بزووتنەوەی گۆڕان هەڵدەستێتەوە؟

20-02-2023 02:06
نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری کۆچکردوو، عومەر سەید عەلی ڕێکخەری دەستلەکار کێشاوەی گۆڕان و عوسمانی حاجی مەحمود یەکێک لە دیارترین سەرکردە ناڕازییەکانی گۆڕان، ئەیلولی ٢٠١٣. وێنە؛ سورکێو محەمەد- پەرەگراف.

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

هاوینی ٢٠١٧ چەند هەفتەیەک دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکە بە تاکسییەک دەچێتە مەکۆی سەرەکی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی، ئەو ڕۆژانە هەواڵی گەرمی میدیاکان پرسی خاوەندارێتیی ئەو موڵک و ماڵەبوو کە لە نەوشیروان مستەفا بەجێماوەو کراون بە ناوی کوڕەکانییەوە.

شۆفێری تاکسییەکە لە بەرپرسەکەی گۆڕان دەپرسێت "مامۆستا ڕاستە گردەکە کراوە بەناوی کوڕەکانی کاک نەوشیروانەوە؟"، بەرپرسەکەی گۆڕان وەڵامێکی ڕوونی ناداتەوەو دەکەوێتە پاساوهێنانەوەو باسکردنی جیاوازیی گۆڕان و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە حیزبەکانی دیکەو کوڕی بەرپرسانی دیکە.

"شوفێرەکە مژێکی لە جگەرەکەی داو وتی مامۆستا لەوەگەڕێ، کراوە بەناویانەوە یان نا؟ منیش وتم بەڵێ کراوە. ئەویش وتی دەلێی گەڕێ تەواو".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان کە ئێستا یەکێکە لە ناڕازییەکان و لە دەرەوەی بزووتنەوەکەیە، ئەم چیرۆکە بۆ پەرەگراف دەگێڕێتەوە و دەیەوێت لەو ڕێیەوە پەنجە بخاتەسەر دۆسیەیەکی گرنگ، کە پێیوایە یەکێک لەو خاڵانەیە کە چاوی خەڵکی لەسەرەو دەبێت چارەسەر بکرێت لە پرسی هەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەو شکستە گەورەیەی تووشی بوو لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ کاتێک بزووتنەوەکە لە سەدا سەدی هەر 5 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراقی لە دەستدا، بە هەر حەوت كاندیدەكەی كە لە هەولێرو سلێمانی‌و كەركوك هەیبوو، تەنها 18 هەزارو 358 دەنگیان بەدەست هێناو هیچیان دەرنەچوون.

دوای دەرچوونی ئەنجامی بەرایی ئەو هەڵبژاردنە، گۆڕان دانی بە شكستەكەیدا نا، داوای لێبوردنی لە جەماوەر كرد و بەڵێنیدا گۆڕانكاریی ڕیشەیی ئەنجام بدات، وەك هەنگاوی یەكەمی ئەو گۆڕانكارییە، 72 كاتژمێر دوای هەڵبژاردن خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كە باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێكردنی بڕیارە لە بزووتنەوەكەو لە ڕێكخەری گشتی‌و 6 ئەندامی دیكە پێكدێت، دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵی ڕاگەیاند، بەڵام بزووتنەوەکە نەیتوانی شوێنەکانیان پڕبکاتەوەو ئەوان بەردەوامن لە پۆستەکانیان.

ئەو کێشانەی بەرۆکی گۆڕانیان گرتووەو لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە بوون بەهۆی جیابوونەوەی چەندین کەسایەتی و گروپ لە بزووتنەوەکە، هێشتا وەک خۆیانن، هەرچەندە گۆڕان چەندینجار بانگەوازی بۆ ئاشتەوایی ناوخۆیی و کاری پێکەوەیی بۆ هەستانەوە کردووە، بەڵام بانگەوازەکان بێکاریگەرو کێشەکان بێچارەسەرن.

ناڕازییەکان و ئەوانەی لە گۆڕان دابڕاون پێیانوایە دیارترین هۆکارەکانی شکستی گۆڕان؛ شێوازی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكەو بڕیاردان‌و هەڵوێستی سیاسی، نزیكبوونەوەو ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و بەشداریی لە حكومەتی هەرێم، هەروەها خاوەندارێتی موڵك‌و ماڵی بە جێماو لە نەوشیروان مستەفایە كە دیارترینیان گردی زەرگەتەی سلێمانی و پشکی کۆمپانیایەکی چیمەنتۆیە و بەناوی كوڕەكانییەوەن‌و هەر لە ڕۆژی كۆچی دوایی باوكیانەوە بووەتە پرسێكی جێی مشتومڕ لەناو گۆڕان دا.

پەیامی هەستانەوەو هەڵوێستی ناڕازییەکان

هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەماندایەو گۆڕان دەیەوێت ئەم هەڵبژاردنە بکاتە دەرفەتی هەستانەوە، ئەو بزووتنەوەیە چاوی لە گەڕانەوەی کەسایەتی و گروپە ناڕازییەکانە کە دوورکەوتوونەتەوە، بەڵام هێشتا نەچوونەتە ناو حیزبی دیکە، ٨ی ئەم مانگە بانگەوازێکی ئاڕاستەکردن و داوای گەڕانەوەو کارکردنیان لێدەکات.

"پێکەوە بە خۆداچونەوەیەکی زانستی و بابەتیانە بکەین، بە هەمان گیانی ڕابردو دەست پێ بکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتوی بزوتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە" گۆڕان لە پەیامەکەیدا وادەڵێت.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەوازە دوای چەندین کۆبوونەوەی بەرپرسانی بزووتنەوەکەدێت لەگەڵ کەسایەتی و گروپە ناڕازییەکان دوور لە چاوی میدیاکان، بەڵام کۆبوونەوەکان هێشتا هیچیان لێ سەوز نەبووە.

بەرپرسێکی باڵای گۆڕان بە پەرەگرافی وت "کاک عومەری سەید عەلی و مستەفای سەید قادر چەند جارێک لەگەڵ ناڕازییەکان کۆبوونەتەوەو داوایان لێکردوون بگەڕێنەوەو پێکەوە کاربکەن، بەتایبەت کاک عوسمانی حاجی مەحمود، بەڵام هێشتا ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ گەڕانەوەیان".

عوسمانی حاجی مەحمود، کەسایەتیی دیارو ئەندامی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان، بەهۆی نیگەرانییەكانییەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 دەستی لەكار كێشایەوەو لەو كاتە بەدواوە لە بزووتنەوەكە دابڕاوە.

کەسێکی نزیکی عوسمانی حاجی مەحمود بە پەرەگرافی وت "لە دواین کۆبوونەوەی نێوان کاک عوسمان و عومەری سەید عەلی، کاک عوسمان داوای کردووە گۆڕان هەندێک هەڵوێست بنوێنێت، لەوانە کشانەوە لە حکومەت و پەشیمان بوونەوە لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، تا پیشانی خەڵکی بدات ئیرادەی ماوەو ئەو کەسانەشی بۆ دەربکەوێت کە ئێستا پۆست و پلەیان لە حکومەت هەیە لە پشکی گۆڕان کە ئایا لەگەڵ بزووتنەوەکە دەمێننەوە یان نا، وەڵامی کاک عومەر ئەوەبووە کە گۆڕان مانگانە ٢٥٠ هەزار دۆلار لە سەرۆکایەتی هەرێم وەردەگرێت، ئەگەر بکشێنەوە سەرچاوەی داراییان نامێنێت، بە چیی بژین؟".

بەرپرسێکی باڵای گۆڕان بە پەرەگرافی وت، ئەوان بە ڕوونی پەیامیان بە کەسایەتی و گروپە ناڕازییەکان داوە کە ئامادەن بۆ هەموو هەنگاو و هەڵوێستێک، "بە کشانەوە لە حکومەتیشەوە، بە مەرجێک سەرەتا ناڕازییەکان بگەڕێنەوەو پێکەوە بڕیاربدەین و هەڵوێست بنوێنین و شان بدەینەبەر دەرئەنجامی بڕیارو هەڵوێستەکەو هەمووان خۆیان بە خاوەنی بزانن، نەک ئەوان لە دەرەوەبن و خۆیان بە خاوەنی هەڵوێستەکان نەزانن".

کەسایەتیی و گروپە ناڕازییەکانی گۆڕان کە زۆرینەی پەرلەمانتارانی پێشووی بزووتنەوەکە لە کوردستان و عێراق لەناویاندان، لەگەڵ دوورکەوتنەوەیان لە گۆڕان، بەڵام هێشتا نە حیزبی نوێیان دروست کردووەو نە چوونەتەناو حیزبی دیکەش، ئەوان هەرچەندە لە زۆر ڕووەوە بۆچوونیان نزیکە لە یەک، بەڵام لەناو خۆشیاندا تەبانین و بوون بە چەند گروپێکەوە کە لە هەندێک پرسدا دژی یەکتر هەڵوێستیان نواندووە، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، عوسمانی حاجی مەحمود ئێستا لە هەوڵی لێکنزیککردنەوەو یەکخستنی دەنگە ناڕازییەکانی گۆڕاندایە.

بەرپرسە باڵاکەی گۆڕان دەڵێت "ناڕازییەکان ناتوانن لە دەرەوەی گۆڕان حیزبی دیکە دروست بکەن، باشترین بژاردە گەڕانەوەو درێژەدان بە کارکردنە لەناو گۆڕان لە فۆرمێکی نوێ دا، بزووتنەوەکە ئێستا پێویستی بە ئەوان و یەکخستنی سەرجەم تواناکان هەیە".

کۆتایی مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوو، ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود هەوڵیاندا بە كردنەوەی ماڵپەڕێكی ڕۆژنامەوانیی بە ناوی "متمانە نێت" یەكەم هەنگاوی پڕۆژەیەكی نوێی سیاسیی دەست پێ بكەن، بەڵام پڕۆژەکە نەکەوتەسەرپێ و هەرزوو خامۆش بوو، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی وەستانی هەنگاوەکەیان بڵاوبکەنەوە.

کەسایەتی و گروپە ناڕازییەکانی گۆڕان کە پەرەگراف قسەی لەگەڵ زۆریان کردووە، پێیانوایە دەبێت گۆڕان لە ڕووی ماڵیی‌و داراییەوە سەربەخۆ بێت و ئەو موڵک و ماڵەی لە نەوشیروان مستەفا بەجێماوە بە قازانجی بزووتنەوەکە و بەرژەوەندیی گشتی چارەسەر بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە دامەزراوەیی كردنی ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.

نامەی کوڕانی نەوشیروان مستەفاو بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی

١٠ ڕۆژ بەرلەوەی گۆڕان دواین بانگەوازی ئاشکرا ئاڕاستەی ناڕازییەکان بکات، نماو چیا کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا کە هیچ پۆستێکی فەرمییان لەناو گۆڕاندا نییە، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی بزووتنەوەکە تێڕوانینی خۆیان بۆ هەستانەوە و چەند داواکارییەکیان خستەڕوو.

دەقی نامەکە دەست پەرەگراف کەوتووە، زمانی نووسینی نامەکە لە هەندێک شوێندا وەک فشارێکی تووندەو لە هەندێکی دیکەدا جۆرێکە لە هەڕەشە، تێیدا داوای پێکهێنانی دەستەیەکی کاتیی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان کە پێکبێت لەوانەی ئێستا لە ناو گۆڕاندان لەگەڵ بەشێک لە تیمی حکومەتی بزووتنەوەکەو ئەوانەی کە لە دەرەوەی گۆڕانن.

"ئەم دەستەیە خاوەنی بڕیارو دەسەڵاتی تەواو دەبێت لە سەر هەر پرسێکی پەیوەندیدار بە ژیانی سیاسی و رێکخراوەیی بزوتنەوەکەمان لەوانە: پرسی گوتاری سیاسی، چارەنوسی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان و پەرلەمان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی" نماو چیای نەوشیروان مستەفا لە نامەکەدا وادەڵێن.

لەسەر پرسی خاوەندارێتی گردی زەرگەتە کە بە ناوی ئەوانەوەیەو زیاتر لە ١٢٢ دۆنمە، لە نامەکەیاندا بە ڕوونی باسی چارەنووسی ناکەن و تەنها نووسیویانە "جارێکی تردڵنیایی دەدەینەوە کە تاکە بژارد ەو خواستی باوکمان ئەوە بوو کە گردی زەرگەتە ماڵ و قەڵای گۆڕانخوازان و گۆڕانێک دەبێت کە لە بەرەی گەلدا بمێنێتەوە، جێگەیەک بێت بۆ خزمەتی گشتی و بەرگریکردن لە چاکەی گشتی، لە پاڵ ئەوەشدا خەونەکانی باوکمان ئەهێنینە دی بە دامەزراندنی ناوەندێکی رۆشنبیری بۆ پێگەیاندن و خزمەتکردن بە نەوەکانی داهاتوو".

بەرپرسێکی دیکەی باڵای گۆڕان کە لەسەر چارەنووسی گردی زەرگەتە قسەی لەگەڵ چیای نەوشیروان مستەفا کردووە، بە پەرەگرافی وت "چیا پێیوانییە پرسی خاوەندارێتی گردەکە بەشێک بێت لە کێشەکانی گۆڕان و هۆکاری شکستی لە هەڵبژاردن، بۆیە ئەوان ئامادەنین وەک پرسێکی جددی گفتوگۆی یەکلاکەرەوەی لەسەر بکەن".

بەڵام لای ناڕازییەکان و ئەوانەی لە گۆڕان دوورکەوتوونەتەوە، ئەو پرسە بە ڕادەیەک بە هۆکاری کێشەکان و شکستی گۆڕان دەزانن کە بەشێکیان پێشنیاری ئەوە دەکەن ئەگەر خاوەندارێتی گردەکە بە قازانجی گۆڕان و بەرژەوەندیی گشتی یەکلانەبێتەوە، "با گۆڕان لە گردەکە بێتەدەرەوەو بارەگاکانی بگوازێتەوە بۆ شوێنی دیکە"، سەرکردەیەکی ناڕازیی گۆڕان وادەڵێت.

ئەو سەرکردە ناڕازییە وتیشی "ناکرێت کوڕەکانی کاک نەوشیروان بەبێ ئەوەی هیچ پۆستێکیان لەناو گۆڕاندا هەبێت لە ڕووی ماڵیی و داراییەوە خاوەنی گۆڕان بن و دەستتێوەردان لە کارەکانیدا بکەن، ئێستا ئەوان لە گۆڕان دەوڵەمەندترن و داهاتی مانگانەیان زۆر لەوە زیاترە کە گۆڕان لە سەرۆکایەتی هەرێم وەریدەگرێت، دیارە پارەو دارایی لای کێ بێت کاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیش دەبێت".

ئەو نامەیەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا ئاڕاستەی گۆڕانیان کردووە، لەناو بزووتنەوەکەدا گفتوگۆی لەبارەوە کراوەو دەنگی ناڕەزایی لەسەر دروست بووە، بەرپرسە باڵاکەی گۆڕان بە پەرەگرافی وت "کوڕەکانی کاک نەوشیروان هیچ پۆستێکیان لەناو گۆڕان نییە، چەندینجار پێشنیاری پۆست و هاتنەپێشەوەیان بۆ کراوە، بەڵام ئامادەنین بێنەپێشەوە، هەربۆیە مافیان نییە بەو زمان و شێوازە، نامە بۆ گۆڕان بنێرن و ئەو داوایانەیان هەبێت".

بزووتنەوەی گۆڕان حیزبی دەنگدەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو سەنگی مەحەکە بۆی، بە هەستانەوە، یاخود مانەوەی وەک حیزبێکی بچووک بۆ پارسەنگی هاوکێشەو ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کە ئەوان وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار بۆ قۆناغ و هەڵوێستی جیاواز کاریان بە گۆڕانە.

تا نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، دەنگدەران لە هەڵبژادنەكانی عێراق‌و كوردستاندا(2009-2013) هەموو جارێك نزیكەی نیو ملیۆن كارتی دەنگدانیان بە دڵی ئەو دەخستە سندوقی دەنگدانەوە، بە ئومێدی گۆڕانكاری ڕیشەیی لەو حوكمڕانییەی پارتی‌و یەكێتی دەیانكرد، ئەوەش بزووتنەوەکەی کرد بە بەهێزترین هێزی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان كە 24 كورسی بەدەستهێنا بەشداریی لەحكومەتدا كرد.

بزووتنەوەكە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تووشی هەورازو نشێوی زۆر بوو، لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی لە 2019، جارێكی دیكە بووەتەوە بە بەشێك لە دەسەڵات بە چوار وەزارەت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم.

گۆڕان ئومێدی بە هەستانەوە هەیەو بەشێک لە بەرپرسەکانی پێیانوایە زۆرینەی ئەو زیاتر لەسەدا ٦٠-ی بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد لە دواین هەڵبژاردندا، دەنگدەری گۆڕانن‌و دەتوانن ئاشتیان بكەنەوە، بەڵام بەشێکی دیکە بەتایبەت گۆڕانە ناڕازییەکان ئاشتکردنەوەی دەنگدەرو گەڕانەوەی متمانە زۆر بە زەحمەت دەزانن، لەکاتێکدا گۆڕان ئێستا حیزبی دەسەڵاتە نەک شەقام و ئۆپۆزسیۆن کە زۆرینەی بەرەی بایکۆتی هەڵبژاردن مەیلیان بەلای ئەو بەرەیەدا هەیە، هەندێک لە ناڕازییەکان بەڕادەیەک نائومێدن پێیانوایە "مردووی سەرقەبران زیندوو دەبێتەوە، بەڵام گۆڕان هەڵناسێتەوە".