حکومەتی هەرێم گوێ ناگرێ و هۆشدارییە دەرەکییەکان ڕەت دەکاتەوە؛ خەڵک باوەڕیان پێی نییەو پێدەکەنن

26-03-2023 07:07

پەرەگراف

"قسەی بێ مانا، جگە لە چاڵکاوخۆرەکان هیچ کەسێ نایەت بڵێت ئامریکا درۆت فەرموو، کاکە یەعنی ئێمه لە گوێی گایا خەوتووین یەعنی بێ ئاگاین لەوەی کۆمێنتێ بنوسی دژی پارتی بێت بەیانی ڤیدیۆیەکت پێ دەکەن و پێت دەڵێن بڵێ ڕادیۆ بوو" ئەمە کۆمێنتی پارێزەرێکی گەنجە لە پەیجی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی بۆ وەڵامەکەی حکومەتی هەرێم لەسەر ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە مشتومڕێکی زۆری لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

حکومەتی هەرێم وەک پیشەی هەمیشەیی، لەبری گوێگرتن لە ڕەخنەو هۆشدارییە دەرەکییەکان لە پێناو خۆچاککردن و ڕێزگرتن و پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤ، کەوتە وەڵامدانەوەو "بەدرۆخستنەوەی" ڕەخنەکان، بەڵام خەڵکی کوردستان کە ڕۆژانە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتەکەیان هەیە باوەڕیان پێی نییەو گاڵتە بە وەڵامەکەی دەکەن و پێی پێدەکەنن.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا یەکەم ڕاپۆرتی ئەو وەزارەتەو یەکەم ڕەخنەی دونیای دەرەوە نییە بەرەو ڕووی حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار، وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەناویاندا نەتەوەیەکگرتووەکان چەندینجار بە زمانی تووند ڕەخنەو هۆشدارییانداوە لە پێشێلکارییەکان و ڕێزنەگرتن لە ئازادیی و بنەما دیموکراسییەکان لە هەرێمی کوردستان کە سەردەمانێک لە ڕووی پێشکەوتن و کرانەوەوە بە "عێراقەکەی دیکە" ناودەبرا.

بەڵام ئێستا هەرێمەکە ڕوبەڕوی چەندین ئاڵەنگاریی ناوخۆیی بووەتەوەو خەڵکی کوردستان بە تەواوی ماندوبوون لە لاوازیی حکومەت و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان لەپاڵ جێبەجێ نەکردنی خزمەتگوزاریی و مافە سەرەتاییەکانیان، هەر لە ئاوی خواردنەوەوە تا دەگاتە کارەباو دابینکردنی سووتەمەنی و چاککردنی ڕێگاوبان و نەبوونی هەلیکار بۆ گەنجان.

نادادپەروەریی جیاوازییەکی گەورەی دروستکردووەو گەندەڵیی وایکردووە چینێک لە هەرێمی کوردستان دروست بوون کە ژیانێکی شاهانەیان بونیادناوەو منداڵەکانیان لە باشترین زانکۆکانی ناوخۆ و دەرەوە دەخوێنن، ئەو چینە پێچەوانەی زۆرینەی کۆمەڵگە هەست بە ئازارو ناڕەحەتییەکانی ڕۆژانەو نەبوونی خزمەتگوزاریی ناکەن و لە گوندو پڕۆژە نیشتەجێبوونە مۆدێرنەکان دەژین.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاو وەڵامەکەی حکومەتی هەرێم

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەی تووند لە پێشێلکردنی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤ، گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دەگرێت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێم.

ڕاپۆرتەکە باسلەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران و چالاکانی ڕەخنەگر لە حکومەت ئەنجامداوەو چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن هەبووە بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربوونی کەسوکاری دەستگیرکراوان، بەتایبەت لە خۆپیشاندانەکەی مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو کە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەنجام درا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و میدیاو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات لە هەرێمی کوردستان و لە ڕاپۆرتەکەیدا چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن و پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی خراوەتەڕوو، هەروەها باسلەوە دەکات میدیاکانی سەربە پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە زۆنی حکومڕانیی خۆیان دەستیان بە زانیاریی دەگات و دەرگاکان کراوەن لە بەردەمیاندا، ئەوەش بە پێچەوانەی میدیای ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی سەربە حیزبەکان نین کە دەستیان بە زانیارییەکان ناگات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزی چەکدارو پێشمەرگەی تایبەت بە خۆیانن و هەریەکەیان دەزگای هەواڵگریی سەربەخۆیی هەیە کە هەر بەناو سەربە ئەنجومەنی ئاسایشن. هاوکات باسی خراپیی دۆخی زیندانەکان و لێدان و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان دەکات لەگەڵ سزانەدانی ئەوانەی پێشێلکاریی و توندوتیژییان ئەنجام داوە لەلایەن حکومەتەوە.

پرسی گەندەڵی  و سەروەرنەبوونی یاسا لە عێراق و کوردستان، بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایەو ئەوە خراوەتەڕوو کە گەندەڵی لە هەموو ئاستەکاندا بەربەستە لەبەردەم حکومڕانییەکی تەندروست، لەوانەش؛ بەرتیلدان، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتی و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی لە هەموو ئاستەکانداو ڕەچاوکردنی خێزان و خێڵ و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت، دەشڵێت "بەرپرسانی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم زۆرجار خەریکی کارە گەندەڵییەکان بوون بەبێ ئەوەی سزا بیانگرێتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هەرچەندە ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی هەرێم، بەڵام دەوترێت سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان لەسەر دۆسیە سیاسییە هەستیارەکان هەبووە. هەروەها دەوترێت پارتی و کاریگەرییان لەسەر دانانی دادوەران و بڕیارەکانی دادگا هەبووە.

دوو ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دیندار زێباری بەرپرسی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتەکەی دایەوەو بە تووندی ڕەتیکردەوەو هێرشیکردەسەر ئەمەریکا.

دیندار زێباری لە وەڵامەکەیدا دەڵێت "بە داخەوە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، زؤر ناشەفافانە و دوور لە ڕاستی و ناواقيعیانە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان دەکات و دووڕوویی و ئیزدواجیەتی تێدایە و وەکو پێویست، ئاماژە بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم ناکات بەتایبەتی لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، کە بە تەحەدایەکی گەورە دادەنرێت لەسەر هەرێمی کوردستان".

زێباری دەشڵێت "مایەی نیگەرانییە کە کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ چەند کەس، گرووپی میدیایی و ژمارەیەک لە بەناو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات و پاڵپشتی داراییان دەکات کە ئەجێندای سیاسییان لە پشتە و تەنانەت زۆریشیان مۆڵەتی یاسایی کارکردنی نییە".

حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان لە هەرێم "سەر بە حکومەتن" و دەسەڵاتی دادوەری "بە تەواوی سەربەخۆیە"، لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕینیش دەڵێت "ئەوپەڕی ئازادی بیروڕا و ئازادی ڕاگەیاندن هەیە و سەدان دەزگای ڕاگەیاندنی جۆراوجۆی ڕاگەیاندن هەن کە بە ئازادی کاری خۆیان دەکەن و زۆربەشیان رەخنەگری دەسەڵاتن و یاسا و رێنمایی و میکانیزمەکانی حکومەتی هەرێم لە بواری ئازادی بیرو ڕا و ئازادی ڕاگەیاندن، ڕوون و ئاشکران".

خەڵکی کوردستان پێکەنینیان بە حکومەتەکەیان دێت

ئەو وەڵامەی حکومەتی هەرێم و ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاردانەوەی فراوانیان لێکەوتەوە، زۆرێک لە چالاکان و خەڵکی کوردستان پشتیوانییان بۆ ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکا دەربڕی و دژی حکومەتی هەرێم وەستانەوە، تەنانەت دیندار زێبارییان بە محەمەد سەعید سەحاف ناوبرد کە لەناو خەڵکدا بەو درۆیانە بەناوبانگە کە ساڵی ٢٠٠٣ لە سەروەختی لێدانی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە بەرژەوەندیی ڕژێمی بەعس دەیکردن.

"راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە تەواوەتی دەستی خستۆتەسەر پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بە حیزب و حکومەتەوە. دیارە راپۆرتەکە زۆر دەقیقەو راستیی پێکاوە، چونکە خۆیان چەند ساڵە ئەم قەوارەیان دروست کردوەو خۆشیان پاراستویانەو چەندین تیمیشیان بە رەسمی و نارەسمی لە ھەرێم بونیان ھەیە" د.لەتیف مستەفا، پسپۆڕی یاساو دادوەری پێشوو و کەسایەتیی دیار وادەڵێت.

ئەو کەسایەتیی دیارە دەشڵێت "کەچی بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە جیاتی بە دەنگەوە ھاتنی و ھەوڵدان بۆ رێگریکردن لە پێشێلکارییەکان جارێکی ترو وەک پیشەی ھەمیشەییان سەعید سەحافەکەی خۆیان راسپاردوە راپۆرتەکە بە درۆ بخاتەوە، لە کاتێکدا ھیچ کەسێک گاڵتەشی بە وەڵامەکەی سەعید سەحافەکەی کورد نایەت و گاڵتەی پێ دەکەن".

لەتیف مستەفا پێیوایە، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاریگەریی و لێکەوتەی سیاسی دەبێت، دەڵێت "دەتوانین بڵێین سەرەتای گەڕانن بەدوای بەدیلدا، بەدیلەکەش دەکەوێتە سەر شانی خەڵکی کوردستان".

وەڵامەکەی حکومەتی هەرێم کە لە پەیجی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت بڵاوکراوەتەوە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە حەوت کۆمێنتی بۆ نووسراوەو تەنها یەک دانەیان پشتگیرییە بۆ حکومەت و ئەوانی دیکە پشتڕاستی ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکا دەکەنەوە، هەروەها لە ٧١ لایک ١٧یان بە ئیمۆجیی پێکەنین کاردانەوەیان پشانداوە.

هەروەها لە پەیجی پەرەگراف کە وەڵامەکەی حکومەت وەک هەواڵ بڵاوکراوەتەوە لە ٦٢ لایک ١٦یان بە ئیمۆجیی پێکەنین کاردانەوەیان پشانداوە، لە ١٩ کۆمێنت تەنها دوو کەس پشتیوانی حکومەتیان کردووە، ئەوانیش کەسێک بەناوی جەزا محەمەد نووسیویەتی "هەرچەندە حکومەتی هەرێم گەندەڵی تیایە، بەڵام هەرگیز پشتی کورد لەزەوی نادەم بۆ وڵاتانی دیکە" کەسەکەی دیکەش پشتیوانیی بۆ ئەم کۆمێنتە دەربڕیوە، لە بەرامبەردا ١٧ کۆمێنتەکەی دیکە پشتیوانی ڕاپۆرتەکەی ئەمەریکان.

سیروان محەمەد لە کۆمێنتێکدا دەڵێت "ئەو بەناو حكومەتەی هەرێم کە من بە حکومەتی نازانم لەسەر درۆو دراو ماوەتەوە"، کەسێکیش بە ناوی هێمن ئەحمەد نووسیویەتی "بۆ حکومەتی هەرێم تا درۆ مابێت ڕاستیی کوا".

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و لەدەستدانی شەرعییەت

هەرێمی کوردستان لە ٣٢ ساڵی حوکمڕانیی خۆیدا هیچ هەڵبژاردنێکی لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەداوە، هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم لە باڵاترین ئاستی حکومی و حیزبی دانبەوەدا دەنین کە ئەنجامنەدانی ئەو پڕۆسەیە شەرعییەتی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیی دەخاتەژێر پرسیارەوە، بەڵام پەرلەمان ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەیەکی یەک ساڵ تەمەنی خۆی درێژکردەوە. نێچیرڤان بارزانی لە ٢٦-٣-٢٠٢٣ ڕۆژی هەڵبژاردنی دیاری کردو بڕیارە لە ١٨-١١-٢٠٢٣ پڕۆسەکە ئەنجام بدرێت.

پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکھاتەکان دەنگیان بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانداو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دژی وەستانەوەو بایکۆتی پەرلەمانیان کرد، هاوکات جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە دادگا فیدراڵی عێراق سێ سکاڵای لە دژی درێژکردنەوەکە تۆمارکردووەو یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانیش سکاڵایەکی لە دادگاکە بۆ هەمان مەبەست تۆمار کردووەو دۆسیەکان لە دادگان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا لە پاڵ ڕەخنەکانی دیکەیدا، باسی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەو ئەوە دەخاتەڕوو کە جینین پلاسخارت بە بەرپرسانی هەرێمی گوتووە پێویستە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێن و ڕێز لە بنەما دیموکراسییەکان بگیرێن.

پلاسخارت بەشێکە لە فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم کە بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی ئەمساڵدا، ٨ی ئەم مانگەش جەختی لەسەر ئەو پرسە کردەوەو وتی، هەموو هەوڵێکیانداوە بۆئەوەی حیزبەکان بگەنە ڕێککەوتن و پێکەوە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و هیوادارن بەمزووانە چارەسەرێك بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.

هەر هەمان ڕۆژ ئانالێنا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبووەوەو گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان بووە.

هاوکات مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و بە هەموو توانایەکەوە ئامادەن و پشتگیریی ئەنجامدانی دەکەن.

ڕەخنەو فشارە دەرەکییەکان و بێباکیی دەسەڵاتدارای هەرێمی کوردستان، چاوی ڕەخنەی میدیای دەرەوەی هێناوەتەسەر هەرێمەکە، لە نوێترین ڕاپۆرتی فۆڕن پۆڵەسیدا کە میدیایەکی ئەمەریکییەو هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کاردانەوەی لە میدیای کوردی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، تیشکخراوەتەسەر گەندەڵی و نادادپەروەریی و کاریگەرییەکانی لەسەر چینایەتی ئابوری و هەژاریی و توڕەیی خەڵک لە کوردستان.

ئەوانەش لەپاڵ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ، زاڵبوونی حیزب بەسەر دامەزراوەکانی ئەمنیی و حوکمڕانی ودابەشبوونی جوگرافیی هەرێمی کوردستان بە سەر پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی باڵادەست و ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر داهات و بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و پەیوەندیی لەگەڵ بەغداد.

بابەتەکەی فۆرن پۆڵەسی باسی پشتیوانییە دەرەکییەکان دەکات بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەرەوپێشچوون تا هەرێمەکە لە ناوچەکەدا بگەشێتەوەو جیاوازییەکەی شەوق بداتەوە، بەڵام لە واقیعدا ئەو پێشکەوتنە نابینرێت، هەربۆیە داوای فشاری زیاترو جددی دەکات بۆسەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و مەرجدارکردنی پشتیوانییەکان لە پێناو چاکسازیی و ڕێزگرتن لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ.