جاوا ئاى چی بە خەڵك كرد؛ چیرۆكی دەوڵەمەندەكانی دوێنێ و هەژارەكانی ئەمڕۆ

30-04-2023 01:36

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

سەردار لە ماڵی دنیا ماتۆڕسكیلێكی سێ تایی شك دەبات؛ بەڵام لە تاو تەماحی دەوڵەمەندیدا دەیفرۆشێت و پارەكەی دەخاتە بەرنامەیەكی ئەلیكترۆنییەوە، تا بە یەكجاری دەستمایە و قازانجیشی لەناودەچێت.

"یەكەمجارم بوو بەشداری بەرنامەی لەم شێوەیە بكەم، نازانم بۆ ماڵی خۆمم بە تەواوی وێرانكرد" سەردار حسێن بۆ پەرەگراف وای وت.

بژێوی ئەو هاوڵاتییە لەسەر كۆكردنەوەی پاكەت و مقەبا بوو، رۆژانە بە ماتۆڕەكەی دەیگواستەوە و بڕە پارەیەكی دەستدەكەوت و پێی دەژیا، تا ئەوكاتەی هاوڕێیەكی باسی بەرنامەیەكی ئەلیكترۆنی بۆ دەكات، بەو پڕوپاگەندەیەی لە ماوەیەكی كەمدا بڕە پارەیەكی زۆری دەستدەكەوێت.

ماتۆڕسكیلەكەی سەردار لە بازاڕدا هەزار و 400 دۆلار دەكات، تەواوی ئەو پارەیە دەخاتە بەرنامەكەوە، بەرلەوەی هیچ قازانجێك بكات، دەگاتە كۆتایی ڕێگاكە.

"چەند رۆژە من خەو و خواردنم نەماوە، هەر بە دیار بەرنامەكەوە دانیشتوم و دوعا دەكەم بەس ئەمجارە بكرێتەوە و بتوانم پارەكەم وەربگرمەوە، ئیتر بۆ هەتاهەتایە لە بەرنامەی لەمشێوەیە نزیك نابمەوە" نزاكانی سەردار هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بەرنامەكە لە 17ـی نیسانی 2023ـەوە بۆ هەرێمی كوردستان چالاك نییە و داخراوە.

جاوا ئای (Jawa Eye)؛ ناوى ئەو بەرنامەیەیە؛ پلاتفۆرمێکی تایبەتە بە وەبەرهێنانی فیلم لە چوارچێوەی وێبسایتێکدا، کەسی بەشداربوو بە کڕینی تیکتی فیلمە جیهانییەکان وەبەرهێنانی دەکرد، بەشێوەیەک چەند بڕی پارەی بەشداربونەکەی زیاتر بێت قازانجی زیاتری دەکرد.

وەك قوربانیانی ئەو بەرنامەیە بۆ پەرەگراف باسیدەكەن؛ بەشداربوان دەیانتوانی پارەكانیان بە كاش رابكێشن، بەڵام لە رێگەی پێشنیازکردنی ئۆفەری بەردەوامەوە، تموحی بەشداریکردنی زیاتری دەخرایە بەردەمیان و وایلێدەکردن نەک پارەکانیان رانەکێشن، بەڵکو لە پێناو قازانجی زیاتردا بە بڕە پارەی زۆرتر بەشداری بکەن.

ئارام کەریم، پسپۆڕی بواری ئایتی دەڵێت، ئەو جۆرە بەرنامانە ساختەن و هیچ گرنتییەكیان نییە، ئەو بۆ پەرەگراف زیاتر رونیكردەوە "سەرەتا کە بەرنامەکە دادەنرێت تارگێتێکی هەیە، واتا ئاستێک پارەی دیاریکراوی هەیە لەلای دامەزرێنەرانی بۆ نمونە لای خۆیان دیاریدەکەن کاتێک بڕی پارەی بەشداربووان گەیشتە 500 ملیار دۆلار بەبێ حسابکردن بۆ هیچ کەسێک بەرنامەکە دادەخرێت و هیچ کەسێكیش نییە بەرپرسیاربێت لە بەرامبەر ئەو کەسانەی زەرەر دەکەن".

ئەو، شێوازی بەشدارییەكەی رونتر كردەوە؛ بۆ نمونە بانگەشەی ئەوەدەكەن لەڕێی بەشداریكردنی دوو هەزار و 500 دۆلارەوە بە تێپەڕینی كات دەبنە خاوەنی نۆ هەزار دۆلار؛ ئەوەش بە كڕینی تكتی فیلم، هەر تێكتێك بە 10 دۆلارە، بە كڕینی هەر تكتێك بەشداربوو بڕی 25 سەنت قازانج دەكات، بەوشێوەیە بە 100 دۆلار دەتوانێت 10 تكت بكڕێت و قازانجەكەی دەگاتە دوو دۆلار و 50 سەنت، ئەگەر بە هەزار دۆلار 100 تكت بكڕێت ئەوا قازانجەكەی 10 دۆلار دەكات، واتە بڕی قازانجی زیاتر لەسەر بنەمای كڕینی تكتی زیاترە.

"هێشتا چاوم نەکردبووەوە وتیان بەرنامەکە داخراو 55 وەرەقەکەت تیاچوو، هەر نازانم چی رویدا، ئەڵێی کەسێک هاتووە پارەکەی لە گیرفانم دەرهێناوە و دزیویەتی" كاوە جەمال، وای وت، ئەو قوربانییەكەی دیكەی ئەو بەرنامەیەیە و بە پێنج هەزار و 500 دۆلار بەشداربووە.

كاوە لە شۆکدایە و دوو رۆژ بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە بەرنامەکە ئاشنا بوو، لەسەر ئەکاونتی کەسێکی تر بە تەواوی ئەو پارەیەی هەیبووە بەشداری کردووە و دەڵێت، "سەرەتا بڕیارمدا شکات بکەم، بەڵام دواتر بیرم کردەوە شکات لە کێ بکەم و کێ بەرپرسیارە؟ لە کاتێكدا کەسی سەرەکی دیار نییە کە پارەکەی بردووە".

ئەو مامەڵە ئەلیکترۆنییانە بەرنامەیەکی تازەیە و لە یاسای سزادانی عێراقیدا بە تەواوی رێکنەخراوە، بۆیە بەپێی یاسای مەدەنی عێراقی ژمارە 40 ساڵی 1951، بە دیاریكراوی بەپێی مادەی 186ـى ئەو یاسایە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە سزای بەندکردنی تێدا نییە و ئەگەر سەلمێنرا، تەنها ناچارکردنی کەسەکەیە بە گەڕاندنەوەی پارەکە بۆ کەسی سەرەکی.

پارێزەر گۆران ماد بۆ پەرەگراف وتی "ئەو کەسانەی لە بەرنامەی جاوا ئای پارەیان خوراوە بەپێی یاسا مافی سکاڵا کردنیان هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە سکاڵا لە کێ دەکەیت؟ لەبەرئەوەی کەسی بەرامبەر دیارنییە، یەکێک لە مەرجەکانی سکاڵاکردن ئەوەیە راستەوخۆ بەرامبەر خودی ئەو کەسە بیکەیت کە زەرەرەکەی پێ گەیاندویت".

جاوا ئای؛ ماوەی هەشت مانگ و 19 رۆژ کاری کردووە، وەک دەوترێت لە 172 وڵات بەشداربووی هەبووە و تەنها لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار کەس، کە دەیان ملیۆن دۆلاری بەشداربووانی بردووە.

بەشێکی زۆری بەشداربووانی بەرنامەکە کە کوردن، هاووڵاتی ئاسایی، مامۆستا، پارێزەر و پزیشک و لە زۆربەی پیشە جیاوازەکانی تێدایە، كە دەگەڕێن بەدوای کەسی یەکەمی جاوا ئای بۆ ئەوەی بەرپرسیاری بکەن، جگە لەوە چەندین کەسی دیار لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە لەماوەی کارکردنی بەرنامەکەدا بەردەوام ریکلامیان بۆ بەشداریکردن کردووە، ئێستا بێدەنگن.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "هیچ کەسێک لەسەر فەوتانی پارەکانیان لەو جۆرە بەرنامانەدا سکاڵایان نەکردووە، لەبەرئەوەی کەسی سەرەکی دیار نییە و نازانن سکاڵا لەکێ بکەن".

جاوا ئای؛ بەشێوەیەکی هەرەمی گەشەی دەکرد بەرەو سەرەوە، دەوترێت کەسی دروستکەری بەرنامەکە هاوڵاتییەکی ئیندۆنیزییە و لەرێگەی چەند تیم لیدەرێکەوە بەناو خەڵکدا بڵاوی کردۆتەوە، پارەی بەشداربووان راستەوخۆ دەچێتە سەر حساب بانکیی کەسی دروستکەر جگە لە عمولەی لەسەدا 10 لە هەر راکێشان و پارە خستنەوەیەک بۆ سەر حساب بانکییەکە.

ئارۆس ساماڵ، بەشداربوویەکی بەردەوامی ئەو جۆرە بەرنامانەیە و ماوەی چەند ساڵێکە کاریان تێدا دەکات، بە قسەی خۆی لە ماوەی رابردوودا بەشداری چەند بەرنامەیەکی لەم شێوەیەی کردووە پێش جاوا ئای، کۆتا بەرنامەیان لە(QATAR OIL) بەشدار بووە، لە رێگەیەوە نەوتی رەشی کڕیوەو فرۆشتووتەوە بە پارەی ئەلیکترۆنی.

"لە قەتەر ئۆیڵ زیانێکی زۆرم کرد، بە رادەیەک هەر لە سەرەتاوە کە JAWA EYE هات پێمزانی، بەڵام وا دەستم سووتا بوو بەشداریم نەکرد، بەڵام دوای چەند مانگێک خۆم پێ نەگیراو لێرەش بە بڕی 185 دۆلار بەشداریم کرد، بڕی پارەکەم لە جاوا ئای بوو بووە دوو هەزار و 500 دۆلار، ئۆفەرێکم بۆ هات ئەگەر ئەو دوو هەزار و 500 دۆلارە رابکێشم و بیخەمەوە حساب بانکییەکەم، ئەوا حسابەکەم دەبێتە نۆ هەزار دۆلار واتا 90 وەرەقە، بۆیە کردم و چاوەڕوانی ئۆفەری زیاتر بووم و بەرنامەکە داخراو ناتوانم پارەکەم رابکێشم" بەوتەی ئارۆس بۆ پەرەگراف.

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا هێمایەکی باشە بۆ پێشکەوتنی ئابووری وڵات، بەڵام ئەو چالاکییە ئابوورییانەی بەڕێگەی ئەلیترۆنی دەکرێن ئەگەر لایەنێكی دیار و باوەڕپێکراو پشتیوانی نەکات، موجازەفەیە بە داهاتی تاک و بە هەدەردانی سامانی وڵاتەوە.

وەك خالید حەیدەر، ئابووریناس بۆ پەرەگراف رونیكردەوە "لە رێگە دروستەکەی ئابووری پارە بەوشێوەیە پەیدا ناکرێت، پارە بخەیتە کارێکی وەبەرهێنانەوە و بە ماوەیەکی کەم دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیاد بکات، ئەگەر پڕۆسەکە فێڵی تێدا نەبێت، بۆیە پێویستە هەموان لە پێناو پاراستنی ئەو داهاتەی هەیانە دووربن لەو جۆرە پارە پەیداکردنە".

بە وتەی بەشداربووانی بەرنامەکە، هەر بە بەشداریکردن کەسەکە دەیزانی دەکرێت قازانج بکەیت و دەکرێت زەرەریش بکەیت، رێژەی قازانجەکەی بەمشێوەیە دابەش دەکرا؛ رێژەی لە سەدا 75ـی قازانجەکەی بۆ دامەزرێنەری بەرنامەکەیە، رێژەی سەدا 10ـی بۆ عمولەیە و رێژەی سەدا 5 تا سەدا 10ـی بۆ بەشداربووەکەیە.

ئارۆس وتی "لە کاتێكدا ئەو دوو هەزار و 500 دۆلارە راستەقینەبوو بە دەستی خۆم رامکێشا و دەمتوانی بکشێمەوە و بەشداری نەکەم، بەڵام بە ئۆفەرە زۆرەکانی کە پێشنیازت بۆ دەکات واتلێدەکات پارەکە بەردەوام لە حساب بانکییەکەتدا بێت و بەشداربیت و نەکشێیتەوە، بە بەردەوامی تەماحی زۆر دەخاتە بەردەمت هەر بەشداریت کرد وازهێنان لێی ئاسان نەبێت".

هەروەها باسی لەوەكرد هیچ بەشداربوویەک ئاگادار نەبووە لە داخستنی بەرنامەکە، تەنانەت دوو کاتژمێر پێش داخستنەکەی، بەرنامەکە ئۆفەری هەبووە بە 500 دۆلار بەشداری بکە بۆ ئەوەی پارەکەت ببێتە دوو هەزار و 500 دۆلار.

جاوا ئای؛ تائێستا وەک پلاتفۆڕم کاردەکات و بەشداربوو دەتوانێت پارەی تێبکات و بلیتی خۆی بکرێت، بەڵام پارە راکێشانەکەی وەستاوە و بەشداربوو ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەک رابکێشیت، هەروەها لە رێگەی تیم لیدەرەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بەرنامەکە دەستپێدەکاتەوە و پارەی هاووڵاتیان دەدرێتەوە.

"ئەو قسەیەی دەوترێت دەستپێدەکاتەوە راست نییە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەکانی پێشتر کە هەمان فێڵیان دەکرد، جارێکیتر ناکرێتەوە و پارەکەی برد و رۆیشت" ئارام کەریم، پسپۆڕی ئایتی وای وت.