەكە سەدا 70ـی داهاتی سزای چاودێری تیژڕەوی بۆ كۆمپانیاکانی جێبەجێكار دەبێت و سەدا 30 دەدرێتە حكومەت، تا ئەوكاتەی كۆی تێچوی پرۆژەكە دەدرێتەوە بە كۆمپانیا، دواتر لەسەدا 80ی داهات بۆ حكومەت و لەسەدا 20 بۆ کۆمپانیا دەبێت تا 15 ساڵ، پاش ئەوە كۆی پرۆژەكە دەبێت بە هی حكومەت.

"ڕاستە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ تیژڕەوییە، بەڵام دانانی كامێرای پۆینت تو پۆینت بۆ ڕێگاوبانی كورستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی گونجاو نییە، چونكە زۆربەی ڕێگاوبانەكانی وێران بوون و چەندین ساڵە چاكسازی تێدا نەكراوە" بەوتەی مەریوان قادر، شۆفێر بۆ پەرەگراف.

ئەو شۆفیرە ناڕازییە بەوەی لەكاتی گۆڕینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل و هەر مامەڵەیەكی دیكەی فەرمانگەكانی هاتوچۆ، "پارەیەكی زۆر"ـیان وەك باج و ڕسومات و غەرامە لێوەردەگیرێت، بۆیە پێیوایە ئەو پرۆژەیەش "ئەوەندەی بۆ كۆكردنەوەی داهاتە ئەوەندە بۆ سەلامەتی شۆفێران نییە".

لە ساڵی رابردودا كامێراكانی چاودێری لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 825 هەزار و 976 سەرپێچییان تۆماركردووە، بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم، لەكاتێكدا هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە سێ هەزار روداوی هاتوچۆ هەبون و بەهۆیەوە؛ 445 كەس گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە حەوت هەزار كەس برینداربون.

هەرێم زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆماركراوی تێدایە كە زیاتر لە 593 هەزاریان دەكەوێتە سلێمانی.

"ئەو پارەیەی لە غەرامەی شۆفێران وەردەگیرێت بۆ خزمەتی سنورەكە و ڕێگاوبانەكان خەرجناكرێت" ئەوەش بەشێكە لە هۆكارەكانی رەتكردنەوەی گرێبەستەكە، بەوتەی سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، كە دەڵێت، پڕۆژەكە تەنیا بارگرانییە لەسەر هاوڵاتیان.

نیاز ئەحمەد پێیوایە پرۆژەكە لە خزمەتی كۆمپانیاكەدایە و ئەگەر سەدا 75ـی بۆ حكومەت بوایە، ئەوانیش پشتیوانی دەبون، چونكە كامێرای چاودێری گرنگە و یەكێكە لە هۆكارەكانی كەمكردنەوەی روداوەكانی هاتوچۆ.

ژمارەیەك كامێرای چاودێری تیژڕەوی لە سلێمانی روبەڕوی تەقەكردن، سوتاندن و شێواندن بونەتەوە، بە تایبەت لەسەر رێگای دوكان – سلێمانی، ئەوانیش لە چەند روداوێكدا لە مانگەكانی ئاب تا تشرینی یەكەمی 2022.

لاوەند فەرەیدون دەڵێت، وەك كۆمپانیای جێبەجێكار سكاڵایان لەسەر ئەو كەسانە تۆماركردووە، كە نادیارن، جگە لەوەی "كۆمەڵێك كەسیش هەبوون دژایەتی دانانی كامێراكانیان كردووە لەناویاندا پەرلەمانتار هەبوون، دۆسیەكەش لەدادگایە و بەرەوپێش رۆیشتووە".

لە 23ـی ئابی 2022ـدا، ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە بەردەم میدیاكاندا هەڕەشەی رێكاری یاسایی كرد ئەگەر بڕیارەكەی ئەنجومەن جێبەجێنەكرێت لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنی پارێزگاوە، بەڵام پێنج مانگ تێدەپەڕێت و هیچ هەنگاوێكی دیكە نەنراوە.