کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەبێت بە دوو لەتەوە؛ چوار حیزبەکە پارتی قوفڵ دەکەن

24-05-2023 04:17

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەبێت بە دوو لەتەوەو یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشدار نابن لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و لە بەرەیەکدان بەرامبەر پارتی و ئەو حیزبەیان قوفڵ کردووە بەو پێیەی زۆرینەی ئەنجومەنی کۆمسیاران پێکدەهێنن، ئەوەش وەک فشار بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ لەسەر کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن.

دوای بڕیارەکەی پارتی و پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆن کە لە پشکی پارتییە ڕایگەیاند، پابەند دەبن بە نووسراوی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و کە ئاڕاستەی ئەوانی کردووەو ئاماژە بە کارابوونەوەی کۆمسیۆن دەکات، هەربۆیە دەستدەکەن بە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن.

هاوکات لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی کۆمسیۆن، سلێمان مستەفا کە خۆی بە جێگری پێشووی سەرۆكی كۆمسیۆن ناو دەبات، بە پەرەگرافی وت "نووسراوێکیش لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی کۆمسیۆن کراوەو ئەوە خراوەتەڕوو کە کۆمسیۆن کارا نەکراوەتەوە".

سلێمان مستەفا وتیشی "ئەوان لە كۆمسیۆن پابەندی نوسراوی سەرۆكی پەرلەمان دەبن، بەوپێیەی تاكە دەسەڵاتە لە ئاگاداركردنەوەی كۆمسیۆن بەوەی کە کارا دەكرێتەوە یان كارا ناكرێتەوە".

لەگەڵ ئەو لەتبوونەی پارتی و یەکێتی لە کۆمسیۆن، پەرەگراف زانیاریی دەستکەوتووە کە نوێنەرانی هەریەکە لە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش لە کۆمسیۆنەکە پابەندی کارابوونەوەی کۆمسیۆن نابن.

بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و ڕاییکردنی کارەکانی، پێویستە ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆببێتەوە کە لە ٩ ئەندام پێکدێت و دەنگدان بۆ یەکلاییکردنەوەی زۆر لە پرسەکان لەناو کۆمسیۆنەکەدا پێویستی بە دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی کۆمسیارانەو پارتی تێیدا کەمینەیە بەوپێیەی، پارتی دوو ئەندامی خۆی و دەنگی ئەندامێکی پێکهاتەکانی هەیەو چوار حیزبەکەی دیکەش ٦ ئەندامیان هەیە بە جۆرێک، یەکێتی دوو ئەندام و گۆڕان و دوو ئەندام و کۆمەڵ و یەکگرتووش هەریەکەی ئەندامێکی ئەنجومەنی کۆمسیاران.

پەرەگراف لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو قسەی کرد، ئەوان هەرچەندە هەڵوێستەکانیان بە بەشدارنەبوون لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەڕژێتە خانەی هەڵوێستی یەکێتی، بەڵام دەڵێن هەڵوێستەکانیان "فشارە بۆسەر پارتی و یەکێتی تا ڕێککەون و باوەڕی خۆیانە بەوەی کە ئەوەی لە پەرلەمان ڕوویدا خزمەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن ناکات".

پەرەگراف زانیویەتی پارتی بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەماهەنگیی پێشوەختەی لەگەڵ هیچکام لەو سێ حیزبە نەبووەو ئەوانیش ئەو هەنگاوە بە تاکڕەوانە لەقەڵەم دەدەن و هەرلەسەرەتاوە پێیانوابووە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەبێت بە سازان و پێکەوە ئەنجام بدرێن.

یەکێتی چاوی لە مانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە لەسەر هەڵوێستەکانیان، بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "ئەگەر ئەو سێ حیزبە سووربن لەسەرئەوەی بەشدارنەبن لە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، ئەوا پارتی هیچی پێناکرێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەم کۆمسیۆنە ماوەبەسەرچووەی هەرێم ناکرێت و چاومان لەسەر کۆمسیۆنی بەغدایە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە".

لە کۆبوونەوەی ٢٢ی ئەم مانگەدا پارتی و پێکھاتەکان لە پەرلەمان کۆمسیۆنیان کارا کردەوە، بەڵام یەکێتی کە بایکۆتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کرد دان بەوەدا نانێت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی پەرلەمانی دواخست بەڵام جێگرەکەی درێژەی پێداو شەڕو ئاڵۆزیی لێکەوتەوە.

ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت دەرئەنجامی درێژەدان بە دانیشتنەكە "بەهای یاسایی و پەیڕەوی"ی نییە، بەڵام هێمن هەورامی جێگری دەڵێت "هەموو دەرئەنجامەكانی بەهای یاسایی و پەیڕەویی دەبێت".

سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند "هەر نووسراوێك بەبێ واژووی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەك بنێردرێت، هیچ بەهایەكی یاسایی نییە". لە وەڵامیشدا جێگرەکەی وتی "هەموو نووسراوێك كە بە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی دەرەنجامەكانی دانیشتنی ژمارە (4)ـی ڕێكەوتی 22-5-2023 بۆهەر دامەزراوەیەك بنێردرێت هەموو بەهایەكی یاسایی هەیە".

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

یەكێتی دان بە كۆمسیۆنەكەی هەرێمدا نانێت و ماڵپەڕی (پی یو كەی میدیا) كە زمانحاڵی ئەو حیزبەیە، لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت "كۆمیسیۆنی عێراق دەتوانێت جێگەی كۆمیسیۆنە بەسەرچووەكەی هەرێم بگرێتەوە".

میدیای فەرمیی یەكێتی دەشڵێت "كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەبێ سازانی لایەنەكان و بە ‌ناپەیڕەوی لە پەرلەمان، نایاساییە و هیچ دەسەڵاتێكی نابێت و دانی پێدا دانانرێت".

ئەوە لەكاتێكدایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە نووسراوێكدا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات و دەڵێت، بەپێی یاسا دەتوانن لە سەرتاسەری عێراق هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.

نووسراوەکەی کۆمسیۆنی عێراق بۆ دادگای فیدراڵی پەیوەستە بە دۆسیەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و دادگای پرسیاری ئاڕاستەی کۆمسیۆنی عێراق کردووە لەبارەی ئامادەییان بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دادگای فیدراڵی هێشتا بڕیاری لەو دۆسیەیە نەداوەو ئەمڕۆ ئەمڕۆش هەشتەم دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو پرسە ئەنجام دراو دادگاکە  جارێکی دیکە بڕیاردانی دواخست و ٣٠ی ئەم مانگەی دیاری کرد بۆ دانیشتنی داهاتوو لەسەر ئەو دۆسیەیە.

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، تۆمار كراون. دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كردووە بە یەك.

سكاڵاكاران دەڵێن، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمان خۆیەوە، نایاساییە و پێچەوانەی دەستووریشە. داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ی تایبەت بە درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، كە لە ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا.

پارتی و یەكێتی یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ناكۆكی سەرەكیی نێوان ئەو دوو حیزبە لەسەر كورسیی پێكهاتەكانەو یەكێتی دەڵێت، ناچنە هەڵبژاردنێكەوە كە پارتی ١١ كورسییەكەی پێكهاتەكانی لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی كردبێتەوەو داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان دەكەن.

ناكۆكییەكان لەكاتێكدان لە ٣٠ ساڵی حوكمڕانی هەرێم و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە و پەرلەمان نزیكەی نیوەی تەمەنی بە درێژكردنەوە بەسەر بردووە.

سەرباری فشارە ناوخۆییەكان، وڵاتانی ڕۆژئاواش چەندینجار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان كردووە لە وادەی خۆیدا کە ١٨-١١-٢٠٢٣یە، ١٦ی ئەم مانگەیش كونسوڵ و نێردەی دیبلۆماسیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پەیامێكی هاوبەشدا داوایان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كرد هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەبێ دواخستنی زیاتر ئەنجام بدرێت.